بە پێی ڕاپۆرتێكی هەواڵنێریی “هێرانا”، ئۆرگانی خەبەریی کۆمەڵەی هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی شەممە ٢١ی مانگی بەفرانبار، ٣ به‌ندكراوی مەحکوم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ به مه‌به‌ستی ئیجرای حوکمەکانیان گواستراونەتەوە بۆ سلولی ئینفرادیی. هاوکات لانیکەم ١٢ به‌ندكراو لە زیندانی ناوەندیی کەرەج و ٦ به‌ندكراو لە زیندانی “ڕەجایی شه‌هر”ی کەرەج لە سلولی ئینفرادی و لە سەروبه‌ندی ئیجرای حوکمی ئێعدام‌دان. بەمجۆرە ژمارەی به‌ندكراوان لە سەروبه‌ندی ئێعدام‌کران، گەیشتووه‌ته ٢١ کەس. بڕیاروایه له‌دوای کۆتاییهاتنی ٣ ڕۆژ تەعتیلاتی ئیداریی، ئەم حوکمانە جێبه‌جێ بكرێن. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی ” هێرانا” بەیانیی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، حوکمی ئێعدامی ٢ به‌ندكراو بە بەرچاوی خەڵکەوە لە سەرپولی زەهاب بە کردەوە دەرهات. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەی دواییدا ٣ به‌ندكراو لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج و لانیکەم ٥ کەسی دیكه‌ش لە زیندانی کەرەج و قەزوین ئێعدام کراون.
هه‌ڵبه‌ت هیچ گومانێك له‌سه‌ر ئه‌وه نییه کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ئامانجی چاوترسێن كردنی کۆمەڵگه، هەرجار ناجارێک ژمارەیەک لە به‌ندكراوان ئێعدام دەکات. ئەگەرچی لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو لە ئاکامی خەباتی ئازادیخوازانەدا، زۆربەی دەوڵەتان ناچار به‌وه بوون كه حوکمی ئێعدام هەڵبوەشێننەوە یاخود به‌كرده‌وه بەڕێوەچوونی ڕابگرن، به‌ڵام بەم حاڵەشەوە لە ئێران بە بەراورد له‌گه‌ڵ جەمعییەتەکەی بێ، باڵاترین سەرانەی ئێعدام لەسه‌ر ئاستی جیهانی هەیە و سەرەڕای ئەو هەموو ڕەخنە نێونەتەوەییەی كه لێی دەگیرێ، هەروا بەردەوامە لەو جەنایەتە دژه ئینسانییە و ئامادەش نییە كه شێوازی قەزاوەتهكهی بگۆڕێ و بەڕێوەبردنی سزای ئێعدام ڕابگرێت. هەر ئێستا هەزاران به‌ندكراو لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا لە چاوەڕوانیی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا بەسەر دەبەن. ڕژیم زۆرێك له‌م به‌ندكراوانه‌ی به‌تۆمه‌تی قاچاغ و په‌ره‌پێدانی مه‌واددی مۆخهددێر له‌سێداره ده‌دات.
کەواتە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا کە ڕژیم لە پەرەدان بە شەپۆلی ئێعدامەکان بەئاشکرا ئامانجێکی سیاسیی دیاریكراوی هەیە، بۆی بووه به پێویستییەکی سیاسیی. ڕوون و ئاشکرایە کە ئێعدامی به‌ندكراوانی سیاسیی به‌ده‌ست ڕژیمه‌وه، ئامرازێکە بۆ ڕاگرتنی ڕژیم، پاراستنی ئه‌م موناسباته زاڵمانەیهی ئێستا و بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک. بەڵام ڕژیم ئێعدام‌کردنی زیندانییانی ئاسایی بە پاساوی فریوده‌رانه‌ی بردنەسەرێی ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی و ئیجرای عەداڵەت بەڕێوە دەبات. ئەم پاساوە فریوده‌رانه‌یه لە حاڵێکدایە کە ئه‌وه خودی کۆماری ئیسلامییه كه ئەمنییەت و ئاسایشی لەسه‌ر ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە زەوت کردووە و لە حاڵێکدایە کە ئاستی تووندوتیژیی و کوشتاری ئینسانەکان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامیی، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێژەی توندتیژییەکان و جەنایەتی فەردیدا شیاوی بەراوردکردن نییە. ئاستی پەرەپێدانی ماددەی هۆشبەر لە کاناڵە مافیاییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە هیچ چەشنێک لەگەڵ قەبارەی فەعالییەتی تاك و تووكی ئه‌و قاچاغچییانه‌دا شیاوی بەراوردکردن نییە. کۆماری ئیسلامیی قوربانییانی نیزامێکی کۆمەڵایەتیی زاڵمانە کە خودی خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانیدا زاڵکردووە، ئێعدام دەکات، هه‌تاكوو به‌مجۆره بەرپرسیارێتیی خۆیشی لەهه‌مبه‌ر درووست‌کردنی بەستێن و بارودۆخێک کە به‌رده‌وام ئەم جەنایەتانەی تێیدا بەرهەم دێتەوە، پەردەپۆش بکات.
بەڵام ئیددیعای ئیجرای عەداڵەت لەڕێگه‌ی سزای ئێعدامەوە زۆر لەوەش بێ بنەماترە. ئەگەر بڕیاره دادپەروەریی پەیڕەو بکرێت، تاوانباری یەکەم خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە هەزاران ئینسانی به‌هۆی بیروباوەڕیان و له‌به‌ر خەبات لەپێناو باشترکردنی ڕه‌وشی ژیان لەم کۆمەڵگه‌یە کوشتووە و ماشێنی جەنایەت و کوشتارهكهشی بۆ ساتێک ڕانهوهستاندووه. ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای عەداڵەت، بەڵکوو ناچارکردنی خەڵکە بە ملکەچبوون لەئاست هێزی دەوڵەتدا. ئەو پاساوانەی کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام ده‌هێنرێته‌وه، له درۆیەکی گه‌وره‌ی ئاشکرا واوه‌تر ناچن، لەبەر ئەوەیكه یه‌كه‌م ئینسانەکان زاتەن خراپکار، قاتڵ، قاچاغچیی و جەنایەتکار نین، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ماددیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ئەوان بەرەو گزی و خراپەکاریی پاڵ پێوە دەنێ و دەوڵەتان و چینی دەسەڵاتداریش، ڕاستەخۆ له‌هه‌مبه‌ر داسەپێندرانی ئەم بارودۆخە ماددییەی كه به‌سه‌ر ژیانی زۆربەی خەڵکیان هێناوه، به‌رپرسیارن. پێویسته ئه‌و كه‌سانه سزا بدرێن کە بوارە کۆمەڵایەتییه‌كانی ئه‌و بارودۆخه‌یان ڕه‌خساندووه كه بوونەتە هۆی ئەنجامدانی تاوان و جەنایەت. ئەزموونی گشت کۆمەڵگه‌کان و ئامار و زانیاریی باوه‌ڕپێكراو و پشتڕاست، پیشانی دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگه‌یەکدا ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵک لەم ڕێگه‌یە و به بردنه‌سه‌رێی ژماره‌ی ئێعدام دەستەبەر نەبووە، بەڵکوو بەپێچەوانەكهی، ئه‌وه خودی ئێعدامه كه به‌هۆی هه‌ستێكی تۆڵەسەندنەوەی كه پێكی ده‌هێنێ، باری ده‌روونیی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ش بۆ توندوتیژیی نواندن بەهێز دەکات.
هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوە دێت کە گیانی ئینسان خۆی لە خۆیدا به‌هاداره و هه‌ر بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامیشهوه، له پله‌ی یه‌كه‌مدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانەکان دەپارێزرێت، لەحاڵیکدا کە ئیجرای ئەم سزایە نەك هه‌ر دەورێکی لە کەمکردنەوەی ڕیژەی جەناتەدا نابێ، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتان لەژێر ناوی سزای ئێعدام و بەپاڵپشتی یاسا دەست دەدەنە کوشتنی ئینسانەکان، لەڕاستیدا بە داشکاندنی به‌های پاراستنی گیانی مرۆڤ، ڕێگه له دووپاتبوونەوەی لەناو کۆمەڵگه‌ش خۆش دەکەن.
ئەزمونی خەباتی چەند ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌مان پیشان دەدات کە له‌ڕێگه‌ی وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێونەتەوەییه كه دەکرێ پاشه‌كشه به ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بکرێت. هه‌ندێجار گووشاری ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، ڕژیمی ناچار به‌وه کردووە کە بەشێوەی کاتیش بووبێ، ئیجرای حوکمێكی ئێعدام ڕابگرێت. دیارە داسەپاندنی پاشەکشەی مسۆگه‌ر لەم بوارەدا، بەستراوەتەوە بە ئاستی بەسیج یاخود ڕێكخستی هێزی جەماوەریی خه‌ڵكه‌وه.