ەواڵنێریی حکومەتیی “ئیلنا” گفتوگۆیه‌كی لەگەڵ ڕه‌ئیسی دامەزراوەی مۆتالعاتی تەحقیقاتیی ئیجتماعیی دانیشگای تاران ئەنجامداوە کە له‌سه‌ر قوڵبوونەوەی كه‌له‌به‌ری چینایەتیی لە ئێران و ڕەنگدانەوەی لە سیاسەتی تەوسه‌عەی شاریی ڕژیمدا گەلێک خاڵی جێی سەرنجی تێدایە. حسێن جاجێرمی لەمبارەیەوە دەڵێ:”دەوڵەت و شارەدارییەکان ئاراستەی خۆیان لە مەسەلەی ڕیفاه و خزمەتگوزاریدا گۆڕیوە و بەشوێن دەرئامەدزایی و ڕاکێشانی سەرمایەگوزارییەوەن، ئەوەیكه لەم نێوانەدا لەبەرچاو نەگیراوە، کاریگەرییه ئابووریی و کۆمەڵایەتییه‌كانی ئەم کردارانە بووە لەسه‌ر کۆمەڵگه. بەم کردارانە لە داهاتوودا دەبینە خاوەنی هه‌ندێک شار کە ئیمکانی درووست‌کردنی فەزای گشتیشیان نییە. کەسانی خاوەن داهاتی زۆر دەتوانن خزمەتگوزاریی بەکەیفیەتی بەرز و هەزینەی زیاترەوە وەربگرن. ئەوان دەتوانن بۆ سەفەر و ڕابواردن، بچن بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام چین و توێژه کەمداهاتەکان بۆ پشوودان و تەفریح دەچنە پارکە چکۆلەکانی ناو گەڕەکیان، کەواتە کاتێک ئەو زەویانەی کە بۆ ئیستیفادەی گشتیی بوون و دەیانكهین به تیجاریی؛ دەرفەتەکانمان لە شارەکان ئهستاندۆتەوە. ئەوەندەمان مۆجتەمەعی تێجاریی، هۆتێلی لۆکس و ناوەندی کڕینی مۆدێڕن و گرانقیمەت درووست کردووە کە ئیتر هەژارەکان نا‌وێرن بەلاشیاندا بڕۆن. بەمجۆرە شارەکان بوونەتە دوو جەمسەریی. واتە بەشێکیان تایبەتن بە چین و توێژه دەوڵەمەندەکان کە جێگه‌ی هەژارانی نییە و بەشێکی زۆریش لە فەزای شاریی، هی کەسانی هەژارە کە کەسانی ده‌وڵه‌مه‌ند و سەروەتمەندی تێدا نا‌بینیت و هەژارەکانیش خۆ زات ناكه‌ن خۆ له قه‌ره‌ی ئه‌و شوێنە ئەعیان نشینانه بده‌ن. لە مه‌نته‌قه‌كانی شومال شار، سەروەتێکی زۆر دەبینی کە شان لە شانی ناوەندە مەسرەفییه جیهانییه‌كان دەدەن و هەر ئەو ماشێن، ڕەفتار و وێلخهرجییانهی کە لە باڵا شاره‌كانی پاریس، نیۆیۆرک و لەندەن دەكرێ، لە ناوخۆی وڵاتیشدا دیار و به‌رچاون.(بەم جۆرە)، پێده‌چێت؛ ئێمە چووبێتینە ناو یارییەکەوە کە هەموومان تێیدا دۆڕاوین”.
هه‌رچه‌ند ئەوەیکە ئەم بەرپرسە دانشگاهییە لەپێوەند لەگەڵ ڕەنگدانەوەی جیاوازیی چینایەتیی لە پێکهاتەی کەڵان شارەکانی ئێران‌دا باسی کردووە، گۆشەیەکن لەو ڕاستییەی کە لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی‌دا هه‌یه و ڕووده‌دات. خۆ “جاجێرمی” باس لە هه‌بوونی زیاد لە ١٠ میلیۆن حاشیەنشین ناكات کە لە حەڵەبی ئاوا و زۆرئاوا و نایلۆن ئاواکاندا دەژین. ئه‌وانه نەک هەر پارکێك شك نابه‌ن بۆ یاریی ڕۆڵه‌كانیان، نەك هه‌ر لە فەزای سەوز و مەکانی تەفریحی و خزمەتگوزاریی گشتیی بێبەشن، بەڵکوو تەنانەت لەم “سەدەی ٢١” ه دا، ئاو و بەرق و ئاوەڕۆ و لانیکەمی بێهداشتی شوێن و سیستمی گواستنەوە و گەیاندنی شاریشیان نییە. خۆ باس لە کارتۆن خەو و گۆڕخەوەکان ناکات، بەڵکوو باس لە “شومال و جنوب”ی قەبووڵکراوی کەڵان شارەکان دەکات.
بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا نابێ لە هەق لابدەین کە جاجێرمی، کاتێک هۆشداریی ئه‌وه دەدات کە “چووینەتە ناو یارییەکەوە كه گشتمان تێیدا دۆڕاوین”، خاڵی مەترسیی و هێڵی سووری دەوڵەتی چینی ده‌سه‌ڵاتداری بەباشیی ناسیوە. بەڵام وەک ئەوەی خۆدی “جاجێرمی”ش زانیبێتی، لەم بە خەیاڵی ئەو ” یارییە” دا و لە واقعییەتی عەینیی خەباتی “چینایەتیی و شۆڕش”دا، چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش، وەک لایەنێکی ئەم مەسەلەیە، شتێک بێجگە لە زنجیرەکانی دەست و پێیان نییە کە لەدەستی بدەن. ئەوان ئەگەر سەرکەون، براوەن و دنیایەکیش بەدەست دێنن و له‌م نێوه‌دا ئەوە چینە دارا و دەوڵەمەندەکانن کە ئەگەر شکست بخۆن، دەسەڵات و سەروەتێکیان له‌ده‌ست ده‌چێت کە پشتیان پێ بەستووە و لەسەری پاڵکەوتوون و له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وانن كه دەدۆڕێن.
ئەوەیکە ئەم کارناسە دانیشگاهییە له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی ناعادڵانەی کەڵان شارەکانی ئێران نایڵێت، شاردنەوەی ڕاستییەکی جیهان داگر و چاره‌هەڵنەگری جیهانی سەرمایەدارییە. سەرمایەداریی بۆ گەشەدان بە بازاڕی مەسرەف، پێویستیی بەوە هەیە کە ئەرزشی ئیزافیی و زێدەباییەک کە بە شێوەی کالا لە ڕەنجی کرێکارانی کێشاویهتهوە، بفرۆشێ. بەڵام ئایا کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگه دەتوانن کڕیار و به‌كارهێنه‌ری گەورەی ئه‌م کالا بەرهەمهاتووانه بن كه خۆشیان خوڵقاندوویانه؟! ئه‌وه له‌و و له هه‌موو كه‌سێك مه‌علوومه كه ناتوانن. ئەوان بە هەقدەستێک کە وەریدەگرن، تەنها هه‌تا ئاستێک توانای مەسرەفیان هەیە کە بتوانن ڕۆژی دواتر بچنەوە سەرکار و به‌شی ئه‌وه‌نده كه توانای ئەوەیان هەبێت هه‌تا لانیکەمێک بۆ خۆراک و پۆشاک، خوێندنی منداڵ و کرێماڵ و … خه‌رجی دیكه‌ی بنەماڵهیان دابین بکەن. لەم ڕووەوە چینی سەرمایەدار بەشوێن بازاڕی مەسرەفی دیکەدا دەگەڕێ. درووست‌کردنی فرۆشگه‌ی گەورە و ناوەندی کڕینی سەرسووڕهێنەر، ئاخندراو لە کالای لۆکس، بینای مەسکونیی و “سوێت”ی نیشتەجێبوونی مۆدێڕن بە ئیمکاناتی ڕیفاهی تەواوەوە، لە خزمەت په‌ره‌دان به بازاڕی مەسرەفیدایە. داگیرکرانی فەزای حەیاتیی ناوشاره‌كان، له‌جیاتی تەرخانکران بۆ شوێنی ئارام و پشوودان و خزمەتگوزاریی گشتیی، هه‌ر لەم نیازه بە ڕازیکردنی وەها خواست و تەماعێکەوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هەڵبەت ئه‌وه‌مان لێ ڕوون و ئاشکرایە کە سەرمایەداریی بەشێک لە زێدەبایی بەرهەمهاتوو لە هه‌مان كاتدا، سەرفی پەرەدان بە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی خۆی دەکات و لەم ڕێگهیەشهوە بەردەوام تواناییەکانی سەرمایەکەی، زیاتر دەکات. بەڵام هه‌تا ئەو جێگه‌یەی کە هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كێشه‌ی چینایەتیبوونی پێكهاته‌ی شارە گەورەکان، ئەم واقعییەتە له بنه‌ماوه لە نیازی سەرمایەداریی بە پەرەدان بە بازاڕی مەسرەفی تازه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بەڵام ئەمجۆرە بازاڕانە لە کاتێکدا گەشە دەکەن کە بۆ توێژی دارا و دەوڵەمەندیش، سەرنجڕاکێش و له ده‌ستڕه‌سدا بێت.
کەواتە بە هیچ چەشنە تەوسییەیەکی ئەخلاقیی، وەک ئەوەیکە ئاغای “جاجێرمی” دەیکات، ناتواندرێت پێکهاتە و بافتی شارەکان هاوسەنگ بکرێن و هەژار و دەوڵەمەندان بەرەو شوێنێکی یەکسان بۆ ژیان، کڕین و ڕابواردن و تەفریح، پەلکێش بکرێت. تاكه ڕێگه‌ی نه‌هێشتنی ئەم جیاوازیی و دژیه‌كییه ئازاردەرە و ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕینی ڕواڵەت و له‌ڕاستیدا پێكهاته‌ی شارە گەورەکان، ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداریی و دامەزراندنی نیزامێکە کە تێیدا ئامانجی بەرهەمهێنان نەک به‌ده‌ستهێنان و كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانج، بەڵکوو وهڵامدانەوه بە نیاز و پێداویستییە ئینسانییەکان بێت.