لە ئێڕان بە شێوەی مامناوەند رۆژانە ٥ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئیمنی و نەبوونی ئیمکاناتی گونجاو لە شوێنی کار، گیان لەدەست ئەدەن. بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی قانونی، تەلەفاتی رووداوی کار لە ساڵی ١٣٩٣ دا، نزیکەی ٢ هەزار کەس بووە؛ ئەم ڕاپۆرتە لە درێژەدا دەڵێ لە ساڵی ١٣٩٢ دا، رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە بۆتە هۆی مەرگی ١٩٩٤ کەس. زۆرترینی ئەو رووداوانەی بوونەتە هۆی مردنی کرێکاران لە ئوستانەکانی تاران، ئیسفەهان و خۆراسانی ڕەزەوی دا روویانداوە، و کەمترینیشیان لە ئوستانەکانی کهگیلویە و مویر ئەحمەد، خۆراسانی شومالی، و ئیلام. لەگەڵ ئەمانەدا بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە لە لایەن وەزارەتی ” تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی” ڕژیمەوە، لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردودا ٢٤ رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە تۆمار کراوە. شیاوی وتنە، ئاماری پێوەندیدار بە مردنی کرێکارانەوە بەهۆی رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە لەم دە، دوازدە ساڵەی دواییدا رووی لە زیاد بوون بووە، بە شێوەیەک کە لە مەرگی رۆژانە ٢ کرێکار لە ساڵی ١٣٨٣ بەم لاوە، گەیشتوەتە ٥ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٤ دا.
لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا، درێژەی قوربانی بوونی کرێکاران لە شوێنی کاردا، بۆتە گرفتێکی جیدی بۆ چینی کرێکار. رووداوەکان و هەروەها نەخۆشیگەلی سەرچاوە گرتوو لە ڕیعایەت نەکرانی بێهداشتی شوێنی کار دوای تەسادوفاتی ڕانەندەگی دووهەمین هۆکاری مەرگ و میر لە ئێراندا بەحێساب دێن. نەوەد لەسەدی قوربانیەکانی ئەم جۆرە رووداوانە لەژێر چەتری سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتیدا نین.
لەم نێوانەدا، کرێکارانی بیناسازی زیاتر لە باقی بەشەکانی چینی کرێکار لەبەردەم مەترسی و ئاسیبدان. بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە، لە بەشی بیناسازیدا ساڵانە نزیکەی ١٥ هەزار رووداو دەقەومێ. ئامارەکانی ” سازمانی تەئمینی ئیجتماعی” و ناوەندەکانی ئاماری ئێران” دەرخەری ئەوەن کە، لە هەر سێ کرێکارێکی بیناسازی، تەنیا یەک کەسیان دەگاتە تەمەنی خانەنشینی و دوو کەسەکەی تر، ئەگەر شانسیان هەبێت و لە مردن ڕزگاریان بێت، دەبنە کەمئەندام و لە کارکەوتو. پێویست بە وتنە، ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەم ڕشتەیە بۆ دانی بیمە، و یان فەراهەم کرانی کەرەستەی ئیمنی، بە چەند هۆکار لە وانە پڕژوبڵاو بوون، بەرگرتن لە ڕێکخراو بوونیان لە تەشەکولێکی سەربەخۆ و چینایەتیدا، و هەروەها لە دەرەوەی قانون بوونیان وەک کرێکارانی کارگاکانی ژێر ١٠ کەسی شمولی زۆرێک لە مادەکانی قانون کاری دژی کرێکاری ڕژیمی ئیسلامی نە بوون، و تا ئێستا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە.
ئەوەی روون و ئاشکرایە، لە شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنانی وڵاتدا ئاستی ئیستانداردە ئیمنیەکان گەلێک نزمە و بەردەوام مەترسی مردن، سەدەمە دیتن و کەمئەندام بوون، و یان گیرۆدە بوون بە هەموو جۆرە نەخۆشیەکی گران و کوشەندە، هەڕەشە لە گیان و حەیاتی کرێکاران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا مودیران و بەرپرسانی ئیدارە پێوەندیدارەکان هەر رووداوێک لە کارگا، کارخانە و باقی ناوەندەکانی کار و زەحمەتدا دەگێڕنەوە بۆ کەمتەرخەمی و بێ ئیحتیاتی کرێکاران، و نەک بۆ نەبوونی کەرەسە و پێداویستی ئیمنی و یان نا ئیستاندارد بوونی شوێنەکانی کار و گوشاری چەند لایەنەی کار کە دەبێتە هۆی ماندوویی و تێکچونی حەواس و هاوسەنگی فکری کرێکاران.
لە زۆر حاڵەتدا ” ئیدارەی کار” و هەروەها ” دەزگای قەزایی” ڕژیمی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامی، خاوەنکارانی بە ئامانجی سەرکۆنە نەکران و ڕزگار کردن لە دانی غەرامەت بە بنەماڵەی قوربانیانی شوێنی نا ئەمنی کار، لە کەمکاری کردن لە دابین کردنی ئەمنیەت لە شوێنەکانی کاردا تەبرەئە کردوە و بە پێچەوانە کرێکارانی سەدەمە دیتویان بە خەتابار داوەتە قەڵەم! بێجگە لەمە بەرڕەسی و توێژینەوەکانی ئەنجامدراو نیشانی ئەدەن، زۆربەی ئەو بنەماڵە کرێکاریانەی کە بەهۆی رووداوەکانەوە کەمئەندام یان مردون، لە پشتیوانی ” سازمانی تەئمینی ئیجتماعی” بەهرەمەند نەبوون.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە، سیاسەتی بێ تەوەجوهی ناوەند و سازمانەکانی ڕژیم بە نا ئەمنی شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنان وەک چەوساندنەوەی زۆری کرێکاران لە ڕێگای زیاد کرانی کاتژمێری کاری، هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، ئاسان کردنی بوارەکانی دەرکردن و بێکار کردن، قەراردادی کۆیلەیی هێنەر، و داسەپاندنی هەموو ئەو بێمافیانەی بوونیان هەیە بەسەر کرێکاراندا، لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایەداران و خاوەنکاراندایە. لە لایەکی دیکەوە قازانج پەرستی و زێدە خوازی خاوەنکاران لە هەردوو بەشی تایبەت و دەوڵەتیدا، ئیجازە نادات تا شوێنێکی ئەمن بۆ کرێکاران و حقوق بگیران ئامادە بکرێت.
لە ڕاستیدا خاوەنکاران بە هاسانی و بەبێ گوشاری خەباتی یەکگرتوانەی کرێکان ئامادە نین بەشێک لە زێدەبایی و قازانجێک کە بەرهەمی ڕەنج و هەوڵی کرێکارانە بۆ دابین کردنی ئیمنی ناوەندەکانی کار و زەحمەت لە ئێران تەرخان بکەن. چەندینجار بیندراوە، ئەوان بە هەزاران فێڵ و کەڵەک، و هەڵبەت بە هاوکاری بێدریغی بازڕەسانی وەزارەتی کار، شانیان لەژێر باری بەرپرسیاریەتی ئیمن سازی شوێنەکانی کار، دەرکێشاوە. گومانی تێدا نییە کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان سەبارەت بەوەی کە کرێکاران یەک لەدوای یەک کەمئەندام، و یان بمرن، کەمترین ترس و نیگەرانیان نییە، لەبەر ئەوەی بە لەبەرچاو گرتنی ئەڕتەشی ملیۆنی بێکاران، هەرکاتێک بیانەوێ کرێکارانی بێکار لە جیاتی کرێکارانی سەدەمە دیتوو یان مردو بەهەمان بارودۆخی دژوار و تاقەت پروکێنەوە ئیستخدام دەکەن.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستیانە، تا کاتێک کە هێشتا ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ئاخێز و شۆڕشی کرێکاریەوە نەروخاوە، پێویستە کرێکاران بە خەباتی بەرنامە بۆ داڕێژراو و نەخشە مەندی خۆیان، سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان ناچار بە فەراهەم کردنی شوێنێکی ئیمن و بێهداشتی بکەن. دابین کردنی ئیمنی شوێنەکانی کار وەک بەرز بوونەوەی ئاستی حەقدەستەکان تا ئاستی فەراهەم بوونی ژیانێکی پڕ لە ڕیفاە و ئینسانی، تێکەوە پێچرانی قەراردادە کاتی و سپی ئیمزاکان، ئەمنیەتی پیشەیی، بیمەی بێکاری کافی، و هیتر یەکێک لە داواکاریە زۆر گرنگەکانی کرێکارانە. دەستەبەر بوونی ئەم داواکاریانە بەستراوەتەوە بە هەوڵ و تێکۆشانی لێبڕاوانەی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە ڕاستای وەڕێخستن و سازماندانی ناڕەزایەتیەکی موتەشەکل و یەکگرتوانە، و درێژەی خەباتی کرێکاران لەپێناو ئەم داواکاریە گرنگانەدا.