کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەزنخوازی شێتانەی ئۆردوغان لەبەردەم شکستێکی تردا

هەڵبژاردنی پارلمانی پێش وەختی تورکیە رۆژی یەکشەممە یەکی نوامبر واتە سێ رۆژی تر بەڕێوەدەچێت. ئەم هەڵبژاردنە لە بارودۆخێکدا ئەنجام ئەدرێت کە لە هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێندا دەنگدەرانی تورکیە، تەرح و ئاواتەکانی ئۆردوغانیان بۆ گۆڕینی قانونی ئەساسی و کۆنترۆڵ کردنی دەسەڵات لە لایەن سەرک كۆماریان کردە بڵقی سەرئاو. شکستی ئۆردوغان لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێندا گورزێکی بەهێزی لە حیزبی داد و گەشە وەشاند. لەبەر ئەوەی ئۆردوغان لە کارزاری هەڵبژاردندا بەتەنیا نەبوو بەڵکو تویژێکی مەزن لە سەرمایەدارانی تورکیە کە بەشی زۆری راگەیەنەرەکانی تورکیەیان لە پاواندا بوو چوبونە خزمەت حاکمیەت و پلانەکانی ئۆردوغان و حیزبی ئاک پارتیەوە.لەم هەڵبژاردنەدا ئاک پارتی، حیزبی کۆماری خوازی خەڵک، حیزبی حەرەکەتی میللی و حیزبی دیموکراتیکی گەلان، ئەحزابی سەرەکی بوون لە کارزاری هەڵبژاردندا، بەڵام رقابەتی حیزبی ئاک پارتی بە رێبەریی ئۆردوغان لەگەڵ حیزبی دیموکراتیکی گەلان بە رێبەریی سەلاحەدین دمیرتاش سەرجەم فەزای هەڵبژاردنی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئاک پارتی هەموو هێز و ئامرازە مومکینەکانی بەکار هێنان تا نەهێڵێت حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە بەربەستی ١٠ لەسەدی دەنگەکان تێپەڕێ و بچێتە پاڕلمان. حیزبی دیموکراتیکی گەلان توانی ئەم بەربەستە ببڕێت و تەنانەت زیاتر لە ١٢ لەسەدی دەنگەکانیش بەدەست بێنێ و نزیکەی ٨٠ کورسی لە کۆی ٥٥٠ کورسی پارلمانی تورکیە بۆخۆی دەستەبەر بکات و شكستی سیاسەتە شێتانەکانی ئۆردوغان تۆمار بکات.569

دوای شکست و ره‌ت کردنەوەی هەموو ئەگەرێکی پێهاتنی دەوڵەتی ئیتیلافی لەگەڵ ئاک پارتی لە لایەن حیزبی دیموکراتیکی گەلان و حیزبی بزوتنەوەی نەتەوە پەره‌ستی تورکیەوە، حێزبەکەی ئۆردوغان ئاڵترناتیوێکی دیکەی بێجگە لە هەڵبژاردنی پێش وەخت لەبەردەمدا نەما. بەڵام هەموو راپرسیەکان وای نیشان ئەدەن کە ئۆردوغان لە هەڵبژاردنی یەکی نوامبریشدا بە ئاواتەکانی ناگات. دوای هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێن هەموو هەوڵەکانی ئۆردوغان بۆ قەرەبوو كردنه‌وه‌ی ئەم شکستە توشی ناکامی هاتوە. ئاک پارتی کە سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلانی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ تەحەمول نەدەکرا، سەرەتا هەوڵیدا بە قەرار دانی ئەم حیزبە لەپاڵ پ. کا. کا دا و بە تیرۆریست ناوبردنیان، هەردوکیان بە تیری تیرۆر بکوژێت. بەشوێن ئەوەدا دەوڵەتی ئاک پارتی بە پلان دانانی هێرشی ئەڕتەش بۆسەر شاری جه‌زیرە و گەمارۆدانی ئەم شارە لە کوردستانی تورکیە، ئاستێکی نوێیدا بە سیاسەتی میلیتاریستی رژیمی حاکم لەدژی خەڵكی کوردستان و بە چوونی هێزەکانی ئەڕتەش و پۆلیسی دژی شۆڕش بۆ نێو شەقام و گەڕەکەکانی ئەم شارە شەڕی سەنگەر بە سەنگەری بەسەر خەڵک سەپاند. ماوەیەک دوای ئەوە هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری شاری فارقینی بە ئامانجی تێکشکاندنی خۆڕاگری ئەم شارە دایەبەر هێرش. هاوکات ناحیەکانی جولەمێرگ، شێرناخ، وان، سرت، چولەک، بەدلیس، دێرسیم و ئامەدیان میلیتاریزە کرد. ئاک پارتی هەوڵیدا بە میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و راگەیاندنی بارودۆخی جەنگی، بوار بۆ گواسترانەوەی سندوقەکانی دەنگدان بۆ دەرەوەی شارەکانی کوردستان فەراهەم بکات و لەم رێگایەوە کاریگەری بکاتە سەر رێژەی دەنگەکانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان کە ئەم کارە تەنانەت دژایەتی کوموسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیەشی لێکەوتەوە.
دەوڵەتی حیزبی داد و گەشەپێدان هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان، لە چەند شاری تورکیە لەوانە لە ئانکارا و ئێستانبول بە هەڵخڕاندنی ئێحساست و ئەفکاری دواکەتوانەی ناسیۆنالیستی هێرشی کردە سەر دەفتەر و ناوەندەکانی کار و چالاکی کوردەکان و دەیان کەسی لێ گرتن و رەوانەی زیندانی کردن. واتە لە سەروبه‌ندی نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردن و لە بارودۆخێکدا کە بە پێی رەسمی دیموکراسیە بۆرژواییەکانیش دەبوو حیزب و هێزە سیاسیەکان لە ئەمنیەتێکی نیسبی بۆ بەرەوپێش بردنی کەمپەینە تەبلیغاتیەکانیان بەهرەمەند بونایە، فەزای نیزامی و ئەمنیەتی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کرد.
ئاک پارتی لە حاڵێکدا لە هەڵبژاردنی یەکی نوامبر نزیک دەبێتەوە کە ئاسەوارەکانی گەندەڵی کەڵانی ماڵی و پشتیوانی کردنی لە ئیخوان موسلمین لە میسر، ئەلنێهزە لە تونێس و رەوتە ئیسلامیەکان لە لیبی و هاوکاری کردنی لەگەڵ داعش هەروا بەسەر رای گشتی خەڵکی تورکیەوە قورسایی دەکات. ئۆردوغان و داود ئۆغڵو هێشتا بکەرانی کوشتاری چالاکانی سوسیالیستی لایەنگری بزوتنەوەی خۆڕاگری کۆبانیان لە شاری سوروچ و عەمەلیاتی تیرۆریستی ١٠ ئۆکتۆبری ئانکارایان نەناساندوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە ئاگایانی سیاسی و خەڵکی ئاسایی لە تورکیە سازمانی میتی تورکیە و هاوکاری ئەم سازمانە لەگەڵ داعشیان بە هۆکاری سەرەکی ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیە زانیوە.
ئاک پارتی بەم کارنامە سیاسیەوە و بە کرداری تیرۆریستی و میلیتاریزە کردنی کوردستان و پەرەدان بە دەمارگرژی دواکەوتوانەی ناسیونالیستی و شۆوینیستی پان تورکیستی لەم قۆناغەدا نە تەنیا نەیتوانیوە شکستی ٧ ی ژوئێن قەرەبوو بکاتەوە و هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی تێکبدات بەڵکو زیاتر لە ڕابردو کەوتۆتەبەر نەفرەت و بێزاری خەڵک بەتایبەت لە کوردستاندا.

دەوڵەتی تورکیە دوای شکستی هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن و بەرز بوونەوەی رۆحیەی خەباتکارانە لە شارەکانی کوردستان میلیتاریسم و نیزامیگەری ناوه‌تە جێگای رەوتی وتووێژ لەگەڵ پ. کا. کا و پرۆسەی ناسراو بە ئاشتی. دەوڵەتی ئاک پارتی ئێستاش لە هەوڵدایە کە بە کرداری تیرۆریستی و توند کردنەوەی فەزای جەنگی لە کوردستاندا و هەڵخڕاندنی ئەفکاری دواکەوتوانەی ناسیۆنالیستی و شۆوینیستی لە ئاستی سەرتاسەریدا و هێرش کردنەسەر دەفتەرەکانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان و دروست کردنی ترس وەحشەت لە کۆمەڵگادا بەکردەوە رەوتی هەڵبژاردن لە رۆژی یەکی نوامبردا رابگرێت و یان کاریگەری بکاتە سەر ئاکامەکانی.
بەپێی ئاکامی ٨ دامەزراوەی راپرسی لە سەروبه‌ندی هەڵبژاردنی یەکی نوامبردا، دەرسەدی دەنگەکانی ئاک پارتی لە نێوان ٣٨،٨ تا ٤٣،٩ لەسەد و ئارای حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە نێوان ١١،٤ تا ١٣،٩ بەراورد کراوە. واتە بەپێی ئەم نەزەر سەنجیانە حیزبی دیموکراتیکی گەلان سەرەڕای هەموو گوشارەکانی حیزبی دەسەڵاتدار دیسانیش دەتوانێ بە دەستەبەر کردنی زیاتر لە ١٠ لەسەی دەنگەکان بچێتە پارلمان. ئەم راپرسیانە هەروەها نیشانی ئەدەن کە ئاک پارتی ناتوانێ بە تەنیایی دەوڵەتی داهاتوی تورکیە پێک بێنێ.
ئەم هەڵبژاردنە سەرەڕای پێگەیەکی سیاسی گرینگ کە لە مناسباتی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا بەدەستی هێناوە، بەڵام خۆی لە خۆیەوە ناتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە راستای دەستەبەر بوونی داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان. حیزبی دیموکراتیکی گەلان تەنانەت ئەگەر زیاتر لە ٨٠ کورسی پاڕلمانیش بەدەست بێنێ دیسانیش ناتوانێ بە پشت بەستن بەم سەرکەوتنە پارلمانیە قانونی ئەساسی تورکیە لە راستای یەکسان کردنی مافی نەتەوەکاندا بگۆڕێت، بەر بە هێرشی دەوڵەت و هێزە سەرکوتگەرەکان بۆسەر ئازادییە سیاسی و دیموکراتیکەکان بگرێت و خوێنێکی تازە ئاژین بکاتە دەماری پرۆسەی ناسراو بە سوڵح و ئاشتیەوە. ئاڕایشی سیاسی هێزەکان لە گۆڕەپانی پارلماندا بەهەر شێوەیەک بێت، تەنیا بە بەسیج کردنی جەماوەری و حزوری میلیۆنی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا و بە ئاسۆ و دیمەنگای روونی سیاسیەوەیە کە دەکرێ پاشەکشە بە سیاسەتە پان تورکیستی و مەزن خوازیەکانی ئاک پارتی بکرێت. لە بارودۆخی ئێستادا پەرەپێدانی پێوەندی عادڵانەی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا و راکێشانی پشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوچەکەدا و لە سارتاسەری دنیادایە کە دەتوانێ تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتە فاشیستیەکانی دەوڵەتی ئاک پارتی شکست پێبێنێ.