بەپێی ڕاپۆرتی “ئیلنا” كه ئاژانسێكی خه‌به‌ریی سه‌ر به ڕژیمه، له‌دوای لێدان و ئازاردانی ژنێکی دەستفرۆش لە شارستانی فوومن، ڕۆژی ٩ی مانگی خەزەڵوەر گرته‌یه‌كی ویدیۆیی هەژێنەری دیكه‌ش لە جەزرەبەدانی دەستفرۆشێک لە ورمێ، بڵاو بۆوە. لەم گرته ویدیۆییەدا، کەسێک کە دوای دەستبەسەرداگیرانی شتومه‌كه‌كانی کەوتۆتە سەر عەرز، به‌و حاڵه‌شه‌وه لە لایەن مەئمورانی سەددی مەعبەرەوە دەدرێتەبەر لێدان. ئەمڕۆژانە گوشار بۆسەر دستفرۆشان لە زۆربەی شارەکانی ئێران‌دا، وادیارە بووه به دەستور عەمەلێکی سەرتاسەریی بۆ گشت شارەدارییەکان و بە شێوەیەکی سازماندراو و هاوئاهەنگ زیادی کردوە. لە گشت ئەو حاڵەتانەدا کە گوزارش کراون، هێرش بۆسەر دەستفرۆشان، بەوپەڕی تووندوتیژییەوە بەڕێوە دەچێت. لێدان و جەزرەبەدان و شێواندنی شتوومه‌كی ئەو دەستفرۆشە هەژارانەی کە بەساتی بێڕەونەقیان تاكه سەرچاوەی ژیانی مەمرەومەژییانە، بووه‌تە به‌سه‌رهاتێكی ڕۆتین و ئاسایی هه‌ر ڕۆژه. هەڵبەت لە هەمانحاڵدا گەلێک ڕاپۆرت له‌سه‌ر تێکهەڵچوونی دەستفرۆشان و خەڵکی شوێنەکان لەگەڵ مەئموورانی ڕژیمیش بڵاو ده‌بنه‌وه کە بە یارمەتیی خەڵکی هه‌مان شوێن، مەئمورەکان ناچار بە پاشەکشە کراون. پێشووتر شایه‌تی زۆر حاڵه‌تی هەژێنەری هێرش بۆسەر دەستفرۆشان بووین کە ئەم حاڵه‌تانه‌ی خوارەوە لە ڕۆژنامەکانی ڕژیم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە:
ڕۆژی ٢٤ ی مانگی گوڵانی ٩٥ دەستفرۆشێک لە شاری سنە بەناوی “لاوە ئەحمەدی نیا”، شتوومه‌كه‌كانی لە لایەن مەئموورانی ڕژیمەوە تاڵان و به‌ئیستلاح مۆسادرە ده‌كرێت و بۆخۆشی ڕاپێچی زیندان ده‌كرێت. كاتێك كه دوای ئازادكرانی لە زیندان بۆ وەرگرتنەوەی شتوومه‌كه‌كانی ده‌چێته لای ئۆرگانە پێوه‌ندیداره‌كانی ڕژیم، كه‌س وه‌ڵامی ناداته‌وه و هیچكام له شتوومه‌كه‌كانی پێ ناده‌نه‌وه. ناوبراو له كاردانه‌وه به‌م ڕه‌فتاره‌ی ناوه‌نده‌كانی ڕژیم و تاڵانكرانی كه‌لوپه‌له‌كانی، لە نزیک مەیدانی مادەر و لە بەردەم بینای سه‌نعه‌ت مەعدەنی سنە، ئاگری له جه‌سته‌ی به‌ردا.
ڕۆژی ١٧ی مانگی گوڵانی ٩٥ مێهدی عەفراوی، لاوی دەستفرۆشی ئەهوازیی، لەناڕەزایەتی بە دەستبەسەرداگیرانی وەسایلەکانی لە لایەن مەئمورەکانەوە کە تاكه سەرچاوەی بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی بووه، خۆی ده‌خاته به‌ر قه‌تار و له‌ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.
ڕۆژی ٥ی مانگی گوڵانی ٩٤ حەمید فەڕرۆخی، ده‌ستفرۆشێكی دانیشتووی ته‌ورێز کە بەساتی دەستفرۆشیەکەی لە لایەن مەئمورەکانی سەدی مەعبەرەوه کۆکرابۆوه، خۆی سووتاند. ئەو بەر له‌م كاره، وێڕای هه‌ڕه‌شه‌ی خۆسووتاندن، داوای دانەوەی ئه‌و شتوومه‌كانه‌ی كردبوو كه له لایه‌ن مه‌ئموورانی شاره‌دارییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌یكه شارەداریی پێداگریی ده‌كات لەسەر زەوتکردنی ئه‌م شتوومه‌كانه، لە ئه‌نجامدا حەمید فەرەجی هەڕەشەکەی لە دەفتەری یەکێک لە مودیرانی شارەداریی تەورێز بەکردەوە دەرهێنا و به‌داخه‌وه لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
ڕۆژی ٩ی مانگی ڕەشەمه‌ی ساڵی ١٣٩٣ دەستفرۆشێک بەناوی “ئەمیر” لە شەقامی “جومهوری ئیسلامیی” تاران کەوتەبەر په‌لاماری مەئموورانی ئینتیزامیی. دوای ئەوە بەنزینی بەخۆیدا کرد، خۆی ئاگرتێبه‌ردا. خەڵک بە هەوڵدانێکی زۆر ئاگرەکەیان کووژاندەوە و گەیاندیانە نەخۆشخانە و هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر چاره‌نووسی هیچ هەواڵێک بڵاو نەکراوه‌ته‌وه. ڕۆژی ٢٣ی مانگی ڕەشەمه‌ی ،٩٣ یۆنس عەساکرە، دەستفرۆشێكی دانیشتووی خوڕرەمشار، دوای بێهیوابوون لە وەرگرتنی ئیجازەی فرۆشتنی میوە و تەڕه‌بار، لە مەحوەتەی شارەداریی خوڕەمشار خۆی ئاگرتێبەردا و ١٠ ڕۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. یۆنس، هاوسەر و ٢ منداڵی هەبووە و چەند ڕۆژ به‌ر له خۆسووتاندنەکەشی، مەئمورانی شارەداریی بەساتەکەیان لێ کۆکردبۆوە.
پەرەسەندنی دەستفرۆشیی لە ئێران بەرهەمی دوو واقعییەتە: یەکەم، بێکارییەکی بەرین و به‌ربڵاو کە هەموو کاتێک ڕووی لە زیادبوونە و دووهەم هەژاریی بەرین و هەقدەستی کەمی کرێکاران و هقوق بگیرانی ئاسایی که بە هەرحاڵ دەستیان بە کارێکەوە بەندە. هه‌بوونی دیارده‌ی دەستفرۆشیی، بەرچاوترین پێوه‌ری عەینییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕێژەی بێکاریی هەر کۆمەڵگه‌یەک. زۆرێک لەم دەستفرۆشانە، ئەو لاوانەن کە تازە گەیشتوونەتە تەمەنی کار، یان ده‌نا مه‌دره‌سه و دانیشگایان تەواو کردووە و به‌ئیستلاح شانسی ئەوەیان نەبووە کە دەستیان لەکارێکی گونجاو لەگەڵ شارازاییەکەیان گیر بێت. تەیفێک لەم دەستفرۆشانە ئەو کرێکارە بێکارکراوانەن کە کارەکانیان لەدەست داوە و نەیانتوانیوە کارێکی دیكه بدۆزنەوە. ژمارەیەکیشیان کرێکارانی لەکارکەوتون کە ئیتر ناتوانن درێژە بە کارەکانی پێشووتریان بدەن و هیچ سەرچاوەیەکیشیان نییە بۆ دابینکردنی ژیان و گوزه‌رانیان. ژمارەیەک لەم دەستفرۆشانە ئەو ژن و پیاوە بەتەمەنانەن کە هیچ داهات و مانگانەیه‌کیان نییە، یان ئەگەریش بیانبێت، وه‌ڵامدەرەوەی هەزینەکانی ژیان و به‌ڕێچوونیان نییە. ژمارەیەکیشیان ئەو کەسانەن کە سه‌ره‌ڕای کارێکیشه‌وه كه هەیانە، ناتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بكه‌ن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەموو دەستفرۆشەکان، کارێکی باش و بەردەوامیان هەبوایە، تەنانەت بە داهاتی کەمتر لە کاری دەستفرۆشیشەوە ئاماده نەده‌بوون كه ئەمکارە بکەن. هیچکامیان بەوە دڵخۆش نیین کە لە گه‌رما و سەرمادا له ترسی په‌لاماری ئه‌م مه‌ئموور و ئه‌و مه‌ئموور یان لەژێر هەڕەشەی هێزە ئینتیزامییەکاندا، شەو هه‌تا بەیان لە دڵەڕاوکێدا به‌سه‌ر به‌رن.
کۆماری ئیسلامیی نەك هه‌ر وه‌ڵامێکی بۆ بێکارانی خوازیاری کار نییە، به‌ڵكوو ئەوکاتەش کە بێکاران بۆ دابینکردنی تۆسقاڵه مه‌عاشێك خۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن و ده‌ست ده‌كه‌ن به دەستفرۆشیی، بە شێوەی جۆراوجۆر هێرشیان دەکاتەسەر، ئیمکانات و وەسیلەکانیان زەوت دەکات و لە زۆر حاڵەتدا شتوومه‌كه‌كانیان لێ تاڵان دەکات.
گومان له‌وه‌دا نییه کە ئەگەر ئەو لاوەی خوازیاری کارە و ئەو کرێکارە لەکارکەوتووەی کە ئیتر نابێ کار بکات، ژیانیان دابین بوایە؛ نە خۆیان و نە منداڵەکانیان ناچار نەده‌بوون کاری دەستفرۆشیی بکەن. کۆماری ئیسلامیی نه ده‌یهه‌وێ و نه ده‌شتوانێ لانیکەمی ژیان بۆ جەماوەری خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش دابین بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نەبن وەها بارودۆخێکی دژوار بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژیی تەحەمول بکەن. تاكه ڕێگه‌ی ڕزگاربوون لەو ئاسته لە هەژاریی و نائەمنیی، ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەیە.