ئەمرۆ چوار شەممە ١٢ ی مانگی جۆزەردان ساڵرۆژی ئێعدام کرانی جەنایەتکارانەی ٥٩ کەس لە تێکۆشەران و لاوانی شاری ” مهاباد”ە. ساڵی ١٣٦٢ واتە ٣٣ ساڵ لەوە پێش، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و تۆڵە کردنەوە لە خەڵکی مهاباد، ٥٩ کەس لە تازەلاوانی بە کۆمەڵ ئێعدام کرد. زۆربەی ئێعدام کراوەکان لە مانگەکانی خاکەلێوە و گوڵاندا بەڕێکەوت لە سەر شەقامەکانی شار ڕفێندرابوون و بە گرەوگان گیرابوون. ژمارەیەکیان تازەلاوی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوون و چەند کەسیشیان لە دەبیرستانەکانی مهاباد دەیانخوێند.
رۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ خەڵکی مهاباد بەرەو رووی ڕاگەیاندراوێک لە لایەن فەرمانداری بوونەوە کە لە ئاستی شاردا بڵاو کرابۆوە. لەم ڕاگەیاندراوەدا ناوی ٥٩ کەس لە ئێعدام کراوەکانی تێدا هاتبوو. فەرمانداری ئەوکاتی مهاباد، ” حەمید ڕەزا جەلایی پور” دەستوری بڵاو کردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنەی لە ئاستی شاردا دابوو.
لەو رۆژانەدا ” مەحەممەد بروجێردی” مێشکی موتەفکری سپای پاسداران لە بەرەکانی شەر لەگەڵ پێشمەرگە کوژرابوو. کوژرانی ئەو توڕەیی زۆری کاربەدەستانی ڕژیمی بەشوێندا هات. ڕژیم کە لە بەرەکانی نەبەرد لەگەڵ پێشمەرگە گورزی گرانی وێکەوتبوو، وەک ماری بریندار لەخۆی دەهاڵا. بڕیاریدا کە بە ڕشتنی خوێنی لاوان و تازە لاوانێک کە بەبێ هیچ بەڵگەیەک فڕێندرابون و لە زینداندا بوون، تۆڵە لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە خەڵکی خۆڕاگری مهاباد بکاتەوە.
زۆربەی سەبەبکارانی ئەم جەنایەتە لە کەسانێک بوون کە لە ساڵەکانی دواتردا قەبای ئیسلاح تەڵەبیان لەبەرکرد و ڕێگایەکی دیکەیان بۆ ڕزگار کردنی ڕژیم لە قەیرانەکان گرتە پێش. بەڵام ئەم هەڵوێستە نوێیەیان قەت نەبووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت یەک کەسیش لەوان و بۆ جارێکیش بووە بەرپرسیاریەتی خۆی لەم جەنایەتە و گەلێک لە جەنایەتە گەورەکانی دیکەی دەیەی ٦٠ قەبوڵ بکات. ” میر حسێن موسەوی” سەرۆک وەزیری ئەوکات بە هێرشی توند لەدژی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان زەنگی ئەم جەنایەتەی لێدا. ” هاشمی ڕەفسەنجانی” گەلێک سوخەنڕانی توندی لەم بوارەدا کرد. لەو کاتەدا جەلایی پور فەرمانداری شار و بە ئامادە بوونی فەرماندەی گشتی قەرارگای عەمزە و بە پشتیوانی ” ناتق نووری”، وەزیری نێوخۆ، و ” حەسەنی” ئیمام جومعەی ” ورمێ”، دەستوری ئێعدام کردنی ٥٩ کەس لە لاوانیان لە زیندانی ناوەندی شاری مهاباد دەرکرد. ئەم ٥٩ کەسە بەندکراوە گوازرانەوە بۆ شاری تەورێز و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێک لەدژی هیچکامیان بسەلمێندرێت، بە ئێعدام مەحکوم دەکرێن و دەدرێنە دەست جوخەی مەرگ. بنەماڵەکانی ئەم قوربانیانە تا ئێستاش نەیانزانی ئەم ئازیزانەیان لەکوێ نێژراون.
لە ساڵرۆژی ئەم کردارە جەنایەتکارانەیەدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانبەختکردوانی ئەم روداوە و رێز لە خۆڕاگری و سەبووری بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەگرین. بۆ یاد و بیرەوەری هەمیشە زیندوی ئەم ئازیزانە جارێکتر ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە:
غوڵام ڕەزا بارزی
حەسەن جهانیان
عەلی بانەیی
محەممەد عەلیاڵی
محەممەد ئەمین سەفا
هومایون نیلوفەر
مەحموود ڕیازی
محەممەد حسێنی
عەباس حسێنپور
کازم خاتونی
عەلی مەزنە
عەبدوڵا تەجەریان
ڕەحمان ڕەحیمی
عەلی گەڵپەرست
مستەفا عیسمەتی
خالەق بارزانی
یوسف ئەیازی
کەماڵ چاوشی
حەسەن ڕەحمانیان
خالد سەفایی
خالد ڕەحیم ئازەر
سەید ئیبراهیم ئەحمەدی
محەممەد مەسعودی
محەممەد ئەبوبەکری
وەفا ئەلیاسی
مەنسور جەناح
مەحەممەد ئەمین ئەحمەدی
محەممەد سەلیمی
فەرەیدون شەنگە
عەلی بازیان
خدر ڕەنگین
ئەبوبەکر شوکری
ماشەاللە نادری
هەژار کەریمی
کەمال کەریمی
کەریم ڕەحیمیان
یوسف حەبیب پەنا
محەممەد فاروق بازیار
ئیبڕاهیم ئەمینی
ساڵح مام ئیبڕاهیمی
شوکری نادری
مستەفا فەقری
عەلی غەوارە
عەلی سەلاحی
مەلا حەسەن لاجوەردی
سلێمان حەسەن زادە
یوسف حەسەن زادە
کەریم کاوە
سەید مەحمود سەید مەحمودی
حامد مەحـمود کەندی
حسێن کەلهوڕی
عەباس یوسفی
سیامەک سەقزی
عەلی ئابادە
کامران زاهیر حجازی
ساڵح فەرهودی
مەقسود مەحمودی
ئەحمەد کەروبی
ڕەحمان خزر پور