خامهنەیی لە وتەی ساڵانەیدا لە مەشهەد بە بۆنەی ساڵی تازەوە، سەبارەت بە بابەتی جۆراوجۆر و لەوانە لە بواری هەڵبژاردندا قسەی کرد. هەرچەند خامهنەیی لە سوخەنڕانییەکەیدا وتی کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتگیری لە کەسێکی دیاریکراو ناکات، بەڵام دیاردەکان وای دەنوێنن کە ئەو بە کردەوە چۆتە ناو كهمپهینی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەوە بە لایەنگری لە باڵی نزیک لە خۆی، واتە ئوسولگەراکان، لەدژی باڵی ئیعتیدال بە ڕێبەریی ڕووحانی. به پێی قسەکانی خامهنەیی وا دیارە کە بارودۆخی ئابووریی و بەڕێچوونی خەڵک، ناوەرۆکی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی باڵی ئوسولگەرا دەبێت لەدژی ڕووحانی و میانە ڕەوەکان. خامهنەیی لە دیداری ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی مانگی ڕەشەمەی لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خۆبرەگان، هێڵی تەبلیغاتی باڵی ئوسولگەرای لەدژی میانە ڕەوەکان ڕوون کردەوە. وادیارە ناوی ڕەمزی ئەم كهمپهینه، بەکردەوە دەرنەهاتنی واژەی بێ ناوەرۆکی ” ئابووریی مقاومەتی” دیاری کراوە. خامهنەیی لەم سوخەنڕانییەدا تا ئەو جێگهیە چووە پێش کە دەوڵەتی تاوانبار کرد بەوەی کە ئاماری ناتەواو و نا ڕاست لە بواری ئابووریدا بڵاو دەکاتەوە.
پەیامە نەورۆزیەکانی خامهنەیی و ڕووحانی نیشاندەری جیاوازی ئاشکرا لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ڕابردودا بوون. ئەم پەیامانە دوو ئاڕاستەی بە تەواوی جیاواز و دژی یەکتریان هەبوو. ڕووحانی باسی لە دەستکەوتە ئابوورییەکان کرد و خامهنەیی لە شکست و ناکامییەکان. ڕووحانی وتی، “ئەوەی کە لە ساڵی ڕابردودا لە کۆنترۆڵ کردنی ئاوسان و تەوەڕوم، لە گەشەی ئابووریی و ڕەخساندنی هەلی کاردا دەستەبەرمان کردووە، لە ٢٥ ساڵی ڕابردودا بێ وێنە بووە.” و خامهنەیش وتی، “کردارەکانی بەرپرسانی حکومەتی لە ساڵی ڕابردوودا واتە ساڵی ١٣٩٥ لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک چاوەڕوانیان دەکرد گەلێک مەودای هەبووە.”
سەعید جەلیلی ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی بەرژەوەندیەکانی نیزام و بەرپرسی وتووێژە هەستەییەکان لە دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد دا کە ناوی ئەویش وەک یەکێک لە کاندیدەکانی باڵی ئوسولگەرا دەهێندرێت، ڕۆژی شەممە ٢١ ی مانگی ڕەشەمە ئاڕاستەکەی خامهنەیی گرت. ئەو بە هێرش کردنە سەر دەوڵەتی ڕووحانی بهبیانووی بهڕێوهنهچوونی ” ئابووریی مقاومەتی” دەستی دایە لەقاودان و وتی، “قهرزهكانی دەوڵەتی پێشوو هەفتا هەزار ملیارد تمەن بوو. بەڵام ئێستا و دوای سێ ساڵ جێگری سەرۆک کۆمار ئەو بە یەکسەد هەزار میلیارد تمەن ڕادەگەیەنێ.” جەلیلی کە ماوەیەکیش دەبیری شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی بوو، لە درێژەی ئیفشاگەریەکەیدا و هێرش کردنە سەر دەوڵەتی ڕووحانی وەتی، “دەوڵەت ڕاکتۆڕی ئەراکی کە بەرهەمی ١٥ ساڵ کاری زانایانی ئێرانی بوو بە زەردەخەنەوە بێتۆن ڕێژ کرد و دە هەزار کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراوی لە وڵات بردە دەرەوە و زۆربەی سانتی فیوژەکانی کۆکردەوە و لە گەڕی خستن. بەڵام ئایا بهوه گرفتە ئابوورییەکان چارەسەر بوون؟ ئێستا هیچ کام لە باڵیۆزخانهكانمان لە دەرەوە وڵات ناتوانن یەک حیسابی دۆلاری لە بانکێکدا بکەنەوە.”
لە لایەکی دیكهوه باڵی ڕەقیبیش کە پێشتر لاچوونی تەحریمەکانی بە مەرجی دەرچوون لە ڕکودی ئابووریی دەزانی و وەعدەیان ئەدا کە دوای لاچوونی گەمارۆکان سەرمایەی دەرەکی دەڕژێتە ئێرانەوە و گرفتەکانی ڕکود و بێکاریی و هەژاری چارەسەر دەبێت. لە ئێستادا بە دانی ئاماری نا ڕاست ئیدیعای گەشەی ئابووریی حەوت لەسەدی و یەک ڕەقەمی بوونی تەوەڕوم و باشتر بوونی بارودۆخی ئابووری دەکەن.
ئیدیعای گەشەی ئابووریی لە لایەن دەوڵەتی ڕووحانییهوه لە حاڵێکدایە کە ئێسحاق جهانگیری جێگری یەکەمی ڕووحانی، ڕۆژی ٥ ی مانگی ڕەشەمە سەبارەت بە گرفتە ئابوورییەکان وتی:” نیزامی بانکیمان بەرەوڕووی کۆمەڵیک ئاستەنگ بۆتەوە ناتوانێ سەرمایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار دابین بکات. ئەو دانی بهوه دانا كه دەوڵەت توانایی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی وڵاتی نییە، وتی:” لە ئێستادا بوجەی وڵات تەنها سەرفی دانی حقوقی کارمەندەکان دەکرێت. دەوڵەت سەداسەد مانگانەی هێزە چەکدارەکانیش ئەدات و ئەوە لە بارودۆخێکدایە کە ساڵانە یەک میلیۆن و بیست هەزار خوازیاری کار بە ژمارەی بێکارانی وڵاتەوە زیاد دەبێت.” ئەو تەنها ڕێگهی ڕزگار بوون لە قەیران و وەرشکست بوونی ئابووریی هاتنی سەرمایەی دەرەکی بۆ ئێران و تێکەڵ بوون لەگەڵ سەرمایەداری جیهانیدا دەزانێ.
ئامانجی باڵەکانی ڕژیم لەم هێرشانەدا ههرچی بێت لهڕاستیدا هەموو باڵەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لە بەدی هێنانی ئەم بارودۆخە شپرزە ئابوورییهدا و له داسەپاندنی هەژاری و برسیەتی بەسەر جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا، وەک یەک بەشدارن. سیاسەت و پرۆژە کەڵانە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی بەگشتیی بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە. سیاسەتە ئابوورییەکانی هیچ کام لە باڵەکانی ڕژیم نەیانتوانیوە و ناتوانن قەیران و بونبەستی ئابووریی ڕژیم کۆتایی پێ بێنن. سەرانی ڕژیم بە دان پێ دانان بە شکست و لهقاودان کەوتونەتە گیانی یەکتر تا تاوانی داسەپاندنی ئەم ژیانە فەلاکەتبارە بخەنە ئەستۆی یەکتر و لە شانۆی هەڵبژاردندا بە قازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن و تەنوری هەڵبژاردن گەرم بکەن.
جهماوهری خەڵک لە حاڵیکدا لەگەڵ ئەم ژیانە دژوارەدا دەست و پەنجە نەرم دەکهن کە ڕۆژانە شایهتی دزی و ئێختلاسی سەدان میلیاڕدی، ڕانت خۆری و گەندەڵی نیهادینە بوونی ئهو دیاردانه لە گشت ئۆرگانەکانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامدان. ئیتر پاساوەکانی لە چەشنی گوشاری دەرەکی، گهمارۆ، نفوزی دوژمن و ناکارایی دەوڵەت و تەنانەت گرتن و زیندانی کردن و سەرکوتیش ناتوانێ وڵامێک بێت بۆ کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکێک کە ئەم بارودۆخە بە شایستەی خۆیان نازانن و خوازیاری ژیانێکی باشترن. گەشەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ناڕەزایەتی کرێکاران و پەرەسەندنی خەباتی مەدەنیی لە بوارەکانی پێشڕەوی کۆمەڵگادا، نیشانەیەکی هیوا بەخشن بۆ ساڵی داهاتوو.