کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەدواکەوتنی درانی حەقدەستی کرێکاران

لەم رۆژ و حەفتانی دواییدا، سەرلەنوێ هەواڵی پێوەندیدار بە نەدرانی حەقدەستەکان لە ژمارەیەک یەکەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وڵات لە رۆژنامەکاندا بەشێوەیەکی بەرین بڵاو بویەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ” ئیلنا” کرێکارانی مەعدەنی ئەلبورزی شەرقی لە ئوستانی سمنان حەقدەستی مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمە، و جێژنانەیان وەرنەگرتوە. ئەم هەواڵنێریە باسی لە کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندانی شارەداری ئەندیمشک کردوە کە دوازدە مانگە هیچ حەقدەستێکیان پێنەدراوە. لە ڕاپۆرتێکی تردا هاتوە: چل کرێکاری” ئاو مەعدەنی داماش” لە حاڵێکدا لە سەری ساڵی نوێ نزیک دەبنەوە کە چوار مانگە حەقدەست، و جێژنانەی قانونیی کۆتایی ساڵیان وەرنەکرتوە. لە رۆژەکانی ٢٦ و ٢٧ ی ڕەشەمەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی شیرکەتی “آی پی ام آی” لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٣ تا ٦ مانگ حقوق و داواکاریەکانیان، دەستیاندایە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم دەفتەری ئەو شیرکەتە لە ناوچەی تایبەتی ئابووری پارسی جنوبی. هەروەها رۆژی ٢٦ ی ڕەشەمە، کرێکارانی فازەکانی ٢٠ و ٢١، و چەند موجتەمەعی پیتروشیمی لە ناوچەی تایبەتی پارسی جنوبی لەبەر نەدرانی حقوق و داواکاریەکانیان، کۆبونەوەی ناڕەزایەتان بەرپا کرد.ئەم ڕاپۆرتانە، تەنیا نمونەی دەیان هەواڵن سەبارەت بە وەدواخرانی حەقدەستی کرێکاران لەم رۆژانەی ئاخری ساڵی ڕابردودا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە، لەبەر ئەوەی کە کرێکاران لە مناسباتی ئێستادا، بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، چارەیەکیان بێجگە لە فروشتنی هێزی کاریان نییە، لەبەر ئەوە چاوڕوانیان لە خاوەنانی سەرمایە و کڕیارانی ‌هێزی کار ئەوەیە کە لەکاتی خۆیدا حقوق و حەقدەستەکانیان بدەنێ. بەڵام سەرمایەدارن بە هێنانەوەی پاساوی بێ بنه‌ما، حەقدەستی کرێکاران لەکاتی دیاریکراودا نادەن و بۆ چەندین مانگی یەک لە داوی یەک، بەڕێچون و ژیانی کرێکاران توشی بارودۆخێکی گەلێک دژوارتر دەکەن. ئەم بابەتە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەبات بۆ وەرگرتنی حەقدەستە وەدواخراوەکان لە ئێران ببێتە یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی بەرەو روو بوونەوەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنکاران.672
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا، بە سەدان مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری بە ئامانجی وەرگرتنی حەقدەستە وەدواخراوەکان، بەشێوەی بەردەوام لە ئارادا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە زۆر ناوەندی کاری و بەرهەمهێنانی وڵاتدا ئەم حەقدەستانەی کە چوار تا پێنج جار لەژێر هێڵی هەژاریدان، بۆ ماوەی چەندین مانگە پەرداخت نەکراون. دیارە هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچونی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران لەوانە وەدواخستنی حەقدەستەکان، لە ساڵی نوێشدا درێژەی دەبێت. نه‌ ده‌زگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دیفاع له مافی كرێكاران بكات و نه‌ سكاڵایه‌ك له‌م بابه‌ته‌وه‌، به‌ ده‌زگای دادوه‌ری ئێراندا به‌ جیگه‌یه‌ك ده‌گات روحانی له‌ په‌یامی نه‌ورۆزی خۆیدا به‌ڵێنی چاوه‌سه‌ركردنی بێكارو باشتر کردنی بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێسانی دا و وتی له قۆناغی به‌رجامی ٢دا هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. به‌ڵام هه‌مووان ده‌زان كه‌ ئه‌م به‌ڵێماناه‌ بێ بنه‌مان و روحانی ته‌نها له‌ رێگه‌ی دابین كردنی هێزی كاری هه‌رزان ده‌توانن سه‌مایه‌دارانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات بۆ سه‌رمایه‌گوزاری هان بدات. هه‌ر بۆیه‌ هێرش بۆ سه‌ر ئاستی ژیان و به‌رێچونی كرێكاران درێژه‌ی ده‌بێت.
لەبەرانبەر ئەم بارودۆخەدا چاوه‌روان ده‌كرێ كه‌ ژمارەی ناڕەزایەتی کرێکاری بۆ وەرگرتنی حەقدەستە وەدواخراوەکان، و باقی داواکاریە سینفیەکانی تر زیاد بکات. بەڵام سەرکەوتن لەم خەباتەدا و بە دەستهاتنی هەر چەشنە باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیان و کاری کرێکاراندا، و لەگەڵ ئەوەشدا، پوچەڵ کردنەوەی سیاسەتی سەرکوت و زیندانی کردنی کرێکارانی ناڕازی و ڕێبەرانیان، بەستراوەتەوە بە دیفاع و پشتیوانی کرێکاران و باقی موزدبگیرانی وەک موعەلیمان و پەرستاران لە ناوەندە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا. بە واتایەکی تر سەرکەوتنی کرێکارانی مانگرتو، لە گرەوی دەستەبەر کردنی پشتگیری کرێکارانی پیشەسازیە گەورە کلیدیەکان، و کرێکاران و موزدبگیرانی ناوەندێکی گرنگی خزمەتگوزاری لە شارێک، ئوستانێک و یان لە سەرتاسەری وڵاتدایە، پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی كرێكران له‌ كارخانه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خزمه‌تگوزاری بێته‌ده‌رێ و بچێته‌ ناو گه‌ره‌كه‌كان و سه‌رشه‌قامه‌كان وشۆێنه‌ گشتییه‌كان. ئه‌و تاكتیكه‌ ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوی كرێكاران له‌ ساڵانی رابردوودا بووه‌. له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هاوسه‌رانی كرێكارانیش پێیان په‌یوه‌ست ده‌بن، سه‌رنه‌جی باقی به‌شه‌كانی ناڕازی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و حه‌ره‌كه‌ته‌كه‌ی خۆیان راده‌كێشن و رژیم و سه‌رمایه‌داران ناچار ده‌بن به‌رانبه‌ر به‌ داخوازیه‌كانیان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر رژیم فشار بۆ سه‌ر كرێكاران زیاد ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ردا، كرێكارانیش له‌م رێگایه‌وه‌ پشتیوانێكی گه‌وره‌تری كۆمه‌لایه‌تی بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.