بەپێی دوایین زانیارییەکان، “فۆئاد فەتحی” چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە زیندانی ئێڤین، پاش کۆتایی هاتنی ماوەی بەندکرانەکەی، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
ناوبراو ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢س هەتاوی، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەمنیەتی ڕژیم لە شاری تاران کرا. ناوبراو پاشان لە لایەن لقی ٢٦ی دادگا ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی “ئەندامتی لە گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی، تەبلیغ دژ بە ڕژیم و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” حوکمی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا و دواتر ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، حوکمەکەی پێ ڕاگەیندرا. شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشی، چەندین جار بە هۆی گوشاری هێزەکانی ڕژیم لە زیندانی ئێڤین بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی، مانی لە خواردن گرتووە و ئەمەش مەترسییەکی جددی لە سەر تەندروستی درووست کردبوو.
