کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دانیشتنه‌كه‌ی ماڵتا، دژ به‌ په‌ناخوازان و بۆ دیفاع لە قەڵای ئۆرووپا

ڕۆژی هەینیی ٣ی مانگی نۆوامبر، کۆبوونەوەی سەرانی ٢٨ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئۆرووپا لە “ماڵتا” لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئەم یەکێتییە بەرەوڕووی كه‌له‌به‌ری قووڵ به‌ره‌وڕوو بۆتەوە. دەرچوونی بریتانیا، سەرهەڵدانی ڕه‌وته‌ ڕاسته‌ ئیفراتییه‌كان، لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئۆرووپاییدا، كه‌له‌به‌ری نێوان ئامریکا و ئۆرووپا، درێژەی قەیرانی ئابووریی، گەشەی بێکاریی، بێ ئیعتیباربوونی ئەحزابی سۆننەتی و دامەزراوە ئۆرووپاییەکان و هه‌روه‌ها قەیرانی کۆچبەریی، هه‌ندێک لەو کێشە و ئاستەنگانەن کە بەرۆکیان بە یەکێتیی ئۆرووپا گرتووە. لە وه‌ڵامدانەوە بەم کێشانە، كه‌له‌به‌ر و ناکۆکیی قووڵ كه‌وتووه‌ته‌ ناو یەکێتیی ئۆرووپا، هه‌تا ئەو جێگایەی کە بە ئاشکرا باس لە دوو پڕۆژ دەکرێت. پڕۆژه‌یه‌ك کە خوازیاری یەکێتییەکە کە تەنها تایبەت به‌رته‌سك بۆته‌وه‌ بە بازاڕێكی ناوخۆیی کە بتوانێ خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیی یەکدەست بێت و پڕۆژه‌یه‌كیش كه‌ خوازیاری یه‌كێتییه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی سیاسیی یه‌كده‌ستیش بێت. تاكه‌ بابەتێک کە تێكڕای ٢٨ وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتیی لەسەری هاوڕان، پاراستنی قەڵای ئۆرووپا لە سنوورەکانی دەرەوەی، بۆ بەرگرتن لە هاتنی پەنابەری زیاترە بۆ ئەم قاڕرەیە. هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە له‌سه‌ر کۆبوونەوەکە بڵاوبوونەتەوە، ئاماژە به‌وه‌ ده‌ده‌ن کە مەسەلەی ناوەندیی و سەرەکیی ئەم دانیشتنه،‌ دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەکە بۆ قەیرانی پەنابەران و لە ڕاستیدا دەبێ بوترێ كه‌ دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەک بۆ پارێزگاریکردن لە قەڵای ئۆرووپا بووە.

سیاسەتەکانی یەکێتیی ئۆرووپا بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە قەبووڵکردنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە پەنابەران و دابەشکردنیان بە سەر وڵاتانی یەکێتیی ئۆرووپادا بە لەبەرچاوگرتنی خۆبواردنی ژمارەیەک لەم وڵاتانە، تووشی شکست بوو. لەگەڵ ئەوەدا کە لە ماوه‌ی ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا، دەوڵەتانی ئۆرووپایی تەعەهودیان دابوو کە لە مەودای نێوان دوو ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا، ژمارەی ١٦٠ هەزار پەنابەری ناو کەمپەکانی ئیتالیا و یوونان، بەسەر وڵاتانی ئۆرووپاییدا دابەش بکەن، بەڵام هه‌تا ئێستا واتە مانگی ژانوییەی ٢٠١٧، تەنها ٧ هەزار و ٤٠٠ کەس لە پەنابەران بەسەر ئەم وڵاتانەدا دابەش ڵڕکراون. ڕێكنه‌كه‌وتنی دەوڵەتانی ئۆرووپایی لەسەر ئەم بابەتە، بەکردەوە بووەته‌ هۆی ئەوەیکە پەیمانی شینگێن له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵ نەکردنی سنوورەکانی ناوخۆی ئۆرووپا لە ساڵی ٢٠١٦دا، بەشێوەی گشتیی هەڵپەسێردرێت و هەرکام لە وڵاتانی ئۆرووپایی سیاسەتی تایبەتی کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی ڕەچاو بکات. هەموو ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی ئەوەیکە ساتوسه‌ودایه‌كی دزێو و نامرۆڤانە لە نێوان یەکێتیی ئۆرووپا و ده‌وڵه‌تی تورکییەدا بکرێت، هه‌تا ئەو پەنابەرانەی كه‌ بەناو خاکی تورکییەدا چوونەتە ئۆرووپا، بگەڕێندرێنەوە. هەڵبەت لەم ماوەیەدا یەکێتیی ئۆرووپا بۆ پاراستنی ئەم ساتوسه‌ودا چه‌په‌ڵه،‌ چاوپۆشی لە هەموو جەنایەت و سەرکوتگەرییەکانی دەوڵەتی ئه‌ردۆغان کردووه‌. ئامانجی سەفەری “مێرکێل” ڕاوێژكاری سه‌ره‌كیی ئاڵمان لە ماوه‌ی هه‌فتەی ڕابردوو بۆ تورکییە، لە بارودۆخێکدا کە ئه‌ردۆغان لە ڕێگه‌ی سەرکوتی هەمەلایەنەوە ڕێگه‌ی بۆ دیکتاتۆڕییەکی تاکەکەسیی خۆش دەکرد، هەم به‌ ئاراسته‌ی خزمەت بە بەهێزکردنی جێگه‌ و پێگه‌ی ئه‌ردۆغان و هەم دڵنیابوون لە مانەوەی ساتوسه‌ودا دزێوەکەی له‌سه‌ر پەنابەران و ئامادەکاریی بۆ دانیشتنی سەرانی یەکێتیی ئۆرووپا بوو. ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیری ئیتالیاش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی یەکێک لە دەوڵەتانی ناو لیبی، ڕێككه‌وتن نامه‌یه‌كی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران مۆر کردبوو. هەڵبەت یەکێتیی ئۆرووپا ماوه‌ی چەندین مانگە کە لە دانیشتنه‌ جۆراروجۆره‌كانیدا لە فكری دۆزینەوەی ڕێگایەک دایە، بۆ ڕێكخستنی ساتوسه‌ودایه‌كی دیكه‌یه‌ لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئافریقا، پاکستان و ئەفغانستان، ڕێك هاوشێوه‌ی ئه‌و ساتوسه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ لەگەڵ ئه‌ردۆغان کراوە. دانیشتنی یازدە وڵاتی ئۆرووپایی لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا، لە ئۆتریش بۆ هەڵسەنگاندنی هه‌ندێک ئێقدامات لەم بوارەدا و بۆ بەرگرتن لەوەیکە لەژێر ناوی “کۆچی نایاسایی” باسی لێدەکرێت، بەڕێوەچوو.39

ئێستا کە یەکێتی ئۆرووپا مەسیری تێپەڕبوونی پەنابەرانی لە باڵکانەوە بە تەواوی بە سیمی خاردار تەنیوە و بە پشتبەستن بە لێدان و ئەزیەت و ئازاری پەنابەران لە سنوورەکانی بۆلغارێستان و سێربێستان و پیشاندانی بێشەرمانەی ئەم تووندوتیژییانە لەسه‌ر ڕاگەیەنەرە گشتییەکانه‌وه‌، هەڵگری ئەم پەیامەیە کە ئەو پەنابەرانەی کە لە یوونان ماونەتەوە، لەبیری کەڵک وەرگرتنی سەرلەنوێ لەم ڕێگایە نەبن. سەرۆکی شورای یەکێتیی ئۆرووپا بەم هۆیەوە ڕایگەیاند کە ئەو دەیهەوێ مەسیری تێپەڕبوونی پەنابەران بە دەریای مەدیتەرانەدا هەرچی زووتر دابخرێت. لەڕاستیدا بەڕێوەچوونی دانیشتنی “ماڵتا”، وه‌ڵامێک بووە بۆ ئەم پرسه‌. لە ڕاستیدا پرسیاری سەرەکیی لە دانیشتنی “ماڵتا” ئەوە بوو کە به‌ كام ڕێگه‌چارە دەکرێ مەسیری پەڕینەوەی کۆچبەران لە دەریای مەدیتەرانەوە دابخرێت. سه‌ره‌كیترین فاكته‌ر لەم ڕێگه‌چاره‌یه‌ وڵاتی “لیبی”یە. ١٠ مادده‌کەی ئه‌م دانیشتنه‌ بریتین له‌، ڕێككه‌وتن لەگەڵ لیبی، درووستکردنی کۆمەڵێک کەمپ بۆ پەنابەران لەسەر سنووری لیبی، پەرەدان بە گەشتە نیزامییەکان لە دەریای مەدیتەرانە و لێواره‌كانی لیبی، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئەو پەنابەرانەی کە بەم مەسیرەدا بەناو ڕزگار دەبن بۆ کەمپە درووستكراوەکانی لیبی و هه‌روه‌ها له‌ناوبردنی ئەو پاپۆڕ و بەلەمانەی کە پەنابەران بە کەڵکوەرگرتن لێیان، خۆیان دەگەیەننە سنوورەکانی ئۆرووپا.

له‌ كاتێكدا کە زیاتر لە میلیۆن و نیوێک پەنابەری ناو توورکییە، دەستیان بە هیچ چەشنە ئیمکاناتێک ڕانەگەیشتووە و لەناو بازاڕی ڕەشی کاردا، هەموو وزە و تواناییەکانیان بە نرخێکی هەرزان هەڕاج دەکەن، کاتێک كه‌ لە سنوورەکانی بۆلغارستان و سێربێستان، واتە لە چه‌قی ئۆرووپادا پەنابەران لە سەرمان ڕەق دەبنەوە، کاتێک كه‌ لە کەمپەکانی مەجارستاندا لە هەوای ژێر سفردا ڕادەگیرێن، کاتێک كه‌ لە یۆنان زیاتر لە نیوەی پەنابەران لەو خێوەتانەدا دەژین کە هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەیان تێدا نییە، بەمجۆرە دیار نییە کە ئەو که‌مپانەی كه‌ لە لیبی درووست دەکرێن، چ ئیمکانات و بارودۆخێکیان دەبێت. ئەویش لە وڵاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١١ و له‌گه‌ڵ دەستپێکرانی بۆردوومانه‌كانی وڵاتانی خاوەن شارستانییەت و ئینساندۆستی ئۆرووپاوە هەموو شیرازەکانی لێکهەڵوەشاوە. هەڵبەت سەرانی یەکێتیی ئۆرووپا بێشەرمانە ناوی هەموو ئەم کردارە نامرۆڤانانەیه‌ی ناوە، “بەرگرتن لە کەوتنەمەترسیی گیانی کۆچبەران”. لە ڕاستیدا ڕێگه‌چارەی یەکێتیی ئۆرووپا گەلێک سادەیە، دەبێ پەنابەران پێش ئەوەیکە بە به‌له‌م و پاپۆڕ بگەنە وشکانی، بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتێکی سێهەمی باکووری ئافریقا و لەوێوە کە لیبی ئاخرین سنووری نێوان ئافریقا و یەکێتیی ئۆرووپایە، کەواتە ئەم وڵاتەی سێهەم، تەنها دەکرێ لەم بارودۆخه‌ ئێستادا، وڵاتی لیبی بێت.

ئەو هەواڵانەی كه‌ له‌ “لیبی”شه‌وه‌ ‌ ده‌گه‌ن، باس لە هه‌بوونی ئۆردووگاکانی مەرگ ده‌كه‌ن، کە پەنابەرانی تێدا سەلاخی دەکرێن، ئه‌ویش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یكه‌ جێگه‌ و ڕێگه‌ بۆ پەنابەری تازە بکەنەوە. لیبی وەها ئەمنە کە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە مانگی دێسامبری ٢٠١٦وە چوونی شارۆمەندانی وڵاتەکەی بۆ لیبی قەدەغە کردووە و داوای كردووه‌، ئه‌وانه‌ش کە لەوێ دەژین، بگەڕێنەوە. ئێستا دەبێ سەدان هەزار کەس لە پەنابەران لەم وڵاتە بەناو “ئەمنە”دا جێگیر بن. لەخۆڕا نییە کە ڕێكخراوه‌ی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاندووه‌ كه‌، “یەکێتی ئۆرووپا ڕاستییەکانی ئێستای لیبی به‌پێچەوانە پیشان دەدات، لیبی شوێنێکی ئەمن نییە بۆ کەسانێک کە بەشوێن جێگه‌یەکی ئەمندا دەگەڕێن. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئینسانەکان بۆ لیبی یاخود ڕاگرتنیان لەوێ، سیاسەتێکی نامرۆڤانه‌یە”.

دەوڵەتانی سەرمایەداریی هەڵبەت دەتوانن لە بەیانییەوە هه‌تا ئێوارە له‌سه‌ر به‌هاكانی جیهانی خاوەن شارستانییەت و سەرمایەداریی قسە بکەن. واقعییه‌تی ژیانی مه‌ینه‌تباری بەمیلیۆن ئینسان لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، وێنای ڕاستەقینەی ئەم جیهانه‌ خاوەن شارستانییەتەمان پێ پیشان دەدات. سەرمایەداریی ناتوانێ بەبێ بە کۆیلەکردنی بەمیلیۆن ئینسان و بە بێ ڕاگوێزانی زۆره‌ملێ لە ئاستێکی کەڵاندا، درێژە بە ژیانی مشەخۆرانه‌ی خۆی بدات. کۆتاییهێنان بەم ژیانە مشەخۆرانه‌یه‌، به‌ مانای کۆتایی هێنانه‌ بە کۆیلەتیی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.