کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ شانۆی وه‌حه‌شه‌تی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، به‌شداری مه‌كه‌ن

  ماشێنی ئێعدامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە بە ڕەوتی خۆی ئەدات. ئەم ڕژیمە هەموو رۆژێک ژمارەیەک لەو زیندانیانەی کە لە سلولەکانی مەرگدا لە نۆبەی ئێعدامدا ڕایگرتون، یان بەشاراوەیی و یان بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی داری ئێعدامدا دەکات و گیانیان لێ دەستێنێ. تەنیا لە دوو حەوتوی ڕابردودا لانیکەم ٢٩ کەس لە ئێران ئێعدام کراون. کە ئیجرای هێندێک لەم حوکمانە بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەنجام دراون. ئاخرین حاڵەتی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٤ ی مانگی بەفرانبار، لە بەرچاوی خەڵک لە بولواری گەوهەرباران شاری سورک ” میاندرود” لە ئوستانی مازندەران بەڕێوەچوو. ئەم زیندانیە لە لایەن ناوەندە قەزاییەکانی ڕژیمەوە بە تاوانی ” قەتڵی عەمد” بە ئێعدام مەحکوم کرابوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری هیرانا عەباس-ب تاوانبار بووە کە لەگەڵ کەسێکی تر لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا ژنێکی لاویان کوشتوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئیجرای حوکمی ئێعدامی عەباس بە بەرچاوی خەڵکێکی زۆرەوە لەوانە منداڵان ئیجرا کراوە.622

  هەر ئەو جۆرەی کە گەلێک جار ڕامانگەیاندوە و تەجروبەش سەلماندویەتی، وەڕێخستنی ئەم شەپۆلی ئێعدامانە و کرداری سەرکوتگەرانە، نەک لە رووی بەتوانایی ڕژیمەوە، بەڵکو لەبەر داماوی و ترس و وەحشەتیەتی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک. لەوێوە کە سەرانی ڕژیم ئاگاداری ئەم ڕاستیەن کە کۆتایی قەیرانی هەستەیی، ئیجرای بەرجام و لاچونی تەحریمەکان نە تەنیا قەیرانی ئابووری چارەسەر ناکات، بەڵکو درێژەی ئەم قەیرانە و کەم بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دنیادا و زۆر بوونی کەسری بوجەی دەوڵەتی هەموو جۆرە دیمەنگایەکی بۆ باشتر بوونی ژیانی کرێکاران، موعەلیمان و توێژی هەژاری کۆمەڵگا تاریک و لێڵ کردوە. ئەم ڕاستیە ئابووریە لە حاڵێکدا کە کرێکاران و خەڵکی دەستکورتی کۆمەڵگە دوای تەوافوقاتی هەستەیی چاوەڕێی باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچونیان بوون، بەشێوەیەکی چار هەڵنەگر پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی متالباتی بەدوای خۆیدا دێنێ. پەرەسەندنی شەپۆلی ئێعدامەکان و کرداری دزێو و جەنایەتکارانەی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە لە بنەڕەتدا هێرشێکی پێشگیرانەیە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکارای و جەماوەریەکان.  بەڵام ئەگەر ڕژیم غیرەت بەرخۆی دەنێ کە مەیدانی ناوەندی شارەکان و شوێنە گشتیەکان بکاتە جێگای ئیجرای ئەم شانۆگەریە جەنایەتکارانەیە، لە ڕاستیدا ئیجازەکەی لە ناوشیاری و پێشوازی ئەو بەشە لە خەڵکێک وەرگرتوە کە هێشتا لەوە حاڵی نەبوون کە ڕێشەی سەرەکی هەموو گزیکاری و جەنایەتەکان لە زاتی نیزامی سەرمایەداری و حاکمیەتی ڕژیمێکدایە بەم ئێعدامانە جەنایەت و توندوتیژی لە کۆمەڵگادا پەرە پێئەدات. خەڵک و ئەوانەی تماشای دەکەن نازانن، کە ڕژیم بە پیشاندانی ئەم ئێعدامانە، ترساندنی ئەوانی ئامانجە. سەرەکیترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە کۆکردنەوەی خەڵک بۆ تماشا کردنی ئەم نمایشانە، ترساندنی ئەوانە و ئەوانیش بەکردەوە و بەبێ ئەوەی کە خۆیان بیانەوێ دەکەونە داوێکەوە کە ڕژیم بۆی ناونەتەوە.  ئەوەی کە دیار و سەلمێندراوە ئەوەیە کە خەڵک لە دستدرێژی و هێرش و کوشتو کوشتار بێزارن و چاوەڕێی ئەوەن کە دەستدرێژی کاران و قاتڵەکان دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن. کۆماری ئیسلامی لەم هەستە و لەم چاوەروانیەی خەڵک، بەهرەبەرداری دەکات و بەناوی خەڵکەوە دێتە مەیدان تا بەناو دادپەروەری ئیجرا بکات. ڕژیم بە سواربونی بەسەر هەست و عەواتفی خەڵکدا، ئامانجی سەرەکی خۆی کە ترساندن و بێدەنگ کردنی خەڵک و پەڕاوێز خستنی مەسەلە ئەساسیەکانە ئەوانە دەباتە پێشێ. ڕژیم بەمجۆرە هەوڵئەدات تا هەستی تۆڵەسندنەوەی خەڵک هەڵخڕێنێ و کرداری دژی ئینسانی ئێعدام بەشێوەی گشتی و ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە بە تایبەتی بە ڕەوا پێشانبدات.  کۆماری ئیسلامی لەوێوە کە دەزانێ هەموو جۆرە تەجاوز و کوشتنێک خەڵک زۆر توڕە و بێزار دەکات و هەستی تۆڵە ساندنەوەیان دەجوڵێ، ئاگاهانە هەرجار ناجارێک کە بارودۆخ بە لەبار بزانێ و پێیوابێ کە دەتوانێ سواری شەپۆلی هەستی تۆڵە ساندنەوەی خەڵک بێت، بۆ چاوترسێن کردنیان و ئاسایی پیشاندانی جەنایەتە دەوڵەتی و حکومەتیەکان، بەساتی قەتڵ و جەنایەتی لە مەیدانی شارەکان دادەمەزرێنێ و مەحکومان بە مەرگ بە بەرچاوی خەڵکەوە دەکوژێ. خەڵک بە حوزوری خۆیان لەم شانۆگەریە دژی ئینسانیەدا ئیمکان بە ڕژیم ئەدەن تا ئەو کردارە بکاتە بابەتێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگە و فەزای ترس و وەحشەت بەسەر کۆمەڵگادا بکاتە هەتاهەتایی.

  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕژیمە هارەی سەرمایەداری حاکم لە ئێران کە لە گەمارۆی قین و توڕەیی خەڵک و خەباتیاندایە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا، یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی مانەوەی خۆی لە سەرکوتی ئاشکرا و تێکراری جەنایەتەکانی سی ساڵەیدا دەبینێ. کۆماری ئیسلامی نیگەران لەوەی کە ئاخێزی جەماوەری خەڵک و هاتنە مەیدانی کرێکارانی ڕێکخراو بەساتی جەنایەتەکانی تێکەوەپێچن و سەرجەم نیزامەکەی بۆ هەمیشە بنێنەگۆڕ، وشیارانە چاوەڕێی دەرفەتێکە تا داری ئێعدامەکانی لە مەیدانی شارەکان دامەزرێنێ و بە شێوەیەک بەو خەڵکە توڕە و ناڕازیەی کە بە کەمتر لە مەرگی ڕازای نابن، بڵێت کە هێشتا زەرفیەتی جەنایەت و بنیادەم کوشتنی هەیە و خەڵک چاوترسێن بکات.  خەڵک نابێ لە مەڕاسمی کوشتنی ئینسانەکاندا بەشداری بکەن. خەڵک بەهەر ڕادەیەک لە کرداری قاتڵان و دەستدرێژی کاران توڕەبن، نابێ ببنە ئامرازێک بۆ بەرپا کردنی بەساتی جەنایەتە پلان بۆ دارێژراوەکانی ڕژیم. خەڵک لەهەر کوێیەک ئیمکانیان هەبوو دەبێ بە دەست خستنە نێو دەستی یەکتری بەساتی قەتڵ و کوشتاری ئینسانەکان بەسەر بەکرێگیراوانی ڕژیم و دامەزرێنەرانیدا وێران بکەن. شانۆگەری وەحشیانەی شێلاق لێدرانی ئینسانەکان و مردنیان بۆ تماشا کردن نابێ. حوزوری خەڵک لەم سەحنە پڕ ئازارانەدا ئامانج و بەرنامەیەکە کە ڕژیم بۆیانی داڕشتوە. نابێ یارمەتی هاتنەدی ئەم ئامانجە بدرێت. شێلاق لێدران و مردنی ئینسانەکان، چاولێمەکەن، بەساتەکەی تێکەوەپێچن.