کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆڵبەری، رۆیشتن بە جادەی مەرگدا

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە ئینتیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە درێژەی جەنایەتەکانیاندا لە سەرەتای حەفتەی رابردوودا بەرەو کاروانێکی کۆڵبەران لە ناوچەی سنوری سەردەشت تیرەندازیان کرد کە لە ئاکامدا ٢ کەس لە کاسبکارە زەحمەتکێشەکان گیانیان لەدەستدا و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ناوچەی سنوری سەلماس لە ئازەربایجانی غه‌ربی هێزە ئینتیزامیەکانی رژیم بەرەو کاروانێکی دیکە لە کۆڵبەران تیرئەندازیان کرد کە بەهۆیەوە دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و بەلانیکەمەوە ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. جەنایەتی تازەی مەئمورانی رژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدا روو ئەدات کە لەمساڵدا و لە جەریانی ئێقداماتی جەنایەتکارانەی کەسانی سەر بە رژیم لەدژی کاسبکاران لە ناوچە سنوریەکانی کوردستان دەیان کەس لە کۆڵبەران گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.کۆڵبەری لە ناوچە سنوریەکانی کوردستان، وێڕای تەحەمول کردنی مەترسی و ریسکی کەوتنە کەمینی بەکرێگیراوانی رژیم و تەحەمول کردنی تەلەفات، گەلێک جار بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی دەورانێک کە هێزەکانی رژیم لەو ناوچانەدا جێگیر بوون و چاندویانن. کەوایە دەبێ دەیان کەسی تریش بە ئاماری تەلەفاتی ئەو کاسبکارانەوە زیاد بکرێت کە دەبنە قوربانی تیرئەندازی هێزەکانی رژیم لە کەمینگاکاندا کە ساڵانە بە کەوتنە نێو مەیدانی مینەوە گیانی خۆیان لەدەست ئەدەن لە رێگای دابین کردنی لانیکەمی بڕێچونی خۆیان و بنەماڵەکانیان و یان فەلەج و کەم ئەندام دەبن.564

کۆڵبەری ئەو کارە سەخت و دژوار و تاقەت پڕوکێنە لەگەڵ هەموو ئەو مەترسی و دژواریانەدا کە هەیەتی، بۆ خەڵکێک کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نییە، وەک “پیشە” بە حیساب دێت و جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە رووی تێدەکەن. زۆریی بێکاری و هەژاری، ئەم ” کارەی” بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا سەپاندوە. تەیفێکی بەرین لەوان بە ژن و پیاو و لاو و پیرە و تەنانەت تازە لاویشەوە خەریکی ئەم کارە دژوار و مەترسیدارەن. لەنێو کۆڵبەراندا تازەلاوی ١٣ ساڵان و پیاوانی بانتر لە ٦٠ ساڵیش دەبیندرێت. ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرانی لاو، ئەو خوێندەوارانەن کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە. ئەو کۆڵبەرانەی کە خه‌ریکی کاری گواستنەوەی شتومەکن لەسەر سنورەکانەوە، لە راستیدا هێزی کاری کرێگرتەی ئەو توجار و دەڵاڵانەن کە بە دەفتەر و دەستەکێک کە لە شار و دێهاتە سنوریەکاندا هەیانە، کەلوپەل لە خاڵێکی سنوریەوە بەڕێ یان وەردەگرن و زۆرترین و باڵاترین قازانەکان بەبێ ئەوەی لەژێر هیچ مەترسیەکدا بن دەخەنە گیرفانیانەوە و کرێیەکی کەمیش ئەدەن بە کۆڵبەرەکان.رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی جەنایەتەکانی سەبارەت بە کاسبکاران و کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی ناوچە سنوریەکان ئەوان وەک قاچاغچی و تاوانبار دەناسێنێ، ئەوان تاوانبار بە گواستنەوەی ئەو کالایانە دەکات کە مافی قانونی و گومروکیان نەدراوە. کەسانی سەربە رژیم لە بارودۆخێکدا هەوڵ ئەدەن تا ئەم کاسبکارانە بە تاوانبار و قاچاغچی بناسێنن کە خەڵکی کوردستان بە باشیی دەزانن ئەم ئینسانە شەریفانە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین. کاسبکارانی سەر سنور لە بارودۆخێکدا ئەم جادەی مەرگ و ڕێگا پڕ مەترسیەیان بۆ دابین کردنی هەزینە سەرسوڕهێنەرەکانی لانیکەمی ژیان گرتوەتە پێش کە لەژێر حاکمیەتی ئەم رژیمە جەنایەتکارەدا هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ بەڕێچون بۆ نەماوەتەوە.رژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا هەموو رۆژێک کاسبکاران و کۆڵبەرانی مەرزی بە تاوانی قاچاغچێتی ئەداتە بەر هێرشی وەحشیانەی خۆی و دەیانکوژێ کە خەڵکی کوردستان بە باشیی دەزانن کە خودی مافیای سپای پاسداران، تاجران و باندە گەورەکانی هاودەستی سپا هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی قاچاغچێتین لە سەرتاسەری ئێراندا.
رژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کاسبکارانی سەر سنور بە تاوانبار دەناسێنێ و ئەوان دەکاتە ئامانجی هێرشە وەحشیانەکانی کە بێکاری بەرین، تەوەرۆمی هەوسار پچڕاو و گرانی لەڕادەبەدەری پێداویستیە سەرەتاییەکان، خەڵکی کوردستانی زیاتر لە هەموو کاتێکی تر خستوەتە ژێر گوشارەوە. بەشێک لە خەڵکی شەریف و زەحمەتکێشی ناوچە سنوریەکانی سەردەشت، بانە، پیرانشار و مەریوان ساڵانێکە لە رێگای هێنان و بردن و گۆڕینەوەی کالای جێگای پێداویستی هەردوو لای سنوری ئێران و عێراق، بە کۆڵبەری و تەحەمول کردنی گەلێک دژواری و مەترسی ژیانێکی سادە و مەمرەومەژیان بۆ خۆیان فەراهەم کردوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەیدا لە کوردستان بە دروست کردنی دیوار، لێدانی کاناڵ و زیاد کردنی پۆستەکانی بازڕەسی، ئەم باریکە رێگایانەش کە ئەم خەڵکە بۆ دابین کردنی ژیانیان شکی ئەبەن دادەخات و بەوەشەوە ناوه‌ستێ و بە تیرئەندازی کردن و هێرشی وەحشیانە بۆسەر ئەم ئینسانە زەحمەتکێشانە کالاکانیشیان زەوت و تاڵان دەکات و ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە. قین و ناڕەزایەتی خەڵکی شاری سەردەشت لە مانگەکانی رابردودا لەدژی جەنایەتی هێزە ئینتیزامیەکانی رژیم کە بۆته‌ هۆی کوژرانی یەکێک لە هێزە سەرکوتگەرەکان تەنیا گۆشەیەک لە هەڵچونی قین و نەفەرەتی خەڵکی کوردستانە لە جەنایەتەکانی رژیم دژبە کاسبکاران و کۆڵبەرانی شەریف و زەحمەتکێشی دێهاتەکانی سەر سنور. ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە لە ساڵانی رابردودا نیشانی ئەدات کە کۆڵبەرەکان ئەم ئینسانە شەریف و زۆرلێکراوانە لە پشتیوانی رای گشتی خەڵکی کوردستان بەهرەمەندن.
ئەو بارودۆخە دژوارەی کە رژیم بەسەر زەحمەتکێشانی سەر سنورەکانیدا سەپاندوە، گۆشەیەکە لە ئاسەوارەکانی سیاسەتی شۆونیستی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستان کە لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردودا بە پشت بەستن بە میلیتاریزە کردنی ئەم ناوچەیە و پەیڕەو کردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنیەتی کردنی فەزای شارەکان بردویەتە پێش. ئەم سیاسەتە و پێداگری حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لەسەری، زەمینەی درێژەی بزوتنەوەیەکی بەهێزی سیاسی لە کوردستان فەراهەم کردوە. بزوتنەوەیەکی رادیکاڵ کە ئەم جۆرە مەحدویەت و بێمافیانە بە چارەنووسی حەتمی خەڵک نازانێ و دەیەوێ کۆتایی بە گشت ئەم موسیبەت و بێبەشیانە بێنێ. بێگومان کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان لەم خەبات و هەوڵدانەدا بەتەنیا نین و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران کە ئەوانیش لە حاکمیەتی ئیسلامی وەگیان هاتوون لەگەڵدایە.