دوو ڕۆژی یەک لەدوای یەک لە ڕۆژژمێری جیهانیدا بۆ یەکێک لە کۆنترین زامەکانی مرۆڤایەتی تەرخان کراون. شازدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانیی خۆراک و خەبات دژ بە برسییەتییە و حەفدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژ بە هەژارییە. ئەم دوو بۆنەیە ناكرێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە. برسییەتی سەخترین و دیارترین ڕوخساری هەژارییە، و هەژاریش بەستێنێکە کە برسییەتی سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە. ساڵانە لەم ڕۆژانەدا ئاماری هەژێنەر بڵاو دەکرێنەوە، دەوڵەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەڵێنی نوێ دەدەن و دوای چەند هەفتەیەک هەموو شتێک دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی پێشووی خۆی. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە: چۆن دەکرێت لە جیهانێکدا کە توانای بەرهەمهێنانی سەروەت، زانست و تەکنەلۆژیای لە هەر سەردەمێک زیاترە، ملیۆنان مرۆڤ بە برسییەتی بخەون و ملیارەها کەسیش لە ماڵ و مەسکەنی شایستە، دەرمان، پەروەردە و ئەمنییەتی ئابووری بێبەش بن؟
ڕیشەی ڕۆژی جیهانیی خەبات دژ بە هەژاری دەگەڕێتەوە بۆ ۱۷ی ئۆکتۆبری ۱۹۸۷. لەو ڕۆژەدا زیاتر لە سەد هەزار کەس لە مەیدانی تڕۆکادێرۆ لە پاریس کۆبوونەوە تا یاد و بیرەوەریی قوربانیانی هەژاری، برسییەتی و توندوتیژی بەرز ڕابگرن و جەخت بکەنەوە لەسەر مافی ژیانێکی شایستە بۆ هەر مرۆڤێک. پێنج ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ۱۹۹۲دا، کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەی بە ڕەسمی ناسی. لەو کاتەوە تا ئێستا کۆبوونەوەی بێژمار بەڕێوە چووە. لە لووتکەی قەیرانی خۆراکی ۲۰۰۸دا، وڵاتەکان بەڵێنیاندا تا ساڵی ۲۰۱۵ ژمارەی برسییەکانی جیهان بۆ نیوە کەم بکەنەوە و تا ۲۰۳۰ کۆتایی بە برسییەتی بهێنن. بەڵام لە ۲۰۱۶دا، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) ڕایگەیاند کە نزیکەی ۸۱۵ ملیۆن کەس هێشتا لە خۆراکی پێویست بێبەشن. مەودای نێوان بەڵێن و واقیع هەرگیز بەم شێوەیە ڕوون نەبووە.
ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە لە چەند واقیعێکی سادەدا دەبینرێت. سەدان ملیۆن مرۆڤ هێشتا لەگەڵ برسییەتیی بەردەوام بەرەوڕوون. دەیان ملیۆن منداڵی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە گەشەکردن پاشکەوتوون و بەشی هەرەزۆری منداڵانی جیهان بەهۆی کەمبوونی خۆراکەوە گیانیان لەدەست دەدەن. تێکدانی ژینگە و قەیرانی کەشوهەواش بە کەمکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەتوانێت ملیۆنان کەسی تر بەرەو هەڵدێری هەژاری ببات. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی وەک ئۆکسفام نیشان دەدەن کە سەروەتی ژمارەیەکی کەم لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان بەرامبەرە بە سەروەتی نیوەی تەواوی مرۆڤایەتی. بەرنامەی جیهانیی خۆراک خەمڵاندوویەتی کە بەشێکی زۆر کەم لەم سەروەتە بەسە بۆ دابینکردنی ژەمەخۆراکێکی بەسوود بۆ منداڵانی برسیی قوتابخانەکان.
دیارە ئاماری هەژاری پەیوەستە بە شێوازی ئەژمارکردن و ئەو هێڵی هەژارییەی هەڵدەبژێردرێت، و نابێت پێوەرە جیاوازەکان تێکەڵ بکرێن. بۆ تێگەیشتنی ڕاستەقینە لەم قەیرانە، جگه لە داهات، دەبێت تێچووی خانوو، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک، دەرمان و پەروەردە، ئەمنییەتی پیشەیی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتیش ڕەچاو بکرێت.
واقعییەت ئەوەیە کە ناکرێت هۆکاری هەژاری بەناوی تەمبەڵی، هەڵبژاردنە کەسییەکان یان کەمبوونی سەرچاوەکان پاساو بکرێت. هەژاری لە پەیوەند لەگەڵ پێکهاتەی ئابووری، پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی، دابەشکردنی دەسەڵات و شێوازی ڕێکخستنی بەرهەمهێناندا شیاوی لێ تێگەیشتنە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا، سەروەت بە کاری کۆمەڵایەتیی ملیۆنان مرۆڤ بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوە ئابوورییەکان لە دەستی کەمینەیەکدا کۆبۆتەوە. کرێکاران بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچارن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن، لە کاتێکدا بڕیارە سەرەکییەکان دەربارەی وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان، داڕشتنی کار و دابەشکردنی سەروەت لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان دەدرێن.
کاتێک کرێکارێک تەواوی وەخت کار دەکات بەڵام حەقدەستەکەی بەشی کرێی خانوو، خۆراک و پێداویستییەکانی بنەماڵەکەی ناکات، ناکرێت بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە ئهستۆی خۆی. دەبێت بپرسین بۆچی بەرهەمی کار زیادی کردووە بەڵام ئەمنییەتی ئابووریی کرێکاران هێشتا لاوازە. دەبێت بپرسین بۆچی هەزینەی شوێنی نیشتەجێبوون لە توانای بەشی هەرەزۆری خەڵک تێپەڕیوە و بۆچی بەرهەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ناگاتە دەست ئەو کەسانەی کە بە کاری خۆیان ئەم سەروەتەیان خوڵقاندووە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان بارودۆخێکی وەک یەکیان هەیە. خەباتی کرێکاری، سیاستە داراییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە زۆرێک لە وڵاتەکان ئاستی هەژارییان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردۆتەوە. هەر ئهم جیاوازییانە نیشان دەدەن کە هەژاری چارەنووسێکی نەگۆڕ نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە.
هەژاری تەنها کەمبوونی داهات نییە، بەڵکوو ژیانی مرۆڤ لە ناخەوە بەتاڵ دەکاتەوە. بنەماڵەیەکی کە بەشێکی زۆری داهاتەکەی بۆ کرێی خانوو خەرج دەکات و بۆ دەرمان و پەروەردەی منداڵەکانی قەرزدار دەبێت، لە بەرامبەر خاوەنکار، خاوەنماڵ و دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا لاواز و بێ بەرگری دەبێت. لە بنەماڵە کرێکار و هەژارەکاندا، هەرلە منداڵەوە تا گەورە هەمووان کار دەکەن و دیسانیش بە سەختی دەتوانن ژیانێکی مەمرەومەژی دابین بکەن. کاتی بەتاڵ و حەسانەوە دەبێتە خەون، و سەقامگیریی بنەماڵە و تاکەکانیش بەردەوام لە مەترسیدایە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، بەدەستهێنانی وشیاریی سیاسی و چینایەتی، ڕێکخراوبوون لە پەنای هاوچینەکاندا و خەبات بۆ مافە دیموکراتییەکان دژوارتر دەبێتەوە. کاتێک هیچ ڕێگەیەکی ڕزگاربوون لەسەر زەویدا بەدینەکرێت، هەندێک پەنا دەبەنە بەر ئایین و لە جیهانێکی تر بەشوێن دادپەروەریدا دەگەڕێن. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە خاوەن سەرمایە و دەوڵەتەکانیان دەیانهەوێت. ئازادیی سیاسی بەبێ هەبوونی لەنیکەمێک لە ئەمنییەتی مادی، بۆ زۆر کەس دەبێتە مافێکی شکڵی و فۆڕماڵ.
ئێران نموونەیەکی ڕوونی ئەم واقیعەیە. تەنانەت ئامارە ڕەسمییەکانیش، کە خۆیان جێگەی گومانن، باس لە دابەزینی لانیکەم یەک لەسەر سێی توانای کڕینی کۆمەڵگە لە دە ساڵی ڕابردوودا دەکەن. دەرئەنجامەکانی لە شەقامەکاندا دیارن: منداڵانی کار، گەڕان لەناو زبڵدا، کارتۆنخەوی، ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەر، لەفروشیی ناچاری و خۆکوژی. ئەمانە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێکهاتە ڕانتی و سەرکوتگەرەکەیەتی. لە ئاوا بارودۆخێکدا، خەبات بۆ ڕزگاربوون لە دەست کۆماری ئیسلامی لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان مرۆڤ لە هەژاری، بێکاری، بێ خانەولانەیی و گرانی جیا نییە.
لە سەدەی بیست ویەکەمدا، ئەم دژوازییە ڕەهەندی نوێی وەرگرتووە. ژیریی دەستکرد و ئۆتۆماتیکردنی کارەکان دەتوانن کاری سەخت کەم بکەنەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەرەپێبدەن. بەڵام ئەگەر قازانجی ئەوان یەکسان بێت لەگەڵ قازانجی تایبەتی، دەبنە هۆی سڕینەوەی دەرفەتەکانی کار، گەشەسەندنی کاری کاتی و ناسەقامگیر و کەڵەکەبوونی هەرچی زیاتری سەروەت. خانووبەرەش کاڵایەک نییە بۆ ساتوسەودا، بەڵکوو مەرجێکی سەرەکیی تەندروستی و ئەمنییەتی مرۆڤە.
خەبات دژ بە هەژاری دەبێت لە هێورکردنەوەی دەرئەنجامەکان تێپەڕێت و مەرجەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بگۆڕێت. حەقدەستی پێویست و گونجاو، مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتن، گرێبەستی کارپێکراوی ئەمن و دەستەبەرکراو، دەرمان و پەروەردەی گشتی و بێبەرامبەر، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و باجی دادپەروەرانە، لەزومرەی بوارە لێکهەڵپێکراوەکانی ئاوا خەباتێکن. لە هەمان کاتدا، ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە بەبێ دیموکراسی، بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک و چاودێری لە خوارەوە، چڕبوونەوەی دەسەڵات بە شێوازی تر سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە. کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، کرێنشینان و بێکاران وەرگری پاسیڤی هاوکارییەکان نیستن. ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، شۆڕاکان و یەکێتییەکانەوە دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگەدا بگێڕن.
هەژاری و برسییەتی نە نیشانەی دەستەوەستانیی زاتیی مرۆڤن و نە واقیعێکی هەمیشەیی. خەبات لەدژیان، خەباتە لەپێناو کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، دەرمان، پەروەردە و ئەمنییەتی ئابووری ئیمتیازی دەوڵەمەندەکان نەبێت، بەڵکوو مافی هەموو کەسێک بێت. ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی لەوچەشنە بریتییە لە هاوپشتی، ڕێکخستنی سەربەخۆ و گەشەپێدانی دیموکراسی. ئامانج لە دابەشکردنی دادپەروەرانەتر، بێبەشیی و مەحرومییەت نییە، بەڵکوو دروستکردنی جیهانێکە کە تێیدا هەر مرۆڤێک بتوانێت ئازادانە و بە کرامەتەوە بژێت.
