کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەبێ چی بکرێت بۆ یەکگرتوو کردنی خەباتی کرێکاران؟

لە حاڵێكدا کە رژیمی کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی قەیرانێکی هەمە لایەنەیە، خەباتی کرێکاری بەشێنەیی دەچێتە پێشێ. لە ١٠ رۆژ لەوەپێشەوە تا ئێستا شاهیدی درێژەی کۆمەڵێک خەباتی کرێکاری بووین کە لەباری فۆڕم و ناوەرۆکەوە جێی سرنجن. ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی سەرتاسەریی موعەلیمان لەسەر ناوەرۆکی درێژەی ئەم خەباتە بەڕێوەچووە. مانگرتن و خەباتی کرێکاران لە پیشەسازی کلیدی و گرینگی پیتروشیمی دا بۆ زیاد کردنی حەقدەست و مەزایاکان، لەدژی جیاوازی و حەق کوژی لە پێتروشیمی ئەروەند، پیتروشیمی فارابی، پیتروشیمی توندگویان، شیرکەتی فەراوەرشی موجتەمەعی پیتروشیمی بەندەر خومه‌ینی کە هێندێکیان تا ١٠ رۆژ درێژەیان هەبووە. کرێکاران تەواوی وەعدەکانی مودیرانیان پشتگوێ خستووه‌ و ڕایانگەیاندوە تا گەیشتن بە داواکاریەکانیان، لەسەر خەبات و مانگرتنی خۆیان سوورن.شوڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە سینفیەکانی موعەلیمانی وڵات بانگەوازی کردوە تا بە بۆنەی رۆژی جیهانی موعەلیم و بە ئامانجی راگەیاندنی داواکارییە سینفیەکان، رۆژی ١٦ ی ڕەزبەر، لەبەردەم ئیدارەی گشتی ئاموزش و پەروەرشی ناوەندی ئوستانەکان و ئیداراتی ئاموزش و پەروەرشی شارستانەکان کۆببنەوە. موعەلیمان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە گروپی چەند سەد کەسیدا وڵامی موسبەتیان بەم بانگەوازە دایەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم ئاکسیۆنە بە شێوەیەکی محافزەکارانە ناونرابوو “کۆبونەوەی بێدەنگ”، بەڵام لە هێندێک لە کۆبونەوەکاندا موعه‌لیمانی پێشڕەو سوخەنرانیان کرد. لەنێو داواکاری ١٠ خاڵیی شورای هاوئاهەنگیدا داواکاری ئازادی موعەلیمانی زیندانی، خوێندنی بەخۆڕایی و زیاد بوونی حەقدەستەکان پێگەیەکی بەرچاوتریان هەبوو.555

بێجگە لە ئاکسیۆنی موبارزاتی بە داواکاری هێرشبەرانە لەم دوو مەیدانەی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا، کرێکاران لە هێندێک پیشەسازی تردا خوازیاری زیاد بوونی حەقدەست، گۆڕینی مودیرەکان و باشتر بوونی کەیفیەتی خۆراک بوون. لە هێندێک ناوەندی کاریی وەک کۆمپانیای فارابی یەکێک لە شیرکەتە پەیمانکاریەکانی پاڵاوگەی ستارەی خەلیجی بەندەر عەباس، کرێکاران خه‌بات لەدژی پیس کردنی ژینگەیان، بە داواکاری باشتر کردنی حەقدەستەوە زیاد کرد. هێزە نیزامی و حەراسەتیەکان لەترسی دەرگیر بوونی کرێکاران لەگەڵیان ئامادە نەبوون داواکاری مودیریەت بۆ راگرتنی کرێکارەکان جێبەجێ بکەن.
پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری لە ماوه‌ی ١٠ رۆژی رابردودا، کە تەنیا ئاماژە بە چەند نمونەیەکی کرا، لەسەر ناوەرۆکی تاریک و لێڵ بوونی ئاسۆی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و توند بوونەوەی ناکۆکی باڵەکانی حکومەتی سەرمایەداری ئیسلامی چۆتە پێشێ. ئەو ناکۆکیانەی کە سەبارەت بە شێوەی بەرخورد بە “بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش” یان بەرجام توندتر بۆتەوە. رۆحانی رۆژی دوشەممە ٢٠ی رەزبەر لە جەریانی سەفەر بۆ مازندەران، نەیارانی بەرجامی بە کەسانێک ناوبرد کە “لە درێژەی تەحریمەکان سودمەند دەبن” و بە شێوەیەکی سوکایەتی ئامێز خاترجەمی کردن کە دوای لاچونی تەحریمەکان “دوکانەکانیان رەونەقی نامینێت”. یەکێک لە نەیارانی بەرجام محەممەد عەلی جەعفەری، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران رۆژی چوارشەممە، ١٥ی رەزبەر بەرجامی بە فیتنەیەکی پڕ مەترسی و هاوتای شەڕی ئێڕان و عێڕاق و ئاخێزی دژی دیکتاتۆڕی ساڵی ١٣٨٨ زانی. خامنەیش لە رۆژی ١٥ی رەزبەردا لایەنگرانی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکای وەک رۆحانی و رەفسەنجانی بە ساویلکە ناولێبرد و هەموو جۆرە وتووێژێکی لەگەڵ ئامریکا قەدەغە کرد. ئەگەرچی بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری بە سپا و دامودەزگای خامنەیی ئیجازە و توانایی بەرگرتن لە ئیجرا بوونی بەرجام نادات، بەڵام توند بوونەوەی ناکۆکیەکان سەبارەت بە چلۆنایەتی ئیجرای ئەم قەراردادە درێژەی دەبێت.
لە بارودۆخی بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە بەرگرتن لە رکودی ئابووری و باشتر کردنی هەرچەند کەمی ژیانی کرێکاران و توێژی هەژار و کەم داهات زەمینە بۆ خەباتی بەرینتری کرێکاری فەراهەم دەکات. بەم حاڵەوە پێشڕەوی خەباتی کرێکاری مەرجدارە بەوەی کە ئەم خەباتە لە پڕژوبڵاوی بێتەدەرێ.
بەڵام بۆ بوونی ئەم خەباتە پڕژوبڵاوە بە خەباتێکی سەرتاسەری و پەیوەست بوونەوەی خەباتی کرێکاری کارخانە جۆراوجۆرەکان بەیەکەوە دەبێ چی بکرێت؟ لە بارودۆخی ئێستادا دەبێ بە دوو ئاڕاستەی سەرەکیدا هەنگاو بندرێت. یەکەم چەسپاندنی داواکاری و دروشمی وەک یەکی خەباتکارانە لەنێو کریکاراندا، و دووهەم پێوەندی گرتنی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بەیەکەوە. بە واتایەکی تر لە غیابی تەشەکولە جەماوەریەکانی کرێکاراندا، لە نەبوونی داواکاری و دروشمی وەک یەک و سەرتاسەری و نەبوونی پێوەندی کرداریی له‌ نێوان هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە ئاستی سەرتاسەریدا، دوو کۆسپی سەرەکی لە بەردەم سەراسەری و هاوئاهەنگ بوونەوەی خەباتی کریکاری دا هەیە و هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری لەم بارودۆخەدا دەبێ هەوڵەکانیان بۆ لابردنی ئەم کۆسپانە تەرخان بکەن.
یەک دەنگی لە داخوازی و دروشمدا یەکەم هەنگاوی هەموو جۆرە وەحدەتێکە لە تێکۆشاندا. ئەم سادەترین شێوەی وەحدەتە لە رێگای داواکاری و دروشمی وەک یەکەوە ئەو ئیمکانە ئەداتە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری کە رۆحیەی هاوپشتی و وشیاری چینایەتی، تەشەکول پەزیری و بڕوابەخۆیی و ئیمان بە هێزی چینی کرێکار لە نێویاندا بەهێز بێت. هەروەک وتمان دروشمی وەک یەک و سەرتاسەری لەگەڵ گشتی و هەمەگیر بوونیدا، کۆمەڵێک دروشمی دیاریکراو و روونیشن. هێندێک داواکارین کە لەدژی موشکلات و موسیبەتەکانی سەرجەم کرێکاران مەتڕەح دەکرێت و چارەسەر کردنیشی هێزی سەرجەم کرێکاران دەخوازێت.
هاو ئاراستە کردن، هاوئاهەنگی و هاوکاتی خەباتی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا و راکێشانی لەکاتی خۆیدای هاوپشتی و پشتگیری یەکە جۆراوجۆرەکان لە یەکتری بەبێ پێوەندی جیدی نێوان کرێکارانی پێشڕەو و خەباتێک کە سەر رشتەی خەباتی لە یەکە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستەوەیە مومکین نییە. لەنێوان خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسی چینی کرێکاردا دیواری چین بوونی نییە. لەنێوان ئەم دوو جۆرەی خەباتدا پێوەندی و کاریگەری بەرابەر بوونی هەیە. هەر سەرکەوتنێک لە خەباتی ئابووری کرێکاراندا، کاریگەری بەهێزی لەسەر خەباتی سیاسی کریکاران دەبێت. خەباتی ئابووری کرێکاران هۆکارێکە کە بزوتنەوەی کرێکاری بەرەو خەباتی سیاسی دەباتە پێش. لە ناخی بارودۆخی ئێستادا ئەم رەوتە خێراتر روو ئەدات. داواکارییە ئابووری و سیاسیەکانی کرێکاران بەخێرایی ئاوێتەی یەکتر دەبن. داواکاری ئازادی کرێکارانی بەندکراو و ئازادی زیندانیانی سیاسی دەتوانێ لەپاڵ داواکاری زیاد کرانی حەقدەستەکان و بیمەی بێکاریدا لەسەر ئاڵاکانی خەباتی چینی کرێکار بنوسرێن. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەهەر رادەیەک کە بتوانن وەحدەت و هاوئاهەنگی لە داواکاری و لە کرداری خەباتکارانەی کرێکاراندا بەدی بێنن، بزوتنەوەی کرێکاری هەنگاوێک لە گەشە کردنی خەباتی و لە رێکخستنی ریزەکانی، نزیک تر دەبێتەوە و ئامادەگی رێبەری کردنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەدەست دێنێ.