لە ئێرانی ژێر حاکمەیەتی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا، نزیک بە چوار دەیەیە کە کرێکاران بە بیانوی جۆراو جۆر دەردەکرێن و بێکار کراون. هەرچەند لە هەر دەورەیەکدا بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری تایبەت بەو دەورەیە، ئاماری پێوەندیدار بە دەرکران و بێکارسازیەکان بەرز و نزم بۆتەوە، بەم حاڵەشەوە لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا ئەم مەسەلەیە ئاستی بەرینتری بەخۆیەوە گرتوە. بەپێی هەواڵی رۆژ ژمێری کرێکاری لەم چەند مانگەی دواییدا، شەپۆلی دەرکردنی بەکۆمەڵ یان بە تاکی کرێکارانی بونگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە هەردوو بەشی تایبەت و دەوڵەتیدا کەوتوەتە ڕێ.لەم ماوەیەدا لەگەڵ بێکارسازی بەرینی کرێکاران لە دەیان کارخانە و ناوەندی خزمەتگوزاریدا لەوانە ئێران زاک نۆشابەی خۆشگوار، نەوەرد و لولەی سەفا، کارخانەی بنێشتی ئێڕان زاک، ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ئیلام، پیتوشیمی ئیلام، شارەداری مەریوان، کوشتارگای نیوە سەنعەتی جلین، مەعدەنی تەڵای ساریگونی، و هیتر، شاهیدی دەرکرانی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی مسی خاتون ئاباد و گیرانی کۆمەڵێک لە کرێکارانی ناڕازی ئەو کارخانەیە بووین.بەپێی ئاخرین هەواڵی بڵاو کراوە، بیست و هەشت کرێکاری ناڕازی مسی خاتون ئاباد رۆژی سێ شەممە ٢٦ ی ژانویەی ٢٠١٦ قۆڵبەست کران. ئەم کرێکارە قەراردادیانەی کە لە کاتی دامەزرانی پاڵاوگەکەوە لەم مەجموعەیەدا خەریکی کار بوون، لەو رۆژەدا لە بەردەم دەرگای چوونە ژورەوەی موجتەمەعی مسی خاتون ئابادمانیان گرت و ڕێگایان لە کرێکاران و پڕسونێلی ئەم مەجموعەیە گرت، کە دواتر هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بە هێڕش کردنەسەر کرێکارانی ناڕازی لەشەودا، ژمارەیەک لەوانیان گرت. بنەماڵەی ئەم کریکارە گیراوانە لە ناڕەزایەتی بەم کردارە دژی کرێکاریە، رۆژی چوار شەممە ٢٧ ی ژانویە، لەبەردەم درگای چوونە ژورەوەی موجتەمەعی مسی خاتون ئاباد مانیان گرت.
هێرش بۆسەر کرێکارانی ناڕازی خاتون ئاباد و گرتنیان کە بۆ دیفاع لە بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان ڕاپەڕیون، جارێکی تر نیشانیدا کە، ڕژیمی سەرمایەداری حاکم وڵامی سەرەتایی ترین داواکاریەکان بە زۆری سەرکوت وزیندان ئەداتەوە. لە بیرمانە چلۆن لە ساڵی ١٣٨٢ ی هەتاویدا، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی کرێکارانی خاتون ئابادی شاری بابەکیان بە گوللە وڵام دایەوە و چەند کرێکاریان کوشت. ئەم جۆرە کردارە جەنایەتکارانە کە بەردەوامیش تێکرار دەبنەوە بە روونی نیشانی ئەدەن کە ئەم ڕژیمە لەپێناو مانەوەی حاکمیەتەکەی لە بەرانبەر قەیرانێکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی قوڵ و هەمەلایەنەی کە تێی کەوتوە، چلۆن لەدژی کرێکاران شمشێری لە کالان دەرکێشاوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەم چەندساڵەی دواییدا چەوساندنەوە و بێ مافی بە تەواوەتی کرێکارانی ئێران بە شێوەیەکی بێ وێنە توند بۆتەوە. لەگەڵ خوسوسی سازی، دەرکردن و بێکارسازیەکان، قەراردادی سپی ئیمزا، دابەزینی ئاستی حەقدەستەکان و وەدوا خستنی دانی ئەم حەقدەستە ٤ تا ٥ جار لەژێر هێڵی هەژاریەش، لابردنی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، و داسەپاندنی قانونی دژی کرێکاری، زیاتر لە ڕابردو ژیانی کرێکارانی خستەوەتە ژێر گوشاری تاقەت پڕوکێنەوە. نوێ ترین ڕاپۆرتی ” ناوەندی ئاماری ئێران” باس لە نرخی بێکاری چل و هەشت لەسەدی لاوانی ژێر ٣٠ ساڵی دەکات. نرخی بێکاری لەنێو ژناندا گەیشتوەتە زیاتر لە ٨٠ لەسەد.
دەرکردن و بێکارسازی چەکێکە لە دەست سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا بۆ توند کردنەوەی چەوساندنەوە و دابین کردنی هێزی کاری هەرزان. گرتنی کرێکارانی ناڕازیش هەنگاوێکە لە ڕاستای پەرەپێدانی فەزای ترس لەنێو جەماوەری کرێکاران و حقوق بگیرانی کۆمەڵگەدا. ئەگەر هەمیشە دەرکردن و بێکارسازیەکان سیاسەتێک بووە بە ئامانجی زیاد کردنی ژمارەی بێکاران و بەم جۆرە هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، گرتنی کرێکارانی ناڕازی لە لایەن هێزە سەرکوتەگەرەکانی ڕژیمیشەوە ڕێگایەکە بۆ داسەپاندنی پاشکەشە بەسەر بزوتنەوەی متالباتی کرێکاراندا.
لەم بارودۆخەدا بە دەستپێکردنی بە کردەوە دەرهاتنی تەوافوق سەبارەت بە لەنێو بردنی پرۆژەی هەستەیی، ناسراو بە بەرجام، ڕژیمی ئیسلامی هەوڵ ئەدات تا بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری نێوخۆیی و دەرەکی و وێڕای زەمانەت کردنی سودئاوەری سەرمایەکان، سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری، و هێرش بۆسەر ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە توند تر بکاتەوە. لە ئاوا باردۆخێکدا ڕێگایە بێجگە لە خەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران و حقوق بگیران لەدژی هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچونیان، لەدژی ئەو گورزە بەردەوامانەی بێکارسازیەکان لە جەستەی ئەوانی دەوەشێنێ، و لەدژی کرداری سەرکەتگەرانەی ڕژیمی دژی کرێکارای حاکم، بوونی نییە.
هەرچەند لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوی ئەمساڵدا گەلێک مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریمان لە ناوەندەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا بینی، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا بۆ سەرکەوتن لە خەباتدا لەدژی دەرکران و بێکارسازیەکان، سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری، و بەردەوام بوونی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم، هەوڵ و خەباتیان لە ئاستی کارگا و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری بێننەدەر و ئەم خەبات و تێکۆشانانە بکێشنە دەرەوەی کارخانە و کارگاکان. لەم رێگایەوە کرێکاران دەتوانن لە پشتیوانی و هاوڕێیەتی بنەماڵەی کرێکارانی دەرکراو و زیندانی، و باقی جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەهرەمەندبن و بەتواناتر و بەهێزتر دەرکەون. پێشڕەوی خەباتی کرێکاران و گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی کرێکاران، پێویستی بە وەها پشتیوانیەک هەیە. دەستەبەر بوونی وەها بەرەنگاری و خۆڕاگریەکی بەرین، و لە ئاکامدا، داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا، گرێدراوە بە دەور و نەخشێکەوە کە پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی سوسیالیست و ڕادیکاڵ دەینوێنن.