کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیادکردنی حەقدەست و پێویستیی خەباتی یەکگرتووانە لەپێناو ژیانێکی ئینسانی دا

IMG 6289

لە بارودۆخێکدا کە سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە و هەڕەشەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن، ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت چینی کرێکار، کەوتووەتە تەنگژەیەکی بێوێنەوە. گەمارۆی ئابووری، سنوورداربوونی ئێجگار زۆر لە بازرگانی دەرەکی و بە داخرانی بەکردەوەی دەروازە سەرەکییەکانی وەک تەنگەی هورمز، ئابووریی وڵاتی گەیاندووەتە قۆناغێک کە هەڵاوسان، گرانبوونی نرخەکان و هەژاریی تەنگی بە ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریی هەڵچنیوە.

هەژاریی ئەمڕۆی کرێکاران تەنها بە مانای نەبوونی توانایی کڕین و فرۆشتنی کاڵا و پێداویستییەکان نییە، بەڵکوو ماندوویی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو کرێکارەی کە لە دوای شیفتێکی درێژخایەن ناچارە کارێکی دووەم بکات، نە دەرفەتی پشوودانی هەیە، نە هەلی فێربوون، و نە توانای کات بەسەربردن لەگەڵ بنەماڵەکەی. کاتێک کە داهاتی سەرپەرشتی بنەماڵە بەشی بژێوی ژیان ناکات، منداڵان بە نزچاری پەلکێشی ناو بازاڕی کار دەکرێن و لە خوێندن بێبەش دەبن. تێچووی دەرمان، کرێی خانوو و نیگەرانی بەردەوام لە داهاتوو، هێمنی و سەقامگیری بنەماڵە تێکدەدات. لە ئاوا بارودۆخێکدا، تەنانەت نەخۆشییەکی کورتخایەن یان چەند هەفتەیەک دواکەوتن لە پێدانی حەقدەست دەتوانێت خێزانێک تووشی قەرزاری و بێبەشی زیاتر بکات.

ئەم گوشارە ئابوورییە، توانای بەشداریکردنی کرێکاران لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سنووردار دەکات. ئەو کەسەی کە هەموو ڕۆژەکەی بەدوای بژێوی ژیاندا هەڵوەدایە، زەحمەتتر دەتوانێت لە مافەکانی خۆی بکۆڵێتەوە، لەگەڵ هاوکارەکانی قسە بکات یان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریدا بەشداری بکات. ئەم دۆخە نیشانەی ناوشیاری کرێکاران نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی پێکهاتەیەکە کە هەلی فێربوون و ڕێکخراوبوون لەو کەسانە زەوت دەکات. لەمڕووەوە، خەبات و تێکۆشان لەپێناو زیادکردنی حەقدەست، هاوکات خەباتە بۆ بەدەستهێنانەوەی کات، کەرامەتی ئینسانی و ئیمکانی دەخالەتکردن لە چارەنووسی گشتیدا.

لانیکەمی حەقدەست کە ساڵانە لەلایەن دەوڵەت، خاوەنکارەکان و ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکانەوە دیاری دەکرێت، بە کردەوە چەندین هێندە لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە. ئەم ژمارەیە نەک هەر وەڵامدەری تێچووەکانی ژیانێکی ئینسانیی نییە، بەڵکوو تەنانەت بەشێکی زۆر لە چینی کرێکاریش ناگرێتەوە. ئەمڕۆ زیاتر لە هەشتا و پێنج لەسەدی کرێکارانی ئێران، لە کرێکارانی کارگە بچووکەکان و بیناسازییەوە بگرە هێزە گرێبەستی، پەیمانکاری و شیرکەتییەکان، لە وەگرتنی ئەو لانیکەمە حەقدەستەش بێبەشن. خاوەنکارەکان بە گرێبەستی کاتیی، پەیمانکاری و لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکانی کار، بە کردەوە کرێکاران لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان بێبەش دەکەن.

لە ئاوا دۆخێکدا، پێدانی یارانەیەکی زۆر کەم، یارمەتییە کاڵاییەکان و هیتر، نەک هەر جێگەی حەقدەستی گونجاو ناگرنەوە، بەڵکوو دەبنە ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازانەی کرێکاران. مەسەلەکە دادوەری کردن لەسەر ئەم هاوکارییانە نییە، ئەوەیە کە دەسەڵات و خاوەنکارەکان، سەدەقە و خێر دەکەنە جێگرەوەی مافە ئاسایی و بەردەوامەکان، بیمە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و لە داوا لە خەڵک دەکەن لە جیاتی دادپەروەریی ئەمڕۆ، چاوەڕوانیی بێسنووری سبەی ڕۆژدا بکەن.

لە ئابوورییەکی قەیران لێدراەدا، دیاریکردنی حەقدەست بۆ دوازدە مانگ بەبێ دەرفەتی پێداچوونەوە، کرێکاران لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بێبەرگری دەهێڵێتەوە. هەربۆیە زیادکردنی خێرای حەقدەست دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ میکانیزمێک بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێ بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ هاوسەنگیی هەڵاوسان و تێچووەکانی ژیان. پێدانی حەقدەست لە کاتیی خۆیدا، گەڕاندنەوەی قەرزە دواکەوتووەکان و دابینکردنی بیمەش بەشێکی دانەبڕاون لەو داواکاریانە. زیادکردنی حەقدەست نابێت بە لابردنی شایستە داراییەکان، گوشاری کاری زیاتر، کەمکردنەوەی ئاستی ئەمنییەتی کار یان دەرکردنی بەشێک لە کرێکاران و کارمەندان قەربوو بکرێتەوە. حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ئینسانی، داواکاریی سەرەکیی چینی کرێکاری ئێرانە. بەڵام هیچ داواکارییەک تەنها بە ڕاگەیاندنی پێویستییەکەی نایەتە دی، بەڵکوو بەدیهاتنەکەی لە گرەوی خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانە، ڕێکخراو و سەرتاسەریی کرێکاراندایە.

هێزی کرێکاران لە توانایی گفتوگۆ، بڕیاری هاوبەش و کردەوەی بەکۆمەڵدایە. کۆکردنەوەی ویست و داواکارییەکانی هاوکاران، هەڵبژاردنی نوێنەری وەڵامدەرەوە، بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی گشتیی و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەتوانێت بناغەی ئەم هێزە پێکبهێنێت. پەیوەندیی نێوان کرێکارانی فەرمی و گرێبەستییەکان، کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینکراوان، ژنان و پیاوان و بەشە جیاوازەکانی تر، ڕێگری دەکات لە کەڵک وەرگرتن لەو کەلێنانەی کە هێزی دانوستانی بەکۆمەڵ لاواز دەکەن. هیچ بەشێکی چینی کرێکار نابێت بۆ دیفاع لە بژێوی خۆی بە تەنها بمێنێتەوە. لەم ڕێگەیەدا، سندوقەکانی هاوکاری و پشتیوانیی دارایی، توانایی بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشان بەهێزتر دەکات و هەروەها سەرتاسەریبوونی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیش بە لێکهەڵپێکانی ڕاستەقینەی نێوان ناوەندەکانی کار و ڕێککەوتن لەسەر داواکارییە هاوبەشەکان شکڵ دەگرێت.

ناڕەزایی و مانگرتنی بەکۆمەڵ لە زومرەی ئامرازەکانی دیفاع لە مافی کرێکارانن. مانگرتن، خەو لەچاوی سەقامگیری و قازانجی زۆرو زەوەندی دامەزراوە و ناوەندە سەرمایەدارییەکان دەزڕێنێت و ناچار بە پاشەکشەیان دەکات. نابێت ڕێگە بدرێت ڕژێم تێچووی سەرکێشییە سەربازییەکانی خۆی لە ڕێگەی توندکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سفره‌ی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک دابین بکات. دیفاع لە حەقدەست و بژێوی ژیان ناتوانرێت ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی بارگرژییە سەربازییەکان، نانی کرێکاران پرسێکی خێرا و هەنووکەییە.

لێدوانی وەک ئەوەی کە “ئێستا کاتی داواکردنی حەقدەست نییە” یان “دەبێت هەموو کەسێک لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەدا قوربانی بدات“، مانا پراکتیکییەکەی تەنها بریتییە لە پەرەسەندنی ڕەنج و ئازاری کرێکاران و مووچەخۆران. کرێکاران لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان و بڕیارە سەربازییەکانی حکوومەتدا بەرپرسیار نین و نابێت تێچووەکەی بە برسیەتی و بێمافی بدەنەوە. دژایەتیکردنی شەڕ و ئەو گەمارۆیانەی کە زیان بە خەڵکی بێ دیفاع دەگەیەنێت، لەگەڵ دژایەتیکردنی سەرکوتکاری و سیاسەتی نادادپەروەرانەی ناوخۆییدا ناتەبا نییە.

زیادکردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووەکانی ژیان، پێدانی دەستبەجێی حەقدەستە دواکەوتووەکان، دابینکردنی بیمەی گشتگیر و مافی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ دەتوانێت ببێتە تەوەرەی تەوەری هاوپشتی بەربڵاوی کرێکاران. پرسی بەرگریکردن لە ژیان ناکرێت تا کۆتایی هاتنی قەیرانەکە دوا بخریت. ئەمڕۆ، خەبات لەپێناو حەقدەست، خەباتە لەپێناو نان، کەرامەت و داهاتوو.

کرێکارانی ئێران تەنها بە خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانە، سەرتاسەری و ڕێکخراو دەتوانن بەر بە دەستدرێژی ڕژێم و چینی سەرمایەدار بۆسەر کار و ژیانیان بگرن. ئەم خەبات و تێکۆشانە نەک تەنها بۆ زیادکردنی حەقدەست، بەڵکوو بۆ بووژاندنەوەی ئومێد، کەرامەت و ئیمکانی ژیانێکی مرۆییە. نانی کرێکاران، ئەمڕۆ، پرسێکی خێرا و هەنووکەییە و بەرگریکردن لێی، ئەرکێکی گشتییە.