٨ ی مارس، رۆژی جیهانی ژن بهرێوهیه ٨ی مارس رۆژی ڕێزگرتن لە نیوەی دانیشتوانی سهرگۆی زهویه کە هێشتا بە تەواوی پێگەی ڕاستەقینبەی ئینسانی خۆیان بەدەست نەهێناوە ئهسیری نیزامێكن کە بەردەوام ستەمکێشی بۆسەر ژنان بەرهەمدێنێتەوە.رۆژی ٨ ی مارسی ١٨٧٥ ژنانی کرێکاری کارخانەکانی پارچە بافی لە شاری نیویۆرک بۆ باشتر کردنی بارودۆخی کارییان و لە ناهڕەزایەتی بە لەخوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستەکانیان، دەستیاندایە خۆپیشاندان. ئەم حەرەکەتە ناڕازایەتیە تێکهەڵچونێکی توندی لەگەڵ پۆلیسی ئامریکای لێکەوتەوە و پۆلیس بەشێوەیەکی وەحشیانە هێرشی کردە سەری و سەرکوتی کرد. ژمارەیەک لە ژنانی خۆپیشاندەر بریندار و قۆڵبەست کران. رۆژی ٨ ی مارسی ١٩٠٧ سەرلەنوی ژنانی پارچە بافی ئامریکا بە داواکاریی ١٠ کاتژمێر کاری رۆژانە دەستیان دایەوە خۆپیشاندان. ئەم جارەش خۆپیشاندانەکەیان بەرەو رووی سەرکوتی پۆلیس و گیرانی زۆرێک لە ژنەکان بوویەوە. لە ساڵی ١٩٠٨ حیزبی سوسیالیستی ئامریکا دەست ئەداتە پێکهێنانی کۆمیتەی میللی ژنان بۆ کەمپەینی مافی دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردندا. لە مانگی مارسی ئەو ساڵەدا کرێکارانی ژنی بافەندەی سوزەنی بە داواکاری قەدەغە کردنی کار بۆ منداڵان و دەستەبەر بوونی مافی دەنگدانی ژنان لە نیویۆرک خۆپیشاندانێک وەڕیدەخەن. رووداوەکانی ٨ ی مارسی ئەو ساڵە بوونە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی دواتردا واتە لە ساڵی ١٩٠٩ دا ئەم رۆژە وەک یەکەم رۆژی میللی ژنانی ئامریکا بچەسپێندرێت. کەم کەم ئەم رۆژە بوو بە رۆژی دژایەتی ژنان لەگەڵ دەوڵەت و خاوەنکارانی سەرمایەدار، بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و دەستەبەر بوونی مافە کۆمەڵایەتیەکانی سەرجەم ژنان لە سەرتاسەری دنیای پیشەسازیدا. کلارا زتکین، یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کومونیستی جیهانی، لە دوهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژناندا کە لە ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆپنهاگ ی دانمارک بەڕیوەچوو، ٨ ی مارسی وەک رۆژی جیهانی خەباتی ژنان پێشنیار کرد. کۆنفرانسەکە ئەم پێشنیارەی قەبوڵ کرد و ساڵی دواتری ئانترناسیۆناڵی دووهەم رۆژی ٨ ی مارسی بە ڕەسمی وەک رۆژی جیهانی ژن ڕاگەیاند
ساڵەکانی ١٩١٥ و ١٩١٦ لەگەڵ پەرەسەندنی ئاگری شەڕی جیهانی یەکەم، رۆژی ٨ ی مارس ناونرا << رۆژی خۆپیشاندانی ژنان لەدژی شەڕ>>. شۆڕشی فێوریەی ١٩١٧ ی روسیە، لەلایەن ژنانی کرێکارەوە لە رۆژی ٨ ی مارسدا دەستی پێکرد. ئەوان، کە خۆیان لە کومیتەکانی دیفاعدا ڕیکخستبوو بە پشتیوانی و هاندانی پیاوانی کرێکار و بە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانیانەوە لە رۆژی جیهانی ژندا ٢٠٠ هەزار هێنایه مهیدانی مانگرتن و خۆپیشاندان و بوونە هۆی شۆڕشیک کە حکومەتی تزاری تێکەوەپێجاو و ڕێگای بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر خۆش کرد. لەو ساڵانەدا کە شەڕی دووهەمی جیهانی تێیاندا روویدا و دوای ئەویش خەباتی یەکسانی خوازانەی ژنان کەوتەژێر کاریگەری کەش وهەوای جەنگی زاڵ بەسەر دنیادا. بەڵام لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ ی زاینی بەملاوە جارێکی تر سوننەتەکانی رۆژی ژن بوژانەوە و داواکاریەکانی ژنان بە شێوەیەکی گشتی و لە پاڵیاندا داواکاری ژنانی کرێکار لە مەڕاسمەکانی ٨ ی مارسدا ڕەنگیان دایەوە.
لە ئێران، دوای ڕوخانی ڕژیمی شا لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، هێشتا دوو حەفتە لە پێکهاتنی دەوڵەتی نوێ تێنەپەڕیبوو کە خومەینی لە سوخەنرانیەکدا باسی لە پێویستی پۆشینی حێجاب لە لایەن ژنانی کارمەندەوە کرد. رۆژی دواتر ژنانی کارمەندی بێ حێجاب ئیجازەی چوونە نێو ئیدارەکان و شوێنی کاریان پێنەدرا. ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کارمەند و لەوانە کارمەندانی ژنی وەزاڕەتی دەرەوە لە چوون بۆسەر کارەکانیان خۆیان پاراست. هاوکات هەزاران ژن لە زانکۆهکانی تاران کۆبوونەوە و لەدژی حوکمەکەی خومەینی دروشمیاندا. حیزب اڵاییەکان بە پەنجە بۆکس، قەمە، ئەسید، زنجیر و شتی لەم جۆرە کەوتنە گیانی ژنانی بێ حیجاب. خومەینی نەک پاشەکشەی لە حوکمەکەی خۆی نەکرد بەڵکو باسی لە ئیجباری بونیشی لە شوێنە گشتیەکان کرد. جەمعیەتێکی بەرین، کە زۆربەیان ژنانی ناڕازی بوون، رۆژی ١٧ ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ بەرابەر لەگەڵ ٨ ی مارس لەدژی حوکمە ئیسلامی دژبە ژن له لایهن خومەینیهوه و هێرشی وەحشیانەی حێزبواڵاییەکان بۆسەر ژنان ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران. ئەوان وێڕای ڕاگەیاندنی داواکاریە سیکۆلار و ئازادی خوازانەکانیان دروشمیشیان ئەدا: ئێمە شۆڕشمان نەکرد / تا بگەڕێینەوە بۆ دواوە.
لەو رۆژەوە تا ئێستا ژنان و پیاوانی سیکۆلار، چەپ و سوسیالیست بۆ بەڕیوەبردنی رۆژی جیهانی ژن لەگەڵ ڕژیم لە کێشمەکێشدا بوون. ئەم بەرەو روو بوونەوەیە بە تایبەت لە کوردستان توندتر بووە. کاربەدەستانی ڕژیم هەموو ساڵێک لە مانگ و حەفتەکانی نزیک بوونەوە لە رۆژی جیهانی ژن فەزای خەفەقان لە شارەکانی کوردستان توندتر دەکەنەوە و هەوڵ ئەدەن بە بانگ کردنی هەڵسوڕاوان و وەڕێخستنی مانۆڕی ڕەسمی و ناڕەسمی نیزامی بەر بە بەڕێوەچوونی ئەم رۆژە بگرن. بەڵام ژنانی تێکۆشەر و کرێکارانی وشیار بەردەوام و بە لەبەرچاو گرتنی کەشی سیاسی و ڕێژەی ئامادەیی هێزە شۆڕشگێڕەکان تێدەکۆشن بە شێوەیەک لە شێوەکان مەڕاسمەکانی ٨ ی ماڕس بەڕیوەبەرن.
لە هەموو ئەم ساڵانەدا و تا بە ئەمرۆ هەوڵدان بۆ بەڕیوەچونی مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی ژن لە کوردستان و لە تاران و هێندێک لە شارەکانی دیکەی ئێران بۆتە هێمایەک لە خۆڕاگری ژنان لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا. ئەمساڵیش ڕژیم هەوڵ ئەدات بە هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە بەر بە بەڕیوەچونی مەڕاسمەکانی ٨ ی ماڕس بگرێت و یان ئەوەیکە ئەم مەڕاسم و ئاکسیۆنانە بە شێوەی پڕژو بڵاو و دوور لەچاوی گشتی بەڕیوەبچن. بەڵام هەوڵ و خۆڕاگری لەم بوارەدا درێژەی هەیە. با بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی ٨ ی مارسی ئەمساڵیش وڵامێک بێت بە سیاسەت و کرداری دژ بە ژن له ڕژیمی ئیسلامیدا.