گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە پاڵ بێکاری ملیۆنی لاوان، زیاد بوونی بێ هیوایی و سەرخوردەگی لەنێویاندا، دابەزینی ئاستی هیوا بەژیان و هەژاری روو لە زیاد بوون، دەستیان داوەتە دەستی یەک و ژیانی بەشێک لەم کۆمەڵگەیان بەرەو هەڵدێر و لە ناوچوون بردوە. گیرۆدە بوون بە نەخۆشینی سەخت و مەرگ و میری سەرچاوەگرتو لێیەوە، لە ئاسەوارە پڕ ئێش و ژانەکانی ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرەن. رۆژانە بە ژمارەی ژنان و کچانی گیرۆدە بوو بە مادەی هۆشبەری سەنعەتی زیاد دەبێت کە ئەمەش خۆی سەرهەڵدانی مافیا و تۆڕی قاچاق و بازرگانی سکس و دامەزرانی ناوەندەکانی لەشفرۆشی و زیاد بوونی ژنان و کچانی خیابانیشی بەشوێنەوە بووە.ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خۆیدایە. ئەم ڕاستیە هەر کەسێک گەشتێک بە نێو شارەکاندا بکات دەتوانێ بە روونی ببینێت.
· بەڵام ئامارەکان وێنایەکی پڕ ئازار تر لەم ڕاستیە تاڵە نیشان ئەدەن. ئەو ئامارانەی کە جارناجارێک لە زمان بەرپرسانی حکومەتیەوە دەبیسترێت ژمارەی گیرۆدە بوانی وڵات بە ٣ ملیۆن کەس و ئامارە ناڕەسمیەکانیش ئەم ڕەقەمە بە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس بەرئاورد دەکەن. ئەگەر مامناوەندی ئەندامانی هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی بە ٥ کەس لەبەرچاو بگرین، دەبینین زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی وڵات بەدەست گرفتی ئیعتیاد و ئاسەوارەکانیەوە لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا گرفتارن. هەر لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە نە تەنیا ژمارەی سەرجەم گیرۆدە بوان زیادی کردوە بەڵکوو تەمەنی ئیعتیاد لەنێو لاوان و تازەلاوانیشدا گەلێک دابەزیوە و هاتۆتە خوار ١٤ ساڵیەوە. بەپێی ئەم ئامارانە رۆژانە نزیک بە ٥٠٠ کەس بە ژمارەی سەرجەم گیرۆدە بوانەوە زیاد دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن مادەی هۆشبەر لە ئاستی وڵاتدا مەسرەف دەکرێت.
ئەوەی رۆژانە ئەیبینین و ئیعترافی خودی کارگوزارانی حکومەتی دەرخەری ئەوەن کە لەسەر ڕێگای پەرەسەندن و نفوزی ئیعتیاد لە قوڵایی کۆمەڵگادا هیچ کۆسپ و بەربەستێک بوونی نییە و لە هەموو جێگایەک ئەم دەستکەوتە نگریسەی سەرمایە دەتوانین ببینین، لە قوتابخانە، لە زانکۆ، لە کارگا و کارخانەکان، لە ئیدارە، لە مەزرا و دێهاتەکان. سەبارەت بە ئاستی وێرانگەری ئەم خەسارە پر ئازارە کۆمەڵایەتیە قسە زۆرە. لێرەدا ئاماژە بە حاڵەتێکی دیاریکراو کە روون تر جێگا پێی ڕژیم و کاربەدەستانی لە پەرەدان بە مادەی موخەدر نیشان ئەدات، دەکەین کە بریتیە لە بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر لەنێو زیندانەکاندا و پەرەدان بە مەسرەف کردنی لە ڕێگای زیندانیان و تۆڕەکانی هاودەستیانەوە لەنێو زیندانیەکاندا.
لەسەر بنەمای ئامارە حکومەتیەکان دەرسەدێکی زۆر لە زیندانیەکان موعتادن و لە ئازمایش و نمونە وەرگرتندا کە لێیان کراوە لانیکەم نیوەی زیندانیانی موعتادی هەر زیندانێک، گومانی گیرۆدە بوون بە نەخۆشی ئایدز و هیپاتیتیان لێدەکرێت.
خەڵک باش دەزانن سەبەبکاران و عاملانی سەرەکی بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر کێن و سەوداگەرانی مەرگ لەکوێ دانیشتون. هەموان دەزانن کە سەری هەودای دەزوی ئەم پیشەسازی و بازرگانیە گەورەی مەرگ بە کوێوە بەستراوە و بەچ شێوەیەک فەرماندە پلە بەرزە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرانی حکومەتی و ئەو چەقۆ کێشە لیباس شەخسیانەی کە لە خزمەت ڕژیمدان، لە شەبەکەی مافیایی بەرهەمهێنان، بلاو کردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە نێوخۆی وڵات و هەناردە کردنی بۆ دەرەوەدا تیک تەندراون و چلۆن تۆڕێک لە خیلافکارانی حیرفەیی، ئەوانەی کە تیمی عەمەلیاتی لەدژی قاچاقچیانی غەیرە خودی مەوادی موخەدر فەرماندەهی دەکەن، ئەوانەی کە موجریانی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەرن و سەرجەم سەردارانی سازەندەگی و مودیرانی ناوەندە ڕەنگاو ڕەنگەکان، لەم شەبەکە مافیاییەدا ڕیکخراون تا ئەم کالا ماڵوێرانکەرە پڕ قازانجە بخەنە گەڕ و لەو ڕێگایەوە ئیرادە و شور و شعوری لاوان نابود بکەن.
ئەگەر بەڕاستی دەستی فەرماندە نیزامیەکان، سپای پاسداران و مەئمورانی ئیتلاعاتی و حکومەتگەران لەکاردا نییە، چلۆن تەنانەت زیندانیەکانیش لە مەترسی کەوتنە داوی مادەی هۆشبەر پارێزراو نین و بە سالمی دەبرێنە زیندان و بە گیرۆدەیی دگەڕێنەوە!
ڕژیمێکی کە لە ڕێگای دەم و دەزگای پان و بەرینی ئیتلاعاتی و جاسوسیەوە سنوری ژیانی تایبەتی یەک بەیەکی دانیشتوانی کۆمەڵگەی خستوەتە ژێر چاودیریەوە و بێ پەروا سەردەکێشتە هەموو کون و کەلەبەرێکی مالی کەسەکانەوە و هەموو کەلوپەلەکانیان دەپشکنێ، ئەگەر لە ڕێگای کەسانی سەربە خودی ڕژیمەوە نەبێت، کێ دەتوانێ مادەی هۆشبەر لەنێو زیندانەکاندا بڵاو بکاتەوە؟
ئەم ڕژیمە به ڕیکخستنی جەنایەتی رۆژانەی و لەوانە دامەزراندن و هێدایەت کردنی تۆڕی مافیایی مادەی هۆشبەر، تاوانبارە. خەڵکێک کە بە چاوی خۆیان دەبین کە چلۆن ئەم مادە ئەفیونیە لە ڕێگای زەوی و ئاسمان و دەریاوە دەگوازرێتەوە و لە سنورەکان هاوردە و لەنێوخۆی وڵاتدا بڵاو دەکرێتەوە و هەناردە و ئاودیوی دەرەوە سنورەکان دەکرێت، گرتن و زیندانی کردنەکانی ڕژیم و ئێعدام کردنی چەند مەواد فرۆش و قاچاقچیەکی وردە فرۆش، بێجگە لە چاوپۆشی کردنێکی فێل بازانە کە کارکردێکی دیکەی هەیە، بە شتێکی تر نابێنێت.