ڕۆژی پێنشەممە ٩ی مانی بەفرانبار پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسییە ڕایگەیاند کە “لە سوورییەدا ئاگربهسێك لە ڕێگه‌ی تەوافوقی نێوان ڕووسییە و تورکییەوه مومکین بووە و لەم پێوەندەدا سێ به‌ڵگه‌ش ئیمزا کراون. وتیشی كه: “یەکێک لە به‌ڵگه‌كان پێوەندیی بە ئاگربه‌سێكی سەرتاسەریی لە سوورییه‌وه هەیە. ئه‌وی دیكه‌ش، تەرحێکە بۆ بەردەوامبوونی ئاگربه‌س و پاراستنی و سێهەمیشیان، پێوه‌ندیی هه‌یه بە دەستپێکرانی موزاكراتی ئاشتیی کە بڕیاره مانگی ژانوییە لە شاری “ئاستانە” پێتەختی قەزاقستان بەڕێوەبچێت”.
دەوڵەتانی ڕووسییە و تورکییە وەک نوینەرانی لایەنەكانی شه‌ڕ و لە جیاتی ئەوان زەمانەتکەری ئاگربه‌س و بەردەوامبوونی ناسێندراون. ئەگەرچی کۆمەڵیک ڕاپۆرت له‌سه‌ر پێشێکلکرانی ئاگربه‌س لە لایەن هەردوو لاوە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام هه‌تا ئێستا ئەم ئاگربه‌سه کە لە سه‌عاته سه‌ره‌تاییه‌كانی ڕۆژی هەینی ٣ی مانگی دێسامبرەوە لە سەرتاسەری سوورییە دامه‌زراوه، درێژەی هەیە. بەم حاڵەشەوە بەسه‌رنجدان به ئاڵۆزیی بارودۆخی سوورییە، پووتینیش و کەمتر کەسێک هه‌یه كه هیوای به درێژەی ئاگربه‌س هه‌بێت. ئاڵۆزیی بارودۆخی سوورییە و ژمارەی لایەنە دەرگیرەکانی ناوخۆ و دەره‌وه کە هەر کامەو لە جه‌نایەت و ئینسان کوشتندا، له پێش ئه‌وی دیكه‌وه‌یه، وه‌هایه کە هەرکامە و لەهەوڵی بەرەوپێشبردنی بەرنامە و ئامانجەکانی خۆیدایە. له هه‌مان كاتدا ئەم بڕیارە کە دەبوو بە به‌شداریی و حزوور و ده‌خاڵەتی لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ لە مه‌یدانی نەبەرد بگیرایەتهبهر، لەجیاتی هه‌ندێک لە لایەنە دەرگیرەکان و هه‌ڵبه‌ت لەسەروو ئەوانیشەوە گیراوە. هه‌روه‌ها ئەوەیکە بە پێی خاڵه‌كانی ئه‌م په‌سه‌ندكراوه‌یه، ئاگربه‌س ئەو ناوچانە ناگرێته‌وه کە ڕەوتە تێرۆریستییەکانی تێدایە. هه‌ر ئەمەش ئاگربه‌سه‌كه بێ مانا دەکات، لەبەر ئەوەیكه لە ڕوانگه‌ی هه‌ر كام له لایه‌نه‌كانی دەرگیری شەڕه‌وه، هێزه چه‌كداره‌كان وه‌ك چەند تاقمێكی تێرۆریست بە هه‌ژمار دێن، کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی سوورییەدا حزووریان هەیە و لە لایەن دەوڵەتێکی دیكه‌وه پشتیوانیی دەکرێن.
ئەم ئاگربه‌س بەدوای ئەوەدا هات کە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی سەرماوەز وەزیرانی دەرەوەی ڕووسییە، تورکییە و ئێران لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. ٣ ڕۆژ دواتری، پووتین ڕایگه‌یاند كه به‌بێ ده‌خاڵه‌تی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی، لەگەڵ تورکییەدا له‌سه‌ر ئاگربه‌س ڕێككه‌وتوون. به‌و پێیه، دەوڵەتی تورکییە دەبێ نەیارانی ئەسەد و ڕووسیەش بەشار ئەسەد و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا ناچار بە قەبوڵکردنی ئاگربه‌س بکەن.
لەگەڵ ڕاگەیەندرانی ئاگربه‌س، ئەو تاقم و ده‌ستانه‌ی کە لە لایەن تورکییەوە پشتیوانیی دەکرێن وەک سوپای ئازاد و ئه‌و تاقمانه‌ش كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتیی نه‌ته‌وه‌یی سورییەدا كۆبوونه‌ته‌وه و بەکردەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە مەیدانی شەڕدا نییە، ئەگەرچی هه‌ندێ تێبینییان بووه، بەڵام قەبوڵیان كردووه و پهسهندكراوهكهشیان ئیمزا كردووه. کۆماری ئیسلامیی و بەشار ئەسەدیش به‌هه‌مان شێوه، قبووڵیان كردووه. بەڵام تاقمه ئیسلامییەکانی وه‌ك بەرەی فەتحۆلشام و جەیشۆلئیسلام و ئەحڕارۆلشام و داعش، کە لە ڕوانگەی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیی و به‌شار ئەسەدەوە بە تێرۆریست دەناسرێن، بەڵام لە لایەن تورکییە و عەڕەبستانەوە پشتیوانیی کراون، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم ئاگربه‌سه دەربڕیوە.
هه‌تا ئەو جێگایەی کە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا، سەرەڕای پێشوازیی “جەواد زەریف”، ئه‌گه‌ر ئه‌وه زۆرە كه له پڕۆسه‌ی ئاگربهسهكهدا کارشکێنیی بكرێت. لەبەر ئەوەیكه لە لایەکەوە “چاووش ئۆغڵوو”ی وەزیری دەرەوەی تورکییە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی بەشیک لەم ڕێككه‌وتنه نییە و لە لایەکی دیکەشه‌وە لە خاڵێكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه ڕوون کراوەتەوە کە هێزە چەکدارە بیانییه‌كان دەبێ لە سورییە بچنە دەرێ و حیزبۆڵڵاش ده‌بێ بگەڕێتەوە بۆ لوبنان. دیارە ئەمە شاملی سپای پاسداران و باقی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیش دەبێت. خاڵێکی دیكه کە جێی نیگەرانی ڕژیمی ئیسلامییە، ئەوەیە کە پووتین، دەوڵەتی مێسریشی بۆ بەشداربوون لە پڕۆسەی وتووێژەکان، بانگهێشت کردووە و تەنانەت بەشداریی عەڕەبستان و قەتەریشی تێدا، بە ڕێگەپێدراو و پێویست زانیوه.
ئەم هه‌وڵ و كرده‌وانه‌ی كه باسکران، بەشوێن داگیرکرانی بەری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب لە لایەن هێزەکانی سوورییە، حیزبوڵڵا، سپای پاسداران و باقی تاقمه‌كانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە چۆتە دەستوری کاریانەوە. ئەگەرچی داگیرکرانه‌وه‌ی شاری حەڵەب هاوسەنگیی هێز لە بەرەکانی شەڕ و لە مەیدانی دیپلۆماتیكی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپەیمانەکانی گۆڕیوە، بەڵام ئه‌مه‌ش هێشتا بەواتای کۆتاییهاتنی تێكهه‌ڵچوونه‌كان و نەمانی قەیرانی سوورییە نییە. وه‌ك دیاره، ڕووسییە و باقی زلهێزە سەرمایەدارییەکان، له‌گه‌ڵ قەبوڵکردنی ئەم واقعییەتە و بۆ ڕزگاربوونی خۆیان لە زەلکاوی شەڕێک کە لەباری سیاسیی و ئابووریی و نیزامیشەوە، بۆیان گەلێک پڕهەزینە بووە و زۆریشی درێژەی کێشاوە، ڕێك كه‌وتوون. ئەو جۆرەیکە “ڕۆیتێرز”یش ڕایگەیاندووە، تەوافوقێکی ڕانەگەیەندراو له‌نێویاندا کراوە کە بەپێی ڕێككه‌وتنه‌كه، سورییە بەسەر ناوچەی ژێر نفوزی ناڕەسمیی لایەنە ناکۆکەکان لەم شەڕه‌دا دابەش بکەن و بەشار ئەسەدیش بۆ ماوەیەکی تر بتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
لەم نێوانەدا ساڵح مۆسلێم، هاوسه‌رۆكی پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک لە کوردستانی سوورییە بە هه‌واڵنێریی “ئێسپۆتنیک”ی ڕووسییه‌ی وتووە كه: “هیچ کەس بانگهێشتی ئەم حیزبەی نەکردووە بۆ پەیوەستبوون بە ئاگربهسهكهی سوورییە”. لەڕاستیدا ئاگربه‌سی سەرتاسەریی نێوان ڕووسییە و تورکییە شموولی هێزەکانی پارتی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک و “یەکینەکانی پاراستنی گەل” ناكات کە له ٤٠ هەزار هێزی چەکدار پێكهاتوون و کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی کوردستانی سورییەیان بەدەستەوەیە. ده‌خاڵەت نەدانی پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک و ڕێبەریی کانتۆنەکان لە موزاکراتێکدا کە پێوەندیی بە چارەنووسی خەڵکی سورییەوە هەیە و لە لایەکی دیكه‌وه لێدوانه‌كانی ئەم دواییەی بەشار ئەسەد له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه “ناوچەی فێدڕاڵیی کورد لە سورییە تەمەنێکی کاتیی دەبێت”، یان ده‌نا زیادبوونی دوژمنایەتیی ئاشکرا و هەڕەشە نیزامییه‌كانی دەوڵەتانی تورکییە، سوریە و ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەدژی ئەزمونی خۆبەڕیوەبەریی کوردستانی سورییە بەپشتیوانیی ناڕاستەوخۆی ئامریکا و ڕووسییە، ئه‌مانه سەرەڕای هه‌موو ئەم پیلانانەی کە لەئارادان، ناتوانن کوردستانی سوورییە بگه‌ڕێننه‌وه بۆ قۆناغی بەر لە ساڵی ٢٠١١ . بزووتنه‌وه‌ی کوردستانی سورییە بە ئەزمونێکی خۆبەڕێوەبەریی و هه‌موو ئەو دەستکەوتانەی کە لە بواری دابینکردنی ئازادییە دێمۆکراتیکەکان و داڕشتنی یاسایه‌كی دێمۆكراتیك و برەودان بە فەرهەنگێکی پێشڕەو لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و … هه‌موو ئه‌مانه و سازماندانی دەیان هەزار هێزی چەکدار کە خۆیان بە پارێزەری ئەم دەستکەوتانە دەزانن، بە شێوەی عەینیی بوونەتە فاکته‌رێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی نەخشهڕێگهی سیاسیی سورییە. لەم هه‌لومه‌رجه‌دا و بە سه‌رنجدان بە بوونی پێگە نیزامییەکانی به‌شار ئه‌سه‌د لە شاری قامیشلوو و کۆنتڕۆڵیشی بەسەر فڕۆکەخانەی ئەمشارەدا، ئەگەری هەیە کە دەوڵەتی سورییە هەوڵبدات له‌باری نیزامییه‌وه ئەمشارە لە چوارچێوه‌ی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی كانتۆنه‌كان ده‌ربهێنێت و دەستکەوتەکانی بخاتە ژێر گوشارەوە. ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە لە بارودۆخی ئێستادا بزووتنەوەی ڕەوا و مافخوازانەی کوردستان بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی له‌سه‌ر ڕێیدان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیكه، پێویستیی بە پشتیوانیی و پشتگیریی هێزە ئازادیخوازەکانی ناوچەکە و جیهان هەیە.
بەڵام لەحاڵێکدا کە بزووتنەوەی کوردستانی سورییە بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی، دوژمنەکانی تووشی کێشە و گرفت دەکات، شەڕی ٦ ساڵە لە سورییە و دەخاڵەتگەریی دەوڵەتان و ڕەوتە جۆراوجۆرە کۆنەپەرستەکان کە هەر کامەو لە بەرینتربوونەوەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا ڕۆڵیان هەبووه، خواستی ئازادیخوازانه و به‌هره‌مه‌ندبوون له ژیانێكی ئاسووده و مرۆیی په‌ڕاوێز خراون و ته‌نها دامه‌زرانی ئاگربه‌س و دابینبوونی ئاسایش و ئەمنییەت بووه به داخوازیی سەرەکیی خەڵکی ئەم وڵاتە. زلهێزە جیهانیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و تاقمه کۆنەپەرست و جەنایەتکارە ئیسلامییەکانی سەربەوان، خەباتی ڕەوای خەڵکی ئازادیخوازی سورییەیان کە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١١ و بۆ ڕزگاربوون لە چنگ هەژاریی و برسێتیی و هه‌روه‌ها ڕزگاربوون لە چنگ دیکتاتۆڕیی و خەفەقانی ڕژیمی بەعس بەرپا كرا، خه‌ڵتانی خوێن كرد و هاواری نان و ئازادیی ئه‌م خه‌ڵكه‌یان له گه‌روودا خه‌فه كرد. کێشمەکێشی نێوان لایەنەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، هیچ پێوەندییەکی بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی سورییەوە نەبووە و نییە. خەڵکی سورییە تەنها ئه‌و کاته دەتوانن هیوایان بە داهاتوو هه‌بێت کە، بەبێ ده‌خاڵەتی دەوڵەتانی سەرمایەداریی و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، بێنە مەیدان و به هاوسه‌نگییه‌ك كه به‌هێزی یه‌كگرتووی خۆیان پێكی دێنن، چارەنووسی خۆیان به‌ده‌سته‌وه بگرن.