کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە کاڵاییکردنی پەروەردە و سڕینەوەی سیستەماتیکی منداڵانی چینی کرێکار

IMG 6307

دەمەزراوەی پەروەردە لە ئێران، کە ڕۆژگارێک وەک دوایین سەنگەری یەکسانیی دەرفەتەکان و ڕێڕەوی سەرەکی جموجۆڵی چینایەتی لە قەڵەم دەدرا، ئەمڕۆ لە ئەنجامی ڕەوتی بەربڵاوی بە کاڵاییکردنی پەروەردە و پاشەکشەی دەوڵەت لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان، سروشتێکی زۆر جیاوازی بەخۆیەوە گرتووە. پەروەردەی گشتی کە دەبێت مافێکی گشتگیر بێت، وردە وردە بۆوەتە گۆڕەپانێکی بازرگانی و گوشارە ئابوورییەکان، منداڵانی چینی کرێکاریان لە سەرەتاییترین مافە پەروەردەییەکان بێبەش کردووە. ئەم گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی پەروەردەیی ئێراندا ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی گشتییە لە بواری پەروەردەدا، سیاسەتێکی کە بەکردەوە ئاواتی ژیانێکی باشتر بۆ نەوە نوێیەکانی چینی کرێکاری لە ناوبردووە و ئاسۆی داهاتووی لێڵ کردوون.

محەممەد دارکەش، کۆمەڵناسی بواری پەروەردە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، لە شیکردنەوەی ئەم پێکهاتەیەدا دەڵێت: “ئێمە لە ئێران زیاتر لە بیست جۆر قوتابخانەمان هەیە… زیاتر لە هەشتا لەسەدی خوێندکاران لە قوتابخانە دەوڵەتییە ئاساییەکاندا دەخوێنن کە لەگەڵ قەیرانی سەرانە و ئیمکانات بەرەوڕوو بوونەتەوە.” قوتابخانە تایبەتەکان، سەمپاد، نموونەیی و ناحکومییەکان، بەشێکی کەمی خوێندکارانیان لەخۆ گرتووە بەڵام چڕبوونەوەی سەرچاوەکان و کوالێتی پەروەردە لەم قوتابخانانەدایە. ناوبراو هەروەها دەڵێت:

پشکی پەروەردە لە بودجەی گشتی دەوڵەتدا لە نزیکەی بیست لەسەد لە دەیەی حەفتادا دابەزیوە بۆ کەمتر لە نۆ لەسەد لە دەیەی نەوەددا. سەرانەی خوێندکارانیش نزیکەی یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار تمەنە کە یان بە کەموکوڕیی دەدرێت یان هەر نادرێت. لە ئەنجامدا، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان ناچارن تێچووەکان لەژێر ناوی “یارمەتی بۆ قوتابخانە” لە بنەماڵەکان وەربگرن. ئەمەش بەو مانایەیە کە پەروەردەی بێبەرامبەر لە ڕاستیدا بوونی نییە.

لە قۆناغەکانی سەرتردا، تێچووی کتێبە هاوکارییەکانی پەروەردە، قەرەباڵغی پۆلەکان و لاوازی کوالێتی پەروەردەی دەوڵەتی، کەلێنە چینایەتییەکە قووڵتر دەکاتەوە. پەروەردەی ئۆنلاینیش قەیرانەکەی دووهێندە کردووە، تێچووی مۆبایل، لاپتۆپ و ئینتەرنێت، و پێویستی بە موعەلیمی تایبەت، چین و توێژی هەژاران لە پڕۆسەی پەروەردە دادەبڕێت.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قەیرانە، هەر ئەوەندە بەسە کە سەیرێکی بازاڕی کەرەستەی خوێندن بکەین، شوێنێکی کە تەنانەت سادەترین ئامرازەکانی فێربوونیش، بۆتە هێمای ئاشکرای نایەکسانی چینایەتی. بەرزبوونەوەی ئێجگار زۆری نرخەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەریدەخات کە چۆن تێچووی بنەڕەتی خوێندن لە توانای بنەماڵە کرێکارەکاندا نەماوە. لە ڕاپۆرتەکەی ئیلنادا هاتووه‌‌: “نرخی قەڵەمێکی ڕەشی ساده لە دە هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە حەڤدە هەزار تمەن و قەڵەمی سوور لە سنووری بیست و یەک هەزار تمەن تێپەڕیوە.” ئەم بەرزبوونەوەیە تەنها قەڵەم و پاککەرەوە ناگرێتەوە، دەفتەری سەد بەرگی لە حەفتا و پێنج هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە سەد و بیست و نۆ هەزار تمەن و قەڵەم ڕەنگیی دوانزە ڕەنگ بە بەرزبوونەوەی سەد و شانزە لەسەد، لە سەد و هەشتا هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە سێ سەد و نەوەد هەزار تمەن.

ئەم ژمارانە، تەنها هەرزانترین کاڵا بەردەستەکان نیشان دەدات. ئەو منداڵەی کە بە پێی تەمەنی خۆی سەرسامە بە ڕەنگ و نەخشە جوانکارییەکان، لە هەمان یەکەم ڕۆژەکانی قوتابخانەدا بە بێبەشبوون لەم کەرەستە سادانە، یەکەم ئەزموونی ژیان لە نایەکسانی چینایەتی هەست پێدەکات. لەگەڵ ئەمەشدا، تێچووە لاوەکییەکانی وەک لیباس فۆرمی ناچاری (یەک تا دوو ملیۆن تمەن)، کیف و پێویستییەکانی تریش ئەم گوشارە زیاتر دەکەن. کاتێک ئەم تێچووانە لە تەنیشت لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران دادەنێین، ڕوون دەبێتەوە کە ” بەشێکی زۆر لە داهاتی بنەماڵە کرێکارییەکان خەرجی دابینکردنی پێویستییەکانی خوێندن دەکرێت.

هەڵاوسانی لەڕادەبەدەریش ئەم گوشارە زیاتر دەکات. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسانی ساڵانەی دەهەکی دووەمی داهات حەفتا و هەشت لەسەد و دەهەکی داهاتی دەیەم شەست و حەوت لەسەد بووە، واتە گوشارەکانی هەڵاوسان زیاتر دەکەوێتە سەرشانی توێژە کەمداهاتەکان. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانە و کرێی خانوو دەبێتە ئەولەوییەتی موتڵەقی بنەماڵە و تێچووە پەروەردەییەکان بە ناچاری لە سفڕەی کرێکاران لادەبرێن.

نایەکسانی پەروەردەیی لە یەکەم ڕۆژی ڕەزبەرەوە دەست پێناکات، بەڵکوو بنەڕەتەکەی لە ساڵەکانی پێش سەرەتاییدا شکڵ دەگرێت. پەروەردەکانی پێش سەرەتایی و باخچەکانی منداڵان لەمێژساڵە بوونەتە پووڵی و لە دەستی کرێکاران و توێژە بێبەشەکان دەرچوونە. لە پێکهاتەی ئابووری ئێستادا، کە حەقدەستی یەک کەس وەڵامدەرەوەی مانەوەی نییە، دایک و باوک هەردووکیان ناچارن کار بکەن و ژنانی کرێکار زیاتر لە کارە نائاسایی و ناسەقامگیرەکزندا چالاکن. منداڵانی چینی کرێکار ساڵە هەستیارەکانی تەمەنی گەشەکردن بەبێ پەروەردە و چاودێریی پێویست تێپەڕ دەکەن. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە منداڵی کرێکار لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەدا، “مەودایەکی زۆر لە هاوتەمەنە تێر و تەسەلەکانی لەدواترە و ئەم کەلێنە لە ساڵەکانی دواتردا قووڵتر دەبێتەوە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، ژمارەی قوتابیانی وڵات لە ساڵی ١٤٠٥–١٤٠٦ نزیکەی شازدە ملیۆن کەسە، بەڵام ئەم گەشەی ژمارەیە بە مانای مانەوە لە قوتابخانە نییە. ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە قۆناغی سەرەتاییدا سفر و هەشت لەسەد و لە مامناوەندی یەکەمدا ٣.٣ لەسەد ڕاگەیەندراوە. بەڵام قەیرانی سەرەکی لە ئاماری دابڕان لە خوێندندا دەبینرێت: دوو و نیو لەسەد لە سەرەتایی، پێنج لەسەد لە مامناوەندی یەکەم و بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری حەڤدە لەسەد لە مامناوەندی دووەمدا.

ئەم زیادبوونە بەردەوامە دەریدەخات کە هەڵکشانی تەمەن، گوشاری ئابووری بنەماڵە و بەناچاریی چوونە ناو بازاڕی کار، تازەلاوانی چینی کرێکار لە پڕۆسەی پەروەردە دادەبڕێت. ڕاپۆرتە مەیدانییەکانیش ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن، لە قوتابخانەیەکی سێ سەد و پەنجا کەسیدا، حەفتا قوتابی تەنها بەهۆی هەژارییەوە لە خوێندن دابڕاون.

ئامارەکانی ڕێکخراوی چاودێری کۆمەڵایەتیش لێدوانەکانی پێشتر سەبارەت بە منداڵانی کار ڕەت دەکەنەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە دوازدە هەزار منداڵی کار، چوار هەزار و دوو سەد و سی کەس لە زومرەی ئەو منداڵانە بوون کە لە خوێندن دابڕابوون و هەشت هەزار و سەد و سی و حەوت کەسیشیان هەردوو دایک و باوکیان هەبووە. ئەمە واتە منداڵی کاری ئەمڕۆ، بەرهەمی بنەماڵە لێک ترازاوەکان نییە، بەڵکوو “باسکی جێبەجێکاری ستراتیژی مانەوەی بنەماڵەیەکی کرێکارییە“. لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی ئەم هۆکارانە دەریدەخات کە دوورخستنەوەی منداڵانی کرێکاران لە پەروەردە، ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی تایبەتی کردن و بەکاڵاییکردنی پەروەردەیە. پێکهاتەی ئابووری ئێستا، پێویستی بە هێزی کاری پسپۆڕ لە چین و توێژە هەژارەکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە “سوپایەک لە هێزی کاری هەرزان، بێماف و بێ توانای دانوستان” هەیە.