هەواڵنێرییەکان ڕایانگهیاندووه، دەنگدانی خەڵکی تورکییەی دانیشتووی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە ئاڵوگۆری لە یاسای بنەڕەتیدا لە سهعات ٩ ی بەیانیی ڕۆژی دوو شەممە لە ١١٩ حەوزە لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی تورکییەدا دەستی پێکردووە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، نزیکەی ٣ میلیۆن کەسی دانیشتوی دەرەوە دەتوانن لەم ڕێفراندۆمهدا دەنگ بدەن. ڕێفراندۆم لە نێوخۆی تورکییە ڕۆژی ١٦ ی ئاوریل بەرابەر لەگەڵ ٢٧ ی مانگی خاکەلێوە بەڕێوەدەچیت. هەرچی کات تێپەڕ دەبێت هەوڵە تەبلیغاتییەکانی ئۆردوغان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی تورکییە ناوەرۆکێکی گاڵتەجاڕانە و دزێو تر بەخۆیەوە دەگرێت. وەک نمونە لە حاڵێکدا کە ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی لە شکست خواردوە سەرەکیەکانی شەڕی یەکەمی جیهانییە و بە شوێن ئەو شکشتەدا بوو کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانی ( بێجگە لە تورکیەی ئێستا)، بەپێی قەراردادی سایکس پیکۆ بە گشتی کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتانی فەڕانسە و بریتانیاوە. ئۆردوغان سەرکەوتنی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی بەسەر ئەڕتەشی ئینگلیس لە یەکێک لە شەڕەکاندا جێژن دەگرێت!
لەو ڕێوهڕهسمهدا بوو کە ئۆردوغان باسی لە هەوڵەکانی کرد بۆ کارا کردنەوەی یاسای ئێعدام. ئەو وتی:” لە ئێستادا ڕێفراندۆمی ١٦ ی ئاوریل بۆ فراوانتر کردنی ئیختیاراتی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت و دواتر پهرلهمان قانونی سزای ئێعدام پەسند دەکات.” بینالی یەلدریم” سەرۆک وەزیرانی ئۆردوغانیش کارا کردنەوەی سزای ئێعدامی گەڕاندەوە بۆ داخوازی خەڵک و وتی، ” ئێمە داخوازی خەڵک لەبەرچاو دەگرین و بهڕێوهی دهبهین”.
لە ساڵی ١٩٨٤ وە تا ئێستا هیچ حوکمی ئێعدامێک لە تورکییەدا بەڕێوەنەچووە و لە ساڵی ٢٠٠٤ دا سزای ئێعدام بە شێوەی ڕەسمی سەبارەت بە گشت تاوانەکان هەڵوەشاوەتەوە. بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە حکومەتی ئیسلامی حیزبی ” داد و گەشەپێدان” لە دەسەڵاتدا بووە، ئەم ڕژیمە لە ڕێگای دیکەوە دەستی داوەتە عەمەلیاتی تێرۆریستی و لادانی فیزیکی نەیاران و چالاکانی سیاسیی. تێرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسیی و ڕۆژنامەنووسان لەنێو خۆی تورکییە و لە دەرەوەی وڵات لە لایەن کەسانی سەر بە میت و یان گوروپە تێرۆریستییە ئیسلامییە بە کرێگیراوەکان و تەقاندنەوەی بۆمب لە میتینگ و کۆبونەوەی جەریاناتی سیاسی چەپدا لە لایەن عەواملی ڕژیمی ئهردۆغانەوە، لە زومڕەی کرداری جەنایەتکارانەی تر لە ڕاستای لەبەین بردنی نەیارانی سیاسی بووە.
ڕێفراندۆمی گۆڕینی یاسای بنهڕهتی بهمهبهستی پەرەپێدانی ئیختیاراتی ئۆردوغان و دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی سزای ئێعدام، لە درێژەی کۆمەڵێک کرداری فاشیستی سەرکوتگەرانە دایە کە ئۆردوغان لە ساڵیک لهمهوبهرهوه و لە دوای کودهتا سهرنهگرتووهكهی مانگی ژوولای ئەنجامی داوە. لەوانە دەکرێ ئاماژە بە هێرش و دوژمنایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی بەرینی جەماوەری ڕێکخراو لە کوردستانی تورکییە بکرێت. ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئهردۆغان بهردهوام وەک دوژمنێکی مەترسیدار و کابوسێک بووە کە دەبوو بەهەر نرخێک بووە هێرشی بکاتە سەر و قەڵاوچۆی بکات. هەر بەم ئامانجە، پارتی دهسهڵاتدار ئەم یاسا بنهڕهتییهی ئێستاشی پێشێل کرد و پارێزبەندی لە پاڕلمانتارانی کورد سهندەوە. ئەوانی گرت و پەروەندە سازی بۆ کردن و خستنیە زیندان. تا ئەو جێگایەی کە کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان لە ڕاپۆرتێكیدا له مانگی ڕەشەمە، دەوڵەتی تورکییەی بە کوشتاری بەرینی خەڵکی کوردستان تاوانبار کرد و ڕایگەیاند کە :” لە ماوەی یەکساڵی ڕابردودا لەگەڵ لەشکر کێشی دەوڵەتی تورکییە بۆسەر شار و گوندهكانی کوردستان ٢ هەزار کەس کوژراون و بە هەزاران كهسیش بێ سەروشوێن بوون و بەشێکی بەرین لەم ناوچانە وێران کراون و ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکەش ئاوارە بوون.
هێرش بۆسەر نووسینگهی ڕۆژنامەکان و قەدەغەی بڵاو بوونەوەی نزیکەی ١٦٠ ڕاگەیەنەر، گرتن و زیندانی کردنی دەیان هەزار کەس و لادان و دەرکردنی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت وەک ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، مافناسان، مۆعەلیمان و مامۆستایانی زانکۆکان، کادری دەرمانی و ئەڕتەشییەکان، بەشێکی دیکە لە کردارەکانی دەوڵەتی ئۆردوغان بووە کە لەدژی نەیارانی ئەنجامی داوە. لەخۆڕا نەبوو کە ماوەیەک لەوە پێش ڕێكخراوی ههواڵنێرانی بێسنوور ناوی ئهردوغانی لە لیستی ٣٥ سەرۆک کۆماری دوژمنانی ئازادی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی دانابوو.
ناکامی دەوڵەتی ئهردۆغان لە چارەسەر کردنی قەیرانی سیاسیی، ئابووریی و ناوچەیی، هۆکاری گرتنی ئەم ئاڕاستە و ئەنجامدانی کرداری جانایەتکارانەی ئەم دەوڵەتەیە. لهڕاستیدا سیاسەتەكانی نێوخۆیی و ناوچەیی ئهردۆغان ههمووی شكستیان خواردووه. بەرەورووی شکست بۆتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “جمهورییەت” هەفتەی ڕابردوو، کەماڵ قلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی گەورەترین پارتی نەیار لە پهرلهمانی تورکیەش جەختی لەسەر ئەم ڕاستیە کردەوە و وتی، ” تەنها دەوڵەتێک کە لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاستدا شکستی خواردوە تورکییەیە.” وتیشی، ” ئهمریکا و ڕووسییه لە پێوەند لەگەڵ ” په یه ده” هاوبەش دەجوڵێنەوە. تورکییە نەیتوانی هاوسەنگی نوێی ناوچەکە بناسێ و بە باشی لێکیبداتەوە. ئهردوغان زۆر جار جەختی كردبووهوه کە ئەڕتەشی ئەم وڵاتە دەچێتە نێو مهنبهجەوە. بەڵام نە لە مهنبهج و نە لە ڕەققە نەیتوانی هیچ کارێک بکات.” لە درێژەدا ئەو بە شێوازێكی سووكایهتی پێكردن ڕوو لە ئهردۆغان و ئیدیعاکانی وتی، ” پێکهێنانی ناوچەی بۆشایی چی بەسەر هات؟ ئایا لە پێوەند لەگەڵ ڕۆژئاوای فوڕاتدا هێشتا هێڵێکی سورتان بۆ ماوەتەوە؟”
گومان و خەڵایاتی شۆوینیستی ئهردۆغان کاری ئەم دیکتاتۆڕەی گەیاندۆتە جێگایەک کە هەڕەشەی تێرۆر لە هاوڵاتییانی ئوروپایی لە شەقامی وڵاتەكانیاندا دەکات. ئهردۆغان پێوەندی نزیکی لەگەڵ ڕەوتە تێرۆریستە ئیسلامییەکان بە پشتیوانی ئەم هەڕەشانەی دەزانێ. ئەم وتانە نە تەنها ڕواڵەتی تێرۆریستی ئهردۆغانی بۆ ڕای گشتی زیاتر ئاشکرا کرد، بەڵکوو پیشەسازی توریستی تورکییە، کە یەکێک لە سەرچاوە گرینگه ئابوورییهكانی ئەم وڵاتە بوو، بەرەورووی ڕکود کردۆتەوە. قەیرانی ئابووریی تورکییە بەشێک لە قەیرانی جیهانیی سەرمایەدارییە کە بە سیاسەتە شۆوینیستی و فاشیستی و تەوسعە تەڵەبانەکانی پارتی “داد و گەشەپێدان” توندتر بۆتەوە. ئاسەوارەکانی ئەم سیاسەتانە بەڕێچوون و ئەمنیەتی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ستەم دیتوی تورکییەی بەرەوڕووی مەترسی جیدی کردۆتەوە.
بەڵام قەیرانێکی هەمە لایەنە کە بەرۆکی دەوڵەتی تورکییەی گرتووە، نە بە هەڕەشە و نە بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی لە ڕێگای ڕێفراندۆم و نە بە دامەزاراندنەوەی سەرلەنوێی سزای ئێعدام و نە بە شەڕ و لەشکر کێشی بۆسەر کوردستان و کوشتاری خەڵک، چارەسەر نابێت. لەگەڵ بەردەوام بوونی ئەم سیاسەتانە بۆ دەوڵەتی ئهردۆغان چارەنووسێک بێجگە لە شکستی بە تەواوەتی لە داهاتویەکی نزیکدا چاوەڕوان ناکرێت.