لەم حەفتانەی دواییدا جارێکی دیکە قسە و باس سەبارەت بە گۆڕینی و یان بەناو ئیسلاح کردنی قانونی کار لە مەحفەلە دەوڵەتی و ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ڕژیمدا گەرم بووە. ئەم قسە و باسانە کەم و زۆر لە مەحفەلە کرێکاریەکانیشدا هاتۆتە گۆڕێ. دەوڵەتی رۆحانی وەک بەشێک لە پرۆژەی خۆی بۆ تێکەڵ کردنی ئابووری ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی، بۆ پەیوەست بوون بە سازمانی بازرگانی جیهانی، بۆ هاندانی سەرمایە گوزارانی خاریجی بۆ هاتن بۆ ئێران، دەیەوێ درگای باخی سەوزی کرێکاری هەرزانی ئەم وڵاتەیان پیشانبدات. دانی ڕواڵەتی یاسایی بەم هاندان و تەرغیبە لە ڕێگای گۆڕینی قانونی کارەوە نەبێ ئیمکانی نییە. مەتنی ڕەش نووسی ئەم قانونە بە تازەیی بە شێوەیەکی ناڕەسمی بڵاو بۆتەوە و لە داوێنی گشت لاپەڕەکانیدا نووسراوە کە ئەم دەقە قابیلی ئیستناد نییە. لەم روەوە هەڵسەنگاندنی بەندەکانی یاسای کار کە قەرارە بەشێوەی لایەحەیەک لە داهاتودا بدرێتە مەجلیس دەکرێ دابندرێ بۆ دەرفەتێکی دیکە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە، دەرکی جەوهەر و ناوەرۆکی ئەم گۆڕانەیە لە قانونی کاردا و ئەو ئامانجە دژی کرێکاریانەی کە لە پشتیەوەن. ڕژیم گەرکێتی بە بڵاو کردنەوەی دەقی ناڕەسمی و ” غەیرە موستەنەدی” لایەحە تازەکەی یاسای کار، ڕێژەی هەستیاری چینی کرێکار و چالاکانی بزوتنەوەی کرێکاری سەبارەت بەم بابەتە هەڵبسەنگێنێ. ئەم شێوەکارە لە ڕژیمی ئیسلامیدا، لە بواری قانونی کاردا نوێ نییە.
قسە و باس لەسەر پێویستی بوونی یاسایەکی کار کە پێوەندی نێوان کرێکار و سەرمایەدار لە چوار چێوەی چەوساندنەوەی سەرمایەداریدا تەنزیم بکات، لە هەمان ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەر کاری ڕژیمی ئیسلامیەوە لە ئێران دەستی پێکرد. لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران هێشتا لەژێر کاریگەری خەباتی دەورەی شۆڕشی ساڵەکانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨ دا بوو، لە بارودۆخێکدا کە نەخشی چینی کرێکار لە روخاندنی ڕژیمی پاشایەتیدا ئینکار نەدەکرا و لە ڕاستیدا هێشتا هاوسەنگی هێز بە زیانی چینی کرێکار زۆر نەگۆڕابوو، ڕەش نووسی سەرەتایی قانونی کار لە کۆماری ئیسلامیدا ئامادە کرا. هەشت ساڵ دواتر و دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق بوو کە سەرئەنجام کێشمەکێشی نێوان دەوڵەت و خاوەنکاران لە لایەکەوە و کرێکاران لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە قانونی کار بە هاوسنگی گەیشت و ئاکامەکەی قانون کارێک بوو کە لە ساڵی١٣٦٩ دا لە مەجلیسی ئیسلامی پەسند کرا. ئەم قانونە سەرەڕای ئەوەیکە کرێکاران لە مافە سەرەتاییەکانیان بۆ پێکهێنانی تەشەکولی سەربەخۆی کرێکاری و لە مافی مانگرتن بێبەش دەکات، لە هەمانحاڵدا کۆمەڵێک بەند و بڕگەشی تێدایە کە مۆری داواکاری و خواستی خەباتکارانەی کرێکارانی پێوەیە.
لەو کاتەوە تا ئێستا ڕژیم بەردەوام لە هەوڵدا بووە، بۆ دابین کردنی ڕەزایەتی سەرمایەداران، بە زیاد کردنی هێندێک بەند و ئیسلاحیە لەم یاسایەدا، هەموو ئەو شتانەی بۆنێکی لە حەق و حقوقی کرێکاران لێدێت بسڕێتەوە. وەک نمونە یەکێک لەو کارانەی کە دەوڵەتی بەناو ئیسلاحاتی خاتەمی ئەنجامی دا، دەرهێنانی کارگاکانی ژێر ٥ کرێکار بوو لە شمولی قانونی کار. چەند ساڵ دواتر ئەم ئیسلاحیە لە هەمان دەورەی خاتەمیدا گەیشتە ئەو کارگایانەی خاوەنی ١٠ کرێکارن و دواتر لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا ناوچەی تایبەتی بازرگانی بە یەکجاری لەژێر چەتری قانونی کار دەرهێندران.
ئەگەرچی بە گشتی لە کۆماری ئیسلامیدا هێندێک دەرفەتی سنوردار یاسایی ئەدرێت بە کرێکاران بۆ بەدوادا چوونی ویست و داواکاریەکانیان، بەڵام ئەساسەن ئەوەی کە گرنگە بهڕێوهچووی یاسایه، نەک خودی یاساکە. وەک دەبینین ئەم قانونی کارە نیوە و ناتەواوەش کە لە بارودۆخێک بەسەر ڕژیمدا سەپاوە، بەکردەوە بهڕێوه ناچێت. لەگەڵ گشت ئەمانەدا لە بواری قانونی کاردا چینی کرێکاری ئێران توانیویەتی کۆمەڵێک دەستکەوتی هەرچەند کەمیش بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا بسەپێنێ. ئەم دەستکەوتانە نابێ بە هاسانی لە دەست بدرێن. نابێ رێگه بدرێت ئەوەی بەرهەمی خەباتی سەنگەر بەسەنگرە، سەرمایەداران و دەوڵەت بتوانن بەرە بەرە وەریبگرنەوە.
کرێکارێک کە مافی ئەوەی نییە لە چوارچێوەی تەشەکولی کرێکاریدا خۆی ڕێکبخات و بچێت بەشوێن داواکاریە کرێکاریەکانیدا، کرێکارێک کە مافی مانگرتنی نییە، کرێکارێک کە دیلی قەراردادە کاتی و سپی ئیمزایه، کرێکارێک کە تاکاتێک کار دەکات حەقدستێکی لەژێر هێڵی هەژاریدا پێ ئەدرێت و بەردەوام تارمایی بێکاری بە دەوری سەریدا دەسوڕێتەوە و ئەو کاتەش کە بێکار دەبێت هیچ تەئمین و بیمەیەکی نییە و دەچێت بەرەو هەڵدێری برسیەتی، بە گۆڕانێک کە لە قانونی کاردا لە ڕێدایە، دەبێ چاوەڕوانی چەوسانەوەی زیاتر و رۆژگارێکی دژواتریش بێت.
لایەحەی نوێی قانونی کار بێگومان لە خزمەت خاوەنانی پیشەسازی و سەرمایەداران دایە. کرێکاران لە بەرانبەر لایەحەی نوێی قانونی کارێکدا کە ڕژیم لە ترسی کاردانەوەی کرێکاران بەم شێوەیە بە پارێزەوە ئاشکرای دەکات، دەبێ خۆیان بۆ سەنگەر بەندی نوێ ئامادە بکەن. کرێکاران نەتەنیا ڕازی نابن بە ئیسلاحی زیاتری قانونی کاری پێشو بە قازانجی سەرمایەداران، بەڵکو خوازیاری ئەوەن کە مافی تەشەکولیان هەبێت، مافی مانگرتیان هەبێت، حەقدەستەکانیان لە لایەن خۆیان و لە ڕێگای شوڕای نوێنەرانیانەوە دیاری بکرێت، قەراردادی کاتی لاببرێت و هەموان لە ئیستخدامی ڕەسمیدا بە پێی قەراردادی بە کۆمەڵ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بیمەی بێکاری کافیان بدرێت. کرێکاران خوازیاری كۆتایی هێنان به گرتن و زیندانی كردنی ههڵسووڕاوانی كرێكاریین و ئازادی بێ شەرت و مەرجی سەرجەم هاوکاران و هاو چینەکانیان دهوێ.
وەرێ خستنی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی لایەحەی نوێی قانونی کار دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو بێت بۆ وشیاری چێنایەتی و رێكخراو بوونی کرێکاران و لە هەمانحاڵدا بوارێکیشە بۆ پەرەسەندنی هاوکاری و ئیتیحادی عەمەلی ئەو تەشەکولە کرێکاریانەی لە گۆڕەپانەکەدا هەن لەدژی هێرشێکی ئاشکرا کە لەدژی کار و ژیانی کرێکاران پلانی بۆ داندراوە.