کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بارودۆخێکدا کار و ژیان و خەباتی خۆیان بەرەوپێش دەبەن کە کۆمەڵگه‌ی کوردستان کۆمەڵگه‌یەکی حیزبییه. حیزب و هێزە بورژواییەکان لەسه‌ر ئاستی کوردستاندا هه‌ن و چالاكیی ده‌كه‌ن و هەر لە ئێستاوە هه‌ڵوێستی خۆیان لەسه‌ر سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان ده‌رخواردی ڕای گشتیی دەده‌ن. ئەم هێزانە به‌نیازن دامەزراندنی حکومه‌تێکی “په‌رله‌مانیی فێدراتیو” وەک قه‌واره و ناڤه‌ڕۆكی سەرکەوتن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. ئەمانە هه‌ر له‌ئێستاوه بە خەڵک دەڵێن کە حکومەتێکی فێدراتیوی پێكهاتوو لەسه‌ر بنه‌مای سیستمێكی په‌رله‌مانیی، ئەو شێوازه لە حاکمییەتە کە بە باشترین چەشن دەخاڵەتی خەڵک لە کاروباری سیاسیی و ئیداریی کۆمەڵگه دابین دەکات. دەڵێن كه لەژێر حاکمییەتی حکومەتێكی فێدراتیوی په‌رله‌مانیدا خەڵک بە داخوازییەکانیان دەگەن. لە بەرانبەر ئەم چه‌واشه‌كاریی و تەبلیغاتهی هێزە بوورژواییەکاندا دەبێ ڕاستییه‌كان بە خەڵک بوترێت و به‌دیل و ئاڵترناتیوی حاکمییەتی شۆڕشگێڕانە و شوڕاییان بخرێتەبهر چاو. حکومەتی فێدراتیوی په‌رله‌مانیی کە ئەم هێزانە ته‌بلیغی بۆ ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی تەجره‌بە و ئه‌زموونی حکومەتی فێدڕاڵ لە هه‌رێمی كوردستانه و ئه‌م ته‌جره‌به‌یه‌ش بەڕوونی نیشانیداوە كه جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگەیان لەناو دەزگای ئیداریی و کاروبار و مودییرییەتی ڕاستەوخۆی كۆمه‌ڵگه و حاکمیەت بەسەر چارەنووسی خۆیاندا پەڕاوێز خستووە. لە چوارچێوه‌ی سیستمێكی په‌رله‌مانیدا مافی حاکمییەتی سیاسیی لە جەماوەری خەڵک دەستێنرێتهوه و دەسپێردرێته نوێنەرانی هەڵبژێردراوی په‌رله‌مان. لەم شێوەیەی حاکمییەت، دەنگی دەنگدەران هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر کارکردی نوێنەراندا نییە. لە نیزامە پهرلهمانییەکاندا دەنگدەران هەر چەندساڵ جارێک، دەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان، هه‌تاكوو لە گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و سات به ساتی بەڕێوەبردن و حاکمییەتی سیاسیی کۆمەڵگه‌دا په‌ڕاوێز بخرێن. لە چوارچێوه‌ی نیزامی په‌رله‌مانیدا، ئەگەر دەنگی دەنگدەران هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر په‌رله‌ماندا نییە، نوێنەرانی په‌رله‌مانیش هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر دەسەڵاتی ئیجرایی و چۆنیەتیی ئیجڕای یاسایەکدا نییه کە په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن. په‌رله‌مان ئیختیاراتێکی بەرتەسکی هەیە و دەسەڵاتی واقعیی لەدەست ئۆڕگانی ئیجڕایی، وەزارەتخانەکان، ئەڕتەش، پۆلیس و ده‌زگا هه‌واڵگریی و ئەمنییەتییەکاندایە. لە چوارچێوه‌ی دێمۆکڕاسییەكی جۆری سەرمایەدارانەدا، په‌رله‌مان دەبێتە شوێنی ده‌مه‌قاڵه و مانۆڕی سیاسیی حیزبه بوورژواییهكان و ئۆڕگانە ئیجڕاییەکانیش حاکمییەتی بوورژوایی پەیڕەو دەکەن. لە نیزامێكی په‌رله‌مانیدا کە هێزە بوورژواییە ناسیۆنالیستەکانیش ته‌بلیغی بۆ ده‌كه‌ن، هەر چەندساڵ جارێک نوێنەرانی په‌رله‌مان دەگۆڕدرێن، کابینەی وەزیرانی دەوڵەت ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا دێت، بەڵام پێكهاته و جوومگه سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەست ئەڕتەش، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەتییەکاندا دەمێنێتەوە. هه‌ر بەم هۆكاره ساده و ساكارانهوهیه کە جەماوەری خەڵک ناتوانن لە ڕێگای په‌رله‌مانەوە ویست و داخوازییەکانیان دەستەبەر بکەن. کەواتە گومان له‌وه‌دا نییە، ئەگەر تهسوێر و وێنایه‌ك کە هێزە “بوورژوا ناسیۆنالیستەکان” لە ئاسۆی سەرکەوتن لە کوردستان ده‌یده‌ن به ده‌سته‌وه، بێتەدی و حکومەتی فێدڕاڵی کوردستان کە حکومەتێکی بوورژوایی ده‌بێت، بێتە سەر کار، ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه هه‌ر لە هەمان سبەی ڕۆژی ئه‌م بهئیستلاح سەرکەوتنهدا، خەڵکی ستەمدیتووی کوردستان تووشی چ چارەنووسێک ده‌بن.
کرێکاران، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگە نه‌ك هه‌ر بەشێکیان تێیدا نابێت، بەڵکوو ئەمجار هێزە بوورژواییەکان لە قەوارەی حکومەتی کوردستانی فێدڕاڵدا، ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی، ئەفسانە نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و سرودی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هه‌ڵخەڵەتاندنی کرێکاران و خەڵکی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگە بەکاردێنن. ئەمجار ئه‌وه خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگەن كه هان ناچار ده‌كرێن بۆ مەینهتیی زیاتری خۆیان، دوو هێنده و بگره زیاتر له جاران کار بکەن، زیاتر ماڵیات بدەن، کەمتر مەسرەف بکەن و مانگرتن و خۆپیشاندانیش ساز نه‌ده‌ن. حکومەتی فێدڕاڵی کوردستان حکومەتی کەمینەی کۆمەڵگه‌یه بەسەر زۆرینەدا دەبێت، حکومەتێک دەبێت کە تەنها بوورژواکان، نوخبە و لێهاتووه‌کانی ناو کۆمەڵگە و سەرانی ئەحزابی بوورژوایی دەتوانن پۆست و پێگه سه‌ره‌كیی و كلیلییه‌كان بە دەستەوە بگرن.
ئەگەر خەڵکی ستەمدیتووی کوردستان ناخوازن تووشی ئەم چارەنووسە بن، دەبێ لە ئێستاوە لەبیری داڕشتنی پایەکانی حاکمیەتی شۆڕشگێڕانەی خۆیاندا بن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتووی کوردستان دەبێ لە بیری دامەزراندنی دەوڵەتێکدا بن کە هەموو ژن و پیاوێکی کرێکاری سادە، و هەموو ئینسانێکی زەحمەتکێش بتوانێ ئامرازه‌كانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و ڕاستەخۆ لە حەیاتی سیاسیی و ئیدارەی وڵات‌دا ڕۆڵیان هەبێت. ئامانجی سه‌ره‌كیی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی خەڵک لە کوردستانیش ئه‌وه‌یه كه ئیمکانپەزیربوونی داڕشتنی بناغەی وەها حاکمییەتێک، واته حاکمییەتی شوڕایی بە خەڵک نیشان بدات و بیکاتە شعووری گشتیی خەڵکی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌یکە بە كه‌متر له‌وه ڕه‌زایه‌ت نه‌ده‌ن و سه‌پێندرانی هه‌ر سیستمێك به ده‌ستكه‌وتی سەرکەوتن نەزانن.
بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی شۆڕشگێرانە دەیهەوێ ئه‌وه بە خەڵک بڵێت کە ئەمری حاکمییەت لە کوردستانی ئازادکراودا مافی بێ ئەملاوئەولای کرێکاران و خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستانە و کۆمەڵەش ئامادە نابێ كه لەگەڵ هیچ حیزب و سازمانێك لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە داهاتوودا موزاكره و گفتوگۆ بکات. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی شۆڕشگێرانە لە کوردستان دەیهەوێ نیشان بدات کە بە تێکشکانی بەساتی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیی و ماشێنی سەرکوتهكهی لە کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژار و بێبەش کە زۆرینەی کۆمەڵگەشن، دەتوانن دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. دەیهەوێ ئه‌وه به خه‌ڵك نیشان بدات كه ئەوە پێكهاته‌ی شوڕاییە کە ئیمکان و بواری بەشداریی و ده‌خاڵەتی بەرینترین ئاستی جەماوەر لە ئەمری حاکمییەتدا فەراهەم دەکات. لە حکومەتی شوڕاییدا هەموو کەسێکی ناو کۆمەڵگه، ئەندامێکی دەوڵەته و لە پێكهاته‌ی دەوڵەتدا جێگه‌ی هەیە. لە حاکمییەتی شۆڕشگێرانەی دامەزراو لەسەر بنەمای شوڕاکان کە بەرنامەی کۆمەڵەش جەختی لەسەر دەکاتەوە، خەڵک لە شوڕا ناوچەییهكاندا ڕێکخراون و دەسەڵاتی واقعییان بەدەستەوەیە و هەر کاتێکیش بخوازن و بیانهه‌وێ، دەتوانن نوێنەرانی خۆیان بانگ بکەنەوە و وه‌لایان بنێن و بەمجۆرە هەموو تەشریفات و مەحدودییەتێکی بۆرۆکڕاتیکی هەڵبژاردنیش نامێنێت و لاده‌برێت. به‌هۆی ئه‌وه‌یكه حکومەتی شوڕایی مافی لابردنی ئازادانەی هەڵبژێردراوانی لە هەر کات و زەمانێکدا بە خەڵک دەدات، تا کاتێک کە ئەم مێکانیزمە کارا بێت، تووشی گەندەڵیش نابێت. بەمجۆرە گەندەڵیی ئیداریی کە نەخۆشینێکی فره لایه‌نی حکومەتە بوورژواییەکانە و هۆكاری پێكهاتنیشی ئه‌وه‌یه كه ڕێگه‌یەک بۆ دخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه ناهێڵێته‌وه، بۆ هەمیشە لادەچێت. لە حکوومەتی شوڕاییدا تێكڕای پۆست و مه‌قاماتی ئیداریی و سیاسیی و قەزایی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرین و هەر کاتێکیش كه زۆرینەی دەنگدەران ئیرادە بکەن و بخوازن، لەهەر کات و زەمانێکدا لادەبرێن. بەرپرسان لە بانترین پلەی حکوومەتی شوڕاییدا وەک خزمەتگوزاری خەڵک کار دەکەن و حقوقیشیان یەکسان ده‌بێ لەگەڵ کرێکارێکی شارەزا. بەمجۆرە خەڵکێک کە لە نیزامی شوڕاییدا ڕیکدەخرێن، خۆیان هەم یاسادانەر و هەم بەڕیوەبەری یاساشن. ئەوەیكه لە بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی شۆڕشگێرانەدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، حاکمییەتی شوڕاییە کە لە ڕه‌ئس و سەروویەوە، کۆنگرەی سەرتاسەریی نوێنەرانی شوڕاکان و لەخوارەوەترین ئاستیشیدا، شوڕای گەڕەکی شار و گونده‌كان هەن و لە ڕێگای سیستمی شوڕاییەوە، ڕاستەوخۆ وەک ئەندامێکی دەوڵەت ڕۆڵ دەگێڕن و لە ڕێگه‌ی نوێنەرانی خۆیانەوە لە ئاستی جۆراوجۆردا، کۆنگرەی ناحییەکان، ویلایەت، ناوچە و سەرتاسەریی لە گشت بوار و مه‌یدانه‌كانی چالاكیی کۆمەڵایەتیدا دەخاڵەت دەکەن. هێزی چەکداری ناوچەیی لەژێر فەرمانی کۆنگرەی سەرتاسەریی شوڕاکاندا ئەمری پێوەندیدار بە دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی دەوڵەتی ناوەندیی یاخود هەر هێزێکی دیكه‌ی لەئەستۆ دەبێت. ئەم هێزە مافی هیچ چەشنە دهخاڵەتێکی لە کاروباری نێوخۆیی کوردستاندا نابێت. کۆمەڵە هەر لە ئێستاوە بەرنامەی سیاسیی خۆی بۆ حاکمییەتی شوڕایی خەڵک لە کوردستان پێشکەش کردووە و هەوڵ دەدات به مه‌به‌ستی ئیجڕاكران، له‌كاتی خۆیدا بیباته ناو كۆبوونه‌وه‌ی شوڕای نوێنەرانی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان هه‌تا دوای تاوتوێكران، بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و له لایه‌ن ئه‌و ئۆڕگانه سه‌ره‌كییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ریشه‌وه په‌سه‌ند بكرێت.
سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، داخوازیی ڕیفاهیی و فەرهەنگیی، ماف و داواکاریی ژنان لە بواری یەکسانیی تەواو لەگەڵ پیاوان، مافی منداڵان، هەنگاونان لە بواری پاراستنی ژینگە، لەگەڵ به‌ند و خاڵه‌كانی یاسای کارێکی شۆڕشگێڕانەی ڕاشكاو، ئه‌مانه هه‌ر هه‌مووی بە ڕۆشنیی لە بەرنامەی لانیکەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا، لە کوردستانی ئازاد‌دا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کوردستانی ئازادکراودا مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان، بەواتای جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، دابین دەبێت و بارودۆخی پێویست بۆ کەڵکوەرگرتنی وشیارانە لەم مافەش، فەراهەم دەبێت. خەڵکی کوردستان دەتوانن بەدوای دابینبوونی عه‌مه‌لیی یان ڕەسمیی بارودۆخێک کە لەو بەرنامەیەدا گونجێندراوه، لە چوارچێوەی ئێران‌دا بمێننەوە یاخود دەوڵەتێكی سەربەخۆ پێک بێنن و لە ئێران جیا ببنەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەگەر بێت و خەڵکی کوردستان بڕیار بدەن، لەئه‌گه‌ری هه‌بوونی حکومەتێکی کرێکاریی یاخود بارودۆخێکی دێمۆکڕاتیک و شۆڕشگێڕانە لە ئێران، لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بمێننەوە و به‌هۆی دەستەبەربوونی ئەم بارودۆخە و بە گرتنەبه‌ری سیاسەتێکی ئاگاهانەی ئاموزشیی و فەرهەنگیی، هەر چەشنە نایەکسانیی و ناهاوئاهەنگییەکی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان و لەوانە نەتەوەی کورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش، نامێنێت و لەناو دەچیت و له‌ئه‌نجامدا هۆوییەتی ئینسانیی هاوڵاتییانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕیگه‌ی تێکه‌ڵبوونیان وەک کۆمەڵێک ئینسانی ئازاد و یەکسان خۆشتر و هه‌موارتر دەبێت. وه‌ها کۆمەڵگایەک له‌گه‌ڵ دیاردەی ستەمی نەتەوایەتیش نامۆ ده‌بێت.