سبەینێ ٨ ی مانگی مارس بەرابەر لەگەڵ ١٨ ی مانگی ڕەشەمە، رۆژی جیهانی ژنە. ئەم رۆژە مەزنە مێژوییە لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادی خواز پیروز بێت. ژنانی ئێڕان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردودا شان بە شانی چینی کرێکار زۆر ترین ئازار و چەرمەسەریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە چێشتوە. سوکایەتی و بێ مافی ژنان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا، سنورێک ناناسێت. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵدا تا بە پشت بەستن بە باوەڕی مەزهەبی ، ستەم لەسەر ژنان دەرونی بکاتەوە و ئەوان ڕازی بکات کە بە پێگەی ژێر دەستەیی خۆیان بن و ئهو بارودۆخه به چارهنوسی سروشتی خویان بزانن، بەڵام نەک هەر لەم کارەیدا سەرکەوتو نەبوو، بەڵکو بۆرکانی قین و توڕەیی و نەفرەتی كۆمهلی ژنانیشی زیاتر هەڵخراند. ئەگەر ئەمرۆ لە هەرکوێیەک خەبات و تێکۆشانێک بوونی هەیە، ژنان لە ڕیزی پێشەوەیدا دەبینین، ئهوه تەنیا بەشێکی چکۆلەیە لەو شەپۆلە گەورە و خورۆشاوەی کە لە ڕێدایە. وشیاریەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باهور به خۆ و سەرسەختی و قاتعیەتێکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژندا لە ئێران لەحاڵی شکڵ گرتن دایە. بێ گومان ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا دەبێتە یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی شۆڕشی داهاتوی ئێران. شۆڕشێک کە لە هەر هەنگاوێکیدا یەکێک لە بهربهستهكانی سهر ریگای ئازادی ژنان رادهمالێ.
داواکاری ژنان بۆ رزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالاری و لە کۆیلەتی یاسا مەزهەبیەکان، لە داواکاریەکانی چینی کرێکار بۆ ڕزگار بوونی لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری جودا نییە. بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار، ڕزگار بوونی ژنان لە ستەمکێشی و بێ مافی، مەرجی بەرەوپێش چوونیانە بۆ ڕزگار بوون لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری.
دابین بوونی یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا ئەرک و ئەمرێکی هەنوکەیی و خێرای چینی کرێکاری بە دەسەڵات گەیشتوە. ژنانی ئێران دەبێ بە یەکسانی لە مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران لە سەرجەم ئۆرگانەکانی یاسادانان، قەزایی و ئیجرایی لە هەموو ئاستەکانی دهسهلاتداریهتی بەهرەمەند بن، هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە ئازادی ژنان لە پۆشینی جل و بەرگدا سنوردار دەکەن، وەک قانونی حیجابی ئیجباری، هەڵدەوەشێنەوە. هەموو جۆرە یاسا و ڕێسایەکی پێوەندیدار بە جیا کردنەوەی ژنان و پیاوان لە کۆبونەوەکان، مەدرەسە و زانکۆکان، شوێن و ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندنی گشتیدا هەڵوەشاوە ڕادەگەیەندرێت.
دانی حەقدەستی یەکسان بۆ کاری وەک یەک بە ژنان و پیاوان، بیمەی کۆمەڵایەتی بەرابەر بۆ ژنان و پیاوان، بەهرەمەند بوون لە مافی دوو رۆژ مەرەخەسی مانگانە بۆ ژنانی دوگیانی شاغڵ، قەدەغە بوونی سپاردنی هەموو جۆرە کارێکی زیان بەخش بۆ سهڵامتی بە ژنانی دووگیان، قەدەغە بوونی دەرکردنی ژنانی دووگیان بە هەر بیانویەک، خۆبواردن لە دامەزراندنی ژنانی دووگیان لهسهر كار و خاوەنی منداڵ، نایاساییە و وەک تاوان بە حیساب دێت. بەهرەمەند بوون لە ١٦ حەفتە مەرەخەسی بۆ دەورانی دووگیانی و کەڵک وەرگرتن لە ساڵێک مەرەخەسی بۆ ئاگاداری کردن لە منداڵ بە تەوافوقی هەردوو لایەنی ژن و مێرد. ئازادی لە ئەمری زەواج و هەڵبژاردنی هاوسەردا، بەڕەسمی ناسرانی هاوسەرگیری لە ڕێگای تۆمار کردن لە دەفتەری دەوڵەتیدا، قەدەغە بوونی سیغە و چەند هاوسەری، بەرابەری مافی ژن و پیاو لە کاروباری تەڵاق و سەرپەرستی کردنی منداڵدا، هاوسەرگیری ژنان و پیاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ قەدەغەیە. ئەو کەس و ناوەندانە مەزهەبیانەی کە کسانی ژێر ١٨ ساڵ مارە دەکەن، بە تاوانبار بە حێساب دێن.
ژن و پیاو دەبێ لە ماف و بەرپرسیاریەتی وەک یەک لە بەرانبەر یەکتردا، لە بەرانبەر منداڵ و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، بەهرەمەند بن. شوێنی ژیان دەبێ بە ڕەزامەنی هەردوولا دیاری بکرێت. مافی ژنان بۆ کار کردن و سەفەر کردن نابێ مەرجدار بێت بە ئیجازەی هاوسەرەوە.
سەرجەم ئەو یاسا شەرعی و عورفیانەی کە لەژێر ناوی دیفاع لە ناموسدا، تاوانی ئەوانەی جەنایەتیان لەدژی ژنان ئەنجامداوە کەم دەکەنەوە هەڵدەوەشێنەوە. بۆ ئەو جورم و جەنایەتانەی کە نیسبەت بە ژنان، لەژێر ناوی دیفاع لە ناموس و شتی لەم جۆرەدا بەڕێوەدەچێت، سزای قورس دیاری دەکرێت. هەموو جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانیەکی نێوان ژن و پیاو لە قانونی پێوەندیدار بە بهش كردنی میرات، دابەشکردنی ماڵ و داراییەکان و ئیمتیازاتی یاسایی پیاوان و پشتاوپشت لە باوەکەوە، لە مەسەلەی سەرپەرستی کردندا هەڵدەوەشێتەوە.
پێوەندی تایبەتی ژن و پیاو دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و لە هەموو هیرش و هەڕەشەیەک پارێزراو بێت. دخاڵەتی کەسان و مەڕاجعی دەوڵەتی لە ژیانی خوسوسی ژن و پیاودا بەتوندی قەدەغەیە. ئەو ژنانەی کە بەبێ هاوسەرگیری دەبنە خاوەنی منداڵ دەبێ لە هەموو مافێکی فەردی و کۆمەڵایەتی دایکایەتی بەهرەمەد بن. منداڵەکانیشیان دەبێ هەموو مافێکی کۆمەڵایەتیان هەبێت. رۆژی جیهانی ژنی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردو دەبێتە دەرفەتێک بۆ هێنانه گۆر و شوێن گرتنی ئەم داواکاریانە.