کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی خوزستان له‌دژی خه‌مساردیی حكوومه‌ت به‌رامبه‌ر‌ پیسبوونی هه‌وا

خەڵکی ئەهواز و باقی شارەکانی خوزستان، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ٢٥ و ٢٦ی مانگی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتیی بە کەمتەرخەمیی ڕژیم بۆ پاراستنی ژینگە و سڵامەتیی خەڵک، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی بەرین. لەم خۆپیشاندانەدا خەڵکی خوزستان بەو پلاکاردانەوە کە بە دەستیانەوە گرتبوو وە هه‌روه‌ها به‌ وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه‌ حکومەتیی، قین و نەفرەتی خۆیان به‌رامبه‌ر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕژیم دەربڕی. خەڵک وێڕای ئەوەیکە به‌ده‌ست ئه‌م بارودۆخە مەترسیدارەی ژینگەووه‌ توڕە و ناڕازیی بوون، درووشم و نووسراوه‌ی سەر پلاکاردەکانیشیان، هه‌ر لە پێوەند لەگەڵ گرفتەکانی بەڕێچوون و بێکاریی و هەژاریدا بوو.

ماوه‌ی ساڵانێکە كه‌ زیادبوونی گەردیلەکان بوونەتە هۆی پیستربوونی زیاتری هەوای ئه‌م پارێزگایه‌ و سڵامەتیی خەڵکه‌كه‌ی کەوتۆتەبەر مەترسیی. بەڵام کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر ئەم قەیرانە ژینگەییەشدا هیچ کارێکی نەکردووە. لە بەرانبەردا تاكه‌ كاری ئه‌م ڕژیمه‌ جەنایەتکاره‌، ئەمجارەش بریتیی بووە لە هێنانە مەیدانی بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک و ئەزیەت و ئازاردان و گرتنی ژمارەیەک لە خەڵکی توڕە و ناڕازیی.

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خه‌ستیی تۆز و گەردیلەکان و پیسیی هەوای ئەم پارێزگایه‌، لە یەکەم سه‌عاته‌كانی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی ڕێبەنداندا گەیشتبووە ئاستی ٦٦ هێنده‌ی ڕێژەی ئاسایی پیسبوون. ئەمەش ببوە هۆی ئەوەیکە جەریانی بەرق لە زۆرێک لە شارەکان بپچڕێت و بەشوێنیدا ئاو، تەلەفون و ئینتێرنێتیش ببڕێن. به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌ستیی تۆز و گەردیلەکان بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی مەسموومییەت و نەخۆشیی هەناسەدان، پێستیی، گوارشیی، بینایی، سەرەتان و … ئه‌مانه‌، لەنێو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکدا. هه‌تا ئەو جێگایەی کە هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نەخۆشخانەکانیش، بە ئیمکاناتی سنورداریانەوە ناتوانن وڵامدەرەوەی پێڕاگەیشتنیان بن. بە پێی لێدوانی کاربەدەستانی نەخۆشخانەکانی ئوستان، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کە بەهۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تۆز و گەردیلەکانی ناو هه‌واوه‌، تووشی نەخۆشیی و موشکلات بوون و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی پیسیی هەوا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك کە زۆربەی خەڵک ناچار بوون لە ماوڵەوە بمێننەوە. لە ئاکامدا مه‌دره‌سه‌، ناوەندە ئاموزشییەکان لە گشت ئاستەکان و ئیدارات و فرۆکەخانەشی داخست. بەڵام نەبوونی ئاو و بەرق و ئیمکانات، فەزای نێو ماڵەکانیشی بۆ هەناسەدان و ژیان، تێیاندا تووشی کێشە و گرفت کردووە.

كێشه‌ی گەردیلەکان بە درێژایی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامیی داوێنگیری خەڵکی خوزستان و پارێزگه‌كانی دەوروبەریش بووە. کۆماری ئیسلامیی له‌ ڕێگه‌ی وشک کردنی تاڵاوی گەورەی شادێگان و باقی تاڵاوەکانی ناوچەکە و لەنێوبردنی دارستانەکان و بێ بەرنامەیی و تەرخان نەکردنی بوودجەوه‌، خۆی فاكته‌ر و هۆكاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەم بارودۆخە مەترسیدارەیە. 47ڕژیم نەك هه‌ر نەیتوانیوە بەر بە پەرەسەندنی گەردیلەکان بگرێت، بەڵکوو تەنانەت نەشیتوانیوە له‌ ڕێگه‌ی ئامادەکردنی ئیمکاناتی سەرەتایی وەک ماسک یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی و دەرمانیی پێویسته‌وه‌ بۆ خەڵک لە کاتی هاتنی تۆز و خۆڵباریندا، بەرگرییان لێبکات. تەنانەت لە وەها بارودۆخێکدا، نه‌یتوانیوه‌ به‌ر به‌ بڕانی ئاو و بەرقی ماڵی خەڵکیش بگرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆنترۆڵکردنی گەردیلکەکان بەتایبەت بۆ وڵاتێک کە پڕە لە سەرچاوەی نەوتیی، کارێکی دژوار نییە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دیكه‌دا کە خاوەنی بارودۆخێکی جۆغڕافیایی هاوشێوەن، بەرەنگاربوونەوەی گەردیلەکان لە ڕێگای ماڵچ پاشی، ماسه‌پاشیی، نەمام چەقاندن و ڕێگه‌ی دیکەوە ئیمکانپەزیر بووە. بەڵام به‌و هۆیه‌وه‌ کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی به‌رامبه‌ر چارەنووسی خەڵک خه‌مسارده‌ و بوودجەیەک بۆ پاراستنی ژینگەش تەرخان ناکات، ئەو گرفتانەی كه‌ هەن نەک هه‌ر لەنێو ناچن، بەڵکوو ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زۆر و زۆرتر دەبن. “بیژەن نامدار زەنگەنە” وەزیری نەوتی ڕژیم لە لێدوانێكیدا بۆ بنكه‌ی زانیاری گەیاندنی مەجلیس، ڕایگەیاندوە کە ” هه‌تا ئێستا دەوڵەت بوودجەیەکی بۆ ماڵچ پاشیی بیابانەکانی غه‌رب و جنووب بۆ وەزارەتی نەوت پەسه‌ند نەکردووە. وابڕیاره‌ لە ساڵی داهاتووشدا بوودجەیه‌ک بۆ ماڵچ پاشیی تەرخان بکرێت. لە ئەگەری پەسه‌ندکرانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ لە مەجلیس، ئێمەش خەرجی دەکەین.” ئەوەیە وه‌ڵام و هەست بە بەرپرسایه‌تیی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیی لە هه‌مبه‌ر ئەو کێشە و گرفتانەیدا کە ماوه‌ی ٤ دەیە ده‌بێ كه‌ بەرۆکی خەڵکی خوزستانی گرتووە.

ئێستاش كه‌ ده‌نگی ناڕەزایەتیی و خەباتی جەماوەری خەڵکی ئەم ئوستانە پڕ لە نەوتەش، بەرز بۆتەوە و کاربەدەستانی ڕژیم ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری خەڵک بە مەترسییەکی ئەمنییەتیی بۆسەر ڕژیمەکەیان ده‌زانن، بەرپرسانی ڕژیم لە باڵە جۆراوجۆرەکان له‌ ڕێگه‌ی تاوانبارکردنی یەکترین بە کەمکاریی یاخود خەتابارکردنی وڵاتانی دراوسێ یان ئیحاله‌دانی هۆکاری ئەم سۆنامییە بە شەڕی ئێران و عێراقه‌وه‌، دەیانهەوێ خۆیانی لێ تەبرەئە بکەن. یان بە داواکاریی دەست لەکار کێشانەوەی ئەم وەزیر و ئەو ئوستاندار، یان ده‌نا داخوازیی لێیان بۆ داوای لێبوردن لەخەڵک، لەژێر باری ئەم بەرپرسایه‌تییه‌ دەرچن. بەڵام نە ئەم پاساوانە و نە سەرکەشیی و بازدیدی فڵان وەزیر و فڵانه‌ وەکیل لە ناوچەکە، هیچكامی گرفتی خەڵک چارەسەر ناکات.

وەزیری نەوت دەڵێ بوودجەمان بۆ ماڵچ پاشیی نییە، هه‌تا له‌م ڕێگه‌وه‌ بتوانین بەر بە هەستانی تۆز و خۆڵبارین و پیسبوونی هەوای خوزستان بگرین. بەڵام ئەوە ته‌نها ماڵچ پاشی نییە کە ڕژیم ناتوانێ بوودجەی گونجاوی بۆ تەرخان بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی به‌رامبه‌ر به‌ باقی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خه‌ڵك لە سەرتاسەری ئێرانیشدا، خۆی دەدزێتەوە. ئەوە ڕاستە کە ڕژیم ماوه‌ی ساڵانێکە بەرەوڕووی قەیرانێکی ئابووریی کەمەرشکێن بۆتەوە. قەیرانێک کە بۆتە هۆی ئاڵۆزیی ئابووریی و ئەوی هه‌تا لێواری لێکهەڵوەشان بردووە. بەڵام ئێستا کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر تەوافۆقی بەرجامدا تێپەڕیوە، بە هەڵوەشانەوەی بەشێک لە تەحریمەکان و فرۆشتنی نەوت و ئازادبوونی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکان، کرانەوەیەکی ڕێژەیی لە بارودۆخی ڕژیمدا بەدیهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیعتیرافی وەزیری نەوتیش، بوودجەیەکیان بۆ چارەسەری گرفتەکە لەبەرچاو نەگرتووە.

دزیی و ئیختیلاس و تالانچێتیی کاربەدەستانی ڕژیم لە لایەک و هەزینەی نجومی ئەو شەڕە ناوچەییانەی کە ڕژیم بۆ درێژەدان بە حاکمییەتەکەی بە دخاڵەت کردن لە وڵاتانی دیكه‌دا کەتۆتە سەرشانی، ئیمکاناتی دارایی وڵات هەڵدەلوشێت و هەزینەیەک بۆ خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوە سروشتییەکان نامێنێتەوە.

خەڵکی خووزستان کە لەسەر دەریایەک لە نەوت ڕۆنیشتوون، لە کەمترین ئیمکاناتی ژیان بەهرەمەندن. خەڵکی ئەم پارێزگایه‌ش هه‌روەکوو خەڵکی گەلێک لە پارێزگا بێبەشەکانی ئێران، بە دەست هەژاریی و برسێتیی و بێکاریی بەرینەوە ده‌ناڵێنن. خەڵکی خوزستان لەم بارودۆخە خراپە ئابووریی و قەیرانە ژینگەییەدا کە ڕژیمی ئیسلامیی بەسەریدا سەپاندوون بە تەنیا نین. کەواتە هه‌تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامیی ده‌سه‌ڵاتدار بێت، بەشداریی چالاکانە لە بزووتنەوە و حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و ژیان و بۆ دیفاع لە ژینگە و هەوڵدان بۆ پەرەدان بە خەبات لەدژی سەرمایەداریی، ئەرکی کۆمۆنیستەکان و هەموو ئەو کەسانەیە کە بیر لە ڕزگاربوونی مرۆڤ لە چنگاڵی مۆسیبەتەکانی کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریی دەکەنەوە.