کاتێک کە باسی یەکسانی سەرجەم تاکەکان، بەبێ جیاوازی جنسیەت، ڕەگەز، نەتەوە و هیتر دەکەین، بەرابەریەکی ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی و نەک تەنها بەرابەریمان لەباری حوقوقیەوە لە نەزەردا بێت. بەرابەری حوقوقی لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا کە تاکەکانی لە هەمان سەرەتای هاتنە دنیاوە لە بارودۆخێکی نایەکساندان و خاوەنی مەوقعیەتێکی نابەرابەرن، ناتوانێت بەرابەری ڕاستەقینەی کەسەکان دابین بکات.ئێمە وێڕای دیفاع کردن لە یەکسانی حقوقی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە و تێکۆشان لەپێناو دەستەبەر بوونی ئەم مافەدا، تەنیا بەم جۆرە بەرابەریە ڕازای نابین و بۆ دامەزراندنی وەها نیزامێک خەبات دەکەین کە ئیمکانات و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرابەر بۆ سەرجەم ئەندامانی فەراهەم بێت. بەرابەری حوقوقی سەرجەم دانیشتوانی کۆمەڵگە بەبێ لەبەرچاو گرتنی جنسیەت و نیژاد و مەرام و هیتر لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا مەرجی پێویستە بۆ گەیشتن بە یەکسانی تەواوی کۆمەڵایەتی. ئێمە وەک وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بە یەکسانی ڕاستەقینە دەڕوانینە بەرابەری حوقوقی و نەک وەک ئامانجێک لە خۆیدا. ئێستا بزانین کە سەبارەت بە بەرابەری ژن و پیاو ئەم بەحسە چ واتایەکی هەیە:لە ڕوانگەی ماڕکسیستەکانەوە ژن و پیاو دەبێ لە هەموو لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەوە نەک هەر بە بەرابەری حوقوقی، بەڵکو بە یەکسانی ڕاستە بگەن. و ئەمەش بەو واتایەیە کە یەکەم سەرجەم ئەو یاسایانەی کە جیاوازی دەکات لەنێوان ژن و پیاودا، هەڵبوەشێنەوە. بۆ نموونە ژنیش وەک پیاو مافی کار کردن و دەستڕاگەیشتن بە هەموو شوغڵەکانی هەبێت، لە کاروباری پێوەندیدار بە بنەماڵەدا ژن و پیاو خاوەنی یەک مافی یەکسان بن، وەک نموونە لە بابەت هاوسەر گیری، تەڵاق و سەرپەرستی کردنی منداڵ؛ و هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە تایبەتانەی کە لەژێر ناوی “سەرۆکی بنەماڵە”دا، بە شێوەی قانونی بە پیاو دراوە، هەڵبوەشێتەوە؛ و لە باری سیاسیشەوە ژنان وەک پیاوان مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردرانیان لە هەموو بوارەکاندا هەبێت.
دووهەم و وەک مەرجی پێویستی بە کردەوە دەرهاتنی ئەم مافە یەکسانانە، ئێمە خوازیاری ئەوەین کە ئیمکاناتی بەرابەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی و ئاموزشی بۆسەرجەم ژنان لە ڕاستای پەروەردە بوونی توانایی و شایستەگیەکانیاندا و بردنەسەری ئاستی وشیاری و شعوریان فەراهەم بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەم ئیمکاناتە بە واتای ڕاستەقینە دەستەبەر بکرێت و ژنان واقعەن ئیمکانی دەست ڕاگەیشتن بە یەکسانی بە دەست بێنن، پێویستە سەرجەم کۆسپە فەرهەنگی و مەزهەبی و بیرو بۆچونی پیاوسالارانە کە پێگەی نزم تر و ژێر ستەم بۆ ژنان بە ئەمرێکی ئاسایی پیشان ئەدات و بە قوڵایی کۆمەڵگەشدا رۆچوە، ڕێکبخرێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ژنان بەهۆی دەورێکی تایبەت کە وەک دایک لە ئەستۆیانە، لە نیزامی سەرمایەداریدا بەرەو رووی گەلێک مەحدودیەت دەبنەوە. لەبەر ئەوەی نیزامی سەرمایەداری لە بەرانبەر ئەم مەسەلەدا و لە بەرانبەر منداڵانی کۆمەڵگەدا هیچ چەشنە بەرپرسیاریەتی و تەعەهودێک وەئەستۆ ناگرێت و ئەو مەسئولیەتە بەتەواوی دەخاتە ئەستۆی بنەماڵە. بەم هۆیەوە گەلێک ژن بەهۆی هەژاری ماڵی و یان تەنانەت فەرهەنگیەوە لە کاتی منداڵ بووندا یان گیان لەدەست ئەدەن و یان توشی گەلێک ناڕەحەتی دێن کە ئاسەوارەکەی بۆ هاتەهەتایە بەسەر ژیانیانەوە قورسایی دەکات. و ئەمەش لە کردەوەدا بەو مانایەیە کە زۆربەی ژنان تەنانەت لەباری حەیاتیی خۆشیانەوە لەگەڵ پیاواندا یەکسان نین. لە ڕوانگەی ئێمەوە پێویستە کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەوری داکایەتی ژناندا بەکردەوە بەرپرس و خاوەن تەعەهود بێت، ئەم بابەتە بە ئەمری خوسوسی ژنان نەزانێت و بە پێکهێنانی ئیمکاناتی بەرین و بە خۆڕایی بێهداشتی، دەرمانی و کۆمەڵایەتی ئەم مەحدودیەتانە و ستەمێک کە لە کۆمەڵگای چێنایەتیدا بەسەر ژناندا دەسەپێت، لەبەین بەرێت. لەگەڵ ئەمانە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دەور و نەخشی دایکایەتی و پروەردە کردنی منداڵ کۆمەڵێک مەحدودیەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریش بەسەر ژناندا دەسەپێنێ و گەلێک کۆسپ دەخاتە بەردەم گەشە کردنیان؛ کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ژنان بەهۆی لە ئەستۆ بوونی ئەم دەور و بەرپرسیاریەتە لە زۆرێک لە ماف و ئیمکاناتەکان بێبەش دەکات. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بوونە دایک دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە بەرابەری حوقوقی و کۆمەڵایەتی ژنان. و ئەمانە بەگشتی لەبەر ئەوەیە کە نیزامی چێنایەتی و چەوسێنەری سەرمایەداری ئەمری دایکایەتی و پەروەردە کردنی منداڵ وەک ئەمرێکی تایبەت دادەنێ.
بەڵام ئێمە ئەم بابەتە بە تەواوی بە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی دەزانین و ڕێگاچارەی کۆمەڵایەتیشی بۆ ئیرایە ئەدەین. بەم ئامانجەوە بۆ دەستەبەر کردن و چەسپاندنی ئیمکانات و مافێکی تایبەت بۆ دایکان و ژنانی دوگیان خەبات دەکەین.
بە کورتی ئەمانە بەم شێوەیەن: یەکەم ژنانی دوگیان بتوانن لە مەرەخەسی کافی لە دەورانی پێش و دوای منداڵ بوون بەهرەمەند بن بەبێ ئەوەی کە لە ماف و مەزایاکانیان بێبەش بکرێن، لە هەماحاڵدا لە ئاستی کۆمەڵگادا، لە ئاستی شار و شارۆچکە و گەڕەکەکاندا، مەهدی کودەک و باخچەی ساوایان و شیرخۆرگە بە ئەندازەی کافی بوونیان هەبێت، تا ژنان بتوانن کۆرپە و منداڵەکانیانی پێبسپێرن و خۆیان خەریکی کار و یان پەروەردە کردنی خۆیان بن؛ ساعات کاری ئەو ژنانەی خاوەنی منداڵن، بەبێ کەسر بوونی حوقوق و حەقدەستەکانیان، کەم بکرێتەوە تا ئەم دایکانە بتوانن بە منداڵەکانیان رابگەن؛ کۆمەڵگە ببێتە خاوەنی وەها ئاستێک لە ئیمکانات و ڕیفاە تا قورسایی کاری تاقەت پڕوکێنی ماڵەوە و هیتر لەسەر شانی ژنان هەڵبگیرێ، و لەم ڕێگایەوە لە هەمانحاڵدا زەمینەی هەموو پاساو و بڕوبیانویەکیش کە بۆرژوازی سەبارەت بە بوونە دایک، ژنانی لە مافی یەکسان پێ بێبەش دەکات، لەنێو بچێت.
بەکورتی: ئێمە داواکاری کە ژنان و پیاوان خاوەنی یەک ئیمکانات، بارودۆخ و مافی یەکسان بن بۆ گەشە و پەروەردە کردنی توانایی و شایستەگیەکانیان و وەک کۆمەڵێک ئینسانی سەربەخۆ لە چوارچێوەی بارودۆخ و مافە کۆمەڵایەتیەکاندا ماف و ئیمکاناتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەست بێنن. ئێمە داواکاری ئەوەین کە هەموو جۆرە کۆسپێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کە بەربە گەشەی ژنان و ئیمکانی بوونیان بە ئینسانێکی سەربەخو دەگرێت و یان خاوی دەکاتەوە لە بەین بچێت.