کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەرکەوتنی لاوازی ئۆردوغان لە گشتپرسیدا سەرەتایەک بۆ ناکامیەکانی داهاتوو

رۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی خاکەلێوە لە تورکیە گشتپرسیەک بۆ پێکهێنانی ئاڵوگوڕێکی ساختاری لە قانونی ئەساسی تورکیەدا بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان لەم ڕیفڕاندۆمەدا ٥١ و ٣ دەهوم لەسەدی بەشداربوان دەنگی موافق و ٤٨ و ٧ دەهومی لەسەدیش، دەنگی دژ بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتیان داوە. هەڵبەت ئەحزابی ئوپوزسیۆن دەوڵەت بە دەستکاری کردنی دەنگی خەڵک تاوانبار ده‌كه‌ن و ئاکامی گشت پرسیەکە قه‌بووڵ ناكه‌ن. ئه‌وان خوازیاری بژاردنەوەی ٦٠ لەسەدی سندوقەکانن. کەماڵ قلیجدار ئۆغڵوو، ڕێبەری حیزبی کۆماری خەڵکی تورکیە ڕایگەیاند کە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی جۆڵاوەتەوە و چاوپۆشی له‌ به‌رگه‌ی ناڕەسمی کردوە. حیزبی دیموکراتیکی گەلان “هه‌ ده‌ په‌”یش، خوازیاری دیسان بژاردنه‌وه‌ی دوو لەسەر سێی دەنگەکانە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەکی زۆریش وتویانە کە به‌رگه‌ی بێ مۆری ڕەسمیان دراوەتێ بۆ دەنگدان.

ئامانجی ئۆردوغان لە بەڕێوەبردنی ئەم گشتپرسییە، ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی لە یاسای بنه‌ڕه‌تی دایە. بەم ئاڵوگۆڕانە ئۆردوغان ئیمکانی دەبێت، دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆک کۆماری ئێستا لە ساڵی ٢٠١٩ دا، بۆ دەورەیەکی ٥ ساڵەی تر، خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بکاتەوە. ئەم ڕیفڕاندۆمە هەروەها ئاڵوگۆڕیتریش سەبارەت بە یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێستاشی تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرینتر بوونی دەسەڵاتی حوقوقی و ئیداری ئۆردوغان. ئەم جۆرە ئاڵوگۆرە بەرینە لە یاسای بنه‌ڕه‌تیدا لە ماوەی حەیاتی دەوڵەتی تورکیەدا، بێ وێنە بووە.

بەڵام بارودۆخێک کە ئەم ڕیفڕاندۆمەی تێدا بەڕیوەچوو بەهیچ شێوەیەک، دیموکراتیک نەبوە و لایەنەکان ئیمکاناتی وەک یەک و یەکسانیان لەبەر دەستدا نەبووە. دەوڵەتی ئۆردوغان لە هاوینی ساڵی ڕابردوەوە لە سەرتاسەری تورکیەدا، بارودۆخی نائاسایی ڕاگه‌یاندووه‌ و بە دیان هەزار کەس لە نەیارانی خستۆتە زیندان و لە فەعالیەتەکانی هەڵبژاردنی، بێ بەشی کردون. چاودێرانی “شوڕای ئەمنیەت و هاوکاری ئوروپا” و “سازمانی گوزارشگەرانی بێ سنور”، ئاماژەیان کردوە کە نەیاران لە ئازادی بەیان و ڕاگەیاندن بۆ ڕیفڕاندۆم بەهرەمەند نەبوون. ئەوان هەروەها باسیان لە بوونی کەشی ترس و وەحشەت و دروست کردنی قەدەغە و بەربەست بۆ نەیاران لە لایەن پۆلیسەوە کردوە. “بینالی یەلدرم”ی سەرۆک وەزیر لە تەبلیغات بۆ گشت پرسیدا، نەیارانی گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌ خائین و تێرۆریست ناوبرد، ئەوانی سەر بە “په‌ كه‌ كه‌” و داعش و گورووپی “فەتحووڵا گوله‌ن” پێناسە کرد و هەڕەشەی لێکردن. لایەنگرانی دەوڵەت رۆژی یەکشەممە و لە جەریانی گشتپرسیدا لە چەندین شوێن هێرشیان کردۆتە سەر نەیاران. لە شاری دیاربەکر ٢ کەس بەهۆی تەقەی هێزە دەوڵەتیەکان کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.97

له‌ راستیدا تا ئێستاش، ئۆردوغان وەک دیکتاتۆڕێکی ئیسلامی چ لە پۆستی سەرۆک وەزیریدا و چ لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا کە بە شیوەی یاسایی پۆستێکی تەشریفاتیە، بەبێ ڕەچاو کردنی قانونی ئەساسی، خۆی هەمە کارەی دەوڵەت بووە. ئەو ئیختیاراتی قانونی سەرۆک وەزیرانیشی لەبەرچاو نەگرتوە و پێشێلی کردوە. ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەست لەکار کێشانەوەی داود ئۆغڵو لە پۆستی سەرۆک وەزیری بوو. بە ئەنجامدانی ئەم گشت پرسیە، لەمە بەدواوە پۆستی سەرۆک وەزیرانیش بە شێوەی ڕەسمی هەڵدەگیرێ و ئۆردوغان خۆی ئەرکەکانی سەرۆک وەزیران و دیاری کردن و لادانی وەزیرەکان و کۆنترۆڵ کردنی هەموو کارەکانی دەوڵەتی لە ئیختیاردا دەبێت. ئەو دەتوانێ ڕەسمەن، تەنانەت دەست لە کاروباری قوەی قەزاییەش وەربدات و ژمارەیەک لە ئەندامانی شوڕای باڵای قەزایی و دادستانیش دیاری بکات. لەمەبەدواوە نە خودی ئۆردوغان و نە نوێنەرەکانی لە بەرانبەر مەجلیس و قوەی قەزاییەدا ناچار بە ولامدانەوە نابن.

بەڵام ئەو گرفتانەی کە ئۆردوغان و دەوڵەتەکەی چ لە بواری نێو خۆیی و چ لە سیاسەتی ناوچەیی و نێو نەتەوەییدا بەرەورووی بوونەتەوە، گەلێک جیدیتر لەوەن کە ئەو بتوانێ بە گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی بەرەنگاریان بێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئەو نەیتوانی ئامانجەکانی لە ئەنجامدانی گشت پرسی و بەرین تر کردنەوەی ئیختیارات و دەسەڵاتی، بشارێتەوە. ئۆردوغان بە خێرایی دوای ڕاگەیەندرانی ئاکامی ڕیفڕاندۆمەکە لە سوخەنرانیەکدا بە بۆنەی “سەرکەتنی” لاوازیەوە، ڕواڵەتی توڕە و عەزمی خۆی، بۆ توند کردنەوەی دیکتاتۆڕی و سەرکوت بە وەعدەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمێکی تر بۆ گێڕانەوەی سزای ئێعدام نیشاندا. ئەو بە دووپات کردنەوەی دروشمی شۆوینیستی “تورکیە یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت” دەیەوێ بە بڵاو کردنەوەی تۆوی تەفرەقە و چەند بەرەکی و دوژمنایەتی لە نێوان خەڵکدا، کێشە و گرفتەکانی حکومەتەکەی کەمێک دامرکێنێتەوە.

بەڵام خیاڵێکی خاوە. دەوڵەتی ئۆردوغان دوای ئەم ڕێفڕاندۆمە، بەرەورووی گەلێک گرفتی زیاتر دەبێتەوە. نەیارانی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، بەشی چالاک و تێکۆشەری کۆمەڵگای تورکییەن. ئەوان چاوترسێنی ئاکامی ڕاگەیەندراوی گشت پرسیەکە نابن و بەرەوروو بوونە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئۆردوغان، بە شیوەی جۆراوجۆر بەرەو پێش دەچێت. داهاتی دەوڵەت لە ڕێگای توریسمەوە کە سەرەکی ترین سەرچاوەی داهاتی ئەم وڵاتەیە، بە هۆکاری ئه‌منییه‌تی کەمتر دەبێتەوە. بێکاری و هەژاری، ژیانی بە ملیۆن بنەماڵە دەخاتە ژێر مەترسیەوە. شکستی سیاسەتەکانی ئۆردوغان لە کانونەکانی قەیرانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێگەی ئەو لە نێۆخۆی وڵاتیشدا زیاتر لاواز دەکات. ئۆلگوی حکومەتیەکەی وەک حوکمەتێکی لیبڕاڵ ئیسلامی، لە ناوچەکەدا مەقبولییەتی دەستەبەر نەکرد. وەرچەرخانی تاکتیکی ئۆردوغان بەرەو لای روسیە و هەڕشە کردن لە ڕێبەرانی ئوروپایی و بە نازیست ناو بردنیان، هەڕەشە کردن بەوەڕێ خستنی شەپۆلێکی تر لە کۆچبەرانیش، نەیتوانی ئاکامێکی بۆی هەبێت.

بەڵام کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری تورکیە، خەباتکارانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بە تایبەت لە شارە گەورەکانی تورکیە وەک ئیستانبول، ئانکارا و ئێزمیر و زۆربەی شار و دێهاتەکانی کوردستان، لەم گشتپرسیەشدا نیشانیاندا کە به‌ هەڕەشەکانی ئۆردوغان، چاوترسێن نابن و بەردەوام دەبن لەسەر خەباتیان لەدژی ئیختیناق و دیکتاتۆڕی.