کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەنگی ڕاستەقینەی هیچ بەشێک لە کرێکارانی دنیا، لە کۆنفرانسی جیهانی کاردا بەرگوێ نایەت

  رۆژی دووشەممە ١٠ ی مانگی جۆزەردان بەرابەر لەگەڵ ٣٠ مانگی مەی یەکسەد و پەنجاهەمین ئیجلاسی ” سازمانی جیهانی کار” لە شاری ژنێو لە وڵاتی سوئیس دەست بەکار و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دەرێژەی دەبێت. لەم کۆبونەوەدا به ڕەسمی، نوێنەری کرێکاران، خاوەنکاران و دەوڵەتەکان بەشدار دەبن. بەشێکی بەرین لە بەشدارانی ئەم کۆبونەوەیە نوێنەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان لە سەرتاسەری دنیادان. ئەم نوێنەرانە بە شێوەی ئاسایی توێژێک لە محافزەکارترین بەشەکانی بزوتنەوەی کرێکارین. لەم روەوە لێبڕاوانە دەتوانین بڵێین کە سێ جانبە گەرایی زاڵ بەسەر ئەم کۆبونەوەدا لە دنیای واقعیدا تەنیا یەک جانبە گەراییە و جەماوەری کرێکاران لە ناوچە جۆراو جۆرەکانی دنیادا، ئەساسەن لەم کۆبونەوەدا نوێنەرایەتی ناکرێن.  یەکسەد و پەنجاهەمین ئیجلاسی ساڵانەی سازمانی جیهانی کار، لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئەو قانون کارانەی کە پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایە و بە زیانی هێزی کارن، بەردەوام بە زەرەری کرێکاران لە حاڵی گۆڕاندان. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە دانانی قانونی گەلێک دژی کرێکاری تر لە پێشوو، خزمەتگەزاریە ڕیفاهی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایان دابەزاندۆتە خوار ترین ئاستی مومکین. حقوقی خانەنشینی کەم دەبێتەوە و تەمەنی خانەنشین بوون دەچێتەسەرێ. ئاماری مەرگ و میری سەرچاوە گرتوو لە هەژاری و نەخۆشیە دژوارەکان، بەرەو بەرز بوونەوە دەچن و موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوەگرتو لە هەژاری و بێکاری، بەردەوام زیاتر دەبێت. دەنگی ڕاستەقینەی هیچ بەشێک لە کرێکارانی دنیا لەم کۆنفرانسەدا لە ناڕەزایەتی بەم بارودۆخە، بەرگوی نایەت. بەڵام لە دەرەوەی ئەم جۆرە کۆبونەوانە خەباتی چینی کرێکار لە ئارادایە. هەر ئێستا و لە سەرودەمی بەڕێوەچونی ئەم ئیجلاسەدا شاهێدی بەرەو روو بوونەوەی قارەمانانەی کرێکارانی فرانسە لەدژی ئەم هێرشەی دەوڵەتی سەرمایەداران بۆسەر ئەو مافانەین کە کرێکاران بە خەباتی دەیان ساڵەی خۆیان دەستەبەریان کردوە.722

  ئەگەرچی سەرمایەداران و دەوڵەکانیان لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا ملیان بۆ مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراو بوون  و بەشێک لە حقوقی کرێکاران لە بوارەکانی یاسای کاردا کەج کردوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕێگای یەکێتیە کرێکاریەکان و کۆبونەوەکانی وەک ئیجلاسی سبەینێ لە شاری ژنێو، بزوتنەوەی کرێکارییان، لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی سەرمایەدارانەوە، شیاوی پێشبینی، شیاوی چەنە لەگەڵ لێدان و سازش کردوە.  کۆماری ئیسلامی ئەندامی سازمانی جیهانی کارە، قاعیدەتەن ئەرکی ئەم ڕژیمەیە پەسند کراوەکانی ئەم سازمانە ڕەچاوبکات. سەرەڕای ئەوەیکە لە هێندێک لە کۆبونەوەکانی ساڵانەی ئەم سازمانەدا، بەهۆی پێشێلکاریەکانی هێندێک قەتعنامە لەدژی کۆماری ئیسلامی دەرکراوە، بەڵام هەروا بەردەوام درێژە بە پێشێلکاریەکانیان ئەدەن. لەگەڵ ئەوەدا کە سازمانە کرێکاریە جیهانیەکان، سەربەخۆ کۆماری ئیسلامیان بەخاتری سیاسەتە دژی کرێکاریەکانی، مەحکوم دەکەن، بەڵام لەبەرانبەردا، سازمانی جیهانی کار بێ گوێدانە ناڕەزایەتیە نێونەتەوەییەکان، بە ڕەواڵی ساڵانەی هەیئەتێک لە کەسانی حکومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار و چەند کەس لە خانەی کارگەریەکان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی سەربە ڕژیم بەناوی نوێنەری کرێکاران لە کۆبونەوەکەیدا قەبوڵ دەکات.

  کۆماری ئیسلامی و ئەو کەسانەی کە ئەم ڕژیمە لە ئیجلاسی ” سازمانی جیهانی کار” دا نوێنەرایەتی دەکەن، پەروەندەیەکی قەبەیان لە ژێر پێنانی قەولنامەکانی ئەم سازمانە لە بوارەکانی مافی کرێکاران و داسەپاندنی قەراردادی کۆیلە ئاسا بەسەر کرێکارانی ئێراندا لەبن هەنگڵدایە. بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە کە بەناوی کرێکارانی ئێران چوون بۆ ئەم کۆبونەوەیە، نەک نوێنەری کرێکاران نین، بەڵکو لە شەریکەکانی دەوڵەت و خاوەنکارانی ئێرانن. ئەوان هۆکاری سەرەکین لە داسەپاندنی حەقدەستی ٨١٢ هەزار تمەنی ئەمساڵ بەسەر کرێکاراندا. حەقدەستێک کە لەسەر بنەمای شاخسی هەزینەکانی ژیان لە ئێران چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری دایە. ئەندامانی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی لە کۆبونەوەی سازمانی جیهانی کار لە ڕاستیدا ئەندامانی ماشێنی سەرکوتی ڕژیمن لە شوێنە کرێکاریەکاندا. نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران لە زیندانەکانی ڕژیمدا و لە ژێر ئەشکەنجەدان. ئەوان لە زینداندا لە سەرەتایی ترین مەفە ئینسانیەکان لەوانە، لە دەرمان کرانی نەخۆشیەکانیان و پێوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.

  سەرەڕای ئەوەیکە لە لایەن هێندێک لە ڕێکخراوە کرێکاریەکانەوە لە ئاستی دنیادا، سازمانی جیهانی کار بۆ درکردنی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشار دایە، بەڵام بەهۆی شێوەکاری سازشکارانەی لە بەرانبەر دەوڵەتەکاندا، تا ئێستا ئەم هەوڵانە بە ئاکام نەگەیشتون. بەڵام ناوەندە کرێکاری و ئەنجومەنەکانی مافی مرۆڤ، سازمانە سیاسیە چەپەکان لەوانە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران، ئەمساڵیش بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندن و نامەی سەرئاواڵە و ئامادە بوون لە شوێنی بەڕیوەچونی ئیجلاس، ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە ئامادە بوونی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی نیشانداوە و داواکاریەکانیان بۆ دەرکرانی نوێنەرانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەم ئۆرگانە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندوە. ئەوان هەروەها داوایان لە یەکێتیە کرێکاریە نێونەتەوەیی و ناوەندەکانی پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ کردوە کە داکۆکی لەم داواکاریانە بکەن.

  یەکێک لەو ئامانجانەی کە کۆماری ئیسلامی لە بەشداری کردنی بەردەوام و پڕئەژمار لە ئیجلاسی سازمانی جیهانی کار بدوایەوەیەتی، خۆش کردنی ڕێگایە بۆ پەیوەست بوون بە سازمانی بازرگانی جیهانیەوەیە. بەپێی یاسا و ڕێساکانی ئەم سازمانە، هەر وڵاتێک کە بیەوێ بە سازمانی بازرگانی جیهانیەوە پەیوەست بێت، دەبێ تەئیدیەی سازمانی جیهانی کاری هەبێت. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم تەئیدیە بەدەست بێنێ، بەڵام بەوهۆیەوە کە پەیوەست بوون بە سازمانی توجاڕەتی جیهانیەوە لە باری ئابووریەوە بۆ کۆماری ئیسلامی حەیاتیە، ئەگەری دەرکرانی ڕژیم لە ” سازمانی جیهانی کار” ، گورزێکی کاریگەر دەبێت لە پەیکەری ئابووری قەیران لێدراوی کۆماری ئیسلامی.