کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سێی ئه‌سفەند ساڵیادی خۆپیشاندانی خوێناوی خەڵکی سنەیە بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی کوردستانی تورکیە

ئەمرۆ دووشەممە سێی مانگی ڕەشەمە، حەفدەهەمین ساڵرۆژی شانۆی شكۆداری هاوپشتی خەڵکی شاری سنەیە لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیە. هه‌ر له‌و چه‌شنه‌ی كه‌ ساڵی ڕابردو بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگری خەڵکی کۆبانی دیتمان. مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٧٧ و لە ئاوا رۆژێکدا بوو کە خەڵکی شارەکانی کوردستان لە ده‌ربرینی تووره‌یی به‌رانبه‌ر بە ڕفاندنی ” عەبداللە ئۆجالان” ڕێبەری ” پ. کا. کا.” ڕژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان لە وه‌ها رۆژانێك دابوو كه‌ له‌ جەریانی پیلانێکی هاوبەشی دەزگا جاسوسیەکانی تورکیە، ئیسرایل و ئامریکاداوئوجلان رفێندراو تەحویلی تورکیە درایەوە.کۆماری ئیسلامی ئه‌و رژیمه‌ی کە نێوبانگی جەنایەت و ڕیاکاریەکانی لەدژی خەڵکی کوردستان لە دنیادا دەنگی داوەتەوە، سەرەتا هەوڵیدا کە تووره‌یی خەڵکی کوردستان لە ڕفاندنی ڕێبەری پ کا کا و هاوپشتی ئەوان لەگەڵ خەڵکی کوردستانی تورکیە، بکاتە دەستمایەیەک لە ڕكابه‌ره‌ییه‌ ناوچەییەکانیدا لەگەڵ تورکیە، ئیسڕایل و ئامریکا. بەڵام خەڵکی کوردستان کە خۆیان قوربانی سیاسەتی جەنایەتکارانە و تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامین، دەرفەتی بەهرەبەرداریان لە خۆپیشاندانه‌كان بە کۆماری ئیسلامی نەدا و بە بەرپا کردنی حه‌ره‌كتی سەربەخۆ پەردەیان لە رووی ئامانجی ڕیاکارانەی دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح خوازانی حکومەتیش لادا.370

کاربدەستانی کیشوەری و ناوچەیی ڕژیم سەرەتا لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕێپێوان و خۆپیشاندانی خەڵک لە سنە موافقەتیان کرد، بەڵام نیوەشەوی دوو شەممە سێی ڕەشەمە ” عەبداللە ڕەمەزان زادە” ئوستانداری ئەوکاتی ئوستانی کوردستان بەڕێوەچونی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکی لە رۆژی سێی ئه‌سفەندا قەدەغە ڕاگەیاند. هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە، هێزەکانی گاردی ویژەی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامی لەسەرجەم شوێنە گرینگ و شەقامە سەرەکیەکان جێگیر بوون. خەڵکی شاری سنە و لە پێشیانەوە لاوانی جه‌سور و شورشگێر لە حاڵێکدا عەزمی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ڕێپێوان جەزم کردبوو، سەرەڕای حوزوری زۆری هێزە چەکدارەکانی قامک لەسەر ماشە، لە چوار گۆشەی شارەوە بەرەو مەیدانی ئازادی و شوێنە ناوەندیەکانی شار کەوتنە ڕێ. خەڵکی ناڕازی و توڕە لە ویست و ئامانجی ڕژیم واوەتر چوون و لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرت بۆ هێنانە گۆڕی داواکاریە ڕەواکانیان. لێرەدا بوو کە ئیتر ناوه‌رۆكی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوو. بە دەستوری به‌رپرسانی کیشوەری و لەشکری ڕیزی یەکگرتوی خەڵک لە زەوی و ئاسمانەوە درایەبەر ڕێژنەی گوللە. پەیکەری ژمارەیک لە لاوانی کچ و کوڕی شاری سنە خەڵتانی خوێن کراو و سەنگفەڕشی خیابانەکانی ئەم شارەی ڕەنگین کرد. سەدان کەس لە لاوانی کچ و کوڕ، ژنان و پیاوانی توڕە لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی هێزەکانی گاردی ویژەی سپادا دەستگیر و بران بەرەو سیاچاڵەکانی ژێر پادگانی لەشکری ٢٨ ی کوردستان. ژمارەیەکیان قەت نەگەرانەوە بۆسەر کلاسەکانی دەرسی زانکۆ و شوێنی کارەکانیان. رووداوی سێی ئه‌سفەند ڕواڵەتی ڕیاکاری ئیسلاح خوازانی حكومەتی و هاوپەیمانکانیانی لە کوردستان کە بە قین لە دڵی و دوژمنایەتی قوڵەوە حەرەکەتی ماف خوازانەی خەڵکی سنەیان مەحکوم کرد، ئاشکرا کرد.
ساڵگەردی سێی ڕەشەمەی سنە لە بارودۆخێکدایە کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی کردوەتە ئامانجی دژی ئینسانی ترین هێرش و چەندین شاری کوردستانی لەم وڵاتەدا خەڵتانی خوێن کردوە. خەڵکی کوردستانی ئێران کە حەرەکەتی سێی ئه‌سفەندیان بۆ پشتیوانی لە هاوچارەنوسانی خۆیان لە تورکیە لەپاڵ سەدان سەحنەی خەباتکارانەی پڕ شوری تردا، لە پێشینەی پڕ لە شانازی خۆیاندا هەیە، وەک ڕابردو خۆیان بە پشتیوان و یاوەری خەڵکی سته‌ملێكراو و تێکۆشەری کوردستانی تورکیە دەزانن.
ساڵوەگەڕی سێی ڕەشەمە لە هەمانحاڵدا هاوکاتە لەگەڵ ئاخرین رۆژەکانی ئامادەکاری کردن بۆ به‌ریوه‌بردنی گاڵتەجاڕێک کە تێیدا جارێکی تر قەرارە زەوت کرانی ئازادی و پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، ئەمجار لە شانۆگەری هەڵبژاردندا مۆری بەناو قانونی بوونی لێ بدرێت. گۆیا جه‌ماوه‌ری خەڵک دەبێ بە دەستی خۆیان بده‌ن. مۆری ڕازی بوون لەم بێ مافیەی خۆی بدات. با بە بەشداری نەکردنی لێبڕاوانەی خەڵکی کوردستان لەم گاڵتەجاڕەی هەڵبژاردندا، وەک حەرەکەتی خه‌باتكارانه‌ی خەڵکی شاری سنە لە سێی ئه‌سفەندی ساڵی ١٣٧٧ ، وەک مانگرتنی گشتی ٢٣ ی گوڵان و ١٦ ی گەلاوێژ شانۆی هاودەنگی، خۆڕاگری و وێنایەکی زیندو بێت لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. با جەماوەری خەڵکی کوردستان بە ئامادە نەبوونیان لەم شانۆگەریەدا بە هوموو دنیا و ڕای گشتی نیشان بدەن کە ئەم ڕژیمە هیچ چەشنە ڕەوایەتیەکی نییە و خۆی بە زۆر بەسەر خەڵکی ئه‌و وڵاته‌دا سەپاندوە. ئەم جارەش پێویستە تا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنە ڕیسوا بکەن و لاپەڕەیەکی تر و بەرگێکی دیکە لە مێژوی خەباتی ماندویی نەناسانەی خۆیان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەنەوە.
ئەمرۆ ئیتر سێی ڕەشەمە بۆتە یەکێک لە رۆژە مێژوییەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. لە حەفدەهەمین ساڵرۆژی ئەم رۆژە مێژوییەدا، رێز دەگرین لە یاد و بیرەوەری ئەو ئازیزانەی کە لەم رۆژەدا بوونە ئامانجی هێرشی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی و گیانیان بەخت کرد و سلاوی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی خۆراگری بنەماڵە سەرفەرازەکانیان دەکەین.