هەواڵنێری ئیلنا رۆژی چوارشەممە باسی لە بهكردهوه دهرهێنانی حوکمی شهلاق لەدژی ١٧ کرێکاری دەرکراوی کانی زێڕی ” ئاق دەڕە” هەڵکەوتو لەنزیک شارستانی تکاب لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرد. ئیلنا لە زمان وەحید یاری، پارێزەری ئەم کرێکارانەوە، نووسی “کە سزای شهلاق لێدان بۆ تاوانبارەکان ٣٠ تا ١٠٠ زەربە بووە”. ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕژیمی ئیسلامی کارێکی لەم جۆرە جەنایەتکارانە بەرانبەر بە کرێکارانی مافخواز دەکات. لە ساڵەکانی ڕابردووشدا ژمارەیەک لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە وانە لە ئوستانەکانی کردستان و یەزد مەحکوم بە لێدانی زەربەی شهلاق کراون. چەند ساڵ لەوە پێش لە شاری سنە دوو ژن و سێ پێاوی کرێکار بە تاوانی بەشداریکردن لە مەڕاسمی رۆژی جیهانی کرێکاردا شهلاقیان لێدرا. بەڵام پێشینەی پەروەندەی کرێکارانی کانی ” ئاق دەرە” دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەوە پێش. لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ شیرکەتی ” پویا زەڕکان”، وەک پەیمانکاری سەرەکی مەعدەنی تەڵای ” ئاق دەرە”، ٣٥٠ کەس لە کرێکارانی وەرزی ئەم کانەی بەهۆی تەواو بوونی قەراردادەکانیان دەرکرد.لە ناڕەزایەتی بەم کردارەی خاوەنکار، کرێکارانی دەرکراو لەبەردەم درگای چوونە ژوورەوەی مەعدەنەکادا، کۆبونەوە. خاوەنکار نە تەنیا لای لە ناڕەزایەتی کرێکاران نەکردەوە، بەڵکوو نیگابانە چکدارەکانی شیرکەتیشی لە گیانیان بەردا. گوشاری مەئمورانی خاوەنکار و گوێنەدانە داواکاریەکانیان تا ئاستێک بوو کە بە دوای وڵام نەدانەوەی خاوەنکار بە نارەزایەتی کرێکاران، سێ کەس لە کرێکارانی بێکارکراو لەژێر گوشاری رۆحیدا، لە حەوشەی ئهو مهعدهنهدا دەستیاندایە خۆکوژی. بەختەوەرانە گیانی هەرسێکیان ڕزگار کرا و یەکێکیان عەمەلی جەڕاحی بۆکرا. لەو کاتەدا دەزگای قەزایی لەسەر شکایەتی خاوەنکار بە تاوانی ئاژاوە نانەوە ١٧ کەس لە کرێکارەکانی تاوانبار کرد. لە کۆتاییدا بێدادگای ڕژیم لەدژی کرێکارەکان حوکمی جەنایەتکارانەی جەریمە و زیندان و شهلاقی دەرکرد. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ئەحکامی ١٠٠ زەربە شهلاق لە یەکێک لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی گوڵاندا ئیجرا کراوە و رۆژی چوار شەممە ئیلنا هەواڵەکەی بڵاو کردۆتەوە.
زیاتر لە ١٠ ساڵە کە قەراردادی کاری نزیک بە ٣٥٠ کەس لە کرێکارانی مەعدەنی زێڕی ئاقدەرە بە شێوەی وەرزی دەبەسترێت و هەموو ساڵێک ئەم کرێکارانە لەبەر کێشە و گرفتێکی کە بە دوای بێکار بوون لە وەرزی سەرمادا بۆیان دیتە پێش لەم کاتانەدا لە حەساری کانەکەدا دەست ئەکەن بە کۆبونەوە.
شهلاقی کۆماری ئیسلامی بەسەر جەستەی زیندانیانی سیاسیەوە لە زیندانەکانی ئەم ڕژیمەدا دیاردەیەکی ئاسایی و رۆژانەیە. گەلێک ئینسانی خاوەن کەسایەتی و ناسراو لە ژێر زەربەکانی شهلاقدا گیانیان لەدەست داوە. بەڵام بردنە ژێر شهلاقی کرێکارانی ناڕازی بە بەرچاوی باقی کرێکارەکان و کەسوکاریانەوە پەیامێکی تایبەتی تێدایە. لێرەدا ڕاستەوخۆ قینێکی قوڵی چینایەتیە کە پیشان ئەدرێت. دیمەنێکی وەها پڕ ئازار پیشان ئەدرێت تا بەڵکوو ببێتە دەرسی عیبرەتێک بۆ ئەو کرێکارانەی کە دەنگیان لەدژی پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانیان بەرز کردۆتەوە. کەسانی نزیک لە کرێکارانی مەعدەنی زێڕی “ئاق دەرە” وتویانە کە دەزگای قەزایی ڕژیم چاوپۆشی لە سزای زیندان و جەریمەی نەغدی کرێکارەکان کردبوو، بەڵام هەروا سوور بوو لەسەر شهلاق لێدانیان بە بەرچاوی خەڵکەوە. دەزگای قەزایی ڕژیم بە خەیاڵی خۆی دەیەوێ بە ئیجراکردنی ئەم جۆرە حوکمانە، سوکایەتی بە کرێکاران بکات و توشی بێ هیوایی بن. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە، ئەوان بە برینی شهلاق بە جەستەیانەوە، سەربەرزانە گەڕانەوە نێو بنەماڵە و هاوچینەکانیان و تەپڵی ڕیسوایی ڕژیمی ئیسلامیان لە هەموو دنیادا لێدا. لە رۆژەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٧دا و دوای ئەوەی کە سوسەن رازانی و شێوا خێرئابادی و هاوکارەکانیان بە تاوانی بەشداری کردن لە مەڕاسمی ئەوەڵی مانگی مەی دا شهلاقیان لێدرا، کرێکارانی هاوخەباتیان نەک هەر ئەو جۆرەی کە ڕژیم چاوڕێی دەکرد، نەترسان، بەڵکوو لەبەردەم درگای هەمان زیندان لە شاری سنە چاوەڕێیان بوون و ئاڵقەی گوڵیان بە گەردنا کردن. زەربەی شهلاق بە جەستەی کرێکارانەوە، نەک نیشانەی بەهێزی ڕژیم نییه، بهڵكوو نیشانەی داماویەتی لە بەرەنگار بوونە لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتیدا و بەگژدا چونەوەی چینێک کە چاوەڕیی تهقینهوهی قین وتوڕە بوونی لە سبەی رۆژدا دەکات.
ئەم جۆرە کردەوە دژی ئینسانیانە نە تەنیا کرێکاران چاوترسێن ناکات، بەڵکوو نەفرەتی چینایەتی لە ڕژیمی پارێزەری سەرمایەداران زیاتر دەکات. ئەگەر ترس لە شهلاق لێدان بیتوانیبایە کرێکاران لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خەبات سارد بکاتەوە، لە هەمان سبەی رۆژی بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامیەوە، کە شهلاق و شتی زۆر خراپتر لە شهلاقی جەنایەتکاران لە زیندانەکاندا لە جەستەی خەباتکارانی بەندکراو ئەدارا، دەبوو بڵێسەی ناڕەزایەتی و خۆراگریانی کپ بکردایەتەوە. ئەو کرێکارانەی کە سینگی خۆیان دەکەنە قەڵغان و لە رۆژی یەکی مەی دا دەنگی ناڕەزایەتی هاو چینەکانیان بەرز دەردەبڕن، ئەو کرێکارانەی کە مەترسی بێکاری و لەدەست چوونی ئەم حقوقە مەمرە و مەژیەی، چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا بۆ خۆیان و بنەماڵکەنیان، ئەوان تا لێواری خۆ کوشتن دەبات، لە شهلاقی جەور وستەمی سەرمایەداران و ڕژیمەکەشیان ناترسن.
برینی زەربەی شهلاق بەسەر جەستەی کرێکارانی کانی زێڕی ئاق دەرەوە بۆرکانی قینی سبەی رۆژی چینی کرێکارە. ڕژیمی ئیسلامی لەبەر ئەنجامدانی وەها جەنایەتێک وڵامێکی سەخت و دژوار لە چینی کرێکار وەردەگرێتەوە. بڕیاردهران و بەڕێوەبەرانی ئەم حوکمانە لەدژی شەریف ترین ئینسانەکانی ئەم وڵاتە، لە سزای کرداری دژی ئینسانی و دژی کرێکاری خۆیان ڕزگاریان نابێت. ئەوان لەمرۆوە لەگەڵ وەها کابوسێکدا دەژین و با چاوهروان بن تا سبەی رۆژی نە زۆر دوور بە چاوی خۆیان ببینن.