لە ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ فوئاد موستەفا سوڵتانیدا، قسەکردن لەسەر ئەو لە ڕاستیدا خوێندنەوەی سەرلەنوێی ئەزموونی نەوەیەکە کە لە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤیان لە ڕێکخستن و خەباتی وشیارانەی جەماوەریدا بەدیکرد. فوئاد لە ژیانی کورتی خۆیدا توانی هزر و کردار، ئامانج و ڕێکخراو و خەباتی تاکەکەسی و بزووتنەوەی جەماوەری بە یەکترەوە گرێبدات. لەمڕووەوە، ناوی ئەو سنووری چوارچێوەی ڕێکخراوێک یان قۆناغێکی مێژوویی تێپەڕکردووە و گرێدراوە بە بەشێکی گرنگ لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و کۆمۆنیستیی کوردستان و ئێرانەوە.
فوئاد موستەفا سوڵتانی ساڵی ۱۳۲۷ی هەتاوی (۱۹۴۸ی زایینی) لە گوندی ئاڵمانەی سەر بە شاری مریوان لەدایکبوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ئاڵمانە و سنە تەواو کرد و لە ساڵی ۱۳۴۵دا چووە زانکۆی پیشەسازیی تاران (شەریف). لەو زانکۆیە لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا خوێندی و بڕوانامەی ئەندازیاریی بەدەستهێنا بەڵام ئاراستەی ژیانی بە داهاتوویەکی پیشەیی و کەسییەوە بەرتەسک نەمایەوە. کەشوهەوای سیاسیی دەیەی ۱۳۴۰، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و ئاشنابوونی لەگەڵ ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانە و مارکسیستی، ڕێڕەوی ئەوی بەرەو چالاکیی سیاسی گۆڕی.
فوئاد لە ڕەوتی ئەم چالاکییانەدا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ناڕەزایەتیی پەرتەوازە و تاکەکەسی، بەبێ وشیاری و ڕێکخستن و بەبێ پەیوەندی بە خەباتی جەماوەرییەوە، ناتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا. بەم هۆیەوە، ساڵی ۱۳۴۸ لەگەڵ دەستەیەک لە هاوبیرانی، ڕێکخراوێکیان دامەزراند کە دواتر ناوی “کۆمەڵە“ی لێنرا. ئەم هەنگاوە لە هەلومەرجێکدا نرا کە دەزگای سەرکوتگەری شا وەڵامی هەرجۆرە چالاکییەکی ڕێکخراوی سیاسیی بە زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە دەدایەوە. دروستکردنی ڕێکخراوێکی نهێنی لە کەشێکی وەهادا، پێویستی بە فیداکاری، دیسپلین، بڕوا و متمانە بەیەکتر و هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخەکە هەبوو.
فوئاد ساڵی ۱۳۵٣ لە شاری سنە لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر کرا و دوای گوواستنەوەی بۆ تاران، لە زیندانی کۆمیتهی هاوبەشی ساواک و شارەوانیدا کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە. بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەلومەرجێکی سەخت و نامرۆڤانەدا بەسەری برد، بەڵام زانیارییە ڕێکخراوەییەکان و نهێنیی هاوڕێیانی پاراست. خۆڕاگریی ئەو لە زیندان تەنیا ڕەفتارێکی بوێرانەی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لەو بەرپرسیارێتییەی کە خۆی بەرامبەر بە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو لەئەستۆی گرتبوو. فوئاد دەیزانی کە ئەشکەنجەگەر تەنیا لەگەڵ کەسێک بەرەوڕوو نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدات تۆڕێک لە متمانە و خەبات تێکبشکێنێت.
دوای سێ ساڵ، لە زیندانی قەسری تارانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی سنە و ساڵی کۆتایی دەستبەسەرییەکەی لەوێ بەسەر برد. زیندان بۆ فوئاد کۆتایی چالاکیی سیاسی نەبوو، بەڵکوو گۆڕەپانێکی دیکەی خەباتی کۆمەڵایەتی بوو. ئەو لە زیندانیشدا، هاوشێوەی دەرەوە، بیری لە ڕێکخستن و بەهێزکردنی ورەی خۆڕاگریی دەکردەوە. مانگرتن لە خواردنی درێژخایەنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی سنە، بە ڕێکخستن و ڕێبەریی ئەو، سەرەنجام بووە هۆی ئازادبوونی خۆی و ژمارەیەک لە زیندانیان. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە فوئاد تەنیا لە چالاکیی نهێنی و ڕێکخراوەییدا توانای ڕێبەریی نەبوو، بەڵکوو دەیتوانی لە خەباتە ئاشکرا و کۆمەڵایەتییەکانیشدا متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت و لە دەوری داخوازییەکی هاوبەش یەکیان بخات.
فوئاد مانگی ڕەزبەری ۱۳۵۷ لە زیندان ئازاد بوو، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ڕاپەڕینێکی گەورەدا بوو. ئەو تەنیا یازدە مانگ دەرفەتی دەستکەوت تا لە کەشوهەوایەکی ئاشکرادا چالاکی بکات، بەڵام ئەم سەردەمە کورتە، یەکێک لە چڕترین و کاریگەرترین قۆناغەکانی مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو. کۆمەڵە کە چەند ساڵ پێشتر بە شێوەیەکی نهێنی دامەزرابوو، هاوشانی هەڵکشانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران هەڵسووڕاوانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە بوو بە ڕێکخراوێکی جەماوەریی، بەربڵاو و کاریگەر لە کوردستاندا.
تایبەتمەندیی گرنگی فوئاد لەم قۆناغەدا، بریتی بوو لە توانای دەستنیشانکردنی ساتەوەختی مێژوویی و گۆڕینی دەرفەتە سیاسییەکان بۆ هێزێکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی. ئەو بە باشی تێگەیشتبوو کە ڕاپەڕینی خەڵک دژ بە ڕژێمی شا تەنیا بە رووخانی حکومت کۆتایی نایەت. بە هەرەسهێنانی نەزمی پێشوو، دژوازییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان تا دەهات ئاشکراتر دەبوون و هێزە جیاوازەکان هەوڵیان دەدا داهاتووی کۆمەڵگە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژنەوە. فوئاد لە هەمان سەرەتاوە هیچ وەهمێکی بەرامبەر بە ماهیەتی کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی بۆ سەندنەوەی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین نەبوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕێکخستنی خەڵک لە دەوری خەبات دژ بە ڕژێمی شا لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بوو بۆ ئەو دۆخەی کە دوای رووخانی ڕژێمی شا چاوەڕوان دەکرا.
لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ۱۳۵۷دا، فوئاد و هاوڕێیانی لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا ڕۆڵێکی چالاکیان لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو. لە سنە، پێکهاتنی بزووتنەوەی جەماوەری و دروستبوونی شۆڕاکانی شار، بووە گۆڕەپانێک بۆ ئەزموونکردنی شێوازی نوێی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ئەم شۆڕایانە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و دژوازییەکانیانەوە، نیشانیان دەدا کە خەڵک تەنیا بۆ ڕوخاندنی حکومەتێک نەهاتوونەتە مەیدان، بەڵکوو ئەوان دەیانویست لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆشیاندا ڕۆڵیان هەبێت.
لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، “جەمعییەتە دیموکراتیکەکان“، یەکێتییەکانی جووتیاران و دامەزراوەکانی دیفاع لە مافی کرێکاران و ژنان پێکهاتن. ئەم دامەزراوانە لە ڕوانگەی فوئادەوە ئامرازێک بوون بۆ حزووری بەردەوامی خەڵک لە سیاسەتدا. ئەو لەبری ئەوەی جەماوەر تەنیا وەک هێزێک بۆ پپشتگیری لە بڕیارە ڕێکخراوەییەکان بزانێت، ئەوانی بە هێزی سەرەکیی گۆڕانکاری دەبینی. ڕاپۆرتدان بە خەڵک، وەرگرتنی ڕای ئەوان، ڕوونکردنەوەی ئامانجەکانی خەبات و بەشدارکردنیان لە بڕیارداندا، بەشێک بوو لە شێوازی سیاسیی فوئاد. یەکێک لە دیارترین نموونەکانی ئەم ڕوانگەیە، کۆچی ناڕەزایەتیی خەڵکی مریوان بوو. ئەم حەرەکەتە لە وەڵامی گوشار و زۆرداریی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا هاتە ئاراوە و فوئاد لە ڕێکخستن و ڕێبەرییکردنیدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو. کۆچی خەڵکی مریوان تەنیا جێگۆڕکێی ناڕەزایەتی شارێک نەبوو، بەڵکوو هەنگاوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە نیشانی دا خەڵک دەتوانن لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی چەکدار و ناوەندگەرادا، بە پشتبەستن بە یەکگرتوویی و ئیرادەی خۆیان بوەستنەوە.
گرنگیی ئەم حەرەکەتە تەنیا لە دەستپێکەکەیدا نەبوو، بەڵکوو لە شێوازی ئاڕاستەکردنیشیدا دەرکەوت. فوئاد لە ڕەوتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتدا، هاوکات لەگەڵ دیفاعی لێبڕاوانە لە خواستەکانی خەڵک، ڕاپۆرتی چالاکییەکان و ڕەوتی دانوستانەکانی دەخستە بەردەستی ئەوان. ڕای خەڵکی وەردەگرت و ئەوانی لە بڕیارەکان ئاگادار دەکردەوە. بەم شێوەیە، خەبات لە حاڵەتی پەرچەکردارێکی ساتەوەختی دەردەچوو و دەبووە قوتابخانەیەک بۆ ئەزموونی بەشداریی سیاسی، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و دەخالەتکردن لە خوارەوە.
فوئاد هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە زۆر لێبڕاو بوو، بەڵام تووشی ئیرادەگەرایی نەدەبوو. ئەو تواناو پۆتانسێلی خەڵکی هەڵدەسەنگاند و لە ئەگەری هەستکردن بە ماندوویەتی یان گۆڕانی بارودۆخەکە، ڕێگەکانی بەردەوامیی خەباتی لێکدەدایەوە. کاتێک بەردەوامیی کۆچەکە بە شێوازە سەرەتاییەکەی دژوار بوو، هەوڵی دا دەستکەوتەکانی بپارێزێت و خەڵک بە سەربەرزییەوە بگەڕێنێتەوە بۆ شار و شوێنی ژیانیان. ئەم توانایە بۆ کۆبەندکردنی ئەزموون، پاراستنی هێزەکان و گۆڕینی حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی بۆ دەستکەوتێکی سیاسی، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ڕێبەریی ئەو بوو.
لە ڕەوتی دانوستانەکانی سنە و مهاباد لەگەڵ شاندەکانی کۆماری ئیسلامیشدا ڕۆڵی فوئاد زۆر بەرچاو بوو. ئەم دانوستانانە، کە لە کەشێکی پڕ لە ئاڵۆزی لە نێوان خەڵکی کوردستان و حکومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوودا بەڕێوە دەچوون، گۆڕەپانێکی دیکە بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوو لۆژیکی سیاسی: لە لایەک لۆژیکی چڕکردنەوەی دەسەڵات و سەرکوت و لە لایەکی دیکەوە خواستی خەڵک بۆ ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا. فوئاد لەم دانوستانانەدا نە وەک سیاسییەکی پیشەیی و دابڕاو لە خەڵک، بەڵکوو وەک نوێنەری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراو ئامادە بوو.
ئەو و هاوڕێیانی هەروەها بەرامبەر بە گشتپرسیی کۆماری ئیسلامی لە ۱۲ی خاکەلێوەی ۱۳۵۸دا هەڵوێستیان گرت و بایکۆتیان کرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، دەنگدانی “کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر” بەبێ زامنتکردنی ئازادییە سیاسییەکان و بەبێ ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵک، نەیدەتوانی ببێتە بنەمای ڕەوایەتیی ڕژێمێکی کە لە سەرەتای دامەزراندندا بوو. ئەم بایکۆتە لە کوردستان، بوو بە یەکێک لە یەکەمین نموونەکانی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی نوێ بۆ چەسپاندنی دەسەڵات.
فوئاد بە باشی دەیزانی کە لە بەرامبەر ڕێکخراوی چڕ و چەکداری حکومەتدا، تەنیا چالاکیی حیزبی بەس نییە. بەڵکوو هێزی سەرەکیی خۆڕاگریی دەبێت لە نێو خەڵک و لە ئاستی جەماوەرییدا شکڵ بگرێت. بەم هۆیەوە، هاوشانی پێکهێنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستیکرد بە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە. یەکەم فێرگەی ئەم هێزە لە گوندی گۆڕەمەر، لە ناوچەی سەردەشت، ڕێکخرا. بۆ فوئاد، بەرگریی چەکدارانە ئامانجێکی دابڕاو لە خەباتی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکوو ئامرازێک بوو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پاراستنی خەڵک لە بەرامبەر سەرکوتدا.
لەم پێوەندییەدا، ئەو لەگەڵ دوو ڕەوتدا سنووربەندنی هەبوو: لە لایەک تەسلیم تەڵەبی و چاوەڕوانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵات، و لە لایەکی دیکەوە، خەباتی چەکدارانەی دابڕاو لە خەڵک. فوئاد بڕوای وابوو کە خەباتی چەکدارانە تەنیا کاتێک دەتوانێت لە خزمەت ڕزگاریدا بێت کە پشت بە خەباتی جەماوەریی ببەستێت و لێی دانەبڕێت. هێزی چەکدار، بەبێ پێگەی کۆمەڵایەتی، دەبێتە گرووپێکی گۆشەگیر، بە هەمان شێوەش خەباتی جەماوەریی بەبێ توانای بەرگریکردن لە خۆی، لە بەرامبەر سەرکوتی ڕێکخراودا لاواز دەبێت.
لە گەلاوێژی ۱۳۵۸دا، دوای فەرمانی “جیهاد“ی خومەینی و دەستپێکردنی لەشکرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، فوئاد لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵەدا دەستیکرد بە ڕێکخستنی خۆڕاگریی خەڵک. ئەو لە ڕاگەیەندراوی “خەڵکی کورد لە کوانووی تاقیکردنەوەدا” جەختی لەسەر پێویستیی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان کردەوە. لەو قۆناغەدا، بابەتی سەرەکی تەنیا دانوستان یان ناڕەزایەتیی مەدەنی نەبوو، حکومەت بڕیاری دابوو بە هێزی سەربازی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین سەرکوت بکات و کوردستان ناچار بە ملکەچبوون بکات.
فوئاد هەر لەو سەردەمەدا، لە کا هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، ڕێکەوتی ۹ی خەرمانانی ۱۳۵۸ لە نەبەردێکدا لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی بەخت کرد. مەرگی ئەو لە کاتێکدا ڕووی دا کە بزووتنەوەی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە توانای ڕێکخستن، لێهاتوویی سیاسی و هێزی ڕێبەریی ئهو بوو. دوای چەند مانگێک، خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان توانی حکومەت ناچار بە پاشەکشەی کاتی و قبووڵکردنی دانوستان بکات، بەڵام فوئاد لە ژیاندا نەمابوو تا لەو قۆناغە هەستیارەدا ئەزموون و توانای خۆی لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەکەدا بەکار بهێنێت.
گرنگیی مێژوویی فوئاد ناتوانرێت تەنیا بە ژمارەی چالاکییەکان یان بەرپرسیارێتییەکانی پێوانە بکرێت. ئەو لە مەودای ئازادبوونی لە زیندانەوە تا گیانبەختکردنی، لە کەمتر لە ساڵێکدا، لە شکڵگرتن و پەرەپێدانی بزووتنەوەی جەماوەری، ڕێکخستنی شۆڕاکان و یەکێتییەکان، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە، خۆڕاگری لە بەرامبەر حکومەت و بەستنەوەی خەباتی سیاسی بە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕۆڵی کاریگەری هەبوو. بەڵام ئەوەی ئەم چالاکییانەی بە یەکترەوە دەبەستەوە، تێگەیشتنی ڕوونی ئەو بوو لە پێگەی مرۆڤ و جەماوەری زەحمەتکێش لە ڕەوتی گۆڕانکاریدا.
فوئاد تەنیا شرۆڤەکاری ڕووداوەکان نەبوو، بەڵکوو بۆ گۆڕینیان خەباتی دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ناچالاک و مەحکوم بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو دەتوانێت بە وشیاری و ڕێکخراوبوون، جیهانی دەوروبەری خۆی بگۆڕێت. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە ڕوانگەی فوئادەوە ئەمرێکی تاکەکەسی نەبوو. ڕزگاریی تاک، بەبێ ڕزگاریی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، بەردەوام نابێت. لەمڕووەوە، ئەو لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی، تەشکیلات و خەباتی ڕێکخراو جەختی دەکردەوە و بڕوای وابوو کە وشیاری شۆڕشگێڕانە دەبێت ببێتە کرداری کۆمەڵایەتی.
ئەو بڕوای بەم ئەسڵەی مارکس هەبوو کە “کرێکاران بە شێوەی تاک دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام بە شێوەی کۆمەڵایەتی ڕزگاریان دەبێت“. ئەم بڕوایە لە کرداری سیاسیی فوئاددا بە مانای ڕێکخستنی کرێکاران، جووتیاران، ژنان و چین و توێژە ستەملێکراوەکانی دیکە بوو. تیۆری بۆ ئەو کاتێک بەهای هەبوو کە بتوانیت ببێتە ڕێنمای کردار، و کرداریش کاتێک مانای دەبەخشی کە یاریدەدەری بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و توانای ڕێکخستنی جەماوەر بێت. لە فوئاددا، تیۆری و پراتیک نەک دوو بواری جیا، بەڵکوو دوو ڕووی یەک ڕەوتی یەکگرتوو بوون.
فوئاد بە پشتبەستن بە مارکسیزم و بە هەستی چینایەتی خۆی، لەگەڵ ئەو ڕەوتانەی کە خەباتی جەماوەریان بەرەو پاشکۆیەتیی دەرەکی، سازش لەگەڵ دەسەڵات یان حەرەکەتی دابڕاو لە جەماوەر ڕادەکێشا، سنووربەندنی هەبوو. ئەو هم خەیانەت و تەسلیم تەڵەبی هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ڕەت دەکردەوە و هم خەباتی پارتیزانیی دابڕاو لە خەڵکی بە بێ ئەسەر دەزانی. ئەزموونە چەکدارییەکانی پێشتری کوردستانیشی لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لێکدەدایەوە و بڕوای وابوو کە “مۆتۆڕی بپچووک ناتوانێت مۆتۆڕی گەورە بەگەڕ بخات: هێزی سەرەکیی گۆڕانکاری، خودی جەماوەری خەڵکن.
سەرەڕای ئەمانەش، فوئاد کەسایەتییەکی ئەفسانەیی و دوور لە دەستڕەس نەبوو. ژیانی ئەو ئەسرارئامێز نەبوو، بەڵکوو سادە، خاکی و ئینسانی بوو. ئەو دەیتوانی دوای خوێندنی زانکۆ ڕوو لە ژیانێکی پیشەیی و ئاسوودە بکان و بگاتە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرز، بەڵام ئەم ڕێگەیەی هەڵنەبژارد. وشیارانە لە ئەمنییەت و داهاتووی کەسیی خۆی گوزەرا و ژیانی خستە خزمەت خەڵکی زەحمەتکێش و خەبات لەپێناو گۆڕانکاریدا. خۆشەویستیی ئەو زیاتر لەوەی بەرهەمی دروشم بێت، ئاکامی گوفتار و ڕەفتاری وەک یەک، سادەیی ژیان و ڕاستگۆیی سیاسیی ئهو بوو.
فوئاد لەو ماوە کورتەی ژیانیاندا ئهوەندە لەگەڵ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بوو کە ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی بەرتەسکی ڕێکخراوێک یان ناونیشانێکی تەشکیلاتیدا هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام ئەمە بە مانای دابڕینی ئەو لە کۆمەڵە یان لە بیرۆکە کۆمۆنیستییەکانی نییە، بەپێچەوانەوە، گرنگیی مێژوویی ئەو ڕێک لەوەدایە کە توانی ڕێکخراوێکی سیاسی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ببەستێتەوە. ئەو لە شکڵگرتنی کۆمەڵایەتیبوونی کۆمۆنیزم لە کوردستاندا ڕۆڵی دیاریکەری هەبوو و نیشانی دا کە بیری شۆڕشگێڕانە کاتێک دەتوانێت زیندوو و کاریگەر بێت کە لە ژیان و خەباتی خەڵکدا ڕیشە دابکوتێت.
ئەمڕۆ، ۴۷ ساڵ دوای گیانبەختکردنی فوئاد، ناوی ئەو بۆ نەوە جیاوازەکان هەروا زیندووە. ئەم بەردەوامییە نەک ئاکامی پیرۆزکردن و پەرستن، بەڵکوو بەرهەمی لێکهەڵپێکانی ئامانج و کرداره. یادی فوئاد ناکرێت بە گۆڕینی ئەو بۆ نمادێکی بێمەترسی و دابڕاو لە بیروباوەڕی ڕێزلێبگیرێت. هەروەها ناکرێت بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ڕۆژ، لە ناوەڕۆکی چینایەتی و کۆمۆنیستیی خەباتەکەی بەتاڵ بکرێتەوە و وێنایەکی گونجاو لەگەڵ گێڕانەوە ناسیۆنالیستی یان لیبڕاڵییەکانی لێ دروستبکرێت.
ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لە فوئاد، پاراستنی هەمان ئەو تایبەتمەندیانەیە کە مانای بە ژیانی بەخشی، واتە: ڕاستگۆیی، لەخۆبردوویی، بوێری، ڕێکخستن، بڕوا بە هێزی جەماوەر، بەیەکەوە گرێدانی تیۆری و کردار و هەروەها خۆڕاگری لە بەرامبەر ستەم و زۆرداریدا. ڕێز لە فوئاد نەک بە ڕیاکاری و کەڵکوەرگرتنی ناڕەوا و ناڕاستگۆیانە کە بەداخەوە بووەتە باو، بەڵکوو بە بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەی لە خەبات بۆ بنیاتنانی جیهانێکی بەدوور لە چەوسانەوە و ستەم، جیهانی مرۆڤە ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانەکان، واتە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی سۆسیالیستی دەگیرێت. دەبێت وەڵامدانەوە بەو پرسیارە بنەڕەتییانە وەبیر بهێنرێتەوە کە ئەو ژیانی خۆی بۆ تەرخان کرد.
فوئاد موستەفا سوڵتانی لە تەمەنێکی گەنجیدا گیانی بەخت کرد، بەڵام ئەزموون و ئامانجی ئەو پێوەندی بە ڕابردووەوە نییە. هر نەوەیەکی کە ڕووبەڕووی هەژاری، ستەم و سەرەڕۆیی، هەڵاواردن و بێمافی دەبێتەوە، ناچار لەگەڵ هەمان ئەو پرسیارانە ڕوبەڕوو دەبێتەوە کە فوئاد لە بەردەم خۆیدا دانابوو: چۆن دەکرێت خەڵک ڕێکبخرێن؟ چۆن دەکرێت ئازادی لە ئاستی دروشمەوە بگوازرێتەوە بۆ واقیعێکی کۆمەڵایەتی؟ چۆن دەکرێت لە نێوان خەباتی تاکەکەسی و ڕزگاریی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندی دروست بکرێت؟
وەڵامی فوئاد ڕوون بوو: مرۆڤەکان تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان دەتوانن چارەنووسی خۆیان بگۆڕن. بەم هۆیەوە، یادی ئەو نەک یادی قارەمانێکی دوور لە خەڵک، بەڵکوو یادی مرۆڤێکە کە خۆی لە ناوجەرگەی خەباتی خەڵکدا دۆزییەوە و تا دوا سات لە کناری ئەواندا مایەوە. هەربۆیەش ناوی فوئاد بەردەوام نوێیە، چونکە لە هەر شوێنێک مرۆڤەکان بۆ ڕزگاری، یەکسانی و بنیاتنانی داهاتوویەکی مرۆڤانەتر لەدەوری یەک کۆدەبنەوە، ئەزموونەکانی ئەو جارێکی دیکە دەبێتەوە بە پرسیارێکی زیندوو و ڕێگەخۆشکەر.
