کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێعدامی ٨٧ کەس، تەنها لە مانگێكدا!

ناوەندی توێژینەوە و ئاماری ڕێكخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی ڕێبەندان لە ڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی ئامارێکه‌وه‌ ڕایگەیاند کە، تەنها لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا لانیکەم ٨٧ کەس لەوانە دوو لاو لەناو زیندانی شاره‌ جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئێعدام کراون کە لەم ژماره‌یه‌، تەنها هەواڵی پێوەندیدار بە ١٩ حاڵەتیان لە لایەن سەرچاوە ڕەسمییەکانەوە ڕاگەیه‌ندراوە.

زۆربەی ئەم ئێعدام کراونە بە تۆمه‌تی تاوانه‌كانی پێوەندیدار بە قاچاغی ماددەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون. حوکمی ٦ کەسیان کە لەم مانگەدا ڕاگەیەندرا، بە بەرچاوی خەڵکەوە بەڕێوەچوون. هەروەها دوو لاو کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا، ته‌مه‌نیان لە خوار ١٨ ساڵاندا بوون، بەتاوانی کوشتنی بەئانقسەت لە شارەکانی کرمان و تەورێز ئێعدام کران. ئەم ڕێكخراوه‌ داکۆکیکاره‌ی مافەکانی مرۆڤ، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە، خوازیاری سەره‌نجدانی کۆمەڵگه‌ی جیهانیی، به‌ كێشه‌ی ئێعدام لە ئێران بووە و داوا لە هەموو دەوڵەتانی جیهانیش دەکات کە “ڕاگرتنی ئەحکامی ئێعدام” بخەنە سەرووی داخوازییەکانیان لە کاربەدەستانی ئێران. ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە نیشانی دەدات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەروا لە سەرووی لیستی ئەو حکومەتانەوه‌یه‌ کە سزای ئێعدام بەڕێوە دەبەن.

لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، حوکمی ئێعدامی ٦ کەس لەم به‌ندكراوانه‌، بە بەرچاوی خەڵکەوە بەکردەوە دەرهاتوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی داعش ئاسا، له‌ ڕێگه‌ی ئێعدام کردنی به‌ندكراوان بە بەرچاوی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ته‌سویری ویدیۆیی و هەواڵ لێیان، بەئاشکرا لە شگردی ئێعدام وەک ئامرازێك بۆ تەبلیغ و تەرویجی تووندوتیژیی و بێڕەحمی لەناو کۆمەڵگە و درووستکردنی ترس و وەحشەت لەناو خەڵکدا، کەڵک وەردەگرێت. ئامانجی سەرەکیی ڕژیمی ئیسلامیی لە کۆکردنەوەی خەڵک بۆ بینینی ئەم شانۆگه‌رییه‌ی وەحشەت، چاوترسێنكردنی خودی ئه‌وانه‌. داعشەکانی کۆماری ئیسلامیی بە سوئیستیفادە لە ناوشیاریی خەڵکێک کە هێشتا نەیانزانیوە کە ڕیشەی سەرەکیی هەموو تاوانكاریی و جەنایەتەکان، لە زات و ناخی نیزامی سەرمایەداریی و حاکمیەتی ڕژیمێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت کە بەم ئێعدامانە، جەنایەت و تووندوتیژیی لەناو کۆمەڵگه‌دا برەو پێدەدات، ئەوان دەخاتە نێو داوی ئەم شانۆگەرییانەیەوە.37 1

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هه‌تا ئێستا، به‌ هەزاران کەسی بە تاوانی قاچاغ و ساتوسه‌ودای ماددەی هۆشبەر ئێعدام کردووە و بێوچان درێژەی بەم ڕەوتە داوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات ده‌ستوپێوه‌ندی سەرەکیی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرن لەسه‌ر ئاستی کەڵاندا. ئەم ڕژیمە هەر ئێستا وێڕای زیندانییانی سیاسیی و عەقیدەتیی، به‌ دەیان هەزار کەسی، بە تاوانی قەتڵ و تاوانكاریی، لەناو زیندانەکاندا ڕاگرتووە. سەدان کەس لەم به‌ندكراوانه‌ی كه‌ بە مەرگ مەحکووم کراون، لەناو سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانیی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا ڕاگیراون. هەر چەند کە ڕژیمی ئیسلامیی ئێعدامی ئەم به‌ندكراوانه‌ی بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی و ئیجرای دادپەروەریی بەڕێوە دەبات، بەڵام ئێعدامکردنی ئەم به‌ندكراوانه‌ لە لایەن ڕژیمەوە، سیاسەتێکی ئانقه‌ست و ئاگاهانەیە کە بۆ درووستکردنی ترس و وەحشەت لەناو کۆمەڵگه‌ و بۆ چاوترسێنکردنی مرۆڤه‌ تێکۆشەرەکان و هەڵسووڕاوانی سیاسیی، بەرنامەڕێژیی دەکرێت. شگردی ئێعدام دەبێ لە دەست ئەم ڕژیمە دەربهێندرێت. ئەم ڕژیمە کوشتاری هەزاران به‌ندكراوی دەیەی ٦٠، تیرۆرکردنی تێرۆری نه‌یارانی سیاسیی، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەشکەنجە و کوشتنی زیندانییان لە کەهریزەک، ئەسیدپاشییه‌ زنجیرەییه‌كان بە سه‌روچاوی ژنان و …. ده‌یان نموونه‌ و حاڵه‌تی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌ی لە پەروەندە دایە. ئەم ڕژیمە بە تاوانی هەر ئەم جەنایەتانەی کە لەدژی خەڵکی ئێران ئەنجامی داون، دەبێ بڕووخێندرێت. ڕێگه‌ی پاشه‌كشه‌پێكردن به‌م ڕژیمە لە ئەنجامدانی کرداری جەنایەتی سازماندراو و بردنی بەرەو هەڵدێری نەمان، تەنها له‌ ڕێگه‌ی پەرەدان بە خەباتی کرێکاریی و جەماوەرییه‌وه‌ ده‌ست ده‌دات. نابێ ڕێگه‌ بده‌ین کە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بۆ بەلاڕیدابردنی بیروڕای گشتیی لەسەر ڕیشەی موسیبەتە کۆمەڵایەتییەکان، سزای ئێعدام وەک ڕێگه‌چارەی ئاڵۆزیی و نابەسامانییە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی قوربانییانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداریی، بەکار بێنێ. نابێ ڕێگه‌ بده‌ین کە ئەم ڕژیمە بە پاساوی ئیجرای دادپەروەریی زیندانییان دەستە دەستە بەرێتە بەردەم داری ئێعدام.

ئەگەر بڕیاروایه‌ كه‌ به‌ ئیستلاح دادپەروەریی ڕه‌چاو بکرێت، تاوانباری سەرەکیی خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بەهەزاران مرۆڤی ته‌نها لەبەر بیروباوەڕیان و بەخاتری خەبات بۆ باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان لەم کۆمەڵگه‌یەدا کوشتووە. ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای دادپەروەریی، بەڵکوو ناچارکردنی خەڵکە بە ملکەچی لە بەرانبەر قودرەتی دەوڵەتیدا. پاساوێک کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام بوونی هەیە، درۆیەکی ئاشکرایە و هیچی تر، لەبەر ئەوەی ئەوەڵەن ئینسانەکان زاتەن قاچاغچی ماددەی هۆشبەر، تاوانكار و جەنایەتکار لە دایک نابن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ماددیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ئەوان بەرەو تاوانكاریی و لادان پاڵ پێوە دەنێت و دەوڵەتان و چینی سەرمایەداریی حاکم، بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە ماددییەن كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ژیانی زۆربەی خەڵک. کەسانێک شیاوی سزادانن کە به‌ستێن و زەمینەی کۆمەڵایەتیی ئەنجامدانی تاوان ده‌خوڵقێنن. تەجره‌بەی هه‌موو کۆمەڵگه‌کان و ئەو ئامار و زانیارییانەش كه‌ باوه‌ڕپێكراون، نیشانی دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگه‌یەکدا، ئاستی ئەمنییەتی خەڵک لە ڕێگه‌ی زیادکردنی ئێعدامەکانەوە بەرز نەبۆتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەكه‌ی، ئه‌وه‌ خودی ئێعدامه‌ كه‌ هەستی تۆڵەسەندنەوە و زه‌مینه‌ی ڕەوانیی و ده‌روونیی بۆ تووندوتیژی نواندن، بەهێز دەکات.

هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسان خاوەنی بایەخ و ئەرزشە و بە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، سەرەتا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانەکان دەپارێزرێت، لە حاڵێکدا کە ئیجرای ئەم سزایه‌، نەك هه‌ر ڕۆڵێکی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی جەنایەتدا نییە، بەڵکوو ئه‌و كاته‌ش كه‌ دەوڵەتان، لە ژێر ناوی سزای ئێعدام، بە شێوەی یاسایی دەست دەدەنە کوشتنی ئینسانەکان، لە ڕاستیدا بە داشکاندنی به‌های پاراستنی گیانی مرۆڤ، ڕێگه‌ بۆ تێکراربوونەوەی له‌ناو کۆمەڵگه،‌ خۆش دەکەن.

ئەزموونی هه‌تا ئێستای خەباتی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی دەدات کە له‌ڕێگه‌ی وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێونەتەوەییه‌وه‌، دەکرێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بکرێت. لە هەندێک قۆناغدا گوشاری ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی ڕژیمی ناچار به‌وه‌ کردووە کە بە شێوەی کاتیش بووە، ئیجرای ژمارەیەک لە ئەحکامی ئێعدامەکان ڕابگرێت. داسەپاندنی پاشەکشە لەم بوارەشدا، بەستراوەتەوە بە ئاستی خوسازدان و بەسیجی هێزی جەماوەرییەوە.