چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کە ناوی ژینا ئەمینی بووە هێمای خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە. ڕۆژی ۲۳ی خەرمانانی ۱۴۰۱، ژینا، کچە گەنجێکی ۲۲ ساڵەی خەڵکی سەقز، بە بیانووی ئەوەی کە مەئمورانی گەشتی ئیرشاد ناویان نابوو “حیجابی نەشیاو“، لە تاران دەستبەسەر کرا و بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا. ڕۆژی ۲۵ی خەرمانان، هەواڵی گیانلەدەستدانی، شەپۆلێک لە تووڕەیی و پەژارەی لە سەراسەری ئێراندا ورووژاند. ڕۆژێک دواتر، دەیان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینادا لە ئارامگەی ئایچیی سەقز کۆبوونەوە و دروشمی مێژوویی “ژن، ژیان، ئازادی“یان بەرزکردەوە، دروشمێکی کە بەخێرایی لە کوردستانەوە بۆ سەراسەری ئێران و لە ئێرانەوە بۆ جیهان دەنگی دایەوە.
قەتڵی حکومەتیی ژینا، بڕووسکەی سەرهەڵدانێک بوو کە زەمینەکانی لە ماوەی دەەیان ساڵ خۆڕاگریی ژنان، کرێکاران، گەنجان، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان و نەتەوە ژێردەستەکانی تر شکڵی گرتبوو. شۆڕشی ژینا ڕووداوێکی کتوپڕ و دابڕاو لە خەباتەکانی پێشوو نەبوو، تەقینەوەی بورکانی تووڕەیی کەڵەکەبووی کۆمەڵگەیەک بوو کە نزیکەی نیو سەدە سەرکوتی سیاسی، ئاپارتایدی ڕەگەزی، چەوسانەوەی چینایەتی، هەژاری، هەڵاواردن و سووکایەتیی ئەزموون کردووە.
سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” سیمای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی گۆڕی. ئەم سەرهەڵدانە، خەبات لەدژی کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنانی لە سنووری ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ تێپەڕاند و بەستییەوە بە بەدیهێنانی ئازادییە سیاسییەکان، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، خۆشگوزەرانی، ئەمنییەتی ئابووری و ڕزگاری لە هەر چەشنە ستەم و هەڵاواردنێک. لە کوردستان، وەک کوانووی سەرهەڵدانی ئەم ئاخێزە، بزووتنەوەکە بەخێرایی ڕەهەندێکی جەماوەریی بەخۆیەوە گرت و مانگرتنی گشتی، کۆبوونەوەی سەرشەقام و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی بوونە چەکی کاریگەری جەماوەر لە بەرامبەر دەزگای سەرکوتدا.
بۆ ماوەی چەندین مانگ، شەقامەکانی زیاتر لە ۱۵۰ شاری ئێران بوونە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان و پیاوانی گەنج و ئازادیخواز لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕژێمی ئیسلامی لە بەرامبەر بزووتنەوەیەکدا کە بنەما ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی خستبووە ژێر پرسیارەوە، بە تەواوی توانایەوە هاتە مەیدان. سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، هزاران کەس دەستبەسەر و زیندانی کران، ژمارەیەکی زۆر بریندار یان کەمئەندام بوون و حکومت بۆ زاڵکردنی فەزای ترس و تۆقاندن، ژمارەیەک لە گەنجانی ناڕازیی لەسێدارە دا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، خەڵک بە خۆڕاگرییەکی بێوێنە نیشانیاندا کە سەردەمی ملکەچی و بێدەنگی کۆتایی پێهاتووە.
ئەگەرچی حزووری بەربڵاو و بەردەوامی سەرشەقام دوای چەند مانگ دابەزی دامرکایەوە، بەڵام شۆڕشی ژینا کۆتایی نەهاتووە. ئەم بزووتنەوەیە بە گرتنەبەری شێوازەکانی دیکەی خەبات، لە ناوەندەکانی کار، زانکۆکان، قوتابخانەکان، گەڕەکەکان، زیندانەکان، گۆڕەپانی هونەر و فەرهەنگ، تۆڕەکانی هاوپشتی و هەر لە خۆڕاگریی ڕۆژانەی ژناندا بەردەوامیی بە ژیانی خۆی داوە. سەرپێچی بەربڵاوی ژنان لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ، ڕاوەستاویی بنەماڵە دادخوازەکان، ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشینان، خەباتی موعەلیمان و خوێندکاران و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی، هەموویان نموونەیەکی ئاشکران لە بەردەوامیی ئەو بزووتنەوەیە.
کۆماری ئیسلامی لەم چوار ساڵەدا هەوڵی داوە بە دەستبەسەرکردن، دەرکردن، بانگهێشتکردن، هەڕەشە، پەروەندەسازی، لەسێدارەدان، گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووان و توندکردنەوەی کەشی ئەمنی، شوێنەوارەکانی شۆڕشی ژینا بسڕێتەوە. حکومت لە سەروبەندی هەر ساڵیادێکدا، بە بڵاوەپێکردنی هێزە سەرکوتگەرەکان، داخستنی ڕێگاکانی چوون بۆ ئارامگەکان و ڕێگری لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە، ترس و خۆفی خۆی لە یادەوەری بەکۆمەڵی جەماوەر ئاشکرا کردووە.
بنەماڵە دادخوازەکان و دایکانی جەرگسووتاو، بە خۆڕاگری و چاونەترسیی خۆیان، یادەوەرییەکانی ئەو بزووتنەوەیەیان بە زیندوویی ڕاگرتووە. ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە گیانبەختکردووان بوونەتە بەشێک لە فەرهەنگی خۆڕاگریی و ناڕەزایەتی، ڕێوڕەسمگەلێکی کە خەڵک لەدەوری یەک کۆدەکەنەوە، درۆکانی لەقاو دەدەن و لەسەر خواستی دادپەروەری، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی بڕیادەر و ئەنجامدەرانی سەرکوت جەخت دەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە و ناتوانێت بە هەڕەشە و سەرکوت، دەنگی دادخوازی کپ بکات.
شۆڕشی ژینا گەلێک دەستکەوتی درێژخایەنی بەجێهێشتووە. ئەم بزووتنەوەیە وشیاری گشتی بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزی پەرەپێداوە، زۆرێک لە تابوو و نەریتە کۆنەکانی لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا کشکاند و ژنانی نەک وەک قوربانی، بەڵکوو وەک پێشەنگانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە جیهان ناساند. خۆڕاگریی ژنان، حیجابی زۆرەملێی وەک یەکێک لە گرنگترین بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانێکی قووڵ کرد و نیشانیدا کە هیچ یاسا و پێکهاتەیەکی سەرکوتگەر لە بەرامبەر نافەرمانی بەربڵاو و وشیارانەی کۆمەڵگەدا پارێزراو نییە.
ئەم بزووتنەوەیە هەروەها هاوپشتیی نێوان خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێرانی بەهێز کرد و سیاستی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە شۆڤێنیست و کۆنەپەرستە ئۆپۆزسیۆنەکانی تووشی ئاڵنگاریی کرد. ئەو دروشمانەی کە لە سەقز و سنەوە بەرزکرانەوە، لە تاران، بەلووچستان، خوزستان، ئازەربایجان و سەراسەری ئێران دەنگیان دایەوە. شۆڕشی ژینا نیشانیدا کە خەبات بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی، یەکسانیی ڕەگەزی، ئازادیی سیاسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک داواکاریی دابڕاو لە یەکتر نین، بەڵکوو بەشێکن لە خەباتێکی هاوبەش بۆ ڕزگاری.
درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” توانی ئازادیخوازیی مەدەنی بە عەداڵەتخوازی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە گرێبدات. واتای قووڵی ئەم دروشمە تەنیا ئازادیی جلوبەرگ نییە، بەڵکوو مافی بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئینسانی، مافی کار و بەڕێچوون، مافی ڕێکخراوەیی و مانگرتن، مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە، مافی بڕیاردان لەسەر جەستە، یەکسانیی تەواوی ژنان و پیاوان، سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە هەژاری، گەندەڵی و چەوسانەوەش دەگرێتەوە. شۆڕشی ژینا خەبات لەدژی ئاپارتایدی ڕەگەزیی لەگەڵ خەبات بۆ نان، ئازادی و بەڕێوەبردنی شۆڕایی کۆمەڵگە بەیەکەوە گرێدا.
ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردوو جارێکی تر نیشانیداوە کە کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای قەیرانە قووڵە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکان، تەنیا بەهۆی لاوازبوون و بێتوانایی خۆیەوە وەلانانرێت، بەڵکوو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژێمە و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی، پێویستی بە پەرەپێدان بە خەباتێکی وشیارانە، ڕێکخراو، جەماوەری و سەراسەری هەیە. بەردەوامیی خەبات و لە هەمان کاتدا، پاراستنی هێز و پۆتانسێلی بزووتنەوەکە و کەمکردنەوەی تێچووە مرۆییەکان، پێویستی بە ژیریی سیاسی، ڕێکخستنی بەردەوام و گرتنەبەری تاکتیکی جۆراوجۆر هەیە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی ڕووندا.
لەم پێناوەدا، چێنی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش ڕۆڵێکی یەکلایکەرەوە دەگێڕن. هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە تەنیا لەسەر شەقام دەرناکەوێت، بەڵکوو ئەم هێزە لە کارگەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، قوتابخانەکان، زانکۆ و گەڕەکەکانیشدا بوونی هەیە. مانگرتنی گشتی و سەراسەری، بەتایبەت کاتێک هاوکات بێت لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕێکخستنی گەڕەکەکان، دەتوانێت ئامێری سەرکوت لەکار بخات و دەسەڵات لە بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بێبەش بکات. ئەزموونی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستان نیشانیداوە کە ئیرادەی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی جەماوەر دەتوانێت ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بكات.
یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی ئێستا، بریتییە لە بەهێزکردنی هاوپشتیی نێوان بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی کرێکاری، خەباتی خوێندکاران و موعەلیمان، ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوە ژینگەییەکان و خەباتی خەڵکی ستەملێکراو. هیچکام لەم بزووتنەوانە بە تەنیا ناتوانن هەموو ئامانجەکانیان دەستەبەر بکەن. ڕەمزی سەرکەوتن لەوەدایە کە ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە لە دەوری ویست و داواکارییە هاوبەشەکان، ڕێکخراوبوون لە خوارەوە و ئاسۆیەکی ڕزگاریبەخش و سۆسیالیستی بەیەکەوە گرێبدرێن.
هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەباتی خەڵکی ئێرانیش یەکێک بوو لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی ژینا. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سنوورە جوگرافی و زمەنییەکانی بڕی و بووە هێمایەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ستەم و هەڵاواردن. لە هەمان حاڵدا، دەبێت لە بەرامبەر هەوڵی دەوڵەتە پاوانخواز و هێزە کۆنەپەرستەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم بزووتنەوەیە خۆڕاگریی بکرێت. خەڵکی ئێران بۆ جێگرتنەوەی شکڵێک لە خۆسەپێنی و ستەم و سەرەڕۆیی، هەڵاواردن و چەوسانەوە بە شکڵێکی تر خەبات ناکەن. داهاتووی ئێران دەبێت بە دەستی خۆدی خەڵک و لە ڕێگەی خەباتێکی سەربەخۆ، ڕێکخراو و وشیارانەوە بنیات بنرێت.
چوار ساڵ دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، کۆماری ئیسلامی هەروا لەسەر دەسەڵاتە و زۆرێک لە داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە هێشتا نەهاتوونەتە دی، بەڵام کۆمەڵگەی ئێران ئیتر ئەو کۆمەڵگەی پێش لە خەرمانانی ۱۴۰۱ نییە. ژنان، گەنجان و خەڵکی ستەملێکراو هێزی خۆیان ناسیوە. ڕژێم دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی کاتی سەرکوت بکات، بەڵام ناتوانێت زەمینە مادی و کۆمەڵایەتییەکانیان لەناو ببات.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ژینا ئەمینی و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی و یەکسانی، لەسەر ئازادی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ژنان، بەفەرمی ناسینی ئازادیی ڕێکخراوبوون، مانگرتن، کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و دادگاییکردنی ئاشکرای سەرجەم بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی کوشتار و سەرکوت جەخت دەکاتەوە.
ئێمە داوا لە کرێکاران، ژنان، گەنجان، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، بنەماڵە دادخوازەکان و سەرجەم هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان دەکەین کە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا بە شێوازی جۆراوجۆر و داهێنەرانە، یەکگرتووانە و گونجاو لەگەڵ بارودۆخی هەر شار و ناوەندێکی کار و ژیان بەرز ڕابگرن، یادی گیانبەختکردووان بە زیندوویی بهێڵنەوە، پشتیوانی لە بنەماڵە دادخوازەکان و زیندانیانی سیاسی بکەن و بۆ پەرەپێدان بە ڕێکخستن، هاوپشتی و خەباتی هاوبەش تێبکۆشن.
شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر ڕووداوێکی کۆتاییهاتوو نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاری. ئەو تۆوانەی لە خەرمانانی ۱۴۰۱دا چێنران، لە خۆڕاگریی ڕۆژانەی ژنان، لە مانگرتنی کرێکاران، ناڕەزایەتیی خوێندکاران، پایداریی بنەماڵە دادخوازەکان و لە ئارەزووی ژیانێکی باشتری ملیۆنان مرۆڤدا زیندون. ئەم خەباتە تا لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان، سۆسیالیستی و بەدوور لە هەرچەشنە ستەم و چەوسانەوەیەک بەردەوام دەبێت.
بەرز و بەڕێز بێت یادی ژینا ئەمینی و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی! بژێت هاوپشتیی خەباتکارانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران!
کۆمیتەیناوەندییحیزبیکۆمۆنیستیئێران
خەرمانانی ۱۴۰۵
