کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری منداڵانی فەلەستینی لە سەرزەویە داگیرکراوەکان

سازمانی نێونەتەوەیی دیفاع لە منداڵان دەڵێ: لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤ وە تا ئێستا نزیکەی پەنجا حاڵەت له‌ کوشتنی منداڵانی فەلەستینی بە دەستی هێزە نیزامیەکانی ڕژیمی ڕەگەز پەرستی ئیسرایل تۆمار کراوە. هه‌روه‌ها له‌و ماوه‌دا، زیاتر لە ٢٠٠ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. ئه‌مرۆ کوشتاری منداڵانی فەلەستینی به‌ده‌ستی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، بۆتە بابەتێکی ئاسایی. ” عابد ئەبو قەتیش” یەکێک لە بەرپرسانی ئەم سازمانە وتی، رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و باقی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە کردەوەدا لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی خۆیان بۆ دیفاع لە مافی منداڵە فەلەستینیەکان ناکام ماوەنەتەوە.ماوەیەک لەوەپێش لەم پێوەندیەدا رۆژنامەی ئیسرایلی ” هائارتس” نووسی” هاوکات لەگەڵ ناکام مانەوەی هەوڵەکانی تەلئاویو بۆ کۆنترۆڵ کردنی كێشه‌ و ئالۆزییه‌كان لە ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، ئەم ڕژیمە بەرەو رووی ئینتیفازەی سێهەم بۆتەوە.” ئەوەی به‌وته‌ی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ ئینتیفازەی سێهەم لەوانی پێشتر جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە لە ئینتیفازەی نوێدا لاوانێک بونیان هەیە کە هیچ وابەستەگیەکی سازمانیان لەگەڵ ئەو حیزبانەدا نییە کە بونیان هەیە وەک ” سازمانی ئازادیبەخشی فەلەستین” و ڕەوتە ئیسلامگەراکانی ” حەماس” و جیهادی ئیسلای.

چەند حەفتە لەوەپێش ” ئەمیرە هیس”، هەواڵنێری رۆژنامەی “هائارتس” لە ناوچه‌ داگیرکراوەکانەوە وتی” ئەم لاوانە لە ڕوانگەی سیاسیەوە سازماندەهی نەکراون. لاوێك کە تەمەنی کەمێک لەخوار ٣٠ ساڵیەوە بوو، بەر لە گیان لەدەستدانی پەیامێکی جێهێشتبوو. ئەو لەم پەیامەدا نوسیویەتی، ئەندامی هیچکام لە ڕێکخراوە فەلەستینیەکان نییە و داوایان لێدەکات کە ئەو بە ” شەهید” ی خۆیان نەزانن. بۆ ئەم لاوە فەلەستنیە دیمەنگایەکی روون بوونی نییە. ئەوان خۆیان لە زینداندا هەست پیدەکەن. بەقەولی ” ئەمیەرە هیس”، ” پەڕاوێز خرانیان بە ڕادەی دابڕانی غەزە نییە، بەڵام، دیوارەکە حاڵێاندەکات کە داهاتویان وەک یەکە.” دژواری لە باری خوێندن، دەرکرانی بەردەوامی کرێکارانی فەلەستینی، بێکاری بەرین، و مەحدودیەت لە هاتووچۆ کردندا گوشارێکی رۆحی و ڕەوانی زۆری خستوەتە سەر لاوانی فەلەستینی. ئەوان بێ هیوا لە رێکخراوە فەلەستینیەکان، ڕاستەوخۆ خۆیان دەست بەکار بوون. دەوڵەتی ئیسرایل بە گرتنەپێشی سیاسەتی ڕەگەز پەرستانە، بۆ ساتێکیش لە کوشتاری خەڵکی فەلەستین، وێران کردنی ژێرخانی ئابووریان، درێژەدان بە گەمارۆی سەر غەزە، و دروستکردن و پەرەپێدانی شارۆچكه‌ یەهودی نشینەکان، غافڵ نییە. دەوڵەتی ئامریکاش ئەگەر چەند ساڵ لەوەپێش و لە گەرمەی راپه‌ڕین و ئاخێزەکانی خەڵکی باکوری ئافریقا و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، ڕیاکارانە ئیدیعای بەڕەسمیەت ناسینی مافەکانی خەڵکی ئازار چێشتوی فەلەستینی دەهێنا گۆڕێ، دوای دامرکلانەوەی ئەم خەباتە، سەرلەنوێ پشتیوانیە بێ درێغەکانی بۆ دەوڵەتی ئیسرایل دەست پێکردەوە.689 (1)
دەوڵەتی ئیسرایل دانیشتوانی شاره‌كانی ناوچە داگیر کراوەکان کە زۆربەیان لە توندڕەوە کۆنەپەرستە یەهودیەکانن چەکدار کردوە و بە پاساوی ” دیفاع لە خۆیان” ئیجازەی پێداون تا هه‌ركات هەستیان بە نیگەرانی کرد، تەقە لە فەلەستینیەکان بکەن. هەروەها دەستی سەربازان و هێزە ئەمنیەتیەکانیشی کراوە هێشتۆتەوە تا لاوانی فەلەستینی بە بیانو یان هەست کردن بە مەترسی ئەوەی چەقۆیان بەدەستەوە بێت بدەنەبەر گوللە. ئەوان هەموو خۆڕاگریەک لە لایەن فەلەستینیەکانەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان لەدژی کرداری دەست درێژی کارانەی ئەم حکومەتە دەکەنە بیانویەک بۆ توند کردنەوەی سەرکوتگەری و پەرەدان بە دەست درێژیەکانیان.
لە بەرانبەر ئەم کوشتار و ئێعدامە خیابانیانەدا، خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین و لاوانی وەگیان هاتوو لە زوڵم، هەڵاواردن، هەژاری و بێ مافی، هەرگیز تەسلیم نەبوون و لەبەرانبەر دەوڵەتی ئیسرایلدا دیفاعیان لە بوونی خۆیان کردوە و دەکەن.
ڕژیمی داگیرکەر و ستەمکاری ئیسرایل لەپاڵ گرتن و زیندانی کردنی رۆژانەی خەڵکی بێبەشی ناوچە فەلەستینیەکان و گەمارۆدانیا لەباری ئابووریەوە، هەرچەند ساڵ جارێک بە بیانوی لاواز کردن و لەبەین بردنی توانایی نیزامی جەریاناتی وەک ” حەماس” و ” جیهادی ئیسلامی” ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی بێ دیفاعی فەلەستینی بێ ڕەحمانە کۆمەڵکوژ دەکات و ڕێگاکانی گەیشتنی هەموو یارمەتیەکی ئینسانی بۆ ئەم خەڵکە زۆر لێکراوە دادەخات. ئەم کارەش هەر ماوە جارێک و هەرجارەش بە بیانویەک تێکرار دەبێتەوە تا خەڵکی فەلەستین لە بەدوادا چوون بۆ دابین کردنی مافە پێشێل کراوەکانیان ماندوبکات و بەچۆکدا بێنێ.
خەڵکی فەلەستین و ئیسرایل خوازیاری بەیەکەوە ژیانن و هیچ قازانجێکیان لە دوژمنایەتی و توندوتیژیدا نییە. دەوڵەتی نژادپرستی ئیسرائیل ئەم نفرەت و بێزاریی پێک هێناوە و بەردەوام پەرەی پێدەدات. بۆ ڕزگار بوون لەم کوشتار و نائەمنیە ڕێگایەک بێجگە لەوە بوونی نییە کە کرێکاران و خەڵکی ستەم لێکراوی فەلەستین و جەماوەری ئازادیخوازی ئیسرائیل دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل کە مانەوەی خۆی لە کوشتاری رۆژانەی فەلستینیەکاندا دەبینێت، یەکگرتووانه بۆ دروست کردنی دەسەڵاتی خۆیان دەست لەنێو دەستی یەک بنێن. خەڵکی ستەم دیتوی فەلەستین تەنیا بە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و رێکخراو و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکانی ئیسرایل و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لەم وڵاتەدا و خەباتی یەکگرتوانە و ماندویی نەنانسانەی خۆیان دەتوانن ڕێگایەک بۆ دەرچون لەم بارودۆخە نابەسامانە و دەستەبەر کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی ئینسانی ئەمرۆیی بدۆزنەوە. ئەمە تەنیا ڕێگای کۆتایی هاتن بە گشت ئەو موسیبەتانەیە کە تا ئێستا داوێنگیریان بووە. لە هەلومەرجی ئەورۆدا و تا کاتێک کە خەڵکی شەریف لە سەرتاسەری دنیادا،به یارمەتی خەڵکی ستملێکراوی فەلەستینەوە نەیەن ، بەداخەوە دیسانیش شاهیدی بینی وێنەی منداڵانی خەڵتانی خوێنی فەلەستینی دەبین.