کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتیی کرێکاریی بەرینتر به‌ڕێوه‌یه‌!

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “تەسنیم”، حوسێن زولفەققاری جێگری وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٥ لە کۆبوونەوەی جێگرانی سیاسیی ئوستاندارییەکاندا وتی: “سه‌ره‌ڕای زیادبوونی ٦٩ لەسەدیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی، کرێکاریی و سەنعەتییەکان، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ٣ ساڵه‌ی دواییدا هیچ قەیرانێکی کۆمەڵایەتیمان نه‌بووه‌ کە پێوەندیی هه‌بێت بە مەسەلەی ئەمنییەتییەوە”. جێگری ئەمنییەتیی ئینتیزامیی وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامیی وێڕای ئێعتڕاف بە ڕەوتی ڕووله‌هه‌ڵكشانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی و کرێکارییەکان، دەڵێ: “ئەم ناڕەزایەتییانە بەباشیی مودیرییەت کراون”.

خەڵکی ئێران و به‌تایبەت ئەوانەیکە ئاگاداری بارودۆخی ئێران و گۆڕانكارییه‌كانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کرێکارین، زۆر به‌باشی هەست بە مەبەستی ئەم بەکرێگیراوەی ڕژیم دەکەن و له‌ واتای بەکردەوەی “مودیرییەتی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و کۆمەڵایەتییەکان” به‌جوانیی تێده‌گه‌ن. ئه‌و شته‌یكه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی له‌سه‌ر زاری حوسێن زولفه‌ققارییه‌وه‌ دانی پێداده‌نێت، ئه‌م ڕاستییه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی، ناڕه‌زایه‌تییه‌ كرێكارییه‌كان به‌ پرسێكی ئه‌منییه‌تیی ده‌زانێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هەواڵه‌ کرێکارییه‌ بڵاوكراوه‌كان لە “ڕۆژی کرێکار”ی ساڵی ٩٤وە هه‌تا “ڕۆژی کرێکار”ی ٩٥ نیشانی دەدات کە لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا، لانیکەم ٦٦ هەڵسووڕاوی کرێکاریی لە سەرتاسەری ئێراندا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، ٢٤ کەس لە کرێکارانی شارەداریی ئەهواز گیراون و ١٧ کەس لە کرێکارانی مەعدەنی ته‌ڵای “ئاق دەرە”یان بە بەرچاوی خەڵکەوە شه‌للاقکاریی کرد. لە مانگی پووشپەڕدا دوو کرێکاری کارگه‌ی مۆبل سازیی لە کەرەج، کاتێک كه‌ بۆ تەسوییە حیسابی حقوقی دواخراوی چەند مانگیان چووبوونەوە بۆ کارگه‌، لە لایەن خاوەنکارەوە ڕفێندرابوون و دوای جەزرەبەدانێکی زۆری ٢٤ سه‌عاته‌ لەناو “قەفەسی سەگان”دا، حه‌بسی کردبوون. دوایین حاڵه‌تیش، هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بۆسەر کۆبوونەوە و ڕێپێوانی سەدان شۆفێری شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەوروبەر و ئەزیەت و ئازاردانیان لە ڕۆژی ١٤ی مانگی سەرماوەزدا بوو. ئەم حاڵه‌تانه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی زۆر به‌ربڵاوتره‌، تەنها نیشانده‌ری ئەوه‌ن کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی لە چ ڕێگه‌یەکەوە ناڕەزایەتیی کرێکاران بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان مۆدیرییەت کردووە.

بەڵام پێویسته‌ كه‌ حوسێن زولفەققاری، ئەم بەکرێگیراوەی سه‌ر به‌ وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی له‌وه‌ دڵنیا بێت کە ڕەوتی ڕوولەگه‌شه‌ و هه‌ڵكشانی خەبات و ناڕەزایەتیی کرێکاریی، ڕیشەی لە گۆڕانكاریی ئه‌ساسیتری دیكه ‌دایە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ له‌ڕێگه‌ی زیندان و ئەشکەنجە و شه‌للاق لێدان بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەر بە ڕەوتی ڕوولەگەشەی خەباتی مافخوازانەی کرێکاران بگرێت و به‌قه‌ولی خۆی “مودیریەت”ی بکات.875

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداریی لە ئێران لە ماوه‌ی٢ هه‌تا ٣ دەیەی دواییدا و هه‌روه‌ها درێژەی ڕەوتی به‌سەنعەتیبوون، جێگه‌ و پێگه‌ی چینی کرێکار و به‌دوایدا بزووتنەوەی ئەم چینەشی گۆڕیوه‌. شەپۆلی دووهەمی هاتنی زەحمەتکێشانی گوند و ئاواییه‌كان بۆناو شاره‌كان و بەتایبەت لەم دەورەیه‌ی دوای شەڕی ئێران و عێراق و نیشتەجێبوونیان لە قه‌راغ شارەکاندا کە بێجگەله‌ فرۆشتنی هێزی کاریان، ڕێگه‌یەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی هه‌زینه‌ی بەڕێچوونیان نییە، جەمعییەتی کرێکاریی له‌ وڵاتی ئێرانی بۆ دوو هێنده‌ی جاران به‌رزتر کردووەته‌وه‌. درێژەی ڕەوتی به‌سەنعەتیبوون، ژمارەی کرێکارانی شاغڵ لە یەکە پیشەسازییەکانی بۆ چەند بەرابەر به‌رز كردووه‌ته‌وه‌. ئەگەر شه‌پۆلی دووهەمی هاتنی زەحمەتکێشانی گوند و ئاواییه‌كان بۆ شاره‌كان بووه‌ته‌ هۆی ئەوەیکە ئاستی چاوەڕوانیی و تەوەقۆعاتی کرێکاران دابەزێت و ئەم ڕاستییه‌، کاریگەریی کردەسەر ئاستی خەباتی کرێکاران لە مه‌ودای ساڵه‌كانی دەیەی حەفتا، بەڵام چینی کرێکار ئەم دەورەیەی ناوەتە پشت سەر. ئێستا کرێکاران چاوەڕوانییان لە ژیان زیاتر بووە. ئەگەر ئاسەوارەکانی شەپۆلی یەکەمی کۆچی زەحمەتکێشانی گوند و ئاواییه‌كان بەرەو شار لە مه‌ودای ساڵه‌كانی دەیەی ٤٠ و به‌دواشیدا زیادبوونی به‌ژماره‌ی چینی کرێکار، سەرئەنجام ڕەنگدانەوەی خۆی لە پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری دەیەی ٥٠ دا نیشاندا، ڕەنگدانەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆچی زەحمەتکێشانی گوند و ئاواییه‌كان و به‌دواشیدا هه‌ڵكشانی ژمارەی کرێکارانی بەشی سه‌نعه‌تیی _ له‌دوای دەورەیەک سستبوونی خەباتی کرێکاریی_، لە گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی ڕۆژانەی کرێکاران لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا دەبینین.

کەواتە ئەگەر شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لە ئێران بە بەروارد لەگەڵ ڕابردوو به‌ ئاراسته‌ی کامڵتربووندا چووه‌، لەسەر به‌ستێنی ئەم ئاڵوگۆڕەدا، چینی کرێکاری ئێرانیش چ لەباری چەندایەتیی و چ لە باری چۆنایەتییەوە گەشەی کردووە. گەشەی خەباتی کرێکاریی لە ماوه‌ی یەک دەیەی ڕابردوودا کە ڕیشەی لەم ئاڵوگۆڕانەدایە، تەیفێکی هه‌تا ڕادەیەک بەرینی لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردووە و بە کۆمەڵگه‌شی ناساندوون. بەم حاڵەوە کرێکاران بەهۆی نەبوونی تەشەکۆلی چینایەتیی و سەربەخۆ لە دەوڵەت، نه‌ك هه‌ر نەیانتوانیوە مۆركی بەرژەوەندیی چینایەتیی خۆیان لەسه‌ر ئاڵوگۆرەکانی کۆمەڵگه‌ بدەن، بەڵکوو تەنانەت لە هێزی پێویست بۆ چەنەلێدان لەسەر داخوازییە هەنووکەییەکانیشیان بەهرەمەند نەبوون. بەڵام چینی کرێکار لە مەسیری هەوڵدان بۆ ڕێكخستنی خۆیدا، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی له‌مپه‌ری ئێختیناق و سەرکوت، بەرەوڕووی گرفتی هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی، کارەساتی بێکاریی میلیۆنیی، پەرەسەندنی بێوێنەی قەراردادی کاتیی، هه‌بوونی ناوەند و تەشەکوللە دژه‌ کرێکارییەکانی سەر بە دەوڵەت، پەرەسەندنی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابینکه‌ری هێزی ئینسانیی کە پێوەندییه‌كی حقوقیی ڕاستەوخۆی نێوان کرێکار و خاوەنکاریان پچڕاندووە، پڕژوبڵاویی لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و فاكته‌ری دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌ بووە کە هەر کامەیان بەش به‌حاڵی خۆیان ڕەوتی تەشەکولیابی و ڕێكخستنی کرێکاران، دژوارتر دەکەن. بەڵام سەرەڕای گشت ئەم کۆسپ و له‌مپه‌ر و بەربەستانەش، بزووتنەوەی کرێکاریی زیندووترین و پڕجوڵەترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێرانه‌. گەشەی ئارام و بەردەوامی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی لە ماوه‌ی ئه‌م یەک دەیەی دواییدا، بوار و زەمینەی عەینیی گونجاوتری بۆ تەشەکولیابی و ڕێكخستنی کرێکاران ڕه‌خساندووه‌.

لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، نە دەوڵەتی رۆحانی و نە باڵەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و نە هیچكام لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئێران، هیچ ڕێگه‌چارەیه‌كیان بۆ کۆتاییهێنان بە کارەساتی بێکاریی و هەژاریی و فەلاکەتێکی ئابووریی نییه‌ کە زیاد لە ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگه‌ی بەرەو ژیانێكی ژێر هێڵی هەژاریی، پاڵ پێوەناوە. ئەم ڕاستییانە سەرەڕای سەرکوتگەریی هێزە ئەمنییەتیی و ئینتیزامییەکانی ڕژیمی هاری ئیسلامیی، درێژە و پەرەدان بە خەباتی کرێکاریی و شکڵگرتنی ناڕەزایەتیی جەماوەریی، کردووه‌تە بابەتێکی حەتمیی و چاره‌هەڵنەگر. به‌هۆی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌شه‌وه‌، ئه‌م خه‌باته‌ گه‌شه‌ ده‌كات و به‌ره‌و ئه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت كه‌ ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ خه‌بات بۆ هه‌ڵپێچانی به‌ساتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی و حوسێن زولفه‌ققارییه‌كانیدا بگێڕێت.

داماویی دەوڵەت لە وڵامدانەوە بەم داخوازییە خێرا و هەنوکەییانەی کە کرێکاران، ژنان، موعەلیمان، لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش ڕۆژانە خەباتی بۆ دەکەن و هه‌روه‌ها ئەو كۆمه‌ڵه‌ داواکارییە ئازادیخوازانەیه‌ی کە ڕه‌گوڕیشه‌یان له‌ ناخی کۆمەڵگه داکووتاوە، نیشانی دەدات کە ڕێگه‌چارەی سۆسیالیستیی بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە ئابوورییە و ئه‌م بارودۆخه‌ کارەساتباره‌ی ئێستا، خاوەنی پێگه‌یه‌كی بەهێزی ماددیشە. هەر داخوازییەکی ئابووریی، ڕفاهیی و ئازادیخوازانە کە کرێکاران، ژنان و خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی ئێران ڕۆژانە خەباتی بۆ دەکەن، بەپێی ڕه‌ڕوتی مێژوو، بوونه‌ته‌ بەشێک لە ناسنامه‌ی خه‌باتی سیاسیی کۆمۆنیستەکان. بەڵام ئەوە بە تەنها بەس نییە. گه‌رایشی کۆمۆنیستیی دەبێ بتوانێ کە لە میانه‌ی پڕۆسەیەکی خەباتی عەمەلیی و سیاسیدا، بزووتنەوەی چینی کرێکار به‌ئاراسته‌ی سیاسەتە سۆسیالیستیەکاندا هیدایەت و ڕێنوێنیی بکات.

هاتنه‌دی ئه‌م پێویستییه‌ش، تەنها له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ٣ فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ی خواره‌وه‌ دێته‌دی: یه‌كه‌م، هەڵسەنگاندنی درووست و واقع بینانە لە بارودۆخی سیاسیی و هاوسەنگیی ئێستای هێزی چینایەتیی.

دووهه‌م، وڵامدانەوەیه‌كی سه‌رڕاست و سه‌روه‌خت بەو نیاز و گرفتانەی كه‌‌ خراونه‌ته‌سەر ڕێگه‌ی خەباتی کرێکاران و سێهه‌م، نیشاندانی پێوەندیی مەنتیقی نێوان ئێستراتێژیی شۆڕشی كرێكاریی له‌گه‌ڵ ئەو وه‌ڵام یاخود تاکیتیکانەی کە دەگیرێنەبەر.