دۆخی بەساڵاچووان و خانەنشینان لە ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان
یەکی ئۆکتۆبر، بەرامبەر لەگەڵ نۆی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووانە. کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتی ١٤ی دێسامبری ١٩٩٠ ئەم ڕۆژەی دیاریکرد بۆ ئەوەی دەوڵەتەکان و ڕاگەیاندنەکان دەستکەوتەکانی هاووڵاتییانی بەساڵاچوو بەرز بنرخێنن، کێشە و گرفتەکانیان تاووتوێ بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان ڕێگەچارە بدۆزنەوە. لە زۆرێک لە وڵاتەکان ئەم ڕۆژە هەلێکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافی بەساڵاچووان بۆ ژیانێکی شایستە، ئەمنییەت، دەوا و دەرمان، شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراکی گونجاو. بەڵام لە ئێران، بەساڵاچوون لەسەر بەستێنی هەژاری، هەڵاوسان، قەیرانی ئابووری، شەڕ و گەندەڵیی مانا دەبەخشێت. بەساڵاچووی ئێرانی تەنها ڕووبەڕووی پیری نابێتەوە، بەڵکوو لەگەڵ دابەزینی هێزی کڕین، گرانبوونی دەوا و دەرمان، قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون، داڕمانی بەهای پووڵی نیشتمانی و نائەمنی ئابووریش دەستوپەنجە نەرم دەکەن.
حەشیمەتی جیهانی ئەمڕۆ نزیکەی هەشت ملیارد کەسە و زیاتر لە ملیارێکیان تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە. لەو سیستمەدا کە سەرمایەداران تەنها بیر لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری و بەدەستهێنانی قازانج دەکەنەوە، بەساڵاچووان بە مرۆڤی “ماوە بەسەرچوو” و “هەزینەبەر” هەژمار دەکرێن. خاوەن سەرمایەکان لە بریتانیا چەندین دەیەیە کرێکارانیان بە “هەندز“، واتە “دەستەکان” ناودەبرد، و کاتێک ئەم دەستانە ئیتر نەیاندەتوانی سامانیان بۆ بەرهەم بهێنن، لە باشترین حاڵەتدا شایستەی بەزەیی دەزانران.
بەساڵاچووان لە هەموو کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکاندا، بە پلەی جیاواز، لەژێر هەڕەشەی توندوتیژی و بێبەشبووندا بوون و دوای خانەنشینبوون بە داهاتێکی زۆر کەمتر لە سەردەمی کارکردن ژیاون. بەڵام ئەوان بێدەنگ نەبوون. بەساڵاچووان، بە پشتیوانیی پیاوان و ژنانی پێشڕەو، لە دژی خاوەنکارەکان و دەوڵەتەکان دەستیان داوەتە خەبات و ناڕەزایەتی و دەوڵەتەکانیان ناچار کردووە ئیمکانات و پشتگیرییان بۆ دابین بکەن. لە ساڵانی ڕابردووشدا بەساڵاچووان و پاڵپشتیکارانیان لە ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان لە شارە جیاجیاکانی جیهان لەدژی “توندوتیژی بەرامبەر بە بەساڵاچووان” و بێدەنگیی دەوڵەتەکان و ڕاگەیاندنەکان کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان ئەنجام داوە.
ئێران بە خێرایی بەرەو بەساڵاچوون دەچێت و ڕێژەی دانیشتووانی سەرووی ٦٠ ساڵ لە دەیەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە پەنجاو پێنج لەسەدی بەساڵاچووان، بەتایبەت لە گوندەکان، لە پشتگیریی دەوڵەت و بیمە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن. ملیۆنان خانەنشینیش لە دوای دەیان ساڵ کارکردن، بۆ وەرگرتنی مافە یاساییەکانیان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر خۆپێشاندانی سەر شەقام، ئەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە قووڵایی قەیرانی بەساڵاچوون لە ئێران نیشان دەدات.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێزی کڕینی خەڵک بەردەوام دادەبەزێت، بەساڵاچووان زیاتر لە چین و توێژەکانی تر زیانیان بەردەکەوێت، چونکە بەپێچەوانەی کەسانی لەسەرکار ئیمکانی زیادکردنی داهاتیان نییە و مووچە تەنها سەرچاوەی داهاتی ئەوانە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان، ئەو کرێکارانەی کە دوای چەندین ساڵ کارکردن خانەنشین بوون و لە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن، لە باشترین حاڵەتدا مانگانە نزیکەی دە ملیۆن تمەنیان پێدەدرێت، بڕە پارەیەکی کە چەندین هێندە لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە و تاوەکوو ئەم دواییانەش تەنها تێچووی دە ڕۆژی دابین دەکردن. ئێستا بەهۆی گرانی سەرسوڕهێنەر و بەردەوام، تەنانەت بەشی ئەم دە ڕۆژەش ناکات. بۆ نموونە، خانەنشینێکی دانیشتووی تاران کە سەرەڕای زیادبوونی ٤٠ لەسەدی مووچەکەی هێشتا توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی نییە،
هەڵاوسان، داڕمانی بەهای ڕیاڵ و گرانبوونی ڕۆژبەڕۆژی هەموو کاڵا و خزمەتگوزارییەک، ژیانی خانەنشینان و بەساڵاچووانی تووشی هەژاری و تەنگژە کردووە. هەندێک لە ماددە خۆراکییەکانی وەک ماسی لە سفرەی ئەوان سڕاوەتەوە و خواردنی گۆشت گەیشتووەتە کەمترین ئاست. نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە، کە خۆراکی سەرەکیی چینی هەژاری کۆمەڵگەیە، دوو هێندە بەرز بووەتەوە و نزیکەی نیوەی داهاتی خێزانێکی چوار کەسی بۆ تێچووی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، گاز، تەلەفۆن و ئینتەرنێت تەرخان دەکرێت. جگە لەمانەش، گرانبوونی دەرمان و تێچووی قورسی چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو چینەی کە پتر لە هەموو توێژەکانی تر پێویستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی هەیە، گوشارێکی ئێجگار زۆری دروستکردووە.
ئەم دۆخە کارەساتبارە زۆرێک لە خانەنشینانی دوای چل ساڵ کارکردن ناچار کردووە دووبارە بەدوای کاردا بگەڕێن یان هەژاری و کێشەی زیاتر تحمل بکەن. هەندێک جار تەنانەت بەساڵاچووانی سەرووی ٨٠ ساڵ ناچار دەبن لە کارەکانی پێشوویاندا بە کرێیەکی کەمتر کار بکەن، یان ناچار بن پەنا ببەنە بەر کارێکی ئاسان و سادە بۆ ئەوەی بە کرێیەکی کەم کەمێک لە باری ژیانیان سووک بکەن. ئەم کەسانە بە “کرێکاری “بەساڵاچوو” ناودەبرێن و هەندێک جار بە ناڕەوا لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە جێگای کرێکارە گەنجەکان دەگرنەوە. ڕەخنەگران ئەوە لەبیر دەکەن کە ئەوە کۆماری ئیسلامیی و خاوەن سەرمایەکانن کە بە پەرەپێدان بە هەژاری، بەساڵاچووانی نەخۆش ناچار دەکەن لە سەرما و گەرمادا کار بکەن. ئەو بەساڵاچووانەی کە لە تەنگدەستی و دۆخێکی نا مرۆییدا ڕاگیراون، بە جەستەیەکی لاواز و دەروونێکی شەکەتەوە، زیاتر لە کەسانی تر لە مەترسیی نەخۆشیدان.
شەڕیش کاریگەری ناڕاستەوخۆ بەڵام قورسی لەسەر ژیانی بەساڵاچووان هەیە: گرانبوونی دەرمان و خۆراک، تێکچوونی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و دابەزینی داهاتی منداڵەکانیان. زۆرێک لە بەساڵاچووان پشت بە یارمەتی دارایی منداڵەکانیان دەبەستن و بەم هۆیەوە هەژاری نەوەی گەنج ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەر توێژی بەساڵاچووان.
لەم نێوەندەدا، ژنانی بەساڵاچوو لاوازترین توێژن. بەشێکی زۆری کاری ئەوان بە درێژایی تەمەنیان، بریتی بووە لە کاری ناوماڵ و سەرپەرشتیکردنی منداڵ کە لە سیستمی بیمە و مووچەدا هەرگیز دانی پێدانەنراوە. لەبەر ئەم هۆکارە زۆربەی هەرەزۆری ژنان لە حەقدەستی سەربەخۆ بێبەشن، و تەمەنی درێژتریشیان ئەگەری ژیانی بەتەنهایی و بێداهات لە ساڵانی کۆتایی تەمەندا زیاد دەکات.
قەیرانی سندوقەکانی خانەنشین تەنها دەرئەنجامی گەندەڵی نییە بەڵکوو هۆکاری دیمۆگرافی و دارایشی هەیە: ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەسەر کارن و پێویستە حەقی بیمە بدەن بەراورد بە خانەنشینان کەم بووەتەوە، قەرزەکانی دەوڵەت بە سندوقەکان کەڵەکە بووە و سیاسەتەکانی ئێستای سندوقەکانیان تووشی کورتهێنانی بەردەوام کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنیش ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: سندوقی خانەنشینبوون هی کێیە؟ ئەگەر سەرچاوەی سندوقەکان لە بەشی بیمەی کرێکاران و فەرمانبەران دابین دەبێت، بۆچی نابێت خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم سەرچاوەیە چاودێری بەسەر بەڕێوەبردنیانەوە بکەن؟ شەفافیەتی دارایی، بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبەران، قەدەغەکردنی ناتەبایی بەرژەوەندییەکان و دەستڕاگەیشتنی کەسانی بیمەکراو بە زانیارییەکان دەبێت ببنە بنەما بنەڕەتییەکانی بەڕێوەبردنی سندوقەکان.
لە ساڵانی ڕابردوودا، خانەنشینان بوونە یەکێک لە چینە هەرە چالاک و شێلگیرە ناڕازییەکان لە ئێران. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئەوان، کە بەشێکە لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، زۆر جار کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە سرکوتگەرەکان و دەزگای دادوەریی ڕژێمیش لەدژی چالاکانی خانەنشین پەروەندەسازی کردووە. داواکارییە سەرەکییەکانی خانەنشینان ڕوونە: زیادکردنی مووچە بە شێوەیەکی کە لەگەڵ ئاستی هەڵاوسان و تێچووی ڕاستەقینەی ژیاندا بگونجێت، جێبەجێکردنی تەواوی هاوتەریبکردن و گونجاندنی مووچەکان، پێدانی قەرزە دواکەوتووەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بیمەی تەواوکاری و دابینکردنی دەرمانی گونجاو و هەرزان، هەژمارکردنی خزمەتی پیشە مەترسیدار و زیانبەخشەکان لە دیاریکردنی مووچەدا، و هەروەها دابینکردنی سەرچاوەی بەردەوام بۆ سندوقەکان.
ئەم ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی قەیرانەکەیان چارەسەر نەکردووە، بەڵام بێ کاریگەریش نەبوون. پرسی بەساڵاچووانی کردووە بە بابەتێکی گشتی، حکومەتی ناچار کردووە بڕیار لەسەر گونجاندن و پێدانی قەرزە دواکەوتووەکان بدات و خانەنشینانی کردووە بە هێزێکی کۆمەڵایەتیی شێلگیر و بەردەوام. کرێکاری ئەمڕۆ خانەنشینی سبەینێیە و ژنانی لەسەرکاری ئەمڕۆ، ژنانی بەساڵاچووی سبەینێن. لەمڕووەوە خەبات بۆ مافی کرێکاران و ژنان، خەباتە لەپێناو بەساڵاچوونێکی شایستە.
ئاشکرایە تا ئەو کاتەی ئەم ڕژێمە لە سەر دەسەڵاتە و سامان و سەروەتی وڵات و بەرهەمی ڕەنج و کاری چینی کرێکار لەپێناو ئەولەوییەت و سەرکێشییە ناوچەییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە، سەرکوتی خەباتی مافخوازانەی جەماوەر و بڵاوکردنەوەی خرافات خەرج دەکات، هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ژیانی خانەنشینان و بەساڵاچوواندا ڕوو نادات. بەڵام تا ئەو کاتەش نابێت دەست لەسەر دەست دابنێین. پێویستە بۆ بەدیهێنانی خێرا ترین داواکارییەکانی ئەم بەشەی کۆمەڵگە، کە تەمەنێکیان بۆ کارکردن و بەرەوپێشبردنی ڕەوڕەوەی ژیانی ئەم کۆمەڵگەیە تەرخان کردووە، تێبکۆشین.
ئەوان باوکان و دایکانی ئێمەن و دوای تەمەنێک هەوڵ و ماندووبوون، شایستەی باشترین و ئارامترین دۆخی ژیانن. ڕێزی ڕاستەقینە بۆ بەساڵاچووان بە دروشم ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە مافی پێویست، دەوا و دەرمانی بەردەست، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، شەفافیەت، خەبات لەدژی گەندەڵی و مافی ڕێکخراوبوون هەیە. بەساڵاچوو پێویستی بە بەزەیی نییە، ئەو هاووڵاتییەکە کە تەمەنێک کاری کردووە و مافی خۆیەتی بە شکۆ و کەرامەتەوە بژی.
