رۆژی سێ شەممە ٢١ی مانگی رەزبەر بەرابەر لەگەڵ ١٣ی ئوکتۆبر، مەجلیسی رژیم، ناوەرۆکی وردەکاری بەرجام (بەرنامەی جامعی هەستەیی) پەسهند کرد. کولیاتی ئەم تەرحە لە جەلەسەی رۆژی یەکشەممە ١٩ی مانگی رەزبەر لە شەڕە قسە و بەرخوردی فیزیکی نێوان نوێنەرەکانی مەجلیسدا هەڵسەنگێندرا. بەڵام تەرحەکە رۆژی سێ شەممە لە ماوەی کەمتر لە بیست دهقیقهدا بە ١٦١ دەنگی موافق لە بەرانبەر ٥٩ دەنگی مخالفدا، پەسند کرا. پهسهند كردنی ئەم گەڵاڵەیە بە دەنگێکی ئاوا زۆر و لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا بە ئامادە و ئاسانکاری بۆکردنی، لە پێشدا بە ئاکام گەیشت. لەو ئاساکاریانە دەکرێ ئاماژە بە حزوری ئەسغەر حجازی یەکێک لە بەرپرسانی دەفتەری خامنەیی لەم جەلەسەیەدا بکرێت کە گەلێک نائاسایی بووە و لە روانگەی زۆرێک لە نوێنەرانەوە ئامادە بوونی بە واتای تەمایول و موافەقەتی خامنەیی لەگەڵ تەرحی بەرجامدا بووەلەگەڵ ئەوەدا عەلی لاریجانیش لە جەلەسەی غەیرە عەلەنیدا نوێنەرەکانی تێگەیاندبوو کە دەبێ دەنگی موسبەت بدەن لەبەر ئەوەی دەستور و بڕیاری مقاماتی سەرەوە ئەویە کە ئەم تەرحە پەسهند بکرێت. لاریجانی ئیجازەی بە هیچکام لە نوێنەرە نەیارەکان نەدا تەنانەت پێشنیارەکانیشیان سەبارەت بەم تەرحە بخەنە روو. یەکێکی تر لە ئامادەکارییەکان لەم پێوەندیەدا ئەوەیە کە وتەبێژی شوڕای نیگابانیش ئامادەگی ئەم شوڕایەی بۆ هەڵسەنگاندن و دەربڕینی بۆچونی خێرا سەبارەت بەم گەڵاڵەیە راگەیاندبوو. شوڕای نیگابان رۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەر بەخێرایی ئەم تەرحەی پەسهند کرد.
بەڵام ئەوە تەنیا کاربەدەستانی مهجلیس نین کە ناچار دەکرێن تا بە خێرایی و بەشێوەی تایبەت و بەبێ باس کردنی وردەکاری بابەتەکە تەرحێک پەسهند بکەن کە لە سازشێکی سوکایەتی ئامێز یان “نەرمشی قارەمانانە” دا خراوەتە بەردەستیان. سەرجەم کاربەدەستانی سەرەوەی رژیم لە خامنەییەوە بگرە تا سەرانی سپای پاسداران، لە رۆحانی و دەوڵەتەکەیەوە تا شورای نیگابان و شورای ئەمنیەتی میللی، ناچار بە قەبوڵ کردنی وەک رێگای دەرچون لە قەیرانێکی هەمە لایەنە كراون کە سەرتاپای رژیمی داگرتوە. هەموو کەسێک دەزانێ کە هەڵوێست و ژێست گرتنی لێک ناکۆکی خامنەیی سەبارەت بە مەسەلەی وتووێژی هەستەیی لەگەڵ ئامریکا لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردودا کە ئەم وتووێژانە درێژەیان هەبووە، زیاتر مەسرەفی نێوخۆییان هەبووە و بۆ رازی کردنی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی رژیم بووە کە نیگەرانی بەرژەوەندی شەخسی و جەناحی خۆیانن و یان تا ئێستا لە بەرانبەر تەحریمەکاندا پارەیەکی کەڵانیان خستوەتە گیرفانەوە. هەڵبەت حەسەن رۆحانی دڵنیای كردوونهتهوه کە “بە هەڵوەشانەوەی تهحریمهكان، ئەوانیش زەرەر ناکەن و دوکانەکانیان کەساد نابێت.”خامنەیی هێندێک جار بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە وتووێژەکان کردوە و ئەوی بە نەرمشی قارەمانانە ناو بردوە و وتویەتی: “ئەگەر بێت و مەسەلەی هەستەیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکا چارەسەر بکرێت، لە مەیدانەکانی تریشدا دەکرێ هەنگاوی دواتر لە راستای هاوکاریدا هەڵبگیرێت” و لە کاتێکی تردا سەبارەت بەم بابەتە بەد بینی خۆی راگەیاندوە. وەک ئەوەی حەفتەی رابردوو لە كۆبوونهوهی فەرماندەکانی سپای پاسداراندا وتی: “وتووێژ لەگەڵ ئامریکا قەدەغەیە.”بەڵام هەڵویستی دوو فاقی و ناکۆکی خامنەیی و حزوری نوینەرەکەی لە مەجلیس لەکاتی هەڵسەنگاندنی تەرحی بەرجامدا، مناقشە و ناکۆکی سەرانی باڵەکانی رژیم و نوێنەرانی مەجلیس لەسەری و تەرحی فەوریەتدار و پەسهند کردنی خێرا و بەبێ قسە کردن لەسەر وەردەکاری سازش و شکستی رژیم لە وتووێژەکاندا و ئامادەکاری و ئاسان کاریەک کە بۆ پەسندکرانی خێرا و فۆرمالیتەی تەرحی “بەرجام” لە مجلیسدا کرا، بە گشتی نیشاندەری هەوڵی رژیمن بۆ شاردنەوەی ئاستی سازش و تەسلیم بوون لەم وتووێژانەدا. سەرانی رژیم دەزانن بەهەر رادەیەک زیاتر لەسەر ناوەرۆکی تەوافوقی هەستەیی قسە بکریت، ئاستی ئیفتیزاح و ئابڕو چوونی تەسلیم و “نەرمی نواندنی قارەمانانە”ی کۆماری ئیسلامی زۆرتر ئاشکرا دەبێت.لە ئاوا بارودۆخێکدا گرتن و زیندانی کرانی ئەم دواییەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و دەرکرانی حوکمی قورس بۆیان، توند کرانەوەی كهش و ههوای ئەمنیەتی لەگەڵ زیاد بوونی ژمارەی ئێعدامەکان و گوشار و کۆنترۆڵ کردنی رۆژانە و دروست کردنی مزاحیمەت بۆ ژنان بەشێک لەو هەوڵانەن کە لە نیگەرانی سەرانی رژیمەوە سەبارەت بە بارودۆخی فەلاکەتبار و شکستی سیاسەتە هەستەییەکانیەوە سەرچاوەیان گرتووه.
پێویستی ئاسایی بوونەوەی پێوەندی رژیم لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەکان و تەسلیم بوون لەبەرانبەر داواکاریەکانیاندا بابەتێکە کە سەرجەم باڵەکانی رژیم ئاگاداری هەن و لەگەڵی موافقن. بەڵام موزاکراتی هەستەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئامریکا و باقی هێزە رۆژئاواییەکان، عەلاوەبەر ئامرازێک بۆ پاشەکشە کردن بە رژیم سەبارەت بە زێدە رۆیی و زێدە خوازییەکانی، رێگایەکیش بووە بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانیان لە ناوچەکەدا و هاوئاهەنگ کردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەنگاوەکانیان لەم بوارەدا.
بەڵام وتووێژ کردن بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا رێگای دەرچوون لە قەیرانێکە کە سەرجەم ساختاری ئابووری ئێرانی خستۆتە بەردەم لێک هەڵوەشان. ئیمتیازدان و قەبوڵ کردنی ویست و داواکارییەکانی ئامریکا و باقی هێزە سەرمایەداریەکان و قەبوڵ کردنی شکست و سازش بە هەر نرخێکە. ئەوەی رژیمی كۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە گیرفانی خەڵک سەرفی بەرنامەی هەستەیی کردووە، بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانی لە مانگی پوشپەڕی رابردوودا، عەلاوەبەر هەزینەیەکی زیاتر لە ٥٠٠ ملیارد دۆلاری بۆ بەرەوپێش بردنی لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، بۆتە هۆی لەدەست چوونی ١٠٧ ملیارد دۆلار لە داراییەکانی ئێران لە دەرەوەش. ئەم هەزینانە و ئاسەواری تەحریمە چەند لایەنەکان و قەیرانی ساختاری و ئابووری سەرمایەداری رژیم بۆ خەڵکی ئێران، بابەتێکە کە لە هیچ یەک لە هەڵسەنگاندن و مناقشاتە دەرونیەکانی دەزگای حاکمیەت و مەجلیسدا باسی لهسهر ناکرێت. ئەو ئاسەوارانەی کە بوونەتە هۆی بێکاری زیاتری کرێکاران و لاوان، کردنەوەی دەرفەتی بەرینی گەندەڵی ماڵی لە دەزگاکانی رژیمدا، زیاد بوونی کارتۆن خەوەکان، هەژاری و برسیەتی، هاتنەخوارهوهی تەمەنی فەحشا و پەرەسەندنی و هیتر لە کۆمەڵگادا.هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانی هەستەیی پێگە خوازییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامییە. نابێ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران تاوانی ئەم دهسهڵاتخوازیانە و سیاسەتە شکست خواردوەکانی نیزام بدەنەوە. بەختەوەرانە درێژەی خەباتی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، موعەلیمان و باقی توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە نیشانی ئەدات ئەوان فریوی ئەم شگردانەی رژیم ناخۆن و چاوەڕێی ئەوە نین بە هۆی بە ئاکام گەیشتنی وتووێژە هەستەییەکانەوە و بەکردەوە دەرهاتنی بەرجام، باش بوونێک لە بارودۆخی ژیانیاندا بەدی بێت. چینی کرێکاری ئێران دەزانێ بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە وەحشەتناکە رێگایەک بێجگە لە خەبات بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم رژیمە سەدە ناوهڕاستییهی سەرمایە لە ئارادا نییە.