هاوینی ساڵی ۱۳۶۷ یەکێکە لە تاریکترین وەرزەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دوای قبووڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و ئەوەی خومەینی بە “خواردنەوەی جامی ژەهر” ناوی برد، ڕژێمی ئیسلامی دەستی دایە تاوانێکی ترسناک کە ئاسەوارەکانی دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، هێشتا وەک زامێکی قووڵ بە جەستەی ئەم کۆمەڵگەیەوە دیارە. ئەم کوشتارە لە دوو قۆناغدا بەڕێوەچوو: یەکەم کوشتاری ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە مانگی گەلاوێژدا، و دواتر کوشتاری کۆمۆنیستەکان لە مانگی خەرماناندا کە هەر بەو ڕادەیە وەحشیانە بوو.
کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بە شکستی کۆماری ئیسلامی، ئاسۆیەکی ئومێدبەخشی بەڕووی خەڵکی مەینەت چێشتووی ئێراندا کردەوە. خەڵکێکی کە هەشت ساڵ لە ئاگری شەڕدا دەسووتان، ئێستا ئومێدەوار بوون کە بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێبکەنەوە و ویست و داواکارییە ئینسانییەکانی خۆیان کە بە بیانووی شەڕەوە سەرکوت دەکران، بهێننە ئاراوە. ئەم خۆشحاڵییەی خەڵک و هەستکردنی ڕژیم بە شکست، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد.
خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی (ڕەفسەنجانی، خامنەیی و ئەوانی تر) ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە شکست لە شەڕدا دەتوانێت زەمینە بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری لەدژی دەسەڵات خۆش بکات. ئەوان بڕیاریان دابوو کە خۆشحاڵی خەڵک لە کۆتاییهاتنی شەڕ بکەن بە شیوەن و ماتەمین. بەڵام بۆ کوشتاری خەڵکی کۆچە و بازاڕ پاساوێکی ئەوتۆیان نەبوو. بەم هۆیەوە، وەک ڕووداوەکانی ۳۰ی جۆزەردانی ۱۳۶۰، جارێکی تر شمشێری ژەهراوی خۆیان لە زیندانەکاندا و لەدژی زیندانییە سیاسییەکان بەکارهێنا.
خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەکی ئایینی، کۆمیتەیەکی بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی هەزاران زیندانیی سیاسی دەستنیشان کرد کە دواتر بە “هەیئەتی مەرگ” ناسرا. کوشتاری زیندانیانی سیاسیی لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی گەلاوێژی ۱۳۶۷دا بە لەسێدارەدانی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق دەستی پێکرد. ئەم قۆناغە لە سەرانسەری مانگی گەلاوێژدا بەردەوام بوو و گیانی هەزاران کەسی ئەستاند.
حەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانان، سەرەتای قۆناغی دووەمی کوشتاری زیندانیانی سیاسیی بوو. دوای تەواوکردنی کوشتاری ئەندامان و لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵق، نۆرە گەیشتە کۆمۆنیستەکان. ئەم قۆناغە لە کوشتاری کۆمۆنیستەکان کە لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا ڕاگیرابوون، لە مانگی خەرماناندا ئەنجامدرا. زۆربەی ئەو زیندانیانە ماوەی سزاکەیان تەواو کردبوو و لە چاوەڕوانی ئازادبووندا بوون. هەندێکی تریان تەنانەت تۆمەت یان هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان پێڕانەگەیەندراوبوو.
هەیئەتی مەرگ بە هەمان ڕەوشی تەفتیشی بیروباوەڕ کە لە قۆناغی یەکەمدا بەکاریهێنابوو، دادگاییکردنی زیندانییە کۆمۆنیستەکانیشی بەڕێوە برد. پرسیارگەلێکیان لەبارەی بیروباوەڕی ئایینی، هەڵوێستیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و پابەندبوونیان بە بنەماکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئاراستە دەکرا. ئەوانەی لە بیروباوەڕی خۆیان پاشگەز نەدەبوونەوە و ئامادە نەبوون تۆبە بکەن و پەشیمانی دەرببڕن، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرا.
ئەگەرچی هەرگیز ئاماری ڕاستەقینەی قوربانیانی ئەم جنایەتە ترسناکە ڕانەگەیەندرا، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان، لە کۆی هەردوو قۆناغی ئەم کوشتارانەدا، لە نێوان ۶ بۆ ۱۰ هەزار کەس لەسێدارە دران. تەرمی قوربانیان بە نهێنی لە خاوەرانی تاران، دارالڕەحمەی شیراز، باغ ڕەزوانی ئیسفەهان، حەوشەی دادگای ئینقلابی سنە و دەیان شوێنی تر لە بێدەنگییەکی موتڵەقی هەواڵیدا بەخاکسپێردران. دەسەڵاتداران ناوی ئەم گۆڕستانانەیان نا “لەعنەتئاوا” تا خەڵک دوورییان لێ بکەن. ئەو شوێنانەی کە دەستبەجێ بوونە ئارامگەی ئازیزانی لەبیرنەکراو و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەک هێندە دووریشدا دەبنە مەڵبەندی ئاشقانی ڕێگەی ڕزگاریی مرۆڤایەتی.
یەکێک لە تراژیدیترین لایەنەکانی ئەم تاوانە، بریتی بوو لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەوڵەتانی ئورووپا و ئەمریکا نەک هەر ڕەخنەیان لەم کوشتارە نەگرت، بەڵکوو بە نهێنی هێشتنەوەی، بە کردەوە مۆری پەسەندکردنیان لێدا. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا کە سیاستی پاڵپشتیکردن بەمەبەستی جێگیرکردنی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامییان گرتبووە بەر، دەستی بەرپرسانی ڕژێمیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کوشتارە ئاواڵا کرد. ڕاگەیاندنە بەناو ئازادەکانی هێزە ئیمپریالیستییەکانیش بە ئەنقەست سەرپۆشیان خستە سەر ئەم کارەساتە.
ئەمڕۆ، لە هەلومەرجێکدا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ۱۳۶۷ بەرز ڕادەگرین کە کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانەکانی چوار دەیە دەسەڵاتی خۆیدا نقوم بووە. ڕژێمێکی کە ۳۸ ساڵ لەوەپێش بە ڕشتنی خوێنی هەزاران گەنجی خەباتکار و شۆڕشگێڕ، پێیوابوو قوفڵی هەمیشەیی ستەم و سەرەڕۆیی لە دەمی کۆمەڵگە داوە، ئێستا خۆی لە داوی بێچارەیی و سەرلێشێواوییەکی مەرگباردا گرفتار بووە.
پڕۆژەی ئەتۆمی کە بە خەرجکردنی ملیاردها دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵک بەرەوپێش دەبرا، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بووە خۆڵەمێش. ئابووریی وڵات لە دۆخێکی کارەساتباردایە. شەڕی ماڵوێرانکەر، گەمارۆ فرەڕەهەندەکانی ئەمریکا، گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران، داخرانی تەواوی ڕێگاکانی فرۆشتنی نەوت، ناکارامەیی، گەندەڵیی بەربڵاو و خەرجییە سەرسوڕهێنەرە سەربازییەکان، ئابووریی ئێرانیان بەرەو لێواری هەڵدێر بردووە. ڕێژەی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، دابەزینی بەهای دراو، بێکاریی بەربڵاو، گرانیی لەتاقەت بەدەر، لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەستەکان، کەمیی ئاو و بەرق، تێکچوونی ژینگە و لەناوچوونی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات، ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانی کردووەتە دۆزەخ. هەموو ئەمانە ڕژێمیان خستووەتە خراپترین دۆخ بەراورد لەگەڵ تەواوی تەمەنیدا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۸ ساڵ بەسەر ڕوودانی ئەم جنایەتەدا، بزووتنەوەی دادخوازی بۆ قوربانیانی کوشتاری ساڵی ۶۷ هێشتا بەردەوامە. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵانەی یادکردنەوە، چالاکییە توێژینەوەییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم کارەساتە و کەمپینە نێودەوڵەتییەکان، هەموویان نیشانەی زیندووبوونی یادی ئەم ئازیزانەن. یادی گیانبەختکردووانی ئەم کوشتارە بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. خەڵکی ئێران نە هۆکارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەم جنایەتە لەبیر دەکەن و نە لێیان خۆش دەبن. تا ئەو کاتەی دادپەروەری نەیەتە ئاراوە و تاوانبارانی ئەم کوشتارە سزانەدرێن، بزووتنەوەی دادخوازی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، دادخوازی بۆ ئەم ئازیزانە تەنیا بابەتێکی عاتیفی نییە، بەڵکوو بووەتە پێویستییەکی کرداری و سیاسی. ڕژێمێکی کە گومانی دەکرد بە کوشتاری ئەم گەنجانە، پێگەی دەسەڵاتەکەی پتەو کردووە، ئێستا کەوتووەتە لەرزە. دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادپەروەرانەی جەماوەری خەڵکی ئێراندا دادگایی بكرێن و بە سزای شایستەی خۆیان بگەن.
