کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیجلاسی ژنێو ٣ و سێبەری قورسی بەرژەوەندی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان

لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی ناسراو بە ژنێو ٣ لە رۆژی دووشەممە ١٤ ی مارس، وادیارە کە زل هێزە جیهانیەکان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێدی هێدی له‌ هێوەر بوونەوەی ئەم قەیرانە، نزیک بنەوە. نیشانەكانی وه‌ها بارودۆخێک یەکەم، لە بە کردەوە دەرهاتنی ئاگر بەسی نێوان لایەنە دەرگیرەکان لە قەیرانەکەدا ( بێجگە لە داعش و بەرەی نوسرە) و دووهەم، له‌ قەبوڵ کردنی گوفتوگوی راسته‌وخۆ بەبێ هیچ پێش مەرجێک لە لایەن نەیاران و دەوڵەتی بەشار ئەسەدەوە ده‌بیندرێن. به‌پێی خشته‌ی دیاری كراو بریاره‌ هەیئەتێک له‌ نوێنەرانی حکومەت و مخالفان پێک بێت تا لە پرۆسەیەکی ١٨ مانگەدا، ڕەش نووسی قانونی ئەساسی نوێی وڵات و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بۆ مەجلیس و سەرۆک کۆماری فەراهەم بکرێت.بەدوای ئاگر بەسی ڕاگەیەندراودا و لەئاڵوگۆڕێکی تردا ویلادمیر پوتین، سەرۆک کۆماری روسیە دوو رۆژ لەوە پێش بە شێوەیەکی لە ناکاو ڕاگەیاند کە هێزە نیزامیەکانی وڵاتەکەی لە سوریە دەباتە دەرەوە. پوتین وتبوی کە روسیە بەشی زۆری ئامانجەکانی دەستەبەر کردوە و لەمە بەدواوە هەوڵەکانی لەسەر وتووێژەکانی ئاشتی چڕ دەکاتەوە. لەوە پێش کۆماری ئیسلامیش بەشێک لە هێزەکانی لەم وڵاتە بردبوە دەرەوە. ڕژیمی ئێڕان لە کارەدانەوە بەم کردارەی روسیە، لە زمان وەزیری دەرەوە و دەبیری شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەییەوە ڕایگەیاند کە ئەو کارەی روسیە چاوەڕوان نەکراو نەبوو وە پێشتر هاوئاهەنگی پێویستی بۆ کرابوو. هاوکات هەراو هوریای حوزوری نیزامی عەرەبستانی سعودی و تورکیەش لە سوریە دامرکاوەتەوە. ئەم رووداوانە بە واتای ئەوەیە کە لەژێر سێبەری تەوافوقی دوو زل هێزی دەرگیر لە قەیرانی سوریەدا، واتا دوەڵەتانی روسیە و ئامریکا، کۆمەڵێک تەوافوقات و هاوئاهەنگی ناوچەییش پێکهاتوە. بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنێکی ڕێژەیی کە تا ئێستا بەدەست هاتوە، هێشتا ناکرێ بەتەواوەتی بوترێت کە ئاکامی کۆنفرانسی ژنێو بۆ هێور کردنەوەی ئەم قەیرانە چی دەبێت. هه‌ڵبه‌ت له‌ ئاستێكی تردا ناکۆکی و کێشمە کێشی سیاسی لە نێوان دەوڵەتانی ئێران و تورکیە و عەرەبستان، رێگره‌ له‌وه‌ی كه‌ كونفرانس خێراتر به‌ ئاكامی خۆی بگات.670
هەروەها ئاشکرایە لە بارودۆخێکدا کە داعش و بەرەی نوسرە بەشێکی گەورەی خاکی ئەم وڵاتەیان لەژێر دەست دایە و داعش خاوەنی پشتی جەبهەیەکی بەرینە لە عێڕاقیشدا، سەرەرای ئەو ئاگر بەسەی ئێستاش هێشتا ناکرێ له‌ كورت ماوه‌دا تەنانەت باس لە کۆتایی هێنان بە شەڕ و دەرگیریەکانیش بکرێت. داعش و بەری نوسرە تەنانەت ئەگەر لە باری نیزامیشەوە لاواز بکرێن، بەهۆی ئەو زەمینانەی کە بوونە هۆی حوزوری بەهێزیان لە ناوچەکەدا، تا ماوەیەک وەک گرفتێکی گەورە لەسەر ڕێگای دابین بوونی ئەمنیەت لەم ناوچەیەدا دەمێننەوە.

دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە تەوافوقاتی دەوڵەتانی ئامریکا و روسیە لە چوار چێوەیەکی دیاریکراودا بەکردەوە دەرهاتوە، هەوڵ ئەدات لە سەرەتادا وەحدەت و یەکپارچەیی ئەم وڵاتە و لە کۆتاییدا لە چوار چێوەی شێوەیەک لە فیدڕالیزمدا بپارێزێت. ( ئەو هێزە کوردیانەی کە سەرەڕای حوزوری چالاکانەیان لە مەیدانی نەبەرد و تێکۆشان لەدژی داعشدا، لە وتووێژەکانی ژنێو لادراون لە ئێستاوە لە هەوڵی ڕاگەیاندنی ناوچەیەکی فیدڕاڵن لە سەر ئەوە ناوچه‌یه‌ی لەژێر کۆنتڕۆڵیاندان.) ئەوە بەو مانایەیە کە سەرجەم ئەو تەرحانەی کە لەم ماوەیەدا بۆ داهاتووی سوریە لە مەحافلی جۆراو جۆری سیاسیدا هەر ماوە و جارێک دەهاتنە گۆڕێ، بەرەو ئەوە دەچێت مەوزوعیەتی خۆی لەدەست ده‌دات. رۆژی پێجشەممەی ڕابردو جان کری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژ لەگەڵ شەبەکەیەکی کاناداییدا نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی حەوزەی کەنداوی فارسی سەبارەت بە داهاتوی سوریە و بوونی هێندێک گەڵاڵە بۆ دابەش کردنی سوریە بۆ چەند وڵاتی بچوک لەسەر بنەمای تایبەتمەندی تایفی یان نیژادی باس کرد و وتی:” ویلایەتە یەکگرتوەکان تەعەهودی داوە کە پارێزگاری لە یەکپارچەیی و سیکۆلاریزمی سوریە بکات.” ئەو لە هەمانحاڵدا جەختی کردوە کە مەیلی وڵاتەکەی بۆ گۆڕینی بەشار ئەسەد ڕەد ناکاتەوە و وتی: ” ئەسەد ناتوانێ ئیتر وەک سەرۆکی کۆمار بمێنێتەوە.” بەڵام لە هەمانحاڵدا ئەوەشی لەبیر نەکرد کە جەخت بکاتەوە کە :” پێویستە حکومەتی ئەسەد بگۆڕدرێت بۆ حکومەتێکی ئینتیقالی”.

خەڵکێک کە پێنجەمین ساڵی شەڕ و وێرانکاری ناوەتە پشت سەر، لە سەرەتاوە بە هیوای باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و ڕزگار بوون لە دیکتاتوڕی ڕژیمی حاکم بەسەر ئەم وڵاتەدا هاتە مەیدان بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی نەبوونی سازمان و ڕێبەرییەکی ڕادیکاڵ و پێشڕەو، خەباتەکەیان بەلاڕێدا برا و لە دخاڵەت کردن لە گۆڕەپانی سیاسی پەڕاوێز خران. لەوە بەدواوە سوریە بوو بە مەیدانی ڕقابەتی زل هێزە گەورە و چکۆلەکان، کە بەرهەمەکەی، شتێک نەبوو بێجگە لە شەڕ و کوشتار، وێرانی و ئاوارە بوون. شەڕێک کە زیاتر لەهەموان، هەمان ئەو خەڵکە ناڕازی و بێزارە لە دیکتاتٶڕی بوونە قوربانیانی بێ ئەژماری. گومانی تێدا نییە کە کورت بوونەوەی دەستی سەرجەم هێزە دەرگیرەکان لەم قەیرانەدا، مەرجی لازمی بەرقەرار بوونی بارودۆخێکە کە تێیدا خەڵک بتوانن داهاتو و چارەنووسی خۆیانی تێدا دیاری بکەن. بەڵام بارودۆخی ئێستا کە فاکتۆڕی خەڵک لە گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان تییدا پەڕاوێز خراوە، کورت بوونەوەی دەستی ئەم هێزانە وادیارە ئاسان نەبێت. بەڵام بەرقەرار بوونی بارودۆخێکی دوور لە شەڕ و کوشتار و نا ئەمنی، تەنانەت لە ئاشتی بەدەست هاتوو لە ئاکامی تەوافوقاتی زل هێزەکانیشدا، ده‌توانێ ئەو ئیمکانە بره‌خسێنێ کە جه‌ماوه‌ری خەڵک شوێن داواکریەکانیان له‌ له‌ پێناوی ئاشتیەکی پایەدار، ئازادی و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان بگرن.