کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لانیکەمی هەقدەستی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ئینسانیی، داخوازی سه‌ره‌كی چینی کرێکاری ئێران

لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ٩٦ هێشتا ڕانەگەیەندراوە. لەم پێوەندەدا بەشێک لە کرێکاران وەک هەنگاوێکی پێشگیرانە، داخوازیەکانیان لەم بوارەدا هێناوەتە گۆڕێ. لە تازەترین نمونەدا كه‌ لەم چەند رۆژەی دواییدا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌: کرێکارانی شارەداری ئەهواز خوازیاری زیادکرانی لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ٩٧ بۆ بانتر لە هێڵێ هەژاری بوون. لانیکەمی هەقدەستی ئێستای کرێکاران کەمترە لە یەک لەسەر سێی مەبلەغێک کە بە هێڵی هەژاری دەناسرێت. سەندیکای کرێكارانی شیرکەتی واحیدی ئەتوبوسڕانی تاران رۆژی شەممە ٣٠ مانگی ڕێبەندان بە کۆکردنەوەی ئیمزا لە شۆفیران و کرێکارانی شیرکەتی واحید ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە حەقدەستی ئێستا کە چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە ڕاگەیاند. کۆکردنەوەی ئیمزا لە کرێکارانی شیرکەتی واحید لە ئاستی هێڵ، ئیستیگا و تەعمیرگاکانی ئەم شیرکەتەدا لە رۆژانی داهاتوشدا درێژەی دەبێت.

دیاری کرانی حەقدەستی ساڵی ٩٦ی کرێکاران لە ئێران بە شێوەی یەکلایەنە و له‌ لایەن ناوەندی دەوڵەتی شورای باڵای کارەوە، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە نرخی کالا ئەساسیەکانی پێداویستی کرێکاران و توێژی کەم داهات، بەردەوام دەچێتە سەرێ، بێکاری بەرینتر دەبێتەوە و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی کەم دەبێتەوە.

ناوەندی دەوڵەتی دیاریکەری حەقدەستی کرێکاران شوڕای باڵای کارە. شوڕای باڵای کار، ناوەندێکی دەوڵەتی- خاوەنکارییە و ئەو کەسانەی کە لەژێر ناوی نوێنەرانی کرێکاران لە جەلەسەکانیدا ئامادە دەبن، کەسانی سەر بە کانونی باڵای شوڕای ئیسلامی و دژی کرێکاری ترین باڵەکانی سەرمایەداری ئێرانن.

ئەم ناوەندە پێکهاتووە لە: نوێنەرانی دەوڵەت کە خۆیان بە سەرمایەداری گەورە بە حێساب دێن و تا ئەو جێگایە کە ئیمکانی هەیە داخوازی و داواکاری کرێکاران بە هەڕەشە و دەرکردن و گرتن و زیندان و شێلاق لێدان وڵام ئەدەنەوە و سەرکوت ئەکەن و لە هەر جێگایەک و هەر دەورەیەکدا بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی لە بەرژەوەندی خاوەنکاران و سەرمایەداران دەکەن. نوێنەرانی خاوەنکاران، تا ئەو جێگایەی بۆیان بکرێت هەوڵ ئەدەن حەقدەستی کەمتر بە کرێکاران بدەن تا خۆیان سود و قازانجی زیاتریان دەست بکەوێ، و بەناو نوێنەرانی کرێکاران، کە لە لایەن خانەی کارگەر و کانونی باڵای شوڕا ئیسلامیەکانی کارەوە دیاری دەکرێن کە چەند تەشەکولێکی دژی کرێکاری و سەربە سەرمایەن و لە داسەپاندنی لانیکەم54ی حەقدەستی، چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا، یارمەتی دەری سەرمایەدارانن، بە بەشی دەوڵەتی و خوسوسیەوە.

پێکهاتەی ئەم ناوەندە، بێ ناوەرۆک بوونی ئەو ئیدیعایانەی کە ساڵانێکە لەژێر ناوی مۆزاکرە لەسەر حەقدەستەکان دەرخواردی ڕای گشتی کرێکاران ئەدرێت دەسەلمێنێ. لەژێر حاکمیەتی سیاسی و مودیریەتی ئابووری ڕژیمی ئیسلامیدا لانیکەمی حەقدەستەکان نە لە وتووێژ لەگەڵ ناوەندە سەربەخۆ کرێکاریەکاندا دیاری کراوە و نە هیچ کاتێک گونجاو لەگەڵ دابین بوونی لانیکەمی نیازەکانی ژیانی رۆژانەی کرێکاران دیاری کراوە.

ئاستی ژیانی کرێکاران لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردودا بەردەوام نزم بۆتەوە. بە ملیۆن کرێکار لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. حەقدەستی ٨١٢ هەزار تمەنی ساڵی ٩٥ی کرێکاران سێ جار لەژێر هێڵی هەژاریدایە.

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ئۆرگانە دەوڵەتیەکانی وەک خانەی کارگەرەوە تەبلیغێکی بەرینی لەنێو کرێکاراندا دەست پێکردوە و بە کرێکاران ئەڵێ پێویست نییە پێداگری لەسەر زیاد بوونی حەقدەست بکەن لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەولەویەت ئەوەیە کە یارمەتی ئەو دامەزراوانە بدرێت کە لەحاڵی وەرشکست بووندان تا بەسەر پێوە بمێننەوە و ئێوەش بێکار نەبن.

له‌ ڕاسیتدا چینی کرێکاری ئێران هیچ ده‌ورێكی لە دیاری کردنی حەقدەستەکانیدا نییە، لە بوونی تەشەکولی سەربەخۆ کە لایەنی وتووێژ بێت لەگەڵ دەوڵەت و خاوەنکاران، بێبەشە. هەڵسوڕاوانی ئەم چینە لەژێر تیغی سەرکوتدان و یەک بەیەکی ئەندامانی ئەم چینە کەوتونەتە بەرانبەر هەڵبژاردنی خەبات بۆ زیندوو مانەوە و ژیانێکی ئینسانی یان چوونەخوار بە زەلکاوی هەژاری زۆر و مەرگی بە شێنەییدا.

بڕیاری شوڕای باڵای کار سەبارەت بە حەقدەستەکان هێشتا بە ڕەسمی ڕانەگەیەندراوە بەڵام لێرە و لەوێ کۆمەڵێک بۆچون لە لایەن کاربەدەستانی وەزارەتی کار و ئەندامانی هەیئەت مودیرەی کانونی باڵای خاوەنکارانەوە بە ئامانجی تاقی کردنەوەی کاردانەوەی چینی کرێکار و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕاگەیەنرەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. تەجروبە نیشانی داوە کە هیچ ڕادەیەک لە بەکار هێنانی لۆژێک بۆ ڕازی کردنی خاوەنکاران و دەوڵەت بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان ناتوانێ ڕژیم بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان به‌ مه‌به‌ستی دابین بوونی ژیانێكی ئینسانی ڕازی بکات. زیادبوونی نرخەکان و چەق بەستنی حەقدەستەکان لەپاڵ سەرکوتی توندی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە چالاکەکاندا، توندترین و بەرین ترین هێرشێکە کە دەوڵەتی سەرمایەداری حاکم بەسەر ئێراندا لەدژی چینی کرێکار ڕیکیخستووە.

بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وەها بارودۆخێک ڕێگایەک بێجگە لە دەست دانە خەباتێکی روو بە روو لە کارخانە و کارگا و شوێنی ژیان و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە لە ڕێگای پێوەندی سەرجەم تۆڕ و شەبەکە کرێکاریەکانەوە بوونی نییە. تەنیا بە مانگرتنی کرێکاری لە هەموو کارگا و کارخانەیەک و هەوڵدان بۆ سەرتاسه‌ری کردنەوەی ئەم خەباتەیە کە وەها ئامانجێک دەستەبەر دەبێت. دەبێ خەوی سەقامگیری و سودئاوەری بونگا و دامەزراوەکانی سەرمایەداری بە قیمەتی داسەپاندنی ژیانێکی کۆیلە ئاسا بەسەر چینی کرێکاردا لە چاویان بتارێت. نابێ ئیجازە بدرێت کە ڕژیم ئەم دستدرێژیە ئاشکرایە بۆسەر ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران ئەنجام بدات و هەزینەی ماجەراجوییە نیزامیەکانی لە ناوچەکدا لە ڕێگای توند کردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سەرسفرەی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بکات.

زیاد بوونی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژانێکی ئینسانی، داخوازیەکی سه‌ره‌كی چینی کرێکاری ئێرانە. زەمانەت کرانی دەستەبەر بوونی ئەم دخوازیانە لە گرەوی خەباتێکی یەکپارچە و یەکگرتوانە و سەرتاسەری دایە. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرش کردنەسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران وادار بە پاشکەشە دەکات و فەزای خەباتکارانە لەدژی بارودۆخی مەوجود لە سەرجەم کۆمەڵگادا بەهێز دەکات.