له‌م دواییانەدا “محەممەدحەسەن هێڤدەتەن”، جێگری وەزیری کار لە لێدوانێكیدا بۆ هەواڵنێریی “مێهر” گوتوویەتی: “تەبیعەتەن لانیکەمی هەقدەست بە پێی یاسای کار ده‌بێ به پێی ئاوسان واته “تەوەڕرۆم” زیاد بگرێت، بەڵام قەرەبووی له‌خواره‌وه‌بوونی ئاستی هەقدەست له‌گه‌ڵ توانای کڕینی ڕاسته‌قینه و واقعیی، تەنها له ڕێگه‌ی زیادكرانی هەقدەسته‌وه جێبه‌جێ نابێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر توانای کڕینی کرێکار نابێ، لەبەر ئەوەیكه زیادبوونی نامەنتێقیی هەقدەست، خۆی تەوەڕرۆم دێنێ و كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر ئابووریی بەدواوه ده‌بێ. “هێڤدەتەن” وێڕای جەختکردنەوە لەوەیکە، لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا تەنها زیادكرانی لانیکەمی هەقدەست ڕێکارێکی گونجاو نییە بۆ قەرەبووی كه‌له‌به‌ری قووڵی هەقدەست و توانای کڕینی واقعیی کرێکاران، وتیشی: “دەبێ ڕێوشوێنێك بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌یكه بە بەرنامەیەکی چەند ساڵە، ئەم کەله‌به‌ره جار له‌گه‌ڵ جار پڕ بكرێته‌وه.ئەم لێدوان و قسه و باسانه لە حاڵیکدا ده‌كرێن کە دواهه‌مین ڕێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی تەوەڕرۆم كه له مانگی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵدا لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زییه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا، ٨،٦ لەسەدە کە ئەمەش واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئەگەر بە حیسابی لێدوانه‌كه‌ی جێگری وەزیریش لانیکەمی هەقدەستەکان لەسەر بنەمای ڕێژه‌ی تەوەڕرۆمی ٨،٦ لەسەد زیاد بکرێت، کەواتە لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ٩٦ی کرێکاران ده‌وری ٧٠ هەزار تمەن زیاد دەبێت و لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە دەبێتە ٨٨٢ هەزار تمەن بۆ هه‌ر مانگ. یاخود له‌وانه‌یه بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ڕێژەی زیادكرانی حقووقی کارمەندان لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ساڵی داهاتوو ١٠ لەسەد لەبه‌رچاو گیراوه، هه‌قده‌ستی کرێکارانیش هه‌ر بەم ڕادەیە زیاد بکرێت، ئیتر ئەوکات هه‌قده‌ستی ساڵی ٩٦ی کرێکاران، لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە دەبێتە ٨٩٣ هه‌زار تمەن. بەمجۆرە ئەگەری ئه‌وه زۆره كه لانیکەمی هه‌قدەستی ساڵی ٩٦ی کرێکارانیش بگاتە میلیۆنێک لە مانگ و لە ڕوانگه‌ی دەوڵەت و سەرمایەدارانی پشتیوانیانه‌وه، کرێکاران هەروا دەبێ لە چاوەڕوانیی دیاریکرانی لانیکەمی هەقدەستێكی ٣ جار خوارتر له هێڵی هەژاریی بن.لە وه‌ها بارودۆخێکدا زیادكرانی هەقدەستەکان به پێی ڕێژه‌ی تەوەڕرۆم واته ئاوسانی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زیی، لەگەڵ هەزینەی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاریی، بە هیچ شێوەیەک ناخوێنێته‌وه. بێجگە لەوە، بە سەرنجدان بەوەشکە لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕێژه‌ی تەوەڕرۆمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زیی، لەگەڵ ڕێژه‌ی تەوەڕرۆمی ڕاستەقینەدا زۆر لێك دوور بوون، لە ئاکامی درێژەدرانی ئه‌م فریوكارییه هه‌میشه‌ییه، لە ماوەی چه‌ندین ساڵدا، لانیکەمی هەقدەستی دیاریکراو، چوار هێنده دابه‌زیوه‌ته خوار هێڵی هەژاریشەوە. بەشێوەیەک کە ئەگەر لانیکەمی هەقدەستی ٨١٢ هەزار تمەنییه‌كه‌ی ساڵی ١٣٩٥، سێ هێنده‌ی دیكه‌ش زیاد بکەین، نەك هه‌ر توانای کڕینی کرێکاران نابووژێنێته‌وه، بەڵکوو ناشگاتەوە ئاستی هێڵی هەژاریی ڕەسمیی. لەم ڕووەوە لەم بارودۆخه‌ی ئێستای ئێران‌دا، زیادکرانی هەقدەستەکان تەنانەت لەسەر بنەمای ڕێژه‌ی تەوەڕرۆمی واقعییش، هه‌ر وڵامدەرەوەی نیاز و پێداویستییه‌كانی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاریی نابێت. بەمجۆرە داخوازیی زیادکرانی هەقدەست لەسەر بنەمای ڕێژه‌ی تەوەڕرۆم لە ئێران، مەوزووعییەتی خۆی لەدەستداوە.
واقعییه‌ت ئەوەیە کە باسی پێوەندیدار بە دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەست و بەگشتیی چه‌مكه حقوقییه‌كان لە مۆناسباتی چینی کرێکار لە گەڵ چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانی سه‌رمایه‌داران لەژێر حاکمییەتی نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی‌دا، واتا ڕاستەقینەكه‌ی خۆی لەدەستداوە. دیاریکرانی لانیكه‌می هەقدەست، بەرهەمی خەباتی چینایەتیی کرێکارانە لەدژی نیزامی سەرمایەداریی. لە وڵاتانی پێشکەتووی سەرمایەداریدا کە له‌وێ خەباتی چینی کرێکار قۆناغی کامڵ‌بوونی زۆرتری بڕیوە، کرێکاران بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان، حەد و سنوورێكیان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتیاندا سەپاندووە. ئه‌م دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەست و حەد و مەرزانه‌ش بۆ سەرمایەداران و له‌خواره‌وه‌ڕاگرتنی هه‌قده‌سته‌كان، به‌و مه‌به‌سته كراون كه ته‌نانه‌ت کەمداهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێ بە له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی تەوەڕرۆمی واقعیی و هه‌روه‌ها هه‌ڵكشانی نرخەکان، ژیانیان دابین بکەن. کرێکاران بە پێی جێگه و پێگه‌یه‌ك کە لە مۆناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیانه، نەك هه‌ر دەبێ بتوانن له‌ڕێگه‌ی هەقدەست و به‌های ڕۆژانەی هێزی کاریانه‌وه، ئیمکانی ئه‌وه‌یان هەبێت کە هەموو ڕۆژێک ئەم هێزە نوێژەن بکه‌نه‌وه و بیفرۆشنه‌وه، بەڵکوو ده‌بێ بتوانن نیازەکانی ژیانێکی ئینسانیشی پێ دابین بکه‌ن. کرێکار دەبێ بتوانێ فرۆشی ئەم تاكه داراییەی خۆی، وه‌ها مودیرییەت بکات کە تەمەنێک پێی بژی، به‌ڵام لەناو نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی‌دا، ئەم لانیکەمانەش ڕۆژانە پێشێل دەکرێن.
لە ئێران لە کێشمەکێشی نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگه‌دا، سەرمایەداران، خاوەنانی پیشەسازییه‌كان و دەوڵەت وەکوو کڕیارانی هێزی کار، بە ئه‌رخه‌یانبوون له‌وه‌یكه ئەڕتەشێكی گەورەی زەخیرەی کار هه‌میشه بۆیان حازر و ئاماده‌یه، هەوڵ بۆ ئه‌وه دەدەن كه هه‌تا ئه‌و جێیه‌ی كه بۆیان ده‌كرێ، هەقدەستی کرێکاران دابەزێنن و دیفاع لە هەرچی سودئاوەرتربوونی سەرمایەکانیشیان، بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆیان دەزانن. هه‌ر به‌م پێیه کرێکارانیش ده‌بێ ئه‌وه بە مافی خۆیانی بزانن کە لەبری فرۆشی هێزی کاریاندا، داوای هەقدەستێک بکەن کە بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی ژیانێکی مرۆیی لە سەرەتای سەدەی ٢١دا بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. لێرەدا لە نێوان مافی سەرمایەدار و مافی کرێکاردا، ناکۆکییەکی ئاشکرا و هەمیشەیی هەیە و لێره‌دا ئه‌وه زۆر و هێزە کە حوکم دەکات و له‌م نه‌به‌رده دا، كرێكارانیش ده‌بێ زۆر و هێزیان زیاتر بكه‌ن.
لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، ئەوەیكه ئاشکرایە ئه‌وه‌یه كه دەوڵەتی ڕوحانی لە ساڵوه‌گه‌ڕی بەرجامدا، به‌رده‌وام له هەوڵی ئه‌وه دایه كه بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی و زەمانەتکردنی سودئاوەریی سەرمایەکان و قەرەبووی زیانەکانی دەورەی تەحریمەکان، هێرش بۆ سەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگه، درێژە پێبدات. لە وه‌ها بارودۆخێكدا، تەنها له‌ڕێگه‌ی یەکگرتووکردن و سەرتاسەریکردنەوەی خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکارانه كه دەکرێ زیادكرانی هەقدەستەکان بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێندرێت. هەوڵدان بۆ یەکخستن و سەرتاسەریکردنەوەی ئەم خەباتە، لە هەمانحاڵدا بەستێنێکی گونجاویشە بۆ درووست‌کردنی یه‌كڕیزیی و وەحدەت لە ڕیزی کرێکاران و بوارخۆشکردن بۆ پێکهێنانی تەشەکولی جەماوەریی و چینایەتیی کرێکاران. لە وه‌ها بارودۆخێکدا کە ته‌نانه‌ت کاربەدەستانی ڕژیمیش باس لە هێڵی هەژاریی ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیی بۆ ٣ میلیۆنیی دەکەن و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکارییەکان و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریش جەخت لە داخوازیی زیادكرانی هەقدەستەکان هه‌تا ئاستی ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە مانگ دەکەنەوە، هەوڵدانی بەردەوام بۆ یەکپارچەکردن و سەرتاسەریکردنەوەی خەبات لەپێناو زیادكرانی هەقدەستەکان و باقی داخوازییە هەنوکەییەکانی چینی کرێکار و هه‌روه‌ها ئیتحادی عه‌مه‌لی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی لەدەوری ئەو داخوازییانە، دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت به ئاراسته‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشی هەمە لایەنەی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران.