کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەلاق لە جەستەی کرێکار ،گڕکانی ڕق و تووڕەیی سبەی ڕۆژ

IMG 6366

جارێکی تر شەلاق جەستەی کرێکاری کردە ئامانج. ئەمجارەیان نۆرەی کرێکارانی دەرکراوی پترۆپارس بوو لە هویزە، زیاتر لە ١٠ کرێکار کە ساڵانێک لە گەرمای کوشندەی خوزستاندا، لە ناو جەرگەی پڕۆژە سەنگینەکانی کێڵگەی نەوتی ئازادگانی باشووردا ئارەقەیان ڕشت و کاتێک فازەکانی پڕۆژەکە کۆتاییان هات، وەک ئامرازێکی بێ کەڵک خرانە لاوە. گرێبەستەکانیان بۆ نوێ نەکرایەوە، نانی سەر سفره‌یان بڕدرا، و کاتێک دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە، وەڵامەکەیان لە لقی ۱۰۱ی دادگەی کەیفەریی دووی هویزە وەرگرتەوە: بۆ هەر کەسێکیان ۷۴ زەربە شەلاق و ۲۰ ملیۆن تمەن سزای دارایی بڕدرایەوە.

ئەم حوکمە نابێت وەک “دۆسیەیەکی دادوەری” سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی، واتە تۆڵەسەندنی چینایەتی ناوی لێ ببرێت. کرێکارێکی کە کارەکەی لێ سەندراوەتەوە و مافی ناڕەزایەتیشی بەرامبەر ئەم بێ‌مافییە لێ زەوت دەکرێت، دەبێت زەربەی شەلاق لەسەر پشتی تەحەمول بکات تا ئەوانی تر حیساب و کیتابی خۆیان بێتەدەست. ئەمەیە سیمای ئاشکرای پەیوەندییەکانی کار و سەرمایە لە کۆماری ئیسلامیدا.

بەڵام ڕووداوی پترۆپارس شتێکی دەگمەن و ناوازە نییە. لە جۆزەردانی ۱۴۰۵دا، دادگای کەیفەری ئەراک ۴۲ کرێکاری کۆمپانیای ئازەرئابی بە ساڵێک زیندان، ۷۴ زەربە شەلاق و مانگێک بێگاری (کاری زۆرەملێ) مەحکووم کردبوو. بێگاری! لە سەدەی بیست‌ویکەمدا، کرێکارێکی کە داوای حەقدەستی دواکەوتوو و ئەمنییەتی پیشەیی خۆی کردووە، بە کاری زۆرەملێ مەحکووم دەکرێت. لە ساڵانی ڕابردووشدا لە کوردستان، یەزد و شوێنەکانی تر، کرێکاران بە تاوانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەکی ئایار (ڕۆژی جیهانی کرێکار) یان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەرکردن، شەلاقیان لێدراوە.

نموونەی شەرمەزارانەتر لە هەموویان، بریتی بوو لە ۱۷ کرێکاری کانزای زێڕی ئاق‌دەڕە کە حوکمی شلاقەکەیان لەبەرچاوی خەڵک جێبەجێ کرا. بە وتەی کەسوکاری ئەم کرێکارانە دەزگای دادوەری لە زیندان و سزای داراییەکانیان خۆش ببوو، بەڵام لەسەر یەک شت سوور بوو: شەلاق، ئەویش لەبەرچاوی کرێکارانی تردا. ئامانجەکە ڕوون بوو: بەڕێوەبردنی نمایشێک لە ڕووشاندن و سووکایەتی پێکردن، واتە “دەرسێکی عیبرەت” بۆ هەر کەسێکی کە بیهەوێت سەری بەرز بکاتەوە.

شەلاق لێدان لە جەستەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی بەردەوام بوو، کەم نین ئەو مرۆڤە شەریف و شایستانەی کە لەژێر زەربەی بێ‌ژماری شەلاق دا گیانیان لەدەست دا. بەڵام لێدانی شەلاق لە کرێکاری ناڕازی، لەبەرچاوی هاوکاران و بنەماڵەکەی دا، هەڵگری پەیامێکی تایبەتە. لێرەدا ڕق و کینەی چینایەتی بێ‌پەردە دێتە سەر شانۆ.

بەڵام ئەنجامەکەی چی بوو؟ کرێکارانی ئاق‌دەڕە بە برین و شوێنەواری شەلاق بەسەر جەستەیانەوە، سەربەرزانە گەڕانەوە نێو بنەماڵە و هاوچینەکانیان و شەرمەزاریی ئەم حوکمەیان لە سەرانسەری ئیران و لەودیوی سنوورەکانیشدا لەقاودا. ئەوەی بڕیار بوو هێمای شکاندن و سووکایەتی بێت، بوو بە بەڵگەیەکی شانازی.

لە ڕێبەندانی ۱۳۸۷یشدا، دوای ئەوەی بە تاوانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەکی ئایار شەلاقیان لە سوسەن ڕازانی، شیوا خەیرابادی و هاوکارەکانی تریان دا، کرێکارانی هاوسەنگەریان نەک هەر چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو لە بەردەم دەرگەی زیندانی سنە چاوەڕوانیان مانەوە و تاجەگوڵینەیان لەمل کردن. ئەو تاجەگوڵینانە شەلاقێکی مەعنەوی بوون بۆ ویژدانی ئەو دادوەرەی کە حوکمێکی لەو چەشنەی دەرکردبوو. شەلاق دەیویست شەرمەزاری بخوڵقێنێت، چینی کرێکار شانازیی لێ دروست کرد.

ئەمڕۆش لە هویزە هەمان چیرۆک دووبارە دەبێتەوە. کرێکارانی پترۆپارس دوای جێبەجێکردنی حوکمەکە، هێشتا هەموو هەفتەیەک لە بەردەم کۆمپانیاکە کۆدەبنەوە. بۆچی؟ چونکە برسییەتی بە حوکمی دادگا تێر نابێت. چونکە پێویستی بە کار و نان، بە زەربەی شەلاق لەناو ناچێت. شەلاق نەک هەر ناڕەزایەتیی خامۆش نەکرد، بەڵکوو کردی بە هێمای خۆڕاگریی.

لە هەمان ئازادگانی باشوور، یەکەی پرۆسێسکردنی ناوەندیی بە توانای بەرهەمهێنانی ۳۲۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بەوپەڕی شانازییەوە وەک “دەستکەوتێکی نەتەوەیی” ناو دەبڕدرێت. بەڵام ئەم دەستکەوتە لەسەر شانی کێ بەدیهات؟ لەسەر شانی هەمان ئەو کرێکارانەی کە لە گەرمای سەرووی پەنجا پلەدا، لە سەختترین هەلومەرجی کاردا ئارەقەیان ڕشت. پشکی ئەوان لەم “دەستکەوتە” چی بوو؟ گرێبەستی کاتی، دەرکردن، و لە سەرەنجام، شەلاق.

ئەمەیە لۆژیکی سەرمایە، کرێکار تا ئەو کاتەی کە هێزی کارەکەی قازانج بەرهەم دەهێنێت، “سەرمایەی مرۆیی“یە، بەڵام هەر کە داوای مافی خۆی کرد، دەبێتە “تۆمەتبار“. نەوت هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، قازانج لە جێگای خۆیەتی، دزی و گەندەڵییەکان هەروا بەردەوامن، تەنیا کرێکارە کە دەبێت بێدەنگ بێت. ئەگینا، شەلاق لە چاوەڕوانیدایە.

با ڕاشکاوانە بڵێین: لێدانی شەلاق لە جەستەی کرێکار نیشانەی هێز و دەسەڵات نییە، بەڵکوو دانپێدانانە بە ترس. ترس لە چینێکی کە ڕەوڕەوەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە بەرەوپێش دەبات و ئەگەر دەست لە کار بکێشێتەوە، هەموو شتێک دەوەستێت. ئەگەر شەلاق بیتوانیبا کرێکاران چاوترسێن بکات، دەبوو هەر لە ڕۆژی سبەی ڕۆژی بەدەسەڵاتگەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، کە شەلاق و زۆر خراپتر لە شەلاقیان لەناو زیندانەکاندا لەسەر جەستەی خەباتکاران تاقی کردەوە، بڵێسەی ناڕەزایەتییەکان بکوژابایەتەوە. بەڵام مێژووی ۴۷ ساڵی ڕابردوو پێچەوانەکەی سەلماندووە، هەر شەپۆلێکی سەرکوتکردن، شەپۆلێکی نوێی لە خۆڕاگریی هەڵگیرساندووە.

کرێکارێکی کە بە حەقدەستێکی چوار بەرامبەر لەژێر هێڵی هەژاریدا سەری خۆی ماڵ و منداڵەکەی ڕادەگرێت، کرێکارێکی کە ترسی بێکاری تا لێواری خۆکوژی دەبات، کرێکارێکی کە دەبینێت دزییە میلیاردییەکانی بەڕێوەبەران و دامەزراوە حکومییەکان بێ وەڵام دەمێننەوە و تەنیا گوناھباری ئەم وڵاتە ئەوە چونکە نانی دەوێت، کارگەرێکی لەو شێوەیە ئیتر لە شەلاق ناترسێت. کرێکارێکی کە لە ڕۆژی یەکی ئایاردا سنگی خۆی دەکاتە قەڵغان و دەنگی هاوچینەکانی بەرز دەکاتەوە، باکی لە شەلاقی زۆرداری و ستەمی سەرمایەداران و ڕژێمەکەیان نییە.

شەلاق دوا ئامرازی دام و دەزگایەکە کە ئامرازی قەناعەتپێکردن، مەشروعییەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لەدەست داوە. کاتێک حکومەتێک بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاریی “مافی کار” پەنا دەباتە بەر شەلاق، واتە ئیتر هیچ قسەیەکی بۆ وتن پێ نییە. ئەم حوکمە دژەمرۆڤانەیە کرێکاران چاوترسێن ناکات بەڵکوو ڕق و کینەی چینایەتی لە سیستەمێکی کە پاسەوانی بەرژەوەندیی سەرمایەدارانە، زیاتر دەکات. هەر زەربەیەکی شەلاق لە یادەوەری بەکۆمەڵی چینی کرێکاردا تۆمار دەکرێت. کۆمەڵگە ئەم سەرکوتکارییانە لەبیر ناکات.

زامی شەلاق لەسەر جەستەی کرێکارانی ئاق‌دەڕە، پترۆپارس، ئازەرئاب و سنە، ئازاری ئەمڕۆ نییە، گڕکانی تووڕەیی سبەی ڕۆژی چینی کرێکارە. بڕیاردەران و جێبەجێکارانی ئەم حوکمانە بەرامبەر شەریفترین مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، لە دەرئەنجامی کارە دژەمرۆیی و دژەکرێکارییەکانی خۆیان ڕزگاریان نابێت. ئەوان هەر لەمڕۆوە بەو کابوسەوە دەژین کە ڕۆژێک ئەم حوکمانە وەک بەڵگەنامەی تاوان بخرێتە بەردەمیان.

ئەم نەبەردەی ئەمڕۆ نابەرامبەرە. بەڵام هاوسەنگیی هێز ڕۆژ بە ڕۆژ بە قازانجی ملیۆنان مرۆڤ دەگۆڕێت کە ۴۷ ساڵە لەبەرامبەر جۆرەها ستەم و سەرکوتدا خۆڕاگرییان کردووە. مانگرتنی کرێکاران، ناڕەزایەتیی موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و دادخوازان ڕایەڵوپۆی تەنافێکن کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەهۆنریتەوە. بابەتەکە ئیتر تەنیا چارەنووسی چەند کرێکاری دەرکراو نییە. بەڵکوو ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە تێیدا دەکرێت کرێکار لە کار بێبەش بکرێت و پاشان بە تاوانی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم بێبەشبوونە، شەلاقکاری بکرێت. ئاوا سیستەمێک هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەکی تێدا ناکرێت، دەبێت لە بەرامبەریدا بوەستییەوە.

هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی پترۆپارس، ئازەرئاب و ئاق‌دەڕە، ئەرکی سەرشانی هەر کرێکارێک و هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە. کۆبوونەوەی هەفتانەی کرێکارانی هویزە بە تەنیا نەهێڵینەوە. دەنگیان بگەیه‌نینە هەر کارگە و کانزا و هەر ناوەندێکی کار.

شەلاقی سەرمایە لە جەستەی کرێکار، گڕکانی ڕق و تووڕەیی سبەی ڕۆژە و ئەم گڕکانە زوو یا درەنگ ئەو سیستەمە ڕزیوەی کە لەسەر سەرکوت و سووکایەتی بنیات نراوە، تێکدەشکێنێت.