کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گیانی کرێکار هەرزانترە لە تێچووی دابینکردنی ئەمنییەت

IMG 6380

هەموو ڕۆژێک بەیانییان، ملیۆنان کرێکار لەم وڵاتە لە ماڵ دەردەکەون، یەکێکیان دەچێتە سەر داربەستی بیناسازی، یەکێکیان بۆناو قووڵایی مەعدەن و یەکێکی دیکەیان بۆ لای ئامێری کارگەکان. بەڵام بەشێکیان ئيتر ئێوارە ناگەڕێنەوە. کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، داڕمانی تۆنێل، تەقینەوە، گرتنی کارەبا و گیرخواردنی دەست لەناو ئامێردا، ئەمانە بۆ ئێمە هەواڵی دوور و نەنناسراو نین. ناوی هاوکارێکمانە کە دوێنێ لە پەنای دەستمان کاری دەکرد، یان ناوی برا، باوک و دراوسێیەکە کە ئیتر لە نێوانماندا نەماوە.

کرێکاران ئەمە بە پێست و ئێسکیانەوە هەست پێ دەکەن، بەڵام ئامارە فەرمییەکان شتێکی دیکە دەڵێن، یان باشترە بڵێین زۆر شت ناڵێن. ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران “ئیلنا” لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی شوێنی کار، بەراوردی لەنێوان ئاماری فەرمیی گیانلەدەستدان و ئامارە ڕاستەقینەکاندا کردووە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە:

“ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەڵێت لە ساڵی ۱۴۰۴دا، ۶۶۸ کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەستداوە. بەڵام پزیشکی دادوەری تەنیا لە یازدە مانگی هەمان ساڵدا ۱۸۷۹ گیانلەدەستدانی بەهۆی کارەوە تۆمار کردووە. واتە تەنانەت بەبێ ئەژمارکردنی مانگێکیش، ژمارەی ڕاستەقینە نزیکەی سێ هێندەی ئەو ئامارەیە کە دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە. بەڵام ئەم جیاوازییە هەڵەی ژمێریاری نییە. دابینکردنی کۆمەڵایەتی تەنیا ڕووداوی ئەو کەسانە دەژمێرێت کە بیمەکراون. کەواتە کرێکاری ڕۆژکار، کرێکاری بیناسازی، کرێکاری وەرزی، کرێکاری کارگە بچووکەکان و ملیۆنان کرێکاری کە بەبێ بیمە کار دەکەن، لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی ئامارەکانن. کرێکارانی کۆچبەر و ئەو کەسانەی بەڵگەنامەیان نییە، بە هیچ جۆرێک ناویان لە هیچ دەفتەرێکدا نییە. مەرگی ئەوان، ئەگەر شانس بهێنن و بنەماڵەیەک هەبێت بەدواداچوونیان بۆ بکات، تەنیا لە پزیشکی دادوەری تۆمار دەکرێت. تەنانەت لەنێوان بیمەکراوەکانیشدا زۆرێک لە ڕووداوەکان هەرگیز بە هیچ شوێنێک ڕاناگەیەنرێت. تەنیا لە ساڵی ۱۴۰۴دا، بارودۆخی ۱۵ هەزار و ۴۰۸ دۆسیەی “تۆمارنەکراو” ڕاگەیەندراوە، واتە هەزاران ڕووداوی کە لە نیوەی ڕێگەدا وازیان لێ هێنراوە.”

بە هەموو ئەم کەموکوڕییانەشەوە، هەر ئەم ئامارە ناتەواوەش هەژێنەرە و تووشی سەرسوڕمانت دەکات: نزیکەی ۳۶ هەزار ڕووداوی کار لە ساڵێکدا، واتە نزیکەی سەد ڕووداو لە ڕۆژێکدا و بەشێوەیەکی مامناوەند ڕۆژانە دوو کرێکار دەکوژرێن. ۷۳٪ی زیانپێکەوتووان خێزاندار بوون، کەواتە هەر ڕووداوێک واتە بەتاڵ بوونی سفره‌ی بنەماڵەیەک. دابینکردنی کۆمەڵایەتی سەبارەت بەو ۶۶۸ کەسەش نەیوتووە کە پیشەیان چی بووە، لە چ پیشەسازییەکدا کاریان کردووە، چ جۆرە گرێبەستێکیان هەبووە، چەندە پێشینەی کاریان هەبووە و چ ڕووداوێکیان بەسەر هاتووە. بەبێ ئەم زانیارییانە نازانرێت کە کرێکار زیاتر لە بیناسازیدا گیان لەدەست دەدات یان لە مەعدەن، ڕێگەوبان و کارگەکان. کاتێک نەزانی لە کوێ خوێن دەڕژێت، ناتوانی ڕێگریشی لێ بکەیت.

زۆرترین هۆکاری ڕووداوەکان،  “کەمتەرخەمیی” کرێکار ڕاگەیەندراوە. واتە تاوانەکەیان خستووەتە ئه‌ستۆی خودی کرێکارەکە. بەڵام کەس ناپرسێت: ئایا ڕاهێنانی بینیبوو؟ کڵاو، کەمەربەند و کەرەستەی ئەمنییەتی هەبوو؟ ئامێرەکە ساغ و ستاندارد بوو؟ چەندە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لەژێر گوشاردا بوو؟ ئایا خاوەنکار ئەرکی خۆی ئەنجام دابوو؟ ئەم تۆمەت و پاشبەند، تەواوی ڕووداوەکە لە یەک ساتدا لە ڕەفتاری کەسێکدا کورت دەکاتەوە و ئەوانی دیکە لە تاوان بێبەری دەکات.

جگە لەمانەش هەندێک مەرگ هەن کە لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێن: کرێکارانی ئەفغانستانی، کە ڕووداوەکانیان زۆربەی کات بێدەنگ کۆتایی دێت. کۆڵبەران، کە گیان لەدەستدانیان لە کەشوهەوای سەختی کوێستان و سنوورەکاندا، بە هەموو بێڕەحمییەکەیەوە، لە ئاماری ڕووداوەکانی کاردا هیچ جێگایەکی نییە. ڕووداوگەلێکی کە لە هەمان شوێندا “پەردەپۆش” دەکرێن، خاوەنکار بە بڕە پولێکی کەم لەگەڵ بنەماڵەکان ڕێک دەکەوێت و هیچ شوێنەوارێک لەڕووداوەکە نامێنێتەوە. مەرگە لەسەرەخۆ و بە شێنەییەکان، ئەو کرێکارانەی کە ساڵانێک لە پێترۆشیمیی، مەعدەن، نەوت و کارگە شیمیاییەکاندا هەناسەیان هەڵکێشاوە و ئێستا لەگەڵ شێرپەنجە، نەخۆشیی سییەکان، خوێن و پێست، یان پیری پێشوەختە دەستوپەنجە نەرم دەکەن. ئەمانەش لە زومرەی کوژراوانی کارن، ئەگەرچی کەس حیسانیان ناکات.

بۆچی ئەم ڕووداوانە ڕوو دەدەن؟ وەڵامەکە سادەیە: هەموو ئەم ڕووداوانە ئاکامی چاوچنۆکی و قازانپەرەستی بێسنووری خاوەنکارن. بۆ خاوەنکار، دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار، نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان، ڕاهێنانی کرێکار و ڕاگرتنی کاری مەترسیدار، هەموویان تێچوون و لە قازانجەکەی کەم دەکەنەوە. بەڵام کرێکار بۆ ئەو جێگرەوەی هەیە. لە پشت دەرگای هر کارگەیەک و لە دەوری هەر مەیدانێکدا، ڕیزێک لە بێکاران وەستاون کە ئامادەن شوێنی ئەوان بگرنەوە. ئەگەر یەکێک بریندار بێت، گیان لەدەست بدات یان لە ترسی گیانی بڕوات، بەیانی یەکێکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە. لەم حیسابوکتابەدا، گیانی کرێکار هەرزانترە لە تێچووی دابینکردنی ئەمنییەت.

دەوڵەتیش لەم نێوەندەدا بێلایەن نیست، لە تەنیشت خاوەنکار وەستاوە. پشکنین و چاوەدێری کار ناکافی و بێکاریگەرە. سزای دارایی خاوەنکاری سەرپێچیکار ئەوەندە کەمە کە کەس لێی ناترسێت. یاسا یان جێبەجێ ناکرێت یان بە جۆرێک نووسراوە کە زیان بە بەرژەوەندی خاوەن سەرمایەکان نەگەیەنێت. ملیۆنان کرێکاری ناڕەسمی و کۆچبەر بەبێ هیچ پشتگیرییەک ڕەها کراون. ئاماری فەرمیش ڕاستییەکان نیشان نادات، چونکە کاتێک کارەساتەکە نەبینرێت، کەسیش ناچار نییە وەڵام بداتەوە. لە هەمووی گرنگتر، دەوڵەت بە سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران، تەنیا هێزێکی کە دەتوانێت ئەمنییەت و سەلامەتی بسەپێنێت لە کار دەخات.

زۆرێک لە کرێکاران دەزانن ئەو کارەی دەیکەن مەترسیدارە. بەڵام کێ دەوێرێت بڵێت کە “ئەم کارە ناکەم“؟ دەزانێت ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕێت دەردەکرێت و یەکێکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە. هەر ئەم لاوازی و بێدەسەڵاتییەیە کە شوێنی کاری کردووەتە کوشتارگاە.

بۆچی لە هەندێک لە وڵاتەکان کرێکار کەمتر دەمرێت؟ هۆکارەکەی تەنیا ئەوە نییە کە تەکنەلۆژیای باشتر یان یاسای باشتریا هەیە. لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ئای، ئێڵ، ئۆ) نیشان دەدەن کە لە هر شوێنێک یەکێتییەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان بەهێزتر بن، ڕێژەی گیانلەدەستدان لە شوێنی کار کەمترە. یاسای باشیش بەبێ بوونی هێزێکی کە جێبەجێکردنەکەی بسەپێنێت، لە پەڕە کاغەزێک زیاتر نییە. خاوەنکار کاتێک ناچار دەبێت ئەمنییەت دابین بکات کە کەمتەرخەمیی لەو بابەتەوە گران تەواو بێت بۆی، ئەم تێچووەش تەنیا کرێکارانی ڕێکخراو دەتوانن بەسەریدا بسەپێنن. ئەمنییەت لە سەرەوە وەک دیاری نادرێت بە کرێکاران، بەڵکوو دەبێت لە خوارەوە بە دەستی بهێنن.

تا ئەو کاتەی کرێکاران ڕێکخراو نەبن و مافی ناڕەزایەتی، مانگرتن، ڕاگرتنی کاری نائەمن و مەترسیدار و هەروەها چاودێری کۆمەڵایەتییان بەسەر شوێنی کاردا نەبێت، شوێنی کار بە نائەمینی دەمێنێتەوە. ئەمنییەتیش وەک هەر داواکارییەکی دیکەی کرێکاری، تەنیا بە گوشار و خەباتی ڕێکخراو بەدەست دێت. ئەگەر کرێکاران خۆیان لە فکری گیان و تەندروستی خۆیاندا نەبن، هیچ کەس لە سەرەوە پێیان نابەخشێت.