کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیگەرانی دەوڵەتی ڕووحانی لە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی کرێکاری لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردن

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری فارس، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ ی مانگی خاکەلێوە مەجلیسی ئیسلامی بۆ جارێکی دیكه‌ ئیسلاحی قانونی کار دەخاتەوە دەستوری کار. ئەم هەواڵنێرییە ڕایگه‌یاند، مه‌یلی” کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی” که‌ مەئمووری تاوتوێ كردنی گه‌ڵاڵه‌ی قانونی کار، ئەوەیە کە ئەمڕۆ بارودۆخ بۆ پەسند کردنی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ له‌بار نییە و پێویستە کە تا کاتێکی تر بگەڕێندرێتەوە بۆ دەوڵەت. ڕۆژنامەی سەنعەت کە یەکێک لە بڵاو کراوەکانی نزیک لە دەوڵەتی ڕووحانییە، لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانی خۆی وەها دەربڕیوە:” لەم گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، کۆمەڵێک بەند و خاڵ پێشنیار کراون کە بە قازانجی کۆمەڵگای کرێکاری نین و پێوەندی کرێکار و خاوەنکار توشی کێشەی جیدی دەکەن.”

عەلیڕەزا مەحجوب نوێنەری مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیش لەم بارەیەوە نامەیەکی هۆشداری دەر کە نیشانه‌ی نیگەرانی ئەوە، سەبارەت بە کاردانەوەی کرێکاران لە بەرانبەر پەسندکرانی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، ناردووە بۆ ڕووحانی. ڕۆژنامەی سەنعەت لە دوایین ژمارەی خۆیدا بەشێکی ئەم نامەیەی بڵاو کردۆتەوە. مەحجوب نووسیویەتی:” جەنابعالی دەزانن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام شایه‌تیی ناڕەزایەتی ده‌ربڕینی بەرینی هەڵسوڕاوان و ڕێكخراوه‌کرێکارییه‌كان سەبارەت بەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ بووین. ئەم ناڕەزایەتییانە ئێستاش هەر بەردەوامن. هه‌ر بۆیه‌ پێشنیار دەکەم کە لە یه‌كه‌م دەرفەتدا دەستوری پێویست بۆ وەرگرتنەوەی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ لە مەجلیس بدەن.”

هەواڵنێری ڕەسمی “ئیلنا”ش ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر زاری هەڵسوڕاوێکی کرێکاری لە تاران لە پێوەند لەگەڵ ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ بڵاو کردۆتەوە کە نیشاندەری دژایەتی توندی ئیسلاحییە تازەکەی قانونی کارە لەگەڵ کرێکارانه‌. ئەو دەڵێ:” گه‌ڵاڵه‌ی ئیسلاحی قانونی کار بە کردەوە زه‌ربه‌ لە هەموو هەستی و ژیانی کرێکاران ده‌دات. توانایی وێرانگەری ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ بە ڕادەیەکە کە لە ئەگەری بە یاسایی بوونی هیچ جێگایەک بۆ داخوازی کرێکاران و موزد بگیران ناهێڵێتەوە. ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ کرێکارانی وەک کالایەک بۆ فرۆشتن فەڕز کردووە. لەم گه‌ڵاڵه‌ کۆنەپەرستانە و دژی کرێکاریەدا كرێكاران له‌ هیچ مافێك بەهرەمەند نین و کەرامەتی ئینسانی ئەوان پێشێل کراوە.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ:” لە حاڵێکدا کە دەوڵەت خۆی دوو میلیۆن و ٤٨٩ هەزار تەمەنی وەک لانیکەمی سەبەدی بەڕێچوون قەبوڵ کردووە، تەنها ١١٨ هەزار تمەنی لە مانگدا بە لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ٩٥ وە زیاد کردووە.89 ئاستی لە خوارەوەی هەقدەستەکان بەستێنێکی سروشتی بۆ گەشە کردنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان فەراهەم کردووە.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ:” هەژاری، ئیعتیاد و په‌ڕاوێزنشینی بونەتە ڕاستییه‌کانی ژیانی مۆزد بگیران کە هەڵبەت بە هۆی ڕاوانگەی ئەمنییەتییەوە بە تەواوی لە ڕاگەیەرەکاندا بڵاو نابێتەوە.” ئەم جۆرە قسانە کە بێ گومان لەژێر تیغی سانسۆڕدا کورت کراوەتەوە نیشانی ئەدات کە دەست بردن بۆ ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ بۆ دەوڵەتی ڕووحانی، یاری کردن بە ئاگرە.

دەوڵەتی ڕووحانی لە لایەکەوە نایەوێ ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ وەربگرێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە نوێنەرانی باڵەکەی خۆی سپاردوە کە پەلە نەکەن لە پەسند کردنیدا. ئەم دوو فاقیە شتێک نییە بێجگە لە مانۆڕێکی فریوکارانە. خۆڕاگری دەوڵەتی ڕووحانی لە بەرانبەر گوشارەکاندا بۆ وەرگرتنەوەی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ دوو هۆکاری بنەڕەتی هەیە. یەکەم، ئیسلاح كردنی یاسای نیوە و ناچڵی پێشوو، په‌نجێره‌یه‌كه‌ بۆ هاندانی سەرمایە گوزارانی نێوخۆیی و دەرەکی و نیشاندانی درگای باغی سەوزی ” کاری هەرزان و کرێکاری بێدەنگ” به‌ ئه‌وان. لەم گه‌ڵاڵه‌یه‌دا بە ڕوونی توانایی چەنە لێدانی کرێکاران بۆ زیاد کرانی هەقدەست و توانایی ئەوان بۆ بەدوادا چوونی داخوازییەکانیان لە ڕێگای بەرپا کردنی ڕێكخراوه‌ سەربوخۆکانیانەوە، دیسانیش بەرتەسک تر و بە تەواوی لە بەین دەچێت. چاوپۆشی کردن لە پەسند کرانی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ ئەو په‌نجێره‌یه‌ داده‌خات. دووهەم، نیگەرانی لە ناڕەزایەتی کرێکاری، کە بە ڕوونی لە نامەکەی عەلیڕەزا مەحجوبیشدا باس کراوە. لەم بوارەدا ڕووحانی پێویستی بە دەرفەت هەیە. لەم دەرفەتەدا دەیەوێ هەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تێپه‌ڕكات و ئەگەری هەیە دیسان بچێتەوە سەر ئەم کورسیە و هەم هیوادارە له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هەژاری زۆر و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەت، بزوتنەوەی کرێکاری وادار بە پاشەکشە بکات. قسەکانی ئەو هەڵسوڕاوە کرێکاریەی کە هەواڵنێری ئیلنا بۆچونەکانی ئەوەی بڵاو کردۆتەوە، بە باشی نیشانی ده‌دات کە ڕووحانی چلۆن هیوای لەسەر کارایی ئەم مانۆڕە دژی کرێکاریە هەڵچنیوە. ئەو دەڵێ:” لە حاڵێکەدا کە دەزانین ڕێكخراوه‌ کرێکارییەکان فێرگه‌ی خەباتی کرێکارین، بەڵام کاتێک کرێکار تەنها لەبیری کاری دووهەم و سێهەم دابێت تا ژیانی بنەماڵەکەی بە شێوەیەکی ئابڕومەندانە دابین بکات، چۆن دەتوانێ بیر لە ڕێکخراو بوونی خۆی بکاتەوە؟”

ئایا کرێکارانی ئێران ئەو دەرفەتە ئەدەن بە دەوڵەتی ڕووحانی و به‌ چینی سەرمایەداری ئێران تا بە ئاسودەیی نانی سەر سفرەیان بڕفێنێ و کۆمەڵگه‌ لەوەش زیاتر نوقمی هەژاری و خەسارە کۆمەڵایەتییە پڕ ئازارەکان بكات؟ گەشە کردنی ناڕەزایەتی کرێکاری کە دەوڵەتی ڕووحانی بەم شێوەیە نیگەران کردووه‌ به‌ جۆرێك كه‌ گرنگ ترین سیاسەتی ئابووری خۆی بۆ هاندانی سەرمایە گوزاران، هەڵپەساردووە، نیشانی ئەدات کە دەوڵەتەکەی ناتوانێ بە هاسانی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ. بزوتنەوەی کرێکاری ئێستا لە ئێراندا ئەو زەرفیەتەی هەیە کە هیوای دەوڵەت ڕووحانی پووچه‌ڵ كاته‌وه‌.