نرخی دەرمانە پڕمەسرەفەکان لە ئێران جارێکی تر بەرزبووەتەوە و دەرمانخانەکان بەدەست فشاری قەرزی کەڵەکەبووەوە دەناڵێنن، لە هەمان کاتدا نەخۆشەکان لە نێوان دابینکردنی تێچووی درمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ژیاندا گرفتار بوون. ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی “قەیرانی دەرمان” دەناسرێت، ئیتر تەنیا دەستنەکەوتنی چەند جۆرە دەرمانێکی تایبەت نییە، بەڵکوو زنجیرەیەک قەیرانی لێک هەڵپێکراو لەخۆدەگرێت: لە دەستنەکەوتن و گرانیی سەرسوڕهێنەری دەرمانە تایبەتەکان و دواکەوتنی دابینکردنی ڤاکسێنی ئەنفلۆئەنزا، تا بەرزبوونەوەی نرخى ڤاکسێنی ڕێگری لە هەندێک جۆری شێرپەنجە و دابەزینی توانای دارایی دەرمانخانەکان بۆ ئامادەکردنی ڕەچەتەی نەخۆشەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرپرسانی ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی زۆرێک لە دەرمانەکان لە دوو قۆناغدا زیادی کردووە و زیاتر لە هەزار جۆر دەرمان هەموارکردنەوەی نرخیان بۆ کراوە. بەرپرسانی فەرمی، تێکچوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی دراو، دواکەوتنی چاکسازی لە نرخەکان و کەمبوونی نەخدینەی کۆمپانیاکانی دەرمان بە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەزانن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە هەژدە ملیارد دۆلار بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بنەڕەتی و دەرمان دابین کراوە، ئامارێکی کە نیشانی دەدات قەیرانەکە ناکرێت تەنیا لە “نەبوونی دراو“دا کورت بکرێتەوە. ئەوەی لە واقیعدا دروست بووە، بریتییە لە قەیرانێکی فرەڕەهەند: زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، تێکچوونی ڕێگاکانی دەستڕاگەیشتن بە دراو، قەرزی زۆری بیمەکان، گرانبوونی نرخی دراو و لە هەروەها دابەزینی توانای کڕینی نەخۆش.
پزیشکێک کە لە بواری مافی نەخۆشەکاندا چالاکی دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ناوخۆی وڵات، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەم قەیرانە چی بەسەر نەخۆشە ڕاستەقینەکاندا دەهێنێت. ئەو وێڕای ئاماژە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەساڵاچووانی سەروو شەست و پێنج ساڵ، نەخۆشەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن و هەناسەدان، تووشبووانی شەکرە و نەخۆشییەکانی گورچیلە و منداڵان لە زومرەی گرووپە پڕمەترسییەکان لە بەرامبەر ئەنفلۆئەنزادا دەزانێت و هۆشداری دەدات کە: “لێنەدانی ڤاکسێن نەخۆشی زیاد دەکات و لە ئەگەری تووشبووندا، نەخۆشییە بنەڕەتییەکان دەتوانن مەترسیی نەخۆشیی سەخت و تەنانەت گیانیش زیاد پەرە پێبدات“،
بەڵام ڕەنگە تاڵترین بەشی ئەم قەیرانە پەیوەندیی بە بواری تەندروستیی دەروونییەوە هەبێت. زیادبوونی نرخی دەرمانەکانی دژی خەمۆکی، نەخۆشانی دەروونیی لەگەڵ ئاستەنگی جدیی ڕووبەڕوو کردووەتەوە. ئەم پزیشکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەرمانانە “ئێجگار پێویستن” و نەبوونی ئیمکانی دەستڕاگەیشتن پێیان دەتوانێت نیشانەکانی نەخۆشییەکە توندتر بکات. بە وتەی ئەو، ئەو نەخۆشانەی کە ئەم دەرمانانە بۆ سترێس و دڵەڕاوکێ بەکاردێنن، نەبوون یان کەمبوونی دەرمانەکان دەتوانێت دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەکە پەرە پێ بدات. ئەو هۆشدارییەکەی زۆر ڕاشکاوانەیە: “لە هەندێک حاڵەتدا دەستنەکەوتنی دەرمان ڕەنگە ببێتەهۆی زیادبوونی وەهم و ئەمەش دەتوانێت نەخۆشەکە لەگەڵ مەترسیی گیانیی بەرەوڕوو بکاتەوە و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر کەسانی تریش.” هەروەها دەڵێت توندبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نەبوونی دەرمان دەتوانێت زیادبوونی گۆشەگیری و ئارەزووی خۆکوشتن بەدوای خۆیدا بهێنێت، هۆشدارییەکی کە ڕەهەندە مرۆییەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییە بەڕوونی نیشان دەدات.
گرانبوونی دەرمان زۆرێک لە بنەماڵەکانی خستووەتە بەردەم بژاردەیەکی سەخت: دەرمان یاخود بژێوی ژیان. بە وتەی ئەم چالاکوانەی بواری تەندروستی، “زیادبوونی نرخی دەرمان بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک خێزان، بەتایبەت نەخۆشەکان، ناچارن بەمەبەستی دابینکردنی تێچووە پێویستەکانی ژیان، واز لە دەرمانەکانی خۆیان بهێنن.” ئەو هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەنجامی ئەم بڕیارە تەنیا تێکچوونی بارودۆخی جەستەیی نەخۆشەکە نییە، بەڵکوو دەتوانێت توانای کەسەکە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی لەئاست بنەماڵەش تێکبدات، بۆ نموونە، ئەگەر نەخۆشەکە دایکی خێزانەکە بێت، ڕەنگە چیتر نەتوانێت ئاگاداری منداڵەکانی بێت.
ئەوەی کە لەم ڕاپۆرتە مەیدانیانەدا دەرەکەوێت، بریتییە لە کەلێنی نێوان دابینکردن و دەستڕاگەیشتن. دەرمان ڕەنگە بەرهەم هێنرابێت یان هاوردە کرابێت، بەڵام نەخۆش توانای کڕینی نەبێت، ڕەنگە لە وڵاتدا هەبێت، بەڵام دەرمانخانە بەهۆی کەمبوونی نەخدیینەوە نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، و ڕەنگە لە شوێنێک هەبێت، بەڵام دەستڕاگەیشتن پێی بۆ نەخۆشەکە دژوار و پڕتێچوو بێت.
دۆخەکە پاش ئەم شەڕەی دوایی گەلێک خراپتر بووە. کۆماری ئیسلامی ساڵانێک ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە نزیکەی سەدا نۆدەى دەرمانە پێویستەکانی وڵات لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هەر ئەم خاڵە، دوای هێرشەکان بۆ سەر ناوچە پیشەیی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان، زۆرترین زیانی بەرکەوت. لەوانە کۆمپانیای لێکۆڵینەوە و ئەندازیاریی “ۆفیق دارو“، کە یەکێک بوو لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی دەرمانی دژی شێرپەنجە و دەرمانە سەرەکییەکانی سڕکردن، کرایە ئامانج و لە کار کەوت، ڕووداوێکی کە نەخۆشانی شێرپەنجە و ئەو کەسانەی ژیانیان بەو دەرمانە تایبەتانەوە بەستراوەتەوە، کەمبوون یا نەبوونی دەرمان مەترسیی جیدیە بۆسەر گیانیان. لە نێوان نەخۆشەکاندا، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنە و دەگمەنەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە: نەخۆشانی هیمۆفیلی لەگەڵ کەمبوونی فاکتەرەکانی مەیین، نەخۆشانی دیالیز لەگەڵ ڕیزە دوور و درێژەکانی چاوەڕوانی بەهۆی کەمبوونی ئامێر و هێزی دەرمانی، و هەروەها نەخۆشانی تالاسمی لەگەڵ کەمبوونی مەترسیداری خوێن و دیابەتییەکان لەگەڵ کەمبوونی ئەنسۆلین بەرەوڕوون.
قەیرانی بیمەکان و دەرمانخانەکان ئەڵقەیەکی تری هەر ئەم زنجیرەیە. قەرزە داراییەکانی دەرمانخانەکان لەلایەن ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە پاییز ساڵی ڕابردووەوە نەدراوە و تەنانەت ئەگەریش درابێت، بەهۆی چەند هێندە بوونی نرخی دەرمان، دەرمانخانەکان چیتر توانای کڕینی ڕابردوویان نییە. بەشێک لە کەمبوونەکانیش ناواقیعی و “دروسکراون“: دەرمانی وەک ئەنسۆلینی قەڵەمی هەندێک جار لە کۆگای کۆمپانیاکانی دابەشکردندا هەیە، بەڵام دەرمانخانەکان بەهۆی کەمبوونی نەخدیینەوە توانای کڕینیان نییە. ئەم دۆخە بۆ مووچەخۆران کەرەساتبارترە، چونکە بیمەکان تێچووەکان لەسەر بنەمای مەرجەکانی ساڵی ڕابردوو ئەژمار دەکەن، لە کاتێکدا دەرمان بەپێی نرخە نوێیەکان دەفرۆشرێت، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە کرێکار، خانەنشین، موعەلیم و پەرستار دەبێت جیاوازیی نرخەکە لە گیرفانی خۆیان بپەرژێنن.
بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی بەپەلەی ئەم کێشانە، پێویستە ئەو کەشوهەوای شەڕە لەسەر وڵات هەرچی زووتر کۆتایی پێبێت. تێچووە سەربازی و ئەمنییەکان تەرخان بکرێن بۆ بیناکردنەوەی سیستەمی دەرمان و کەموکوڕییە سەرەکییەکانی تری وڵات. قەرزی بیمەکان بەپەلە بدرێتەوە بە دەرمانخانەکان. دەرمانە زۆر پێویست و تایبەتەکانی نەخۆشانی درێژخایەن، منداڵان، ژنانی دووگیان و بەساڵاچووان، بە خۆڕایی یان بە تێچوویەکی کەم دابین بکرێت. نەبوونی شەفافیەت لە زنجیرەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دەرمان و گەندەڵی و عەمبارکردن، گیانی نەخۆشەکان لەمە زیاتر نەخاتە مەترسییەوە.
واقیعییەت ئەوەیە کە زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کە دەبوو تەرخان بکرێن بۆ نەخۆشخانە، دەرمان، پەروەردەی خۆڕایی، دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ڤاکسێن، بیمە و تەندروستیی گشتی، لە پێناو پڕۆژە زەبەلاحە ئەتۆمی و سەربازییەکاندا بەکار هێنراوە. خەڵکی ئێران نە پێویستیان بە شەڕ هەیە و نە بەو پڕۆژانەی کە ژیانیانی کردووەتە بارمتەی کێبڕکێ پاوانخوازییەکان. ئەولەوییەتی کۆمەڵگە بریتییە لە: نان، دەرمان، پەروەردە، شوێنی نیشتەجێبوون، ئەمنییەت و ئازادیی.
