یازدەی سیپتامبر بەرابەر لەگەڵ ٢١ ی خرمانان ساڵیادی رووداوێکە کە خەڵکی ئامریکا و دنیای توشی سەرسوڕمان کرد و بوو بە خاڵێکی گەورەی وەچەرخان لە سیاسەتە جیهانیەکانی دەوڵەتی ئامریکادا. ١٥ ساڵ لەوە پێش لە وەها رۆژێکدا ” نیویۆرک” لەرزیەوە و کارەساتێکی گەورە تێیدا روویدا کە بوو بەهۆی مردنی هەزاران ئینسان. کارەساتی گەورەی ئەو رۆژە، لە ڕیزی گەورە ترین کارەساتەکانی دنیادا تۆمار کراوە.بەرەبەیانی ١١ سیپتامبری ساڵی ٢٠٠١، دوو فرۆکەی مسافیر هەڵگر بە مەودای تەقریبەن ١٥ دەقیقە یەک بەدوای یەکدا خۆیان بە تاوەری دوانەی ناوەندی توجاڕەتی جیهانی لە شاری نیویۆرکدا کێشا. لە ئاکامی ئەم رووداوەدا، سەرجەم مسافیرەکان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە کە لە بیناکاندا ئامادە بوون، کوژران. هەردو بورجەکە، دوای دو کاتژمێر بەتەواوی وێران بوون و خەسارەتێکی زۆریشیان بە بیناکانی دەور و بەریان گەیاند. فرۆکەی سێیەم نزیک بە ٣٠ دەقیقە دوای فرۆکەی دوهەم خۆی بە بینای پێنتاگۆن، ناوەندی وەزارەتی بەرگری ئامریکادا کێشا. فرۆکەی چوارەمیش کە بەشێک بوو لەم پیلانە تیرۆریستیە، لە ویلایەتی پنسیلوانیا، بەبێ خۆکێشان بە جێگایەکدا خرایە خوارێ. بەڕواڵەت ئەو کەسانەی فرۆکەکەیان فڕاندبو دەیانویست بەرەو شاری واشنگتۆنی بەرن.هیچکام لە مسافیرەکانی ئەم چوار فرۆکەیە بە زیندویی نەمان. کوژراوەکانی ئەم رووداوانە بەگشتی نزیکەی ٣ هەزار کەس بوون. ١٥ ساڵ دوای رووداوەکانی ١١ ی سیپتامبر هێشتا ههموو لایهنهكانی ئهم پیلانه تیرۆریستیە بێ وێنەیە لە مێژووی دنیادا روون نەبۆتەوە. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەسەدان جڵد کتێب و وتار سەبارەت بەم رووداوە و کاریگەیەکانی لەسەر دنیا نووسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا باس لە ڕاپۆرتێکی ٢٨ لاپەڕەیی لەبارەی دهوری دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی لە رووداوەکانی ١١ ی سیپتامبردا دەکرێت و دەوڵەتی ئامریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی، ڕاستییهكان لەم بارەیەوە لە ڕای گشتی دەشارێتەوە.
١١ ی سیپتامبر سەرەتای زنجیرەیەک دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامی ئامریکا لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادا بوو. بەڵام ئەم دخاڵەتانە لە ناوچە قەیراناویەکانی دنیادا، نەبوونە هۆی سەقامگیر بوونی بارودۆخێکی سیاسی. ئیدیعاگەلی وەک، ” دەستێوەردانی بەشەر دۆستانە”، ” دێموکراسی لە خاوەرمیانەی گەورەدا”، ” لەنێو بردنی چەکە کۆمەڵ کوژەکان”، ” شەڕ لەدژی تیرۆریزم”، بەگشتی ئەمانە کە وەک پاساوی هێرشی ئامریکا بۆسەر وڵاتانی جۆراو جۆر لە لایەن بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانی ئامریکاوە باس دەکران، زۆر زوو، وەک بڵقی سەر ئاویان لێهات. دخاڵەتە نیزامی و سیاسیەکانی ئامریکا لە هیچ جێگایەکی دنیا و لەوانە لە وڵاتی عێڕاق و ئەفغانستان، نە تەنیا ئەمنیەت و دێموکراسیان، لەگەڵ خۆیان نەهێنا، نە تەنیا نەبوونە هۆی لەنێو چوونی تیرۆریزم، بەڵکو ناکۆکی و روو بە روو بوونەوە محەللی و ناوچەییەکانیشیان زیاتر کرد و بوارە عەینیەکانی گەشە کردنی ڕەوتە تیرۆریستیەکانی خۆش تر کرد.
١٥ ساڵ دوای هێرشی ئامریکا بۆسەر ئەفغانستان، تالیبان هێشتا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ئەم وڵاتەی بەدەستەوەیە و قسە کردن سەبارەت بە سازش لەگەڵ ئەم ڕەوتە دژی ئینسانیە لە ئارادایە. رووداوی ١١ ی سیپتامبر دەوڵەتی ئامریکای وادار کرد کە هەم حوزورێکی بەهێزی لە باری نیزامیەوە لە خاوەرمیانەدا هەبێت و هەم بە ئەنجام دانی هێندێک ڕێفۆڕمی ئابووری و سیاسی، لەژێر ناوی ” تەرحی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە” ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ناوچەیە لە بەرانبەر ئەگەری هەر مەترسیەکدا بیمە بکات. بەڵام ناکامی لە دەستەبەر کردنی بەشێکی گەورە لە ئامانجەکانی لە لەشکرکێسی بۆسەر ئەفغانستان و عێڕاق و روودانی ئاخێزە جەماوەریەکان لە ناوچەکەدا دەرفەتی بەدوادا چوونی ئەم تەرحەی لە دەوڵەتی ئامریکا سەندەوە و چەند دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئامریکاشی لە ناوچەکادا یەک لەدوای یەک روخاند.
داگیر کرانی وڵاتی عێراق لە لایەن ئەڕتەشی ئامریکاوە پێشی بەوە گرت کە خەباتی خەڵک بۆ ڕزگار بوون لە چنگ دیکتاتۆڕی سەدام پرۆسەی سروشتی خۆی بپێوێ. شەڕی مەزهەبی شیعە و سوننی گیانی سەدان هەزار کەسی ئەستاند. موسیبەتی سەرچاوە گرتوو لە داگیرکاری ئامریکاوە، خۆڕاگریەکی کۆنەپەرستانەی لە بەرانبەریدا بەدی هێنا. لایەنگرانی ڕژیمی بەعسی پێشو وە ئیسلامگەرا توندڕەوەکان مێحوەری ئەم خۆڕاگریەیان پێکهێنا. ئێستا ١٣ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئامریکا بۆسەر عێڕاق و داگیر کردنی، هێشتا چارەنووسی سیاسی ئەم وڵاتە روون نییە.
دەرکەوتنی دیاردەیەکی تائەوپەر کۆنەپەرستانە بەناوی ” داعش” بەرهەمی دخاڵەتە ئیمپڕیالیستیەکانە لەم ناوچەیەدا. ئەگەر ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی زەمانێک کەڵکیان لە تاڵبان و گوروپە کۆنەپەرستە جیهادیەکان وەردەگرت بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، ئەگەر لە فەلەستین یارمەتی پێکهاتنی جەریاناتی ئیسلامی حەماس و جیهادی ئیسلامیان ئەدا، هەر ئەم ڕەوتانە دواتر بوونە کۆسپ و گرفت لەسەر ڕێی پرۆژەكانیان. سوریە بوو بە ناوەندی ڕقابەتی جیهانی و ناوچەیی و سەدان هەزار کەسی تێدا کوژرا، بەملیۆن کەس ئاوارە و وڵاتەکەش بوو بە وێرانە. سیاسەتەکانی ئامریکا لە سوریە نەتەنیا ئارامشی بۆ ناوچەکە نەگیڕاوەتەوە، بەڵکو بارودۆخی ئەم وڵاتەی گەلێک ئاڵۆزتر کردوە.
روداوی ١١ ی سیپتامبر لە هەمان حاڵدا کە کارەساتێکی ئینسانی بوو، دەستپێکی دەورانێکی نوێش بوو لە مناسباتی نێونەتەوەیی و سیاسەتی جیهانیدا. یازدەی سیپتامبر کۆتایی بە قۆناغێکی دەساڵەی بۆشایی ڕێبەریی بەسەر دنیای دوای شەڕی سارد و لێک هەڵوەشانەەی یەکێتی سۆڤویەتدا هێنا. یازدەی سیپتامبر ئەو دەرفەت و بیانوەی بە دەوڵەتی ئامریکا دا کە ئەگەر بەهۆی دابەزینی تواناییە ئابووریەکەیەوە نەیتوانیبوو ڕێبەریی خۆی بەسەر دنیای دوای شەڕی سارد دا دابین بکات، ئەمجارە بە پشت بەستن بە قەدەر قودرەتی نیزامی ئامانجەکانی بەدیبێنێ. بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ دروست کردنی ” نیزامێکی نوێی جیهانی” بە داسەپاندنی هێژمونی خۆی بەسەر دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەداری و وڵاتانی سەرمایەداری ” جیهانی سێیەم” دا، بە پشت بەستن بە توانایی نیزامی ناکام مایەوە. هێزە ناوچەییەکان سیاسەتی مل کەج بوونی بێ ئەملا و ئەولایان لە سیاسەتەکانی ئامریکا وەلانا. چەند جەمسەری بوونی ئاڕایشی جیهانی سەرمایەداری بەشوێن ١١ ی سیپتامبری ٢٠٠١ دا سەقامگیر بوو.