کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کالابەرگ، چارەسەرێکی ناکارامە بۆ برینی قووڵی گوزەران

IMG 6399

ئابووریی ئێران لە ئێستادا لە ژێر گوشاری سێ قەیرانی لێک گرێدراودایە. یەکەم، دەرئەنجامەکانی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان کە بووەتە هۆی لاوازبوونی سەرمایە، ئایندەی تاریک کردووە و هەڵاوسانی گەیاندووەتە لووتکە. دووەم، گەمارۆی ئابووری و سزاکان کە بە گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان توندتر بوونەتەوە و داهاتی نەوتی وڵاتیان سنووردار کردووە، ئاڵوگۆڕی بانکیان ڕاگرتووە و تێچووی هاوردەکردنیان چەندین قات بەرز کردووەتەوە. سێیەم و لە هەموویان سەرەکی‌تر، قەیرانی پێکهاتەیی کۆماری ئیسلامییە: ئابووری ڕانتی و دەوڵەتی، کورتهێنانی بودجەی بەردەوام کە بە چاپکردنی پارە قەرەبوو دەکرێتەوە، گەندەڵی جێگیر، و سیاسەتکردنێکی کە بەرژەوەندی دەسەڵات لە پێش گوزەرانی خەڵکەوە دادەنێت.

بەرهەمی ئەم سێ قەیرانە، بریتییە لە بەرزبوونەوەی لەڕادبەدەری نرخ و بەهای دراو، کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نرخی کاڵا سەرەکییەکانی دەیان لەسەد بەرز کردووەتەوە و حەقدەستەکان هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئاستی هەڵاوسان. لە وەها دۆخێکدا، حکوومەت “کالابەرگی ئەلیکترۆنی” وەک ئامرازی سەرەکی پشتیوانی گوزەرانی خەڵک خستووەتە ڕوو. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا کالابەرگ توانیویەتی قەیرانەکە کەم بکاتەوە، یان خۆی بووە بە ئەڵقەیەکی نوێ لە هەمان قەیران؟

کالابەرگی ئەلیکترۆنی یارمەتییەکی نانەختییە کە دەوڵەت، لە جیاتی یارمەتیی نەختینە یان لە پاڵیدا، دەیخاتە سەر هەژماری سەرپەرشتی بنەماڵە. ئەم قەرزە لە ئامێرە خودکارەکان (عابربانک) هەڵناگیرێت و تەنها بە کارتی بانکیی سەرپەرشتی بنەماڵە لەو فرۆشگایانەدا بەکاردێت کە گرێبەستیان لەگەڵیان هەیە. لیستی ئەو کاڵایانەی دەیگرێتەوە سنوردارە بۆ نزیکەی یازدە کاڵای سەرەکی: شیر، پەنیر، ماست، گۆشتی سوور، مریشک، هێلکە، برنج، ڕۆنی شل، ماکارۆنی، قەند، شەکر و پەتاتەو دەنەوێڵەکان. بەپێی نوێترین ڕاپۆرتەکان، نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لەژێر چەتری ئەم پلانەدان و یارمەتی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٥ بۆ هەر کەسێک یەک ملیۆن تمەن دیاری کراوە.

لایەنگرانی ئەو پلانە پاساو ئەوە دێننەوە کە کالابەرگ، پێچەوانەی یارمەتیی نەختینە کە ڕەنگە بۆ خەرجیی تریش بەکاربهێنرێت، کاڵای سەرەکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە سەر سفره‌ی بنەماڵەکان و لانیکەم لە کورتماوەدا، ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی چینە هەژارەکان بە سەبەتەی بنەڕەتیی خۆراک مسۆگەر دەکات. لەسەر کاغذ، ئەمە لۆژیکێکی قبوڵکراوە. بەڵام واقیعی مەیدانی وێنەیەکی تر پیشان دەدات.

گەورەترین کەلێنی پلانی کالابەرگ لەو شوێنەدا دەرکەوتووە کە کەمتر دەبینرێت: لە پشت پێشخانی دوکانەکانەوە. فرۆشگاکانی لایەنی گرێبەست، کاڵاکە بە نرخی ڕۆژ دەدەن بە کڕیار، بەڵام پارەکەی ٢٠، ٣٠ و هەندێک جار زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ دواتر وەردەگرن. ئەم مەودایە، فرۆشیاری بچووکی بە کردەوە کردووە بە قەرزدەرێکی بێ سوودی دەوڵەت.

فرۆشیارێک لە لامەرد دەڵێت لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژدا نزیکەی ٧٠ ملیۆن تمەن کاڵای فرۆشتووە و هێشتا ڕیالێکی وەرنەگرتووە، تەنها وەڵامێکی کە بیستوویەتی ئەوە بووە کە “لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە” و بۆ دابینکردنی نەختینە ناچار بووە پرینتەری شوێنی کارەکەی بفرۆشێت. دابەشکارێک لە ئەردەبیل باس لە داواکارییەکی نزیکەی ٨ ملیار تمەنی دەکات کە لە جەژنەوە تا ئێستا نەدراوەتەوە و مەزەندە دەکات کە ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەدی کاسبکارانی تری لایەنی گرێبەستەکان کالابەرگ قبوڵی ناکەن.

لە ئابورییەکدا کە لەگەڵ هەڵاوسانێکی لەڕادبەدەر بەرەوڕووە، هەر ڕۆژێک دواکەوتن واتە توانەوەی سەرمایە. هەمان کاسبکاری لامەردی دەڵێت ئەو شتەی کە ٤٠ ڕۆژ پێش ئێستا بە ١٨٠ هەزار تمەن دەیفرۆشت، ئێستا بووە بە ٢٨٠ هەزار تمەن. واتە ئەو پارەیەی کە بە دوادەکەوێت، ئیتر بەشی کڕینەوەی هەمان کاڵا ناکات. قازانجی فرۆشیار نەک هەر لە ناو چووە، بەڵکوو بووە بە زیان. یەکە بچووکەکان بە سەرمایەیەکی کەمەوە، یەکەمین قوربانییەکانی ئەم بازنەیەن و هەندێکیان گەیشتوونەتە لێواری بێتوانایی لە کڕینی کاڵای نوێدا.

پێدانەکان گرێدراون بە ڕێڕەوی سەرچاوە ناوەندییەکان، ئەو سەرچاوەکانەی کە خۆیان لە تەنگژەی کورتهێنانی بودجە، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی و گەمارۆدان. وە ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی ڕەزبەری ١٤٠٥ کە هێشتا باس لە خۆبواردنی فرۆشیاران لە قبوڵکردنی کالابەرگ دەکەن.

یەکەمین دەرئەنجامی ئەم دۆخە، بریتییە لە کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو فرۆشگایانەی کە کالابەرگ قبوڵ دەکەن. خەڵک ئەو یارمەتییە نانەختینەیان هەیە، بەڵام کەمتر شوێنێک هەیە بۆ خەرجکردنی. ئەم کێشەیە لە شارە بچووکەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان، کە بژاردەکانی کڕین هەر لە سەرەتاوە سنووردار بوون، ئێستا زۆر قورسترە. بنەماڵەی کەمداهات ناچارە بۆ بەکارهێنانی یەک ملیۆن تمەن لەو یارمەتییە، ڕێگەیەکی دوورتر ببڕێت یان پشت بە فرۆشگا زنجیرەییە گەورەکان ببەستێت.

دووەمین دەرئەنجام، جیاوازیی نرخە. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە ئەو پێداویستییانەی کە کالابەرگ دەیانگرێتەوە لە هەندێک دوکان بە گرانتر دەفرۆشرێن. فرۆشیاران هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ هەڵاوسانی بەهای دراو و تێچووی دواکەوتنی مافەکانیان. بەم شێوەیە، فرۆشیار تێچووی ناکارامەیی دەوڵەت دەگوازێتەوە بۆ کڕیار و بەهای ڕاستەقینەی ئەو یارمەتییە بۆ بنەماڵە، پێش ئەوەی بگاتە سەر سفره‌کەیان، کەم دەبێتەوە. لەم نێوەندەدا، نە دەوڵەت بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ و نە چاودێرێکی کاریگەر لەسەر نرخەکان دادەنرێت.

سێیەمین دەرئەنجام، لەناوچونی متمانەیە. ئەو کاسبکارەی کە یەک جار سەرمایەکەی لە بازنەی کالابەرگدا ڕاگیراوە، بە سەختی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پلانە. هەروەها ئەو شارۆمەندەی کە بە دڵنیاییەوە ڕوو دەکاتە دوکانەکان و لەگەڵ وەڵامی “کالابەرگ وەرناگرین” بەرەوڕوو دەبێتەوە، متمانەی بە بەڵێنەکانی یارمەتیی دەسەڵات هەرچی زیاتر لەدەست دەدات.

کێشەی کالابەرگ تەنها لە کەمەوکوڕیی جێبەجێکردنیدا نییە، بەڵکوو لە لۆژیکەکەیشیدایە. یەکەم، بڕی قەرزەکە لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسان و بەهای دراودا ناگونجێت و هێزی کڕینی بە شێوەیەکی گشتی لە کەمتر لە ساڵێکدا بێکاریگەر دەبێت. دووەم، ئەگەر بودجەی پلانەکە لە شوێنی چاپکردنی پارە یان سەرچاوە ناسەقامگیرەکانەوە دابین بکرێت، خۆی دەبێتە بزوێنەری هەڵاوسانێکی نوێ و هەمان کاریگەریی یارمەتییەکە لەناودەبات. سێیەم، کالابەرگ چارەسەرێکی کاتییە کە ناتوانێت جێگەی چاکسازییە بنەڕەتییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، زیادکردنی حەقدەست و بوژاندنەوەی بەرهەمهێنان بگرێتەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، قەیرانی گوزەران لە ئێران جیا لە شەڕ و گەمارۆ نییە. ئەو دەسەڵاتەی کە سەرچاوەی وڵات لەپێناو سەرکێشییە ناوچەیی و تێچووە ئەمنییەتییەکاندا خەرج دەکات و دەرگاکانی بەڕووی جیهاندا داخستووە، بە دابەشکردنی مانگانەی یەک ملیۆن تمەن یارمەتیی ناتوانێت ئەو زیانە قەرەبوو بکاتەوە کە سیاسەتەکانی لەسەر گوزەرانی خەڵک دروستی کردووە. سەرچاوەی هەموو گرانبوونەکان تەنیا دۆلار نییە، بێتوانایی، خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی پێکهاتەیی، پشکێکی یەکلاکەرەوەیان لە دۆخی ئەمڕۆدا هەیە.

 

کالابەرگ، لە باشترین حاڵەتدا، چارەسەرێکی کاتییە بۆ برینێکی قووڵ. بەڵام لە بەمشێوەیەی ئێستای، تەنانەت ئەم ڕۆڵەش بە دروستی ئەنجام نادات: کاسبکاری بێپارە، بازاڕی بێ‌ڕەونەق و خەڵکی بێ‌متمانە کردووە. تا ئەو کاتەی ڕیشەی قەیرانەکە، واتە شەڕخوازی، گۆشەگیربوونی ئابوری و پێکهاتەی ڕانتی و ناکارامەیی دەسەڵات، وەک خۆی بمێنێتەوە، هیچ کالابەرگێک سفره‌ی خەڵکی ئێران لەو هەژارییە ڕزگار ناکات.