کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

راگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران سەبارەت بە هێرشی موشەکی بۆسەر ئۆردوگای سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە خاکی عێراق

ئێوارەی شەوی پێنجشەممە ٧ ی خەزەڵوەر ئۆردوگای “لیبرتی” شوێنی جێگیر بوونی ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە نزیک بەغدا هێرشی موشەکی کرایەسەر. بەپێی راپۆرتی سازمانی موجاهیدینی خەڵک لە جەریانی ئەم هێرشەدا ٢٣ کەس لە ئەندامانی ئەم ریکخراوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بریندار بوون. ئەندامانی سازمانی موجاهیدینی خەڵک بەپێی تەوافوقێک کە ساڵی ٢٠١١ لەنێوان دەوڵەتی عێڕاق و ڕێبەریی ئەم رێکخراوەدا پێکهات، لە ئۆردوگای ئەشڕەفە بۆ ئۆردوگای لیبرتی گواسترانەوە تا ئیمکانی بردنە دەرەوەیان لە عێراق فەراهەم بکرێت. ئۆردوگای سازمانی موجاهیدینی خەڵک لە بارودۆخێکدا دەکەوێتەبەر هێرش کە ئەم ئۆردوگایە لەژێر چاودێری کومیساریای باڵای پەنابەرانی سازمانی ملەل دایە. کەمپی لیبرتی لە نێوەڕاستی ناوچەیەکی نیزامیدا و لە نزیک فرۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا هەڵکەوتووه‌ و بۆ نزیک بوونەوە لێی دەبێ چەندین پۆستی پشکنینی هێزەکانی پۆلیس و هێزی ئەمنیەتی عێڕاق تێپه‌ڕ بكات. ئەوە یەکەم جار نییە کە ئۆردوگای سازمانی موجاهیدینی خەڵک لە خاکی عێڕاقدا دەکەوێتەبەر هێرشی هێزە چەکدارەکان و یان هێرشی موشەکی، لەوە پێشتریش، لە رۆژی ٢ی فێوریەی ساڵی ٢٠١٣ دا کەمپی لیبرتی کەوتەبەر هێرشی موشەک و خومپارە کە لە جەریانی ئەم هێرشەدا زیاتر لە ٥٠ کەس کوژران و بریندار بوون. بەرلەویش لە رۆژی ٨ی ئاوریلی ساڵی ٢٠١١ دا هێزە ئەمنیەتیەکانی عێڕاق هێرشیان کردە سەر دانیشتوانی بێ چەکی ئۆردوگای ئەشڕەف کە کوشتنی ٣٤ کەس و بریندار بوونی ٧٠ کەسی دیکەی لە دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایەی لێکەوتەوە. لە مانگی ئوتی ٢٠٠٩ شدا لە ئاکامی هێرشی ئەڕتەش و پۆلیسی عێڕاق بۆسەر ئەم ئۆردوگایە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.533

ئەگەرچی تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشەی وەئەستۆ نەگەرتوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئەم هێرشە موشەکیەی دوایی بۆسەر ئۆردوگای موجاهیدینی خەڵک، وەک هێرشەکانی رابردوو بەپێی نەخشە و پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەحزابی شیعەی حاکم لە عێڕاقدا بەڕێوەچووە. هێرشی ئەم دواییە لە حاڵێکدا ئەنجامدراوە کە سیاسەتی ده‌خاڵەتگەرانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لە ساڵێک لەوەپێشەوە تا ئێستا بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی داعش ئاستێکی بەرین و بەربڵاوتری بەخۆیەوە گرتوە. رێکخستنی میلیشیای شیعەی ناسراو بە “حەشدی شەعبی” کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئاموزشدان، چەکدار کردن و فەرماندەهیەکەیدا دەرورێکی حاشاهەڵنەگری هەیە و تەیار و ژمارەی زۆرە، ئیمکانی ئەنجامدانی عەمەلیاتی لەم چەشنەی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە رابردوو فەراهەم کردوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای تەوافوقی هەستەیی و هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی ئێعدامەکان لەم وڵاتەدا لە هەمانحاڵدا کە بە زەربەدان لە یەکێک لە هێزەکانی ئوپوزسیۆن هەوڵ ئەدات قەدەر قودرەتی خۆی پیشانی خەڵک بدات، دەیەوێ رادەی هەستیاری ئامریکاش سەبارەت بە پەرەسەندنی ده‌خاڵەت کردنی لە خاکی عێراقدا هەڵسەنگێنێ. دەوڵەتی کۆنەپەرستی عێراقیش لە بارودۆخی بەردەوامی کێشەکان و توند بوونەوەی قەیرانی سیاسی لە عێڕاق، بۆ بەهێز کردنی مەوقعیەتی خۆی لە بەرانبەر رەقیبە نێوخۆیی و دەرەکیەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا، پێویستی بە درێژەدان بە پێوەندیەکانی لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە و لە رێگای پاراستنی ئەم هاوکاریانەدا هەموو خۆش خزمەتیەکی لەمجۆرە پێشکەش دەکات.
كومیساریای باڵای پەنابەرانی سازمانی ملەل ئەگەرچی لە کاردانەوە بەم هەواڵەی دوایی، هێرشی موشەکی بۆسەر ئۆردوگای موجاهیدینی خەڵکی لە بەغدا مەحکوم کردوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەم سازمانە تا ئێستا سەرەڕای ئەو تەعەهودانەی کە داویەتی و سەرەڕای ئاگادار بوون سەبارەت بە ئاستی کارەساتێک کە روویداوە و ئەنجامدانی کاری جیدی بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە بۆ وڵاتێکی سێهەم و ئەمن، بە ئاشکرایی کەمکاری کردوە. دەوڵەتی ئامریکا کە کوشتاری ئەندامانی سازمانی موجاهیدینی خەڵک لە دەورەی داگیر کردن و حوزوری هێزەکانیدا لە عێڕاق ئەنجام دراوە هێشتا نایەوێ بەربە تێکرار بوونەوەی ئەم کارەساتە ئینسانیە بگرێت. وەزیری دەرەوەی ئامریکا سەرەڕای دەربڕینی ئامادەیی دەوڵەتەکەی بۆ هاوکاری کردنی کومیساریای باڵای پەنابەرانی سازمانی ملەل بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی لیبرتی بۆ شوێنێکی ئەمن لە دەرەوەی عێڕاق، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێکی نەکردەوە. لە بارودۆخی حوزوری ڕێکخراوی میلیشیای شیعە و باقی گوروپە تیرۆریستیەکان کە لەژێر فەرماندەهی سپای قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدان لە عێڕاق و لە حاڵێکدا کە هاوکاری و هاودەستیەکانی دەوڵەتی عێڕاق لەگەڵ ڕژیمی ئێران لەکەس شاراوە نییە، سازمانی ملەل و دەوڵەتی ئامریکا چۆن دەتوانن ئەمنیەتی گیانی دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە زەمانەت بکەن؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی ئامریکا بۆ درێژەدان بە سیاسەتی گوشاری کۆنترۆڵ کراو بۆسەر ڕژیمی ئێران پێویستی بە درێژەی حوزوری هێزەکانی موجاهیدین لە عێڕاقدا و بوونی ئەم حیزبەش بۆ دانوستانی پشتی پەردە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی ئێران هەیە، و لەم ڕێگایەدا باکێکی لە قوربانی کردنی سەرجەم دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە نییە.
حیزبی کۆمونیستی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی موشەک باران کردنی ئۆردوگای سازمانی موجاهیدینی خەڵک و نەخشە و پیلانی دەوڵەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی دەوڵەتی ئامریکا، داواکاری زەمانەت کرانی ئەمنیەتی گیانی و ماف و کەرامەتی ئینسانی دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە و کاری خێرا و بەپەلە بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی ئەمن لە دەرەوەی عێڕاقە. حیزبی کۆمونیستی ئێران داوا لە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی ئوپوزسیۆنی ئێران و ناوەندەکانی پشتیوانی مافەکانی مرۆف لە ئاستی دنیادا دەکات کە نەهێڵن ئەمنیەت و گیانی لایەنگران و ئەندامانی سازمانی موجاهیدینی خەڵک جێگیر لە عێراق ببێتە قوربانی بەند و بەست و پیلانەکانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی، و بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێهەم، دەوڵەتی عێڕاق و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بخەنە ژێر گوشارەوە.

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمونیستی ئێران
٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٤
٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥