چوار ساڵ لەوەپێش، قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی چەخماخەی ڕاپەڕینێکی لێدا کە بووە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. ژینا، کیژۆڵەیەکی گەنجی کوردی خەڵکی سەقز، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن گشتی ئێرشاد لە تاران گیانی لەدەستدا، بەڵام ناوی بەخێرایی لە سنووری کارەساتێکی تاکەکەسی تێپەڕی و بووە هێمای ڕق و تووڕەیی کەڵەکەبووی ملیۆنان مرۆڤ دژ بە سەرکوت، سووکایەتیی، هەڵاواردن، هەژاری و بێمافی. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە شاری سەقز، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“، بووە دەستپێکی بزووتنەوەیەک کە تەواوی ئێرانی گرتەوە و تەنانەت لە جیهان دەنگی دایەوە.
ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا ناڕەزایەتییەک دژ بە حیجابی زۆرەملێ نەبوو، هەرچەندە پرسی حیجاب یەکێک بوو لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئەم بزووتنەوەیە بەخێرایی نیشانی داد کە کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژنان، بەشێکە لە سیستەمێکی بەربڵاوتری دەسەڵات؛ سیستەمێک کە لەسەر سەرکوتی سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ستەمی نەتەوەیی، چەوسانەوەی ئابووری و نەهێشتنی ئازادییە مەدەنییەکان دامەزراوە. بەم هۆیەوە، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” توانی ژنان، گەنجان، خوێندکاران، کرێکاران، خەڵکی بێبەش و نەتەوە چەوساوەکان لە دەوری ئاسۆیەکی هاوبەش کۆبکاتەوە بکاتەوە.
ئێستا، دوای چوار ساڵ، سەرەڕای بەبوونی سەرکوتی خوێناوی، زیندان، سێدارە، هێرش بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان و هەوڵی حکومت بۆ سەپاندنی فەرامۆشی و لەبیر چوونەوە، شوێنەوارەکانی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە هێشتا زیندوو و بەرچاون. لە هەمووی گرنگتر، ئەم بزووتنەوەیە گەلێک وانەی گەورەی بۆ خەباتی ئەمڕۆی و داهاتووی خەڵکی ئێران بەجێهێشتووە.
یەکەم و بنەڕەتیترین وانەی شۆڕشی ژینا، شکاندنی دیواری ترسێک بوو کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵدا بە سێدارە، زیندان، ئەشکەنجە، دەرکردن، هەڕەشە و کۆنتڕۆڵی بەردەوامی کۆمەڵگە دروستی کردبوو. لە پایزی ۱۴۰۱دا، ملیۆنان کەس دیتیان کە خۆڕاگریی لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرکوتگەردا مومکینە. ژنان و کچانی گەنج لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان وەستان، لەچکەکانیان فڕێدا، لەسەر شەقام دروشمیان بەرز کردەوە، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتگەرەکان بوونەوە و مانایەکی تازەیان بە بوێری و چاونەترسی بەخشی.
ئەم بوێرییە تەنیا لە خۆپێشاندانی شەقامدا ڕەنگی نەدایەوە. دوای هێوربوونەوەی ناڕەزایەتییە ئاشکراکانیش، لە زانکۆکان، قوتابخانەکان، ناوەندەکانی کار، گەڕەکەکان و لە هەڵبژاردنە ڕۆژانەییەکاندا بەردەوام بوو. سەرپێچیی ژنان لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ، ئامادەیی ئازادانەیان لە شوێنە گشتییەکاندا و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سووکایەتی و کۆنتڕۆڵ، شێوازێک لە خەباتن کە بەردەوام کۆڵەکە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕژێم بنکۆڵ دەکەن.
کۆمەڵگە تێگەیشت کە ترس چارەنووسێکی نەگۆڕ نییە. ترس کاتێک دەشکێت کە تاک خۆی بە تەنیا نەبینێت و هێزی بەکۆمەڵ ئەزموون بکات. هەر ئەم ئەزموونە بەکۆمەڵە، یەکێکە لە درێژخایەنترین سەرمایە سیاسی و دەروونییەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“. کۆمەڵگەیەک کە جارێک هێزی خۆی لە شەقام، زانکۆ، قوتابخانە یا ناوەندەکانی کاردا دیتووە، بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو.
دووەم وانەی گەورەی ئەم بزووتنەوەیە، بریتی بوو لە گۆڕانی زمانی سیاسی لە ئێران. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا دروشمێکی جوان و ئیلهامبەخش نەبوو، بەڵکوو فەرهەنگێکی تازەی بۆ تێگەیشتن لە سیاست و ئازادی دروست کرد. ئەم دروشمە، “ژن“ی لە پەراوێزەوە هێنایە ناوەندی سیاست، “ژیان“ی لە بەرامبەر فەرهەنگی مەرگ، سەرکوت و سک هەڵگوشینی ڕژێمدا دانا، و “ئازادی“ی لە چەمکێکی ئەبستراکتەوە گۆڕی بۆ مافێکی ڕۆژانە و بەرجەستە.
ئازادی لەم بزووتنەوەیەدا بە مانای مافی هەڵبژاردنی پۆشاک، مافی خاوەندارێتی بەسەر جەستە، مافی خۆشویستن، مافی شادی، مافی ئامادەیی یەکسان لە کۆمەڵگەدا، مافی ڕێکخراوەیی، مانگرتن، ڕادەربڕین و کۆبوونەوە بوو. ژیانیش تەنیا بە مانای زیندوبوون نەبوو، بەڵکو مافی بەهرەمەندبوون لە نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، پەروەردە، دەرمان، ژینگەیەکی تەندروست و کەرامەتی ئینسانی دەگرتەوە.
ئەم لێک هەڵپێکانەی نێوان ئازادییە تاکەکەسییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەبوو. شۆڕشی ژینا نیشانی داد کە ناکرێت باسی ئازادی بکرێت بەڵام بەرامبەر بە هەژاری، بێکاری، چەوسانەوە و بێبەشبوونی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بێ هەڵوێست بیت. بە هەمان شێوە ناکرێت باسی دادپەروەریی ئابووری بکرێت و ئازادیی ژنان، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی نەتەوە چەوساوەکان بە داهاتوویەکی نادیار بسپێردرێت. خەبات بۆ ڕزگاری، خەباتێکی یەکپارچەیە.
یەکێکی دیکە لە وانە گرنگەکانی ئەم ڕاپەڕینە، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی نەوەی گەنج، بەتایبەت نەوەکانی دەیەی حەفتا و هەشتای هەتاوی بوو. پێش شۆڕشی ژینا، شیکاریی بێئومێدانە لەسەر ئەم نەوەیە بڵاو دەکرایەوە و وەک نەوەیەکی تاکگەرا، ناسیاسی، نقومبوو لە فەزای مەجازی و بێ هەڵوێست بەرامبەر بە چارەنووسی کۆمەڵگە دەبینرا. بەڵام حزووری ڕادیکاڵ و بوێرانەی تازەلاوان و گەنجان لە شەقامەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکاندا، ئەم شیکارییانەی بە تەواوی پووچەڵکردەوە.
قوتابیان و خوێندکاران لە زۆرێک لە شارەکان دژ بە فەزای سەرکوت و سووکایەتی ڕاپەڕین. ئەوان نیشانیان داد کە نەوەی گەنج نەک هەر خوازیاری گۆڕانکارییە، بەڵکوو زمان، شێوازەکانی پەیوەندی، جۆرەکانی ڕێکخستن و بیر و خەیاڵێکی سیاسیی تازەشی لەگەڵ خۆی هێناوە. نەوەیەکی کە منداڵی و تازەلاویی خۆی لە قەیرانی ئابووری، گەندەڵی، بێئاسۆیی، گەمارۆ، هەڵاواردن و کۆنتڕۆڵی فەرهەنگیدا تێپەڕاندووە، هۆکار و هاندەری زۆری هەیە بۆ ناڕەزایەتی.
ئەم بزووتنەوەیە قوتابخانەیەکی کرداریی سیاسەت بوو بۆ نەوەی نوێ. زۆرێک لە تازەلاوان و گەنجان لە ماوەیەکی کورتدا ئەزموون گەلێکیان بەدەستهێنا، کە ڕەنگە لە دۆخێکی ئاساییدا چەندین ساڵی خایاندبایە، لەوانە: مانای هاوپشتی، گرنگیی یەکگرتوویی، پێویستیی ڕێکخستن، شێوازی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پڕوپاگەندەی حکومەتی، چاودێری لە یەکتر، پاراستنی ئەمنییەت لە دۆخی سەرکوتدا و پێویستیی بیرکردنەوە لە جێگرەوەیەک بۆ دۆخی ئێستا. ئەوان هەروەها تێگەیشتن کە خەبات هەوراز و نشێوی هەیە و شکستی کاتی بە مانای کۆتایی ڕێگەکە نییە.
سەرکوتی بەربڵاوی شەقامەکان، بزووتنەوەکەی لەناو نەبرد، بەڵکوو شێوازەکانی گۆڕی. یەکێک لە وانە گرنگەکانی شۆڕشی ژینا ئەوە بوو کە خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ساتە گەورەکان و خۆپێشاندانی ملیۆنیدا نییە. خۆڕاگریی دەکرێت لە کۆڕ و کۆمەڵە بچووکەکانی دۆستایەتی، کۆبوونەوە خوێندکارییەکان، ناوەندەکانی کار، چالاکیی فەرهەنگی، هونەر، مۆسیقا، ئەدەبیات، پشتیوانی لە زیندانیان و بنەماڵەی گیانبەختکردوواندا بەردەوام بێت.
ئەم کۆڕ و کۆمەڵانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی ورە، گواستنەوەی ئەزموون، چاودێریی زیانپێگەیشتووان و زیندوراگرتنی یادەوەری بەکۆمەڵدا گێڕا. لە دۆخێکدا کە حکومت هەوڵ دەدات تاکەکان گۆشەگیر، پرشوبڵاو و ترساو ڕابگرێت، پەیوەندییە بچووک بەڵام بەردەوامە کۆمەڵایەتییەکان گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکەن. ئەم پەیوەندییانە دەکرێت لە ساتە گونجاوەکاندا بگۆڕێن بۆ تۆڕی بەربڵاوتری ناڕەزایەتی و ڕێکخستن.
ئەزموونی شۆڕشی ژینا هەروەها نیشانی داد کە خەباتی بەردەوام پێویستی بە تێکەڵەیەک لە شێوازە جیاوازەکانی تاکتیک هەیە: ناڕەزایەتیی شەقام، مانگرتن، سەرپێچیی مەدەنی، چالاکیی فەرهەنگی، ڕێکخستن لە شوێنی کار و ژیان، دادخوازی و دروستکردنی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ. هیچ شێوازێک بە تەنیا بەس نییە. گرتنەبەری شێوازی جۆراوجۆری تاکتیک، هاوکات لەگەڵ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، مەرجی بەردەوامی و پەرەسەندنی خەباتە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، بریتی بوو لە ڕۆڵی هاوڵاتییان لە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا. هەزاران کەس بە موبایلەکانیان دیمەنەکانی ناڕەزایەتی، سەرکوت، بوێری و هاوپشتییان تۆمار کرد. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە ڕاگەیاندنێک بۆ گواستنەوەی هەواڵ، ئاشکراکردنی تاوانەکانی حکومەت و دروستکردنی گێڕانەوەگەلێک، کە جیاوازیی بنەڕەتییان هەبوو لەگەڵ گێڕانەوەی فەرمیی کۆماری ئیسلامی.
حکومەت بەردەوام هەوڵی داوە ڕاستییەکان بشارێتەوە، قوربانیان تاوانبار و سەرکوت پاساو بکات. بەڵام لە شۆڕشی ژینادا، قۆرخکاریی ڕاگەیاندنیی حکومەت بەشێوەیەکی بێوێنە تووشی ئاڵنگاری بوو. هەر هاوڵاتییەک دەیتوانی ببێتە شایەتحاڵ، پەیامنێر و پارێزەری بیرەوەریی ڕووداوێک. وێنە و گێڕانەوە تۆمارکراوەکان لە گیانبەختکردووان، دەستبەسەرکراوان، خۆڕاگریی ژنان و ناڕەزایەتی لە شارە جۆراوجۆرەکان، بوونە ئەرشیڤێکی زیندوو لە خەباتی خەڵکی ئێران.
شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە هەمان ڕۆژەکانی یەکەمدا نیشانی داد کە بزووتنەوەیەکی لۆکاڵی نییە. دروشمی کوردیی “ژن، ژیان، ئازادی” لە تاران، بەلووچستان، خوزستان، ئازەربایجان، گیلان، ئیسفەهان، شیراز و شارەکانی تر دەنگی دایەوە. ئەم هاوپشتییە، وەڵامێکی ڕوون بوو بە سیاسەتی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی بۆ دووبەرەکی خستنە نێوان خەڵک و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران.
ئەم بزووتنەوەیە نیشانی داد کە ستەمی ڕەگەزی، ستەمی نەتەوەیی و چەوسانەوەی چینایەتی گرێدراوی یەکترن. ژنێکی کورد کە دژ بە حیجابی زۆرەملێ و هەڵاواردنی نەتەوەیی دەوەستێتەوە، کرێکارێک کە لەپێناو حەقدەست و مافی ڕێکخراوبوونی خۆی خەبات دەکات، خوێندکارێکی کە خوازیاری ئازادیی زانکۆیە و بنەماڵەیەکی کە دادخوازی خوێنی ڕۆڵەکەیەتی، هەموویان لە بەرامبەر پێکهاتەیەکی هاوبەش لە دەسەڵاتدارێتی وەستاونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا هاوپشتی خۆی لەخۆیدا بەس نییە. یەکێک لە وانە یەکلاکەرەوەکانی بزووتنەوەکە ئەوەیە کە دەبێت پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی کرێکاری، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران، بزووتنەوەی دادخوازی و خەباتی خەڵکی ستەملێکراو وشیارانەتر و ڕێکخراوتر بێت. هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەتایبەت لە ڕێگەی مانگرتنی سەرتاسەرییەوە، دەتوانێت هاوسەنگی هێز بە شێوازێکی جدیی بە زیانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت.
شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” توانی مەشروعیەتی کۆماری ئیسلامی بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر لەناو ببات. پرسی ژنانی هێنایە ناوەندی سیاسەتی ئێران و گۆڕانکاریی گرنگی لە فەرهەنگ و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا دروست کرد. شکستی ڕژێم لە سەپاندنی تەواوەتیی حیجابی زۆرەملێ، یەکێکە لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە. بەڵام ئەزموونی ئەم ساڵانە هەروەها نیشان دەدات کە بۆ تێپەڕبوون لە ناڕەزایەتییەوە بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتی، ڕێکخستنی بەردەوام پێویستییەکی حەتمییە.
تووڕەیی، بوێری و ئامادەیی شەقام سەرچاوەگەلێکی گەورەی هێزن، بەڵام بەبێ بوونی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ڕیشەدارەکان، شۆڕاکان، کۆمیتەکانی گەڕەک، تۆڕە کرێکاریی و خوێندکاریی و پەیوەندییە سەرتاسەرییەکان، ڕژێم دەتوانێت بە سەرکوت، لاوازکردن و پرشوبڵاوکردن بزووتنەوەکە کۆنتڕۆڵ بکات. ڕێکخستن بە مانای جێگیرکردنی ئیرادەی خەڵکە لە شوێنی بڕیاردان لە سەرەوە، بە مانای ئەوەیە کە خەڵک بتوانن لەسەر چارەنووسی خۆیان، شوێنی کار، گەڕەک، زانکۆ و کۆمەڵگەکەیان بڕیار بدەن.
وانەی سەرەکیی شۆڕشی ژینا ئەوەیە کە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی نەک ڕووداوێکی کورتخایەن، بەڵکوو پرۆسەیەکی مێژووییە. ئەم پرۆسەیە بە خۆڕاگریی ژنان دەستی پێنەکردووە و بە قۆناغێک لە سەرکوتیش کۆتایی پێنایەت. تۆوەکانی ئەم شۆڕشە لە وشیاری، بوێری، زمان، بیرەوەری و شێوازی ژیانی خەڵکدا چێنراون.
“ژن، ژیان، ئازادی” ناوی ئاسۆیەکی ڕاستەقینەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا هیچ کەسێک بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، چین، بیروباوەڕ یان شێوازی ژیانی نەکەوێتە بەر سووکایەتی و سەرکوت نەکرێت. ڕەمزی وەدیهاتنی ئەم ئاسۆیە، بریتییە لە پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەکە، پەرەسەندنی هاوپشتی و ڕێکخستنی هێزی بەرینی ئەو جەماوەری کە چوار ساڵ لەوەپێش لە شەقامەکانی ئێراندا ڕایگەیاند: ژیانی ئازاد و یەکسان، مافی ئێمەیە.
