کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامیی زیندانییانی مانگرتووی بەرەوڕوی مەترسیی مەرگی بەشێنەیی کردۆتەوە!!!!!!

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، له‌دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ بەسەر ڕاگەیەنرانی مانگرتن لە خواردنی “سەعید شیرزاد” زیندانیی سیاسیی لە ناڕەزایەتی بەو شته‌یكه‌ ناوی ناوە “مەرگی خامۆشی به‌ندكراوانی ناو زیندانی ڕەجایی شه‌هر”، بەرپرسانی ئەم زیندانە خۆیان لە جێبه‌جێكردنی ویست و داخوازییه‌كانیان بواردووە. هاوکات ژمارەیەک لە هاوبەندییەکانی ئه‌م به‌ندكراوه‌ له‌ڕێگه‌ی ئیمزای نامەیەکه‌وه‌، داخوازییەکانی ئەویان بە “سینفیی و مه‌نتێقیی” داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م و خوازیاری وه‌ڵامدانەوەی بەرپرسانی قەزایی و زیندانی “ڕەجایی شه‌هر” بوون. “سەعید شیرزاد” له‌ڕێی نووسینی نامەیەکه‌وه‌ ڕایگەیاندوە کە بەهۆی سه‌رنج نه‌دانی بەرپرسانی قەزایی بە داخوازییەکانی، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات. “سەعید شیرزاد” لەماوەی مانگرتن لە خواردنەکەیدا، تووشی دابەزینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و مه‌ترسیداری کێشی جه‌سته‌ هاتووه‌ و چەندجارێكیش بە هۆی دابه‌زینی زەختی خوێنیه‌وه‌، نێردراوە بۆ بێهداریی زیندان.

لە لایەکی دیكه‌وه‌ دایکی عەلی شەریعەتی، زیندانییەکی سیاسیی دیكه‌ کە لە مانگرتن لەخواردندایە، ڕایگەیاندووە کە وێڕای مه‌ترسیداربوونی باری ته‌ندرووستیی ئەم به‌ندكراوه‌ سیاسییە کە لە به‌رواری ١٠ی مانگی خەزەڵوەرەوە لەناو زیندانی “ئێوین”ی تاراندا دەستیداوەتە مانگرتن لە خواردن، هه‌تا ئێستا هیچكام لە بەرپرسانی قەزایی بەڵێنێکیان له‌پێوه‌ند له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ویست و داخوازییەکانی، نەداوە. دایکی عەلی شەریعەتیی وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە منداڵەکەی بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بۆ مەحکومکردنی “ئەسیدپاشیی بە سه‌روچاوی ژنان”دا گیراوە، مه‌حاکەمە و بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، وتوویەتی كه‌ هۆکاری مانگرتن لەخواردنی کوڕەکەی، ئەوەیە کە ئەم حوکمە بە “نایاسایی و نادادپه‌روه‌رانه‌” دەزانێت و خوازیاری پێداچوونەوە به‌م حوكمه‌یه‌. “مۆتەههەرە پارسی” هاوسەری عەلی شەریعەتیش، ڕۆژی هەینی و لە ٦٧مین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی هاوسەرەکەیدا لەسه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی “تویتێر” نووسی کە عەلی شەریعەتی لە ٦٧ ڕۆژەی مانگرتن لە خواردنه‌كه‌ی و لەحاڵێکدا کە بە ویلچێر ڕۆیشتووه‌، لەڕێی پێوه‌ندییه‌كی تەلەفونیی کورته‌وه‌ بە بنەماڵەکەی وتووە كه‌ تووشی حاڵه‌تی خوێنبەربوون هاتووه‌ و لەتاو ئێش و ئازاریش ناتوانێ زۆر قسە بکات.

هەروەها “بێهنام ئیبڕاهیم زادە” هەڵسووڕاوی کرێکاریی به‌ندكراو له‌ زیندانی “ڕەجایی شه‌هر”ی کەرەج، لە ڕۆژی ٦ی مانگی بەفرانبارەوە دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵۆنی “زیندانییانی مەترسیدار” و لە ناڕەزایەتی بەم بڕیارەی به‌ڕێوه‌به‌ری زیندان و هه‌روه‌ها ڕه‌وشی “نائەمن”ی بەندێک کە بۆی گوازراوەتەوە، دەستیداوەتە مانگرتن لە خواردن. لەگەڵ “عەلی شەریعەتی”،” سەعید شیرزاد”، “بێهنام ئیبراهیم زادە”، “محەممەدعەلی تاهێریی” و چەند کەسی دیكه‌ لە زیندانییانی سیاسیی و عەقیدەتیی، لەناڕەزایەتیی بە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەیەک كه‌ بۆیان تەشکیل داون، دەستیانداوەتە مانگرتن لە خواردن.13 2

لەگەڵ درێژەکێشانی مانگرتن لەخواردنی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی و عەقیدەتیی و دەنگدانەوەشی لە دەرەوەی زیندان و ڕاکێشرانی سه‌رنجی ڕای گشتیی و ئەو ناڕەزایەتییانەش کە بۆ ئازادیی ئەم به‌ندكراوانه‌ بەڕێوەچووە، مه‌قاماتی جەنایەتکاری قۆوەی قەزائییەی ڕژیم دوای دەوره‌یەک بێده‌نگیی، لە کاردانەوە بە مانگرتن لەخواردنی زیندانییان، دەستیداوەتە هەڕەشە و گوڕه‌شه‌ لە به‌ندكراوان. “عەباس جەعفەریی دەوڵەتابادی” دادستانیی تاران وتوویەتی كه‌ “ئەم کەسانە دەبێ لە میللەت بەخاتری ئەو کردەوانەی ئەنجامیان داوە، داوای لێبوردن بکەن”. “غوڵامحسێن مۆحسێنیی ئێژەیی” وتەبێژی قۆوەی قەزائییەی ئێرانیش ڕۆژی ١٥ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٥، له‌سه‌ر مانگرتن لەخواردنی به‌ندكراوان ده‌نگی هه‌ڵێنا و ئەمه‌ی بە بابەتێکی سەرچاوەگرتوو لەدەرەوەی ئێران و بۆ گوشارخستنەسەر قۆوەی قەزائییە دایه‌ قه‌ڵه‌م و وتی كه‌ “ئەمەیکە ئەیڵێم تەحلیل نییە. هەواڵێکە كه‌ سیستمە ئێتلاعاتییەکان پێیان داوین”.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی حەیات و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی و بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە مەترسیی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەریی له‌سه‌ر خۆی هه‌ست پێده‌كات، بەردەوام له‌ڕێگه‌ی بەگرەوگانگرتنی خەباتكارانی سیاسیی ناو زیندانەکان و ڕاگرتنی داسی مەرگ بەسەر سەریان، له‌ڕێگه‌ی پەروەندەسازیی و پەیڕەوکردنی ئەشکەنجە لەدژیان و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی پەڕاوێزخستنیان لە سلولی ئینفڕادییه‌وه‌، هەوڵیداوە هه‌تا ڕوحییەی خۆڕاگریی زیندانییەکان تێکبشکێنێ و فەزای ترس و سامی ناو زیندانەکان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی زیندانه‌كان. بەڵام مانگرتن لەخواردن و خەباتی ئەم زیندانییە سیاسیانە و به‌دواشیدا شەپۆلی پشتیوانیی لەم خەباتە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە دەستڕاگەیشتن بەم ئامانجەی ناکام کردووە. زیندانییانی سیاسیی بە خۆڕاگریی خۆیان، ڕووحییەی خەباتکارانەی ناو زیندانیشیان گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی زیندان. ڕووحییەی خەباتکارانە و خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسیی مانگرتوو، پیشانده‌ری ئەم ڕاستییەیە کە زیندانییانی سیاسیی نەك هه‌ر به‌هۆی توندبوونەوەی ئەم گوشارانەوه‌ مه‌ڕعووب نەبوون، بەڵکوو لە ئاست زۆروێژیی مه‌قامات و یاسا دژه‌ ئینسانییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، دەستیانداوەتە خەبات.

بێگوومان مانگرتن لەخواردنی زیندانییانی سیاسیی له‌ناو زیندان لە به‌رامبه‌ر جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی، ده‌رخەری خۆڕاگریی و لێبڕاویی زیندانییانی سیاسییە. مانگرتن لەخواردن و خۆڕاگریی ئەمان، بەشێک لە خەباتی ڕەوا و و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی فەعالییەت و هه‌ڵسووڕانی سیاسیی. هەر چەند شگرد و گوشارە داڕێژراوه‌كانی ڕژیم لەناو زیندان هه‌تا ئێستا چەندینجار لەڕووی ناچاریی و هه‌ندێجاریش بەشێوەی چاره‌هەڵنەگر، تاکتیکی مانگرتن لەخواردنیان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئەم گووشارانە بەسەر زیندانییانی سیاسیدا سەپاندووە، بەڵام ئەم شێوە و تاکتیکەی خەبات، نابێ ته‌قدیس بکرێت. بۆ دیفاع لە ئازادیی و مافە ئینسانییەکانی زیندانییانی سیاسیی و بۆ بەرگرتن لە مەرگی بەشێنەیی زیندانییان، به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ دەبێ تاکتیک و شێوەی گونجاوتری خەبات بگیرێته‌به‌ر. باشترین شێوەی دیفاع لە زیندانییانی سیاسیش، خەباتی خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازییە کە دەتوانێ لە دەرەوەی زیندان و بەشێوەیەکی بەرینتری، لە دەرەوەی وڵات و لەسه‌ر ئاستی ناوخۆی ئێرانیشدا بکەوێتەڕێ و بەردەوام بێت.

ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامیی لەڕووی داماوییەوە چواردیواریی زیندان و بەربه‌ره‌كانێ لەگەڵ زیندانییە بێدیفاعەکانی کردۆتە مەیدانی هێزنواندنی خۆی. ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ڕێگه‌ی توندکردنەوەی گوشار بۆسەر زیندانییانی سیاسیی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان لەناو زیندان، دەیهەوێ خەڵکی ده‌ره‌وه‌ی زیندانی پێ چاوترسێن بکات. به‌ڵام خۆڕاگریی و لەخۆبووردویی زیندانییانی سیاسیی و شەپۆلی پشتیوانیی و هاوپشتیی لەگەڵ ئەم زیندانییانە، مه‌جالی به‌و حکومەته‌ نه‌داوه‌ کە له‌و داماوییه‌شدا فرسه‌تی ئه‌وه‌ی دەست بکەوێ كه‌ بە گوشارخستنەسەر زیندانییانی بەندکراو، ڕیزه‌كانی خەڵک تووشی ترس و وەحشەت بکات. خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسیی و شەپۆلی پشتیوانیی لە ویست و داخوازییە ڕەواکانیان، سەره‌نجام کاربەدەستانی ڕژیم و بەرپرسانی زیندانی بەچۆک داهێناوە. ڕازیبوونی ڕژیم بە داخوازیی ئاره‌ش سادقیی و ئازادیی كاتیی گوڵڕۆخ ئیرایی بە دانانی وەسیقە، له‌ نیشانەكانی پاشەکشەی ڕژیمە لە بەرانبەر ئیرادەی زیندانییان و هه‌روه‌ها نیشانه‌ی نیگەرانییه‌كانی ئه‌م ڕژیمه‌‌ لە پەرەسەندنی شەپۆلی پشتیوانییه‌كان له‌م به‌ندكراوه‌ مانگرتووانه پیشان ده‌دات‌. کاربەدەستانی ڕژیم لە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگی ڕابردوودا و له‌ڕێی پشتگوێدانی داخوازیی زیندانییان و بە کات کوشتن، بەکردەوە زیندانییانی مانگرتووی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسیی مەرگی بەشینەیی كردووه‌‌. کاربەدەستانی ڕژیم بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە “زیندانییانی مانگرتوو له‌به‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه‌ كردوویانه‌ دەبێ داوای لێبوردن لە میللەت بکەن”، دەیهەوێ بەرپرسیایەتیی ئەم بارودۆخە کە هێشتا ڕەنگە ببێتەهۆی مه‌رگیشیان، بخەنە ئەستۆی خودی زیندانییەکان. لە وه‌ها بارودۆخێكدا، تەنها خەباتێکی بەرین بۆ ئازادكرانی زیندانییانی سیاسیی و دەستەبەربوونی داخوازییە ئینسانییەکانیان لە دەرەوەی زیندانه‌ كه‌ دەتوانێ ئامانج و شگردەکانی کاربەدەستانی ڕژیم پووچەڵ بکاتەوە.